هەنگاوێکی مەزنی زاناکان لە هێنانە کایەی یەکەمین خانەی زیندوو: دروستکردنی کرۆمۆسۆمێکی تەواو لە سفرەوە
Thursday, 07/12/2023, 0:45
بە پێشکەوتن و هەنگاوە فرە مەزنەکانی زانست و بەتایبەتی زیندەوەرزانی هاوچەرخ، ڕۆژانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئەزموون و تۆژینەوە ئەنجام دەدرێن بۆ گەیشتن بە نهێنییەکانی ژیان و تێگەیشتن لە کار و فەرمانی بەشە جیاجیاکانی خانەی بوونەوەرانی زیندوو، ئامانجی هەرە سەرەکیی هەوڵەکانیش بۆ هاتنە دی خەونی زاناکانە لە دروستکردنی خانەیەکی زیندوو. بێگومان ئەمە کارێکی لەڕادەبەدەر سەخت و دژوارە، هۆکارەکەشی بەپلەی یەکەم بۆ ئاڵۆزی ئەو توخم و ئاوێتانە دەگڕێتەوە کە خانەی لێ پێک هاتووە.
پێکهاتەکانی خانە
زانراوە خانە یەکەی ڕۆنانی سەرلەبەری زیندەوەرەکانە، خانەش کۆمەڵێک پێکهاتە و ئاوێتەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە کار و فەرمانە تایبەتییەکانی خۆی هەڵ بستێت، ئەمانەش لەلایەن شانە و جۆری ئەندامەکانەوە دیار دەکرێن کە خانەکانیان تێدایە.
هاوکات خانەکان بەگوێرەی بوونی ناوکەکەیان پۆلێن دەکرێن، بۆ خانەکانی خاوەن ناوکۆکەیەکی سەرەتایی، بەو واتایەی ناوکەیەکی تەواویان نییە و ترشە ناوکەیییەکەیان بێ بەرگن (وەک بەکتریاکان)، جۆرەکەی دیکەیان پێیان دەگوترێت، خانەی خاوەن ناوکۆکە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی ناوکەکەیان بەرگێکی هەیە بۆ جیاکردنەوەی ترشە ناوکەیییەکەیان لە سایتۆپلازم.
خانە ناوکۆکە سەرەتاییەکان لە پێکهاتەدا سادە و بچووکن، جینەکانیان کەمترن و هێندە ئاڵۆز نین، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو جیاوازییانە، چەند ڕێسایەک هەیە لەسەر ژیانی هەردوو جۆرەکەدا پێڕەو دەکرێت، ئەمەش هیچ گومانێک ناهێڵێت بۆ دووپاتکردنەوەی هاتنیان لە یەک سەرچاوەوە.
گرینگترین شتانێکی ناو خانەکان بوونی ترشی ناوکەیییە (DNA)، ئەوەی جینەکان بەشێکن لێی و دەبنە پێکهاتەی سەرەکیی کرۆمۆسۆمەکان، هەر ئەوانەن بەرپرسی یەکەمن لە دیارکردنی گشت تایبەتمەندی و کار و فەرمانەکان و کرداری زێدەبوون و زاوزێکردنی بوونەوەرە زیندووەکان. لەبەرئەوەشە کاتێک زاناکان بیر لە دروستکردنی خانە بکەنەوە لە ئەزموونگەکاندا، پێش هەموو شتێک دەبێ هەنگاوەکانیان بەرەو ئاراستەی کرۆمۆسۆمەکان بێت، ئەو دەمەی توانیان ئەم پێکهاتە بنەڕەتییە بەبەرهەم بهێنن، ئەوا سەرکەوتنیان لە هێنانە کایەی خانەی زیندووی دەستکرد مسۆگەرە.
ڕۆنانی کرۆمۆسۆمێکی تەواو لە هیچەوە
لێتۆژەکانی (ئامۆژگەی مانچێستەر بۆ تەکنەلۆژیای زیندەیی)، کرۆمۆسۆمێکی تەواویان هێنایە کایەوە کە لە سروشتدا هاوشێوەی نییە. ئەم هەوڵەی ڕۆنانی کرۆمۆسۆمێک لە سفرەوە، هەنگاوێکی مەزنە لە بەبەرهەم هێنانی یەکەمین خانەی دەستکرد.
ئەم کردەوەیە لە بنچینەوە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی زانستیی بەرفرەوانی ناو نراوە بە (پڕۆژەی جینۆمی هەوێنی دەستکرد: Sc2.0).
کارکردنی زاناکان لەبارەی دروستکردنی خانەی زیندوو بۆ نۆهەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، نوێترین هەوڵەکانی ئەم سەدەیە ئەو دەمە بوو لە ساڵی 2003دا ڤایرۆسێکی بچووک دروست کرا، پاشان لە ساڵی 2010 ئامۆژگەی ج. کرێیگ ڤێنتەر (JCVI) لە ماریلاندی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تۆژینەوەکانیان توانییان یەکەمین خانەی بەکتریایی دەستکرد بەبەرهەم بهێنن (JCVI-syn1.0)، ئەم بەکتریایە بووە یەکەمین بوونەوەری زیندوو کە لەسەر زەوی دروست بکرێت بە جینۆمێکی تەواو و گۆڕاو.
دوای ئەمانە پێشکەوتنێکی دیکەی گرینگ بەدەست هات، کاتێک تیمەکە توانیان چەند جۆرە بەکتریایەک دروست بکەن بە کەمترین ژمارە لە جینەکانی لەلای بوونەوەرە خانەیییە دابەشبووە خۆکارەکاندا هەیە، خانەکە ناوی (JCVI-syn3.0) پێ درا و خاوەنی تەنیا 473 جینە. ئەوەی جێی سەرنجە خانە نوێیەکە توانایەکی نائاسایی هەبوو بۆ دابەشبوون و بووە هۆی هاتنە کایەی چەندان جۆرە خانەی جۆراوجۆر لە شێوە و قەبارەی جیاجیا. پێش ماوەیەکی کەمیش ئەندامانی پرۆژەکە گەیشتنە چارەسەرێک بۆ ڕێگرتن لەم دابەشبوونە، بە پترکردنی 19 جینی دیکە کە لە بەکتریای (JCVI-syn3.0)دا نەبوون، بەمەش خانەی دواجاریان ناو نا بە (JCVI-syn3A).
بەگوێرەی تۆژینەوەکان خانە نوێیەکە ئێستە بووەتە نموونەیەکی سادە و باوەڕپێکراوە بەتایبەتی لە زانستی کارئەندامزانی بەکتریایی و تێکڕای زانستی زیندەوەران بەگشتی. هەر دەرەنجامی ئەم داهێنانە یەک لەدوای یەکانە بوو، زاناکانی بەرەو سەرکەوتن برد لە دروستکردنی یەکەمین کرۆمۆسۆم لە مێژوودا. ئەم کرۆمۆسۆمە وەک بنچینەیەکی تۆکمە و پتەو لێی دەڕواندرێت، بۆ پەرەپێدانی جینۆمی (کۆی یەکە بۆماوەییەکان) هەوێنێکی بەتەواوی دەستکرد.
دەشێ لێرەدا بپرسین: باشە بۆچی زاناکان هەوێنیان هەڵبژارد؟
چونکە مرۆڤ خاوەنی مێژووەکی درێژە لەگەڵ هەوێن، هەزاران ساڵە بۆ مەبەستی نان بەکاری دەهێنێت، لەم دواییەش بۆ تەکنەلۆژیایییە زیندەکییەکانی پیشەسازیی بواری دەرمانسازیی و بەبەرهەم هێنانی شتگەلە کیمیاییەکانی جۆری باشتر و پتەوتر، سەربارەی ئەوانە هەوێن بوونەوەرێکی زیندووی نموونەیییە بۆ ئەزموونەکان و دۆزینەوەی چۆنەتی کارکردنی خانەکانی مرۆڤ. دەشتوانین لەکاتی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جینۆمی هەوێن، نەوەیەک بەدەست بهێنین زۆر بەهێزتر و خێراتر کار بکات لە هەوێنی ئاسایی، بەبەرهەمتر و خۆگرتریش بێت لە هەلومەرجە سەختەکان.
تایبەتمەندییەکانی کرۆمۆسۆمە نوێیەکە چین؟
بەپێچەوانەی پێکهاتە دەستکردەکانی دیکەی پرۆژەی (Sc2.0)، ئەم کرۆمۆسۆمە نوێیەی ترشی ناوکەیی ڕیبۆزۆمی گوێزەوە هیچ هاوتایەکی لە جینۆمی هەوێندا نییە، چونکە بەتەواوەتی دەستکردە، ڕۆنانەکەشی تێکەڵەیەکە لە تەکنیکەکانی ئەندازەی بۆماوەیی، نەخشەسازیی بە یاریدەی کۆمپیوتەر و چەندان بابەتگەلی زۆر پێشکەوتوو.
کرۆمۆسۆمە نوێیەکە بەجۆرێک دروستکراوە کە بکارێت گشت جینەکانی لە ترشی ناوکەیی ڕیبۆزۆمی گۆێزەوەی ناسراو بە (tRNA) لەخۆ بگرێت و ڕێکیان بخات، ئەوانەی ژمارەیان 275 جینە لە بوونەوەرێکی زیندووی دیارکراودا.
بەمەش توانرا کرۆمۆسۆمە دەستکردەکە لە شوێنی کرۆمۆسۆمە سروشتییەکانی خانەی هەوێن دابنرێت، پاش چەند چاککردنەوەیەکی یەک بەدوای یەک، خانەکە گەشەی کرد و گەیشتە هەمان ئاستی گەشەکردنی خانەی ئاسایی. تۆژینەوەکان بەردەوامن بۆ کۆکردنەوەی تێکڕای کرۆمۆسۆمە دەستکردە تاکەکان لە جینۆمێکدا کە بەتەواوی دەستکردە.
نەوەیەکی نوێ
داهێنانە فرە مەزنەکە لەوەدایە، زاناکان ئەمڕۆکە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە لە دروستکردنی هەر 16 جۆری کرۆمۆسۆمەکانی هەوێن، تا پێکەوە خانەیەکی دەستکردی تەواویان لێ بێتە بەرهەم. بەمەش دوا نەوەی پرۆژەی جینۆمی هەوێنی دەستکرد (Sc2.0)، نەک تەنیا دەبێتە یەکەمین بوونەوەری خاوەن ناوکۆکەیەکی ڕاستەقینە لە جیهاندا، بەڵکوو هەموویان بەیەکەوە دەبن بە یەکەمین نەوە لە مێژوودا کە لەلایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە دروست بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە بەگوێرەی تۆژینەوەیەکی بڵاو کراوە لە گۆڤاری ناودار خانە (Cell)، زاناکان 7 کرۆمۆسۆمی دەستکرد لێک دەدەن و لەناو خانەیەکی هەوێن دای دەنێن، دەرەنجام نەوەیەکیان دەست دەکەوێت بە بوونی 50% لە ترشی ناوکەیی دەستکرد کە بشێت لە ژیاندا بمێنێتەوە، بشتوانێ زۆر ببێت و گەشە بکات هاوشێوەی نەوەکانی هەوێنی کێویی. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لێتۆژەکان هەڵسان بە لابردنی بەشێکی هێمانەکراوی ترشی ناوکەیی و شتگەلە چەندبارە بووەکان کە دەکرێ بە (شتە نەخوازراو و پەسندنەکراوەکان) دابنرێن، پاشان پترکردنی ژمارەیەک لە بەشی نوێی ترشی ناوکەیی، بۆ یارمەتیدانیان تا بتوانن بەئاسانی جینە دەستکردەکان لەوانەی سروشتی جیا بکەنەوە. بۆ پتەویی و جێگیربوونی زێدەتری جینۆمیش، گەلەک لە جینەکانی کە ترشی ناوکەیی ڕیبۆزۆمی گۆێزەوە هێما دەکەن، لێی لا ببەن.
داهێنانی دیکە بەڕێوەیە
یەکێک لە سەرۆکەکانی پڕۆژەکە زانا و مامۆستای بایۆلۆژیا لە زانکۆی نۆتینگهام بێن بڵاونت (Ben Blount) دەبێژێت، کرۆمۆسۆمی دەستکرد خۆی لەخۆیدا داهێنانێکی یەکجار مەزنە، چونکە دبێتە هۆی پێدانی چەندان توانای دیکەی نوێ لە چۆنەتی تۆژینەوە و پێڕەوکردنی دەرەنجامەکان لە زانستی زیندەوەراندا. بەمەش دەکرێ کۆمەڵێک نەوەی میکرۆبیی نوێ دروست بکرێن کە سوودیان هەبێ بۆ ژینگە، هاوکات ببنە پاڵپشتێک بۆ تێگەیشتنمان لە نەخۆشییەکان و چارەسەرکردنیان و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەیان.
هاوشێوەی ئەمەیان پڕۆفیسۆر لە نێوەندی بایۆلۆژیای دەستکرد و بەشی ئەندازەی زیندەکی لە کۆلێژی ئیمپیریال لە لەندەن تۆم ئێلیس (Tom Ellis) دەڵێت، دڵنیابوون لە چاکی و تواناکانی کرۆمۆسۆمە دەستکردەکە دەبێتە بناخەیەک بۆ نەخشەسازی و بەبەرهەمهێنانی کرۆمۆسۆمی دیکەی دەستکرد، تا ڕادەی دروستکردنی جینۆمی بوونەوەری ئاڵۆزی وەک ڕوەکەکان و ئاژەڵەکانیش.
زانستی ئەندازەی بۆماوەیی زیندەکی بەبەردەوامی هەڵگری ژمارەیەکی زۆرە لە پلان و هەنگاوی گەورەی پێشبینینەکراو لە بواری پزیشکیی، دەرمانسازیی و گەلەک لە زانستەکانی دیکە، لەپێناو سوودی تێکڕای مرۆڤایەتی.
.................................................
سەرچاوەکان؛
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست