کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕی ئازادی لە شاکر فەتاحەوە بۆ کاوە گەرمیانی

Wednesday, 06/12/2023, 22:19


بەعس لە سەردەمی خۆیدا هەریەک لە ( شاکر فەتاح و دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف) ی تیرۆر کرد ، هەریەک لەمانە نوسەری بوێرو راستگۆو خاوەن ئیرادەی سەردەمی خۆیان بوون ، شیرکۆ بێکەس لە رۆژی شەهیدکردنی (عبدالخالق مەعروف ) دا لە شیعرێکدا بەناونیشانی (کەڵ) بە میری شەهیدی قەڵەم ناوی دەبات ، لەو سەردەمەدا کە (شاکر فەتاح و عبدالخالق مەعروف و دڵشاد مەریوانی ) تیرۆرکران ، بەشێک لە قەڵەمفرۆشەکانی ئەو سەردەمە بانگەشەیان دەکردو دەیانگوت ( رژێم باوکمانە با لەگەڵی ڕێکبکەوین) و هەندێکجاریش توانج و تەعلیقلیان لە کەسانی وەکو ( شاکر فەتاح و عبدالخالق مەعروف ) ئەداو دەیانگوت ئەمانە ( یاخی بووی خۆفرۆشن ) بەڵام دوای ڕاپەرین کاتێک زانییان ئیتر هیوایەک نەماوە بۆ گەڕانەوەی بەعسیزم لە کوردستان یەکەمین کەس ئەوانە هاتنە شەقام کە توانج و تەعلیقیان لە (شاکر فەتاح و عەبدالخالق مەعروف ) ئەدا بۆئەوەی فەزاحەت و بێهەڵوێستی و ڕووڕەشی ئەو هەڵوێست و هۆنراوانە بسڕنەوە کە بۆ باڵای سەدام و سیستەمی بەعسیزم دەیانووسی ! 
بە درێژای مێژوو هیچ رژێمێک بە هێرش و سەرکوتکردن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان ناتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات ، بەعس رۆیشت و نەماو ناوی (شاکر فەتاح و عەبدالخالق مەعروف و دڵشاد مەریوانی ) یش بەسەربەرزی مایەوە ، لە دوای ڕاپەڕینیش خەسڵەتی کوشتن و ئازاردانی قەڵەمە یاخییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان سپیکردنەوەی ڕووی رژێمی بەعسە کە (پارتی و یەکێتی)پەنای بۆ دەبەن ، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تا دێ بە پلەی یەکەم هەڕەشەی پارتی بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد و قەڵەمە یاخییەکان زەقتر دەردەکەوێت ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە نابێ لەبەرامبەر ئەم دیاردەیە و ئەم مۆدێلە لە کوشتن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا خەمساردو بێباک بین ، چونکە ڕۆژانە مەودای پانتایی ئازادی ڕادەربڕین ئازادی چالاکی سیاسی و  خۆپیشاندان و ئازادی کاری میدیای تەسکتر دەبێتەوە .
لەم دۆخەدا ترسی من ئەوەیە کە بێدەنگی و ترس ببێتە قەدەری مرۆڤ و کۆمەڵگا ، بەمانایەکی تر تاکی کورد نەتوانێت قۆناغی ترس تێپەرێنیت و ترس ببێ بە بەشێک لە سروشتەکەی و خۆی تیدا مانفێست بکاتەوە و بوێری ئەوەی نەبێت کە رەخنە لەو حیزبەو لەوحکومەتە بگرێت کە بووەتە هۆکاری ماڵوێرانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ ،ترس و بێدەنگی دوو ڕووی دراوێکن و هەموو بێدەنگیەک نەشتەرگەرییەکی جوانکارییە بۆ کلتوری مەرگدۆستی کە پارتی و یەکێتی پەنای بۆ دەبەن ، بە پلەی یەکەم پارتی خواستی ئەوەیە  بەسەر لاشەی هەزارەها دەنگی ئازادو نوسەرو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی ڕەخنەگردا ببپەڕێتەوە بەئامانجی داپۆشینی فەزاحەتەکانی ، لەدوای تیرۆرکردنی ( سەردەشت و سۆران و عبدالستار و ویداد و شوکری ڕیکانی و کاوە گەرمیانی ) مۆدێلێکی تر لە کوشتنی کەسایەتی رۆژنامەنوسان سەریهەڵدا کە ئەویش  شێواندنی ناوناوبانگی زیندانەکانی بادیناندا بوو کە پارتی بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگاو ترساندنی قەڵەمە یاخییەکان پەنای بۆ برد ، هەرچەندە دۆسیەی (شیروان شێروانی و گیراوانی بادینان ) دۆسیەیەکی زیندووە لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و شێروان شیروانی و گیراوانی بادینانیش لە چاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دونیای دەرەوەدا خاوەنی بەهای بەرزی ئینسانی و هەڵوێستی جوانی مرۆڤدۆستین و من دڵنیام تا دونیا دونیایە پارتی ناتوانێت ئەم فەزاحەتە پینەو پەڕۆ بکات .   
دوێنێ دەیەمین ساڵیادی ڕۆژنامەنووس ( کاوە گەرمیانی ) بوو  ، گەرمیانیەک کە خەمی گەرمیانیەکانی بە کۆڵدا بوو عەوداڵی دادپەروەری و دژی چەوساندنەوەو لە بەرەی ستەملێکراواندا بوو ، کاوە گەرمیانی جوامێرێکی سەربەرزو سەربڵندی گەرمەسێر بوو  ، هەڵۆ ئاسا لە شەقەی باڵی دەدا و قەڵەمەکەی چەکوش بوو بۆ سەری دزو گەندەڵکاران ، کاوە گەرمیانی نمونەیی قەڵەمی یاخی و مرۆڤی بوێر بوو لە کاری رۆژنامەگەریدا ، ڕاستە ئەوانەی کاوە گەرمیانیان تیرۆر کرد گەیشتن بە مەرامی خۆیان بەڵام لە دوای کاوە سەدان کاوەیتر لە دایک بووە و ناوی کاوە گەرمیانیش وەکو شاکر فەتاح بە زیندووی دەمێنێتەوە ، لە کۆتایی دا دەڵێم ؛ گرنگه‌ بێ هیوا نه‌بـین و ئـیراده‌مان لاواز نه‌بێت چونكه‌ شه‌ڕی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی شه‌ڕی ئیراده‌یه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە