دوو جار بێ ڕێزی
Wednesday, 08/11/2023, 19:23
دوای ئەوەی مامۆستایەکی زانکۆ لە بەردەم زانکۆی سلێمانیدا، لە ڕاستەوخۆیەکی میدیایدا بێڕێزی بە خانمە پەیامنێرێک کرد و قسەکانی نیگەرانیەکی زۆر بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ ئەو مامۆستایە داوای لێبوردنی لەو خانمە کرد.
وەک دەبینن ئەو مامۆستایە سەری ئەو کچە ماچ دەکات. ماچکردنی سەر ئەگەر لە نێوان باوک و زارۆکدا نەبێت ئەوا بەمانای بێ ڕێزی دێت، لەبەر ئەوەی کەسی بەرامبەر سەری دائەنوێنێت و ئەوی تر بەسەریا دەچەمێتەوە، بە مانای ئەوە دێت تۆ بچوکیت و من دەتپارێزم، بەڵام ئەفسوس لێڕەدا بابەتەکە بریتیە لە دوو فەرمانبەر، یەکێکیان ڕۆژنامەوان و ئەوی دیکەیان زانکۆوان، لێرەدا تەمەن دەوری نییە، ئەو دوو کەسایەتییە دەبێت بەرامبەر بەیەک بە یەکسانی بوەستن و بەڕێزەوە دەستی یەکتر بگوشن. لەو باوەڕەدام ئەگەر ڕۆژنامەوانەکە کوڕێک بوایە، ئەم مامۆستایە ئەو بوێرییەی نەدەبوو سەری ماچ بکات، وەک دەڵێن (هین بە خاڵی خۆی فێرە)، چونکە لەسەر شەقامەکە وەک منداڵێک چاوی لەو کچە کردوە نەک وەک ڕۆژنامەوانێک، لێرەشدا وەک دەیبینن بە هەمان شێوە سەری منداڵێک ماچ دەکات.
بەداخەوە لەسیستەمی خێڵایەتیدا خەڵکیی ناتوانن هەڵسوکوتێكی دروست و ڕەوانیان هەبێت، کە شایستە بێت بە بابەتەکە و لەئاستی ئەودا بێت. لێڕەدا بێڕیزیەکە ڕوونە ئەگەریش لە بێ مێشکیەوە سەرچاوەی وەرگرتبێ، کەسی بەرامبەر هەرچەندە زانکۆوانە بەڵام ئاستی ڕۆشنبیری زۆر نزمە. هێندە نزمە، کە پێویستی بەوە بووە جارێکی تر سەری تاوانلێکراو نزمبکاتەوە لەبری ئەوەی بەرزی بکاتەوە.
هیوادارم ڕۆژێک فێری هەڵسوکەوتی هاوچەرخیانە ببن و دەستەبرداری ئەقڵی خیڵایەتی ببن، ئەوسا دەتوانن گۆڕانکاری لەو سیستەمەدا بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست