کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، جۆن بایدن خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت

Wednesday, 29/11/2023, 22:44


واشنتۆن دی سی بە گشتی و کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەتایبەتیی، ئەمڕۆ شاگەشکە بوون و لە خۆشیدا نەیانزانی چۆن ئاهەنگ بگێڕن.. ئیتر هەر لە (بایدن)ەوە تا گشت کۆنگرێسمان و سەنەتۆر و وەزیر و جەنەڕاڵە سەربازییەکان کەوتبونە هەلەکە سەما لەخۆشیا و قڕیوە قری ئەو حەشاماتە و سمت بایانی خانمە ئەمریکیەکان لەوپەڕیدا بوو.
لەوانەیە هەندێک کەس پرسیار بکەن و بڵێن باشە ئەو هەموو خۆشیە هی چییە و لە کوێیوە سەری هەڵداوە!؟
چیە دۆلار بەرزبۆتەوە!؟
ئەمریکا بەسەر ڕووسیا سەرکەوتوە و ڤلادمیر پۆتین لەناو چووە؟
 یان (پەیمانی ناتۆ) بەسەر (پەیمانی بریکس) دا سەرکەوتوو؟!
نا ئەمانە هیچیان نییە و زۆر لەوە گەورەترە و هەواڵەکە فڕی بەسەر ئەوانەوە نییە وگەر پێتانی بڵێم ڕەنگە وەك من بگرین، یان تا بەیانی نەخەون و زەقەی چاوتان بێ.
هەواڵەکەش ئەمەیە، کە سایتی ئەو هەواڵە گرنگەی راگەیاندووە، گوایە واشنتۆن دڵخۆشە بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ ئەرکەکەی!

 ئاوێنە لەبری ئەوەی ناشرینیەکانی دەسەڵات نیشانی خەڵکی بدا و هەستێ بە ووشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگای کوردی و هاندانی خەڵك بۆ دەرپەڕاندنی ئەم چەتە و دزانەی دەسەڵات ، دێت و هەواڵی گەڕانەوەی (شۆڕش ئیسماعیل) بەناو وەزیری پیشمەرگە بڵاو ئەکاتەوە و زلی ئەکا و لە حەجم و قەوارەی خۆی گەورەتر نیشانمان ئەدا، وەك لەوەی ئەم کابرایە سبەی نا دوو سبەی جەبهەیەك لەدژی میلیشیاکانی ئێران ئەکاتەوە بۆ ئەوەی ساروخ و ماروخ نەگرنە ئەمریکیەکان وەیان دێت و هەرچی میت و ئیتلاعات ودرۆنی تورکیە لەسەر ئاسمانی هەرێم ئەیان خاتە خوارەوە..جا خۆ بەپێی ئەم هەواڵە بێ ئەبێ هەموومان دوعای خێر بکەین بۆ سایتی ئاوێنە بۆ ئەو هەواڵە گرنگە.. فەرموون لەگەڵ هەواڵەکە و بەس توخوا زۆر پێمەکەنن چونکە برادەرانی ئاوێنە ڕەنگە پێیان ناخۆش بێ.

وەزارەتی پێشمەرگە: واشنتۆن دڵخۆشە بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ ئەركەكەی
2023-11-28

https://www.awene.com/detail?article=99892

وەزارەتی پێشمەرگە لە زاری كۆڵۆنێل مایکڵ گاجێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکاوە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، واشنتۆن دڵخۆشە بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ ئەركەكەی وەك وەزیری پێشمەرگە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتكە، ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازیکرد لە جەنەڕاڵ مەکنێنزی، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێل مایکڵ گاجێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تێدا ئامادەبو، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، هەروەها ڕایگەیاند: "هیواخوازم پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستی بەکاری پێکەوەیی هەیە، بۆ روبەڕوبونەوەی پێشهات و مەترسییەکان."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، جەنەڕاڵ مەکێنزی هیوای خواست قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دورمەودا لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە ئاراوە، کە هەموان پێکەوە بتوانن پڕۆسەی چاکسازی زیاتر پەرە پێبدەن. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی ڕابردوی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لەلای خۆیەوە کۆڵٶنێل گاجێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لەکونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر "دڵخۆشی واشنتۆنی لە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی راگەیاند"و وتیشی "ئومێد دەخوازین وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەو گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی (کارنامەی لێکتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکاو وەزارەتی پێشمەرگە." 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە