کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی شڤان پەروەر لە کەنەدا

Saturday, 25/11/2023, 15:08


هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی شڤان پەروەر لە کەنەدا جێگای خۆشحاڵیە و دەسکەوتە بۆ هەڵوێستی هۆشیارانەی گۆمەڵگەی کوردی
بەم بۆنەیەوە حەزم کرد هەندێ لە کردارو هەڵوێستەکانی ئەم هونەرپیشەیەتان وەبیر بێنمەوە، یان بۆ ئەو کوردانەی کە ئاگاداری ئەم رەوشتە خیانەتکارانەی نین. 

- شڤان پارەوەر وەك تاوانباری شەڕی ناوخۆ:

لە ساڵی 1996 لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی (براکوژی) یەکێتی و پارتی، کە بە لێشاو تەرم و لاشەی گەنجانی خێرلەخۆ نەدیوی کورد دەهاتەوە ماڵی کەسوکارە نەدارەکانیان، شڤان پەروەری رووقایم، بێ گوێدانە هەست و سۆزی ئەو خەڵکە ماڵوێرانە، لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی چالاکانە بەشداری کرد و گۆرانی جڕت وچەقەنەی بۆتاوانەکانی ماڵی بارزانی دەچڕی، ئەمە لەجیاتی ئەوەی وەک هونەرمەندێکی بە هەڵوێست هەردو حیزبی شەڕکەر بە نەفرەت بکات، کەچی تەرەفداری لایەکیانی کرد، بۆ مشتێ دۆلار بەشدار بوو لە ئاگرخۆشکردنی ئەو شەڕەو کاولکاریە.
دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی ئاشت بوونەوەو بەسەر تەرمی ئەو هەموو خەڵکەی بە کوشتیاندا باوەشیان کردەوە بەیەکتردا، شڤانیش وەکو ئەوەی ئەرکی نیشتمان خۆی بەجێ هێنابێ، چالاکانە بەشدار بوو لە شەڕی براکوژی و هەرگیزیش داوای لێ بوردنی نەکرد و بۆی چووەسەر!  

- شڤان وەك زۆرناژەنی هەمیشەیی بارزانی، بوو بە دەهۆڵژەنی ئەردۆغانیش:

لە ساڵی 2019 مەسعود بارزانی لەگەڵ خویدا بردی بۆ تورکیا و دەهۆڵێکی لەمل کرد و دەنگی بۆ ئەردۆغان پێ کۆدەکردوە. شڤان وەکو فەرمانپێکراوێك کۆمەڵێ شەوی سوری بۆ ئەو کوردکوژانە گەرم کرد. ئەڵێن گوایە دوای ئەوەی فشاری بۆ هاتووە لە لایەن جەماوەرەوە و هەستی کردوە تا ئاستێکی باش تڕۆکراوە لەسەر ئەو کردارەی، دیارە شڤان پەشیمانی دەربڕی و داوای لێ بوردنی کردوە! ئەگەر وایە ئەی بۆچی لەگەڵ پەشیمانی و داوای لێبوردنەکەیدا بەیەکجاری وازی لە کاری هونەریش نەهێنا و بلێ: (ئەی گەلی کورد، من داوای لێ بوردن دەکەم، من وەکو هونەرمەند فاشەلم هێناو بەیەکجاری تەرکی کاری هونەریش دەکەم)، بۆ ئەوەی ئەو کاتە خەڵکی وەکو هەڵوێستی جدی چاوی لێ بکردبایەو دەسخۆشیان لێ بکردایە کە ئامادەیە باجی هەڵەکەی خۆی بدات، نەك دیسان بێتەوە مەیدانەکە و سرودی نیشتیمانپەروەریمان پێ بفرۆشێتەوە وەکو ئەوەی نە بای دیبێ نە باران!

- هەڵوێستی کوردانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لەسەر شڤان:

تا ئێستا بێجگە لە ماڵی بارزانی و هەندێك لە کوردانی رۆژهەڵات کە هەتا ئێستا چەند جارێك ئەم بیچمە ناشیرینەیان بانگهێشت کردوە بۆ کەنەدا، ئەگەرنا شڤان ئەوەندە جەماوەری نەماوە لە ناو خەڵکدا. 
جا باشە تۆ بڵێی ئەم پەرۆشی و باوەش بۆ کردنەوەیە بۆ شڤان لەلایەن هەندێك لە کوردانی رۆژهەڵاتەوە لە بێئاگاییەوە بێت یان حیسابی فاسۆلیاخۆرێکیان بۆ کردوە، چون لەناو هەندێك لە حیزبەکانی رۆژهەڵات، بوون بە کۆیلەو گوێ لەمستی ماڵی بارزانی کارێکی نۆرماڵ و نیشتیمان پەروەریانەشە؟  
تکایە با ئیتر نەبینە بەشێك لە چەپەڵیەکانی ئەم هونەرپیشە و نوسەرانە، ئەمەی لەسەرەوە باسم کردوە مشتێكی کەمە لە خەرمانێك لە ئاکارە دزێوەکانی ئەم پیاوە. ئەم قسانە ئەو هۆنەرپیشانەش دەگرێتەوە کە ئاهەنگی بۆ گەرم دەکەن بەشدارن لەگەڵی.
لە کۆتایدا تکایە لە هەرکوێ شڤان-تان بینی پێی بڵێن: ئەرێ سەیدا، ئەوە سرودی نیشتیمانی جووتی بەچەندە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە