دوو سەردەمی جیاواز
Wednesday, 22/11/2023, 19:19
لە ڕۆژی ٢٣ ی ئابی ساڵی ١٩٢١ دا دەوڵەتی عیراق دادەمەزرێت و شارەکانی باشوری کوردستانیش دەبن بە بەشێکی ئەو وڵاتە . جا دوور لە سیاسەت ئەگەر لە ڕۆژی دامەزراندنی عیراقەوە تا دروستبوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ دا ، ناوبنێین سەردەمی ژێردەستی . لە دوای ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئەمڕۆش بە سەردەمی ئازادی ، ئەوا بە دڵنیاییەوە لێکچوون و جیاوازییەکی ئێجگار زۆر لە نێوان ئەو دوو سەردەمانەدا هەیە . بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٢١ وە تا ساڵی ١٩٥٠ عیراق بەهۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسییەوە وەک : کۆدەتای بەکر سدقی و کوژرانی مەلیک غازی و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووهەم ، کەمی داهاتی نەوت بە هۆی قۆرخکردنی لەلایەن کۆمپا بیانییەکانەوە و نەبوونی سەرچاوەی داهاتی تر ، پاشان بێ توانایی و نەشارەزایی وەزیرەکان و بوونی دزی و گەندەڵی و خزم خزمێنە و داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی و دابینەکردنی نان و کار و ئارامی بۆ خەڵکی ، ڕێک وەک سەردەمی ئازادی ئەمڕۆی خۆمان بووە ، دارێکیان لەسەر بەردێک دانەناوە . خۆیان زگیان تێربووبێ ، ئیتر کەسیان بە خەیاڵدا نەهاتووە . هەر بۆیە وڵات هیچ جۆرە پێشکەوتن و بوژاندنەوەیەکی بە خۆیەوە نەبینییەوە . لە ساڵێکدا داهاتی تاکە کەسێک تەنها ٣٠ دینار بووە ، کە ئەوکاتە بریتی بووە لە ٨٤ دۆلار ، ئەمەش نیشانەیە ، برسێتی و هەژاری و بێکاری بڵاوبووە و هاوڵاتییان بە کولەمەرگی ژیاون . سەرباری نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک : ئاوی پاک و کارەبا و پەروەردەوە ، کە لەو سەردەمەدا ٩٠٪ ی هاوڵاتییانی هەموو عیراق نەخوێندەوار بوون .
دوای جەنگی جیهانی دووەم و لە ساڵی ١٩٥٠ دا ، دەسەڵات دەکەوێتە
دەستی کەسانی دەسپاک و دلسۆزەوە و سەرەتایەک دەبێ بۆ بەخۆداچوونەوە و چاکسازی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێی ئابوری ، بە تایبەتی پاش بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و بیرکردنەوە بۆ بەکارهێنانی داهاتەکەی بۆ ئاوەداکردنەوە و بوژاندنەوەی وڵات ، هەربۆیە لە ڕۆژی ٧ ی نیسانی ساڵی ١٩٥٠دا ئەنجومەنێکی ئاوەدانکردنەوەیان دامەزراندووە ، کە لە کەسانی پاک و شارەزای بوارەکانی : ئابوری ، کشتوکاڵ ، پیشەسازی ، بیناسازی ، پەروەردە ، تەندروستی و نیشتجێبوون پێکهاتووە ، بۆ هەڵسەنگاندنی توانا ئابوورییەکانی عیراق و داڕشتنی بەرنامەکانی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی سەرتاسەری عیراق بێ جیاوازی . هەموو داهاتی وڵات خراوەتە ژێر دەستی لیژنەکەوە و دەسەڵاتدارانیش دەستییان نەخستۆتە کارەکانییەوە . واتە ئەو لیژنە شارەزایە بووە بە عەقڵی بوژاندنەوەی وڵات . یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەنجومەنەکە ڕێگرتن بووە لە دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی گشتی . پاشان ئەو پڕۆژانەیان دەستنیشانکردووە ، کە ڕاستەوخۆ پەیوندییان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی ئابوریی و پەروەردەوە هەبووە . بێگومان بەر لە دامەزراندنی ئەو پڕۆژە زۆر گەورە و گرنگانە ، توێژینەوەی زۆر ورد و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو لایەنەکانییان کراوە وەک : توانای دروستکردنییان لە ڕووی ئابورییەوە .. حسابی تێچوون و ڕەخساندنی ژمارەی هەلی کار و تواناکانی ناوخۆ بۆ بەگەڕخستنیان .. جۆری تەکنەلۆژیا و خواستی بازاڕ لەسەر بەرهەمەکانیان .. ڕێژەی سود و قازانجیان .. کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوردەکردن لە بازاڕەکانی دنیای دەرەوە . پاشان دیاریکردنی شوێنی لەبار بۆ دامەزراندنی پڕۆژەکان و دابینکردنی ئاو و کارەبا و هۆکارەکانی گواستنەوە و بودجەی پێویست بۆ کارمەندەکانییان . جا لێرەدا تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر پڕۆژەکانی شاری سلێمانی ، کە زوربەیان پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی ئەو لیژنە مەزنەیە ، کە لە سەردەمی ژێردەستی دا تەواو کراون .
١ – لە ساڵی ١٩٥٧ دا و لە پێناوی چارەسەکردنی کێشەی گەورەی نیشتەجێبووندا ، بڕیاردراوە تا ساڵی ١٩٦٠ ( ٢٥ هەزار ) خانووی نیشتەجێبوون لە هەموو عیراقدا دروستبکرێت ، لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە کۆی ئەو ژمارەیە ( ٣٠٢ ) خانووی ئیسکان لە سلێمانیدا لەسەر موڵکی گشتی و بۆ بەرژەوەندی گشتی بە هەموو پێویستییەکانییەوە ، وەک : ئاو ، کارەبا و خزمەتگوزاریی بەسەر کرێکار و فەرمانبەراندا دابەشکراون بە قیستی درێژخایان ، تەنها بۆ یەک چرکەش پێویستییان بە تەپە تەپ و چەڕەدووکەڵی موەلیدەیەک نەبووە تا ژیان و خەو و خۆراکییان لێ تاڵ بکات . پاشان پێشنیارکراوە تا ساڵی ١٩٨٠ ژمارەی خانووەکانی ئیسکان لە هەموو عیراقدا بگاتە ( ٤٠٠ هەزار) خانوو .
٢ – لە ساڵی ١٩٥٧ دا مەلیک فەیسەڵی دووەم کارگەی چیمەنتۆی سەرچناری کردۆتەوە .
٣ – لە ساڵی ١٩٥٩ دا بەنداوی دوکان تەواو کراوە . بۆ گلدانەوەی ئاو و چارەسەکردنی کیشەی ئاو و کارەبا و ڕێگرتن لە لافاو .
٤ – لە ساڵی ١٩٦١ دا بۆ هەمان مەبەستی پێشوو ، پڕۆژەی بەنداوی دەربەندی خان کراوەتەوە .
٥ – ڕاکیشانی هێڵی کارەبا لە دبسەوە بۆ سلێمانی .
٦ – لە ساڵی ١٩٦١ دا کارگەی جگەرە کراوەتەوە ، پاشان بەشی پوختەکردن و ترشاندنی تووتنیش دروستکراون و بوونەتە دوو بەشی گرنگ و سەرەکی ئەو کارگەیە . سەرباری دروستکردنی پڕۆژەی نیشتجێبوون بۆ کارمەندکانی .
٧ – لە ساڵی ١٩٧١ دا دەستکراوە بە دروستکردنی کارگەی شەکر ، بە توانای ٢٩٠ تەن شەکری سپی لە ( ٢٠٠٠ ) تەن چەوەندەر لە ڕۆژێکدا ، لەگەڵ پڕۆژەی نیشتجێبوون بۆ کارمەندەکانی .
٨ – لە ساڵی ١٩٨٤ دا دروستکردنی کارگەی جلوبەرگ .
٩ – دروستکردنی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە ( ١٩٨٠ – ١٩٨٥ ) .
١٠ – دروستکردنی کارگەی ئاوی بانیخێڵان و کۆکاکۆلا لە ساڵی هەشتاکاندا لە دەربەندی خان .
لە دواجاردا و بۆ ئەوەی باسەکەمان زۆر درێژ نەبێ تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر لایەنە چاکەکانی یەکێک لەو پڕۆژانەی سەرەوە ، کە کارگەی جگەرەی سلێمانییە . ئاشکرایە پێش دامەزراندنی ، ئەگەر جوتیارێک ساڵانە ( ١٠٠ ) کیلۆ تووتنی بەرهەمهێنابێ و بە هەزار حاڵ لە بازاڕی ناوخۆدا بۆی فرۆشرابێ ، ئەوا لە دوای دامەزراندنی کارگەی جگەرەوە توانیویەتی بە خواست و ئارەزووی خۆی بڕی بەرهەمەکەی بەرزبکاتەوە ، چونکە زانیویەتی ڕەنج بە خەسار نابێ و لایەنێک هەیە هەموو بەرهەمەکەی لێ وەربگرێت . پاشان وەرگرتنی بەرهەمەکانیش بە پێی جۆر و چاکی تووتنەکان بووە . ساڵانە لە وەرزی تووتندا لیژنە تایبەتییەکانی کارگەکە سەردانی هەموو گوندەکانیان کردووە و تووتنەکانیان پشکنیوە ، ئەو تووتنەی جۆرەکەی باش بووبێت ، پارەی زیاتری بۆ دیاریکراوە . بەمەش جوتیار هەوڵی داوە باشتر خزمەتی بەرهەمەکەی بکات . هەر بۆیە دوای دروستکردنی ئەو کارگەیە ئەوەندە ڕێژەی بەرهەمهێنانی تووتن بەرزبۆتەوە ، لە پێویستی کارگەکە زۆر زیاتر بووە و دەوڵەت توانیویەتی ساڵانە بڕێکی ئێجگار زۆری هەناردەی وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپای بکات و داهاتێکی زۆری بۆ بگەڕێتەوە ، هەر بۆیە ساڵی وا هەبووە ئەو کارگەیە ملیۆنەها دۆلاری قازانج کردووە ، کە بەشێک لەو قازانجەشی دابەشکراوە بە سەر کارمەندکانیدا . لە هەموو ئەمانەش گرنگتر کارێکی وایکردووە ، ژیانێکی شایستە و سەربەرزانە بۆ جوتیاران مسۆگەر بکات و لە برساندا وەک سەردەمی ئازادی ڕووت و نەدار و بێ بژێوی گوندەکانییان چۆڵ نەکەن و بە کەساسی و گیرفانی بەتاڵەوە بەرەو شارەکان کۆچ نەکەن . بەڵام بە داخەوە لە سەردمی ئازادیدا و بێ بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی گشتی و داهاتە زۆرەکەی ، دەرگاکانی دادەخرێن و لە شارەکەدا هەزاران هەلی کار وەک گەڵای پایز دەوەرێنن . لە جیاتی ئەو هەزاران کەسەش ، تەنها چەند بازرگانێک لە هاوردەکردنی جگەرەدا سوودمەند دەبن . پاشان جگە لە بەنداوەکان یەک لە دوای یەک هەموو پڕۆژەکانی سەردەمی ژێردەستی ، یان داخراون ، یان کراون بە باڵەخانە . ئاخر کارگەیەک لە سەردەمی ژێردەستیدا و لەسەر موڵکی گشتی دامەزرابێ ، کەی ڕەوایە لە لایەن کەسێک ، یان چەند کەسێکەوە بکرێت بە باڵەخانە و هەزاران هەلی کار لە میلاکی ئەو شارەدا بسڕێتەوە . پاشان بۆ دەبێ لە جیاتی بنیاتنانی خانوی ئیسکان و ئەنوای هەژاران ، ئەو هەموو باڵەخانانە لەسەر موڵکی گشتیی بەرزبکرێنەوە ، بەبێ ئەوەی توێژینەوەیەک کرابێ بۆ بڕی ئاو و کارەبا و ژمارەی گرێچییەکانی ناو شارەکان ، کە پێویستییان بە یەکەی نیشتجێبوونە . بێ ئاگا لەوەی زوربەی دانیشتووەکانی ئەو باڵەخانە هەوربڕانە ، کورد نین و مەترسی گەورن لەسەر ئاسایشی هەرێم و هۆکاری سەرەکین بۆ کڕینی ئاو و هەوا و خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەمان و زۆر بە ئاسانیش هەرێمەکەمان بخەنە سنوری ماددەی سەدوچلەوە . جا ٣٢ ساڵی تەواوە ، ئەو سەرکردانەی لەو جۆرە لووتانەیان نییە بۆنی نەهامەتی پێش ڕوودانی بکەن ، لە کاتی لاوازی عیراقدا و لە تەلارە بەرزەکانەوە ، چییان بۆ ناوچەکانی ماددەی سەدوچل کردووە ، ئەو کاتەش هەر ئەوەیان بـۆ هەرێم پێدەکرێت و دەستمان لە بنی هەمانەکە دەردەچێت .
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم : دەبوو لە یەکەم ڕۆژەوە حکومەتی هەرێم ، بە تایبەتی لە سەردەمی برێمەری حاکمی عیراقدا ، کە پارە وەک خۆڵ ڕژابوو ، کوردیش قورسایی تەواوی خۆی هەبوو ، ئەنجومەنێکی ئاوەداکردنەوەی هاوشێوەی ئەنجومەنەکەی سەردەمی ژێردەستی ، لە کەسانی دانا و زانای دەستپاک دروستبکردایە ، لە جیاتی تاڵانکردنی ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە ، ئەو پڕۆژە زۆر گرنگەیان تەواو بکردایە ، کە دەبوو بە گەورەترین بەنداوی عیراق و ( ١٥٠٠ ) مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا . پاشان دەستیان بە هەموو پڕۆژەکاندا بهێنایە و چەند پڕۆژەیەکی تریان بخەستایەتە سەریان ، لە ئەنجامدا نە گوندەکان چۆڵ دەکران ، نە بێکارێک دەما و نە بیست ساڵ دەرگای دامەزراندن بە ڕووی هاوڵاتیاندا دادەخرا ، ئەو کاتەش سەنگ و قورسای و هەژموونی هەرێمش لە چاوی عیراق و دنیای دەرەوە و هاوڵاتییەکانیدا گەورەتر دەبوو . ئێستاش نەچووە بچێ ، دەسەڵاتداران دەتوانن بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە و ئازایانە ئەو هەنگاوە بنێن ، کە بە دڵنیاییەوە هەنگاوی وا نانێن . چونکە تەنها قیڕیان لە باڵەخانەی سەر موڵک و ماڵی گشتی بەلاش و سامانی قۆرخکراوی نەوت و باج و کامێرای چاودێرییەوە گرتووە ، وا دەزانن ئەوانە نیشانەی پێشکەوتنن ، بێ ئاگا لەوەی پایەکانی وڵاتی پێشکەوتوو ، بریتین لە پێشکەوتنی بوارە گرنگەکانی وەک : پیشەسازی ، کشتوکاڵ ، پەروەردە ، داهێنان و توانای بەرهەمهێنان و ئاستی بەرزی ژیانی هاوڵاتییەکانی ، نە بندیوارێکی کڵاولاری تیابێ ، نە دەستێش لە کەس پان بکاتەوە بــۆ مـــووچــەی کارمەندەکانی ... !!
٢٠ / ١١ / ٢٠٢٣
*****
تێبینی : لە ڕۆژی ١٩ / ٧ / ٢٠٢٢ دا لە سایتی وتاری کورددا ، بابەتێکم لەسەر پڕۆژەکانی ئەنجومەنەکە لە هەموو عیراقدا بڵاوکردۆتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست