کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دایە حەوا مان بە چی تۆمەتبارکرد ؟

Saturday, 04/11/2023, 21:50


یەکەم شایەتحاڵی نوسراو کە خەتابارکردنی مێینەی تیدا باسکرابێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، خەتاباریی حەوایە لە چیرۆکی سەرەتای ژیان لە بایبلدا (کاتێک حەوا لە میوەی ئەو درەختە دەخوات کە خودا لێی قەدەغە کردووە و لە هەمان کاتا هانی ئادەمیش دەدات بە خواردنی سێوەکە). ئەم ئەفسانەیە وەک چیرۆکی گێڕانەوەی وەرچەرخانی ژیانی مرڤ پێناسەی بۆ دەکرێت، وەرچەرخانی ژیانیان لە بەهەشتەوە بۆ سەر زەوی، خواردنی سێوەکەش وەک دەستێوەردان بۆ چەمکی زانین کە بووە هۆکاری ئەو وەرچەرخانە.

چەند بڕگەیەک لە کتێبی سەرەتای ژیان :

( پاشان پەروەردگار باخچەیەکی دروستکرد لە عەدەن، لە بەری ڕۆژهەڵات و مرۆڤی تێدا نیشتەجێ کرد کە خۆی ئافراندبووی. خودای هەتایی درەختی هەمەجۆری لەخاکەکیدا چاندن، قەشنگ و ئێجگار بەپیت بوون بۆ خواردان و، درەختی ژیانی لە نێوەراستی ئەو باخچەیەدا دانا، درەختی زانیننی خراپە و باشە.) مار کە فریودەرترین زیندەوەری کێوی بوو کە پەروەردگار ئافراندبووی. پرسیاری لە حەوا کرد : ئایا ڕاستە کە خودا فەرمانی پێ داون کە هیچ میوەیەکی ئەم باخچەیە نەخۆن ؟ حەوا وەڵامی دایەوە کە ئەوان دەتوانن میوەی باخچەکە بخۆن جگە لەو درەختەی کە لە ناوەڕاستی باخچەکەدایە، خواد پێی وتین : نابێت لێی بخۆن، تەنانەت نابێت دەستیشی لێ بدەن، لەبەر مەترسی مردن. مارەکە وەڵامی دایەوە : نەخێر وەها نییە، ئێوە نامرن. بەڵام خودا باش دەزانێت ئەگەر بیخۆن ئەوسا شتەکان وەک ئەوە دەبینن کە هەنە، وەک خودا تواناتان هەیە کە بزانن باشە و خراپە چیەو. دایە حەوا بینی کە میوەی درەختەکە ئێجگار قەشەنگە، کەواتە دەبێت خۆشبێت و دەبێت بیخوات هەتا  زانینێکی فراوانتر بەدەست بهێنن. تۆزێیکی لێکردەوە و لێی خوارد. پاشان دای بە ئادەمی هاوسەری بەتەنیشتیەوە، ئەویش لێی خوارد.)
هەرچەندە میوەی درەختەکە وەک سێوێک ناسراوە بەڵام لە بایبڵدا باسی جۆرەکەی نەکراوە، ئەگەر سێو هەڵبژێردراوە وەک میوەی درەختەکە لەبەر ئەوەی بە لاتینی سێو بە مانای میوە دێت. یان بە پێی  لێكدانەوەیەکی تر  لەبەر ئەوەی si malus  بە لاتینی بە مانای درەختی سێو دێت و لە ناو وشەکەدا ناوی  مالیوس (malus) ی تێدایە بە مانای (خراپە) دێت، واتە قەدەغە، بۆیە بە پێی ئەم لێکدانەوەیە سێو وەک هێمای کردەی سێکوسێل دێت و لەهەمان کاتا زانینی قەدەغەکراویش. بەڵام ئاراستەی بنەڕەتی خواردنی سێوەکە، پەیبردنە بە ئاگایی و زانین و وەرچەرخانی هەستی غریزەی ئاژەڵی بۆ ئاگایی و هەست بە بەرپرسیاریەتیکردنە لە کردەکەدا. 
شەیتانیش وەک مارێکی فریودەر نیشاندراوە و ئیدی لەو ڕۆژەوە لە زمانە لاتینییەکاندا، ئەو هەڵتۆقیوەیەی کە لەسەر ملی نێرینەدا بەدیدەکرێ، ناونراوە سێوی ئادەم، چوونکا گوایە ئادەم کاتێک سێوەکەی خواردووە لە قوڕگی گیراوە، ئەمەش مەیلی ئەو بیرۆکە دەستنیشان دەکات کە گوایە ئادەم هێشتا نەزانە.

خودا فەرمانی دا :

یاڤێ ئاگاداری حەوا دەکاتەوە لە میوەی درەختی زانینی خراپەر و باشە.
ئەگەریش سێوەکە وەک هێمای زانین ناسراوە بەڵام ئەوە شەیتان بوو کە چپاندی بە گوێی دایە حەوای ساویلەکەدا و فریوی دا.  بە پێی ئەم ئەفسانەیە ئەو زانینە یەکەم جار لە ژنەوە دەستی پێ کردووە، چونکا حەوا یەکەم جار سێوەکەی خواردووە. پارادۆکسیش ئەوەیە کە ئێمە هەرگیز ژنانمان لە کولتووردا وەک داهێنەری زانست و زانین نەناسیوە، هەردەم وەک کەم توانا (ناقسولئەقڵ) ڕەچاویان لێ کراوە، نەک تەنها لە کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا بەڵکو تەنانەت داروینیش کاتێک لە یاری شەترەنجدا لە ژنەکەی دەبردەوە، بۆ ئەو ئاسایی بوو کە ئەو وەک پیاو بەتواناترە و ژیرترە بە پێی دیاردەی پەرەسەندنی مرۆڤ، چونکا گوایە ئاغا ڕاوی کردوە و ئەو کارەش یارمەتی داوە کە هزری لە ڕووی ژیرییەوە زیاتر پەرەسندوتر بێت. وەک ئەوەی ژنان دانیشتبێتن و هیچ کارێکیان لە ئەستۆ نەگرتبێت.
 ڕاستە کە بەهۆی دووگیانیەوە مێێنە ڕاوی ئاژەڵانی گەورەی نەکردوە و کارەکانی جیاواز بوون و بەو هۆیەوە خاوەنی ژیریەک و توانایەکی جیاوازن کە ئەو جیاوازیەش هێندە زۆر نیە کە بتوانرێت یەکلایی بکرێتەوە. بەڵام ئەو کڵێشەیەی گوایە ئافرەتان لە ئەشکەوتەکاندا دانیشتون و چالاک نەبوون بەتەواوی بەدرۆخراوەتەوە، خۆ ئەگەر چاوێک بخشێنین بە لادێکانی کوردستان و ئەفریقادا دەبینین چەندە ژنان چالاکن، لە کاتێکدا پیاوان زۆربەی جار پاڵێان لێداوەتەوە لە سوچی مزگەوتەکاندا و ژنان بە ناقسولئەقڵ ناودەبەن. لەهەمان کاتا هەردەم خەتابارمان کردون و دەستنیشان کراون وەک جادوگەر و بنەمای هەموو خراپەکارییەکان. بۆچی ؟
  نوسینەوەی بایبڵ دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر. واتە سەردەمی کشتوکاڵیی. بەڵام وەک دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی میسۆپۆتامیا ئاشکرایان کرد، زۆر لە بابەتەکانی بایبڵ لە چیرۆکی گلگامێشەوە وەرگیراون، ھەندێک لە روداوەکانی چیرۆکی گلگامێشیش وەک چیرۆکی لافاوەکەی نوح ( ئوتانەپشتیم) و ڕوداوی تریش، زۆر لە پێش بایبڵەوە ڕویان داوە، لە داستانی گەلگامێشدا. مێژووی ئەم خەتاباریە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە؛ گلگامێش دوای ئەوەی هاواوا دەکوژێت و لەگەڵ ئەنکیدۆی هاوەڵی دەگەڕێتەوە بۆ ئور، لە کاتێکدا هەردوکیان خۆیان دەگۆڕن بۆ زەماوەند، خواوەندی ئیشتار (ئینانا)، داوا لە گلگامێش دەکات ببێتە مێردی، گلگامێشیش ئاوا وەلامی دەداتەوە :
چەند دێڕێک لە وەڵامی گلگامێش بۆ ئیشتار ( ئینانا)؛

تۆ (...)ی سەهۆڵ

کۆشکێک کە سەربازەکانی خۆی لە ناودەبات،
.......
کوندەیەک کە دەستی هەڵگرەکەی زامدار دەکات،
بەردی بناغەیەک، کە دیوارەکەی دەڕوخێنێت،
.....
پێڵاوێک کە پێی خاوەنەکەی دەڕوشێنێت،
.....
تۆ باڵندە ڕەگینەکە، ئەللالوت خۆش ویست،
کەچی هەر خۆت لێتدا و باڵی ویت شکاند
ئێستا ئەو لەناو دارستان ماوەتەوە و هەر هاوار دەکات ( باڵەکەم)
......
تۆ پێڵاوێکیت کە پێی خاوەنەکەی دەڕوشێنیت،
کامە لە دەستگیرانەکانت، بۆ هەمیشە تۆی خۆشویست ؟
کامە لە یارەکانت، بۆ ئاسمان سەرکەوتن !
..........
تۆ شێرەکەت خۆشویست، ئەوەی هێز و توانای بێ خەوش بوو،
کەچی تۆ حەوت جاران، حەوت چاڵت بۆی هەڵکەند.
..........
هۆنینەوەی ئەم نەفرەتلێکردنە ئێجگار دروودرێژە و گلگامێش هەموو ناهەمەتییەکانی مرۆڤ و سروشت دەخاتە ئەستۆی خواوەندی ئیشتار. بەڵام شێوازی ئەدەبیی نەفرەتکردنی گلگامێش لە ئیشتار، هەندەک لە دێرەکانی وەک پەند دێنە بەرگوێ، بۆیە ئەگەری زۆرە کە ئەو وتانە هی سەردەمی پیش داهێنانی نوسینیش بن، واتە پێش ( 3300 ساڵ، پ.ز)، دەماودەم گێراونەتەوە. کارەساتی لافاوەکەی نوحیش بە پێی ھەموو لێکۆلینەوەکان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی گەرم بونەوەی کەش و ھەوا، لەسەردەمی میزۆلیتیکدا، واتە نزیکەی دوازدە هەزار ساڵ لەمەوبەر، سەرەتای سەردەمی کشتوکاڵی، ئەو سەردەمەی کەش و هەوا گەرم بونەوە.  بێ گومان گۆڕانکاری لە کەش و هەوادا کووتوپڕ ڕووی نەداوە، چەندەها ساڵی خایاندووە، وەک چۆن ئەمڕۆ لەسەردەمی هاوچەرخدا سەرنجی دەدەین.  کۆتایی بە کارەساتێکی دژوار دەتەقێتەوە.  ئەو کارەساتەش بووە هۆی ناودارکردنی نوح لەبەر ئەوەی ئەو کەسایەتییە سەرنجی گۆرانکارییەکانی دابوو، پێشبینی کارەساتێکی نەخوازراوی کردبوو، بۆیە پێش کارەساتەکە کەشتییەک دروست دەکات بۆ خۆڕزگارکردن لەو ڕەوشە. هەموو کارەساتێکی سروشتی و نەخوازراویش لەو سەردەمەدا گرە دراوە بە تۆڵەی خواوەندەکانەوە. وەک دیالۆگێک لە نێوان مرۆڤ و خواوەندەکاندا ڕەچاوی لێ کراوە، ناڕازیبوونی خواوەندەکانە لە کارە بەدەکانی مرۆڤ، وەک وتراوە لە گیلگامێشدا گوایە مرۆڤەکان دەنگە دەنگیان زۆر کردووە و خواوەندەکانیان بێزار کردووە، ئەم ڕووداوەش وەک کۆتایی سەردەمێک  و دەستکردنەوە بە ژیانێکی نوێ ڕەچاوی لێ کراوە. ئەمەش ئەو راستییە دەسلمێنێت کە لە سەردەمی کارەساتەکەی لافاوەکەی نوحدا کەش و هەوا دەستیان کرد بە گەرمبوونەوە و بەو بۆنەیەوە ژیانی ئۆمۆساپیان گۆڕانکارییەکی ڕادیکالانەی بەسەردا هات. کە پێی دەڵێن شۆڕشی کشتوکاڵی.
 ئیدی لەگەڵ گەرمبوونەوەی کەش و هەوادا،  ئەو سروشتەی کەناومان نابوو توندرا، وەک سیبریا سارد و ڕەق و تەق بە گژووگیای کەمەوە، کووتوپڕ دەستی کرد بە بوژاندنەوە و سەوزایی و دارودرەختی هەمە جۆر وەدەرکەوتن. ئەم سەردەمە کە پێ دەڵێین میزۆلیتیک و سەردەمێکی کورتخایەنە لە نێوان سەردەمی ڕاوکەر- میوەچن و سەردەمی کشتوکاڵی (نێۆلیتیک)، وەک سەردەمێکی زێڕین بۆ ژنان دەناسرێتەوە لەلایەن ئەنترۆپۆلۆگەکان و شوێنەواناسانەوە، چونکا ژنان دەیانتوانی منداڵەکانیان بدەن بە کۆڵیاندا و بە کۆکردنەوەی گژ و گیا و بەروبومی سروشتی و ڕاوی ئاژەڵی بچوکەوە خەریک بن، بەم هۆیەوە هەندێک سەربەستییان بەدەست هێنا لەو سەردەمەدا ؛ چاوەڕوانی پیاوانیان نەدەکرد بۆ بژێوی، بەتایبەتی لە کاتی دووگیانیدا. بەڵام ئەم سەردەمە درێژەخایەن نەبووە. 
بەڵام گەشەسەندن لە زاسنتی شوێنەوارناسی و بەراوردکردنی جۆری ژیانی خەڵکی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، ڕێگا بە ئەنترۆپۆلۆگەکان دەدەن کە ژن وەک داهێنەری کشتوکاڵ بناسێنن، واتە سەرەتای ماڵیکردنی ڕووەکی کێوی و دروستکردنی کوفە و هەندەک داهێنانی تر، لەبەر ئەوەی ئەوان بە چنینەوەی بەروبومی سروشتییەوە خەریک بوون و کاتی سەرنجدانیان هەبووە. بەڵام پیاوان کاتێک دەستیان کرد بە کشت و کاڵ کە ئامێر هاتە کایەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا سەلمێنراوە کە لە باخچەکاندا ژنان ئامێر کەمتر بەکار دەهێنن هەتا پیاوان.
بێگومان پەرەسەندنی مرۆڤایەتی بە مانای پەرەسەندنی ئامێر دێت، ئەو پەرەسەندنەش لە سەرە ڕمێکەوە دەستی پێکرد هەتا ئایفۆنێک، پیاوان هەردەم حەزیان بە ئامێر بووە بەوێنای نێرتکیان، ژنان کەمتر ئارەزووی ئامێریان هەبووە، هەرچەندە داهێنانی یەکەم ئارتی فاکت کە بریتییە لە هەڵگری مندال بە ناچاری لەلایەن ئافرەتانەوە داهێنراوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەچکەی پریماتەکان خۆیان هەڵدەواسی بە توکی دایکیانا ئەوا ژنانی ئۆمۆسپایان لە مێژەوە موویان گووم کردبوو، بۆیە بە ناچاری دەبوا هەڵگرێک دروست بکەن لە ڕیخۆڵەی ئاژەڵ و ماتەری رووەکی بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی منداڵ بە تایبەتی لە کاتی کۆچ و کارکردندا. کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەفسانەی ئادەم و حەوا ڕەگی لەم پرۆسەیەدا داکوتاوە، کە بریتییە لە یەکەم هەنگاو بەرەو زانین، کە ژن داهێنەری بووە. ئەوان بوون کە دەستیان کرد بە چاندن و داهێنان و پاشان پیاوان ئەو کارەیان گرتۆتە ئەستۆ وەک چۆن لە بایبڵدا هاتووە حەوا هانی ئادەمی داوە بە خواردنی سێوەکە. هەرچەندە حەوا نایەوێت سێوەکە بخوات بەڵام مارەکە پێداگری دەکات و دەڵێت :
<< خودا وتی ئێوە دەمرن، بەڵام نامرن، ئێوە وەک خوداتان لێ دیت، ئاشناییتان بە چاکە و خراپە دەبێت >>

لە بایبڵدا ئەو سزادانە ئاوا باسکراوە :

(خودا بە بە ژنەکەی ووت :  ئازاری دووگیانیت زیاد دەکەم، بە ئازارەوە منداڵ دەنێیتەوە، ئارەزووەکانت بۆ مێردەکەت دەبێت، ئەو زاڵ دەبێت بە سەرتدا. بە پیاوەکی ووت : مادام بە گوێی ژنەکەت کردووە، لەو دارەت خواردووە کە فەرمانم داوە لێی نەخۆیت ! تۆ هەرگیز جارێکی تر نایخۆیت ! زەوی بەهۆی تۆوە نەفرەتی لێ دەکرێت. بە ئازارەوە بە درێژایی ڕۆژەکانت لە ژیانتا بژێوی خۆت بەدەست دێنیت. )
بێ گومان ئەم ئەفسانەیە مشتومڕی زۆر لەسەرە،  چواندنی مار بە شەیتان واتە بە خراپە، جێگای مشت و مڕە، لە کاتێکدا دەزانین کە مار لە کولتووری  کوردەواریدا وەک لای ئێزیدییەکان هێزی شەیتانی نییە، یان گوایە لەبەر ئەوەی کە خودا قاچی نەداوە بە مار و ماریش دەیەوێت تۆڵە لە خودا بکاتەوە. بەڵام پێ دەچێت کە مەسیحییەکان وەک هەمیشە هێمای ڕۆژهەلاتیەکانیان بە پلەی یەکەم وەرگرتبێت، بە هزری خۆیان شیکاریان بۆ کردبێت، وەک چۆن کاتێک ڕۆژهەڵاتییەکان گوتیان کە فریشتە فوی کردووە بە ژێر کراسەکەی مریەمدا و بەو بۆنەیەوە دووگیان بووە، ئەم گوزارشتکردنە تەواو ڕۆژهەڵاتیە بە مەبەسی پێدانی جوانیەک لەبری ئەوەی کە بڵێن مریەم بەبێ مارەکردن دەگەڵ پیاوێک سێکسی کردووە، بەڵام ئەوروپایەکان ئەم وتانەیان وەک خۆی وەرگرت و دوبارەیان کردەوە.  هەرچەندە بە بیری هەندەک کەس، گوناحی ئەزەلی  بۆ ئەو کارە بەکار نەهێنراوە لە بایبڵدا، بەڵام ئەو ئەفسانەیە بووە بە بەهانەیەک بۆ ختابارکردنی ژن بە هەتایی.
ئیدی وەک چۆن لە بایبڵدا ئەم گۆڕانکارییە چوێندراوە بە حوکمدانی مرۆڤ لەلایەن خوداوە، دەرئەنجام مرۆڤ لە بەهەشتەوە بە داخوازی خودا گوێزرانەوە بۆ زەوی، ئاواش ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی بەخۆیەوە بینی، مرۆڤی ڕاوچی – میوەچن، وردە وردە دەستبەرداری ژیانی کێوی خۆیان بوون و بەهۆی کشتوکاڵەوە نیشەجێ بوون، خۆیان بێ بەشکرد لە بەروبومی سروشتیی. ئەم چیرۆکەیە کە بەڕەمزی کراوە لە بایبڵدا. 
بەڵام بۆچی ئەو گۆڕانکارییە وەک نەهامەتییەک ڕەچاوی لێ کراوە ؟ وەک کارەساتێکی دژوار لە بایبڵدا ؟ ئافرەتیش خەتابار کراوە تێیدا ؟
 چونکا ئەگەر لە بایبڵدا وەها بە گرنگی باسی لێوە کراوە بێ شک ئەو دەمە باسێکی بنەڕەتی بووە لە کۆمەڵگەیەدا کە لەسەرەتای نیشەجێبووندا بوون بە هۆکاری دۆزینەوەکانی ژنان لەبواری چاندندا. 
نۆوا هەراری لە کتێبی ساپیاندا، ئەو وەرچەرخانە وەک گەورەترین کارەساتی دژوار و پر نەهامەتی دەبینێت بۆ مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەی بووە هۆی دابڕانی مرۆڤ لە سروشت، بووە هۆی نانەوەی چەندەها جۆری نەخۆشی لەبەر کەمی ڤیتامین، لەبەر ئەوەی لەسەردەمی ڕاوچی میوەچندا بە پێی لێکۆڵینەوەی زانستی،  مرۆڤ نزیکەی دوو سەد ڕووەکی بەکار دەهێنا وەک ئەفرۆدیزیاک و لەباربردن و ساڕێژکردنی نەخۆشی و ڤیتامینی پێوسیت. بەروبوومی سروشتی زۆر بوون و پێوستیان بە خڕکردنەوەی نەبووە، جگە لەوەی کە مرۆڤ لەسەردەمی کشتوکاڵیدا هەردەم چاوەڕوانی بارانی دەکرد بۆ بژێوی ژیانی و زیاتریش کاری دەکرد. دایکان لەبری نەبوونی کات و دورکەوتنەوە لە بەروبومی سروشتی، هەویری دانەوێڵەیان دەدا بە مندالەکانیان ئەمەش بوە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردنی زارۆک. زاوزێش زیادی کرد لەبەر ئەوەی کاتی شیردانیان کەم بوو. لە شوێنێکدا نیشتەجێ بوون و نە دەجوڵان. ئیدی وردە وردە خەڵکی بە پەرژین و بە شورا و بە قەڵا  لەیەکتری دابڕان بەمەبسی پاراستنی بەروبووم و ژیانی خۆیان، ئەمەش بووە هۆی نانەوەی دژواری و شەڕ لە نێوان ئەو کۆمەڵگانەدا، لەبەر ئەوەی بە پەرەسەندی جیاوزدا تێپەڕین و بووە هۆی ئافراندنی ئاستی جیاواز لە ڕووی ئابوری کۆمەڵایەتییەوە،  ئەمەش بووە هۆی نایەکسانی و  بەو هۆیەوە ئافراندنی سیستەمی کۆیلایەتی پاشان شەڕ و کوشتار لە نێوان کۆمەڵگەی جیاوازدا. شوێنەوارناسیی دەیسەلمێنێت کە توندو تیژی و دژواری و کوشتن لە سەردەمی کشتوکاڵییدا پەرەی سەندوە.
بە بیری نۆوا هەراری، مەرج نەبووو کە مرۆڤ مۆدێلی کشتوکاڵی هەڵبژێرێت. لە هەموو ئانو ساتێکدا و لە هەموو بوارێکدا تەنانەت لە بواری پیوەندی سێکسوێلیشدا دەیتوانی مۆدێلێکی تر هەلبژێرێت. بەڵام بە پێی شوێنەوارناسان سیستەمی کشتوکاڵی لە پێنج ناوچەی دوور لە یەکتر پەرەیان سەندووە بە بێ ئەوەی پەیوەندی هەبێت لە نێوانیاندا، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەو مۆدێلە وەک پێویستییەکی حەتمی پەیڕەوی کراوە،  لەهەمان کاتا لای هەندێک کۆمەڵگە، سیستەمی کۆیلایەتی پەیڕەوی کراوە بە بێ ئەوەی بە سیستەمی کشوکاڵیدا تێ پەرن.
ئەم گۆڕانکارییە ڕدیکاڵە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بووە هۆی خەتابارکردنی ژنان کە ئەوان وەک دەستپێکی ئەو مۆدێلە بینراون لەو سەردەمەدا و دووگیانیش پاڵنەرێکی سەرەکی بووە بۆ نیشتەجێ بوون. ئەم کولتوورە، کولتووری خەتابارکردنی ژنان بەردەوام بووە هەتا سەردەمی مۆدێرن؛ لە وێژەدا هەردەم ژنێک خەتاباردەکرێت کاتێک پیاوێک سەرگەردان دەبێت.
مرۆڤی ساپیان هەردەم لە نۆستالژیادا دەژی و هەنوکە وەک دۆزەخ دەبینیت و ڕابوردو وەک ژیانێکی بەختیاریی. کەواتە ئەوەی کە ناوماننا شارستانی و شۆڕشی کشتوکاڵی و بونە هۆکاری نەهامەتیەکانی مرۆڤ، ژنان بوون، وەک چۆن لە بایبڵدا هاتووە ئەو یەکەم جار سێوەکەی خواردووە. 
ئیدی ئەو سەردەمەی کە دایە حەوا سێوەکەی خواردوە، واتە داهێنانی لە کشتوکاڵدا کردووە، سەردەی میزۆلۆتیکە کە سەردەمێکی کورتە لە نێوان سەردەمی ڕاوچی میوەچن و سەردەمی کشتوکاڵی (نێۆلیتیک)دا،  وەک سەردەمێکی زێڕینی ژنان ڕەچاوی لێ دەکرێت چونکا دەسەڵاتی ئابوریان گرتە دەست، زۆر لە کۆمەڵناسان بە گرنگیەوە باسی ئەو سەردەمەیان کردووە بەناوبانگترینیان باشۆفێن (Bachofen)ە.
 تەرزمانی وتارێک دەربارەی باشۆفێن :
باشۆفێن « Bachofen» سالی ١٨٦١ چەمکی دایک سالاری و وروژاند و گوتی کە باوکسالاری ھەمیشە باڵادەست نەبووە لە مێژودا، بەرھەمی شۆرشێکی ئونیڤێرسێلە و بە قۆناغێک دەستی پێ کرد کە ھیچ قەدەغەکردنێکی سێکسوێل بوونی نەبووە.
جەستەی مێینە جێگای ھەوەسی پیاوە، ئیدی لێرەوە دەتوانێت دەسەلاتی خۆی بسەپێنێت بەسەر ژیانی کۆمەلایەتیدا، ئەم باڵادەستییە گەشتە لوتکە بە ئەمازۆنەکان و پاشان لەلایەن نێرینەوە کۆتاییان پێ ھێنراوە. ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگی مێژوویی لە نێوان ھەردوو سێکسەکەدا ھەژمار دەکرێت، لێرەوە مرۆڤایەتی چووە ناو شارستانییەتەوە.
پاساودانەکانی پاشۆفێن بەند بوون لەسەر شیکاری میتۆلۆژی کە وادیارە بەشێکی هەقیقەتیان تێدا شاردرابێتەوە، بەلام ئەم گریمانەیە وادیارە ناتوانێت خۆی راگرێت.
پرسیار لە خۆمان دەکەین ئایا بنەمای ھەقیقی چیرۆکی ئادەم و حەوا چییە، پێش هەموو شتێک باخچەی عەدەن و کەپلەکەی، یەکەم پەرجۆی ناساندنی خراپە و چاکەیە بۆ ئەو کەسەی کە میوەکە دەخوات.
بۆیە لەسەر بنەمای تاکە کەسی خۆیان، هیچ هۆکارێکی زیاتر نییە بۆ باوەڕبوون بە ناوەوەی هێڵی دایکایەتی لە زاڵبوونی مێینە وەک لە بوونی سیکرۆپ« Cécrops» ئەو بونەوەرەی گوایە دامەزرێنەری شارستانیەتی ئەسینایە.
دایکسالاری کە باشۆفێن بۆی دەگەرایەوە، وادیارە لەو کۆمەلگایانەدا بوە کە بە کۆمەڵ پێکەوە لە خانوی لاکێشەیی گەورەدا دەژیان، درێژییەکەی سەد مەترێک دەبوو، لەسەر سکرچەری دایکایەتی دامەزرابوو، ئەم کۆمەلگایانە بەو کاریگەرییە خۆیان جیادەکردەوە کە ژنان ھەیان بوو. بە جۆرێک کە ژێزویتەکان لەسەدەی ھەژدەدا وەک « ئیمراتۆریەتی ژنان» باسیان لێوە دەکرد. ئەم ژنانە کە کۆنترۆلی ئابورییان دەکرد بە کاری بەکۆمەل بۆ چاندنی بەروبووم و دەیانتوانی ئەو مێردە تەمبەڵانە یان توندوتیژانە بکەنە دەرەوە کە کاریان نەدەکرد، یان جیابنەوە لێیان. ژنی سەرۆکی کۆمەلگەکە توانای بریاردانی ھەبوو.
 بە پێی باشفۆن و بە بڕوای مۆرگان، سیفەتە کولتوورییەکانی ئیرۆکوایەکان، چ لە ڕووی پەیوەندییە جێندەرییەکانەوە، چ لە ڕووی یەکسانیخوازی ئابوورییەوە بێت یان لە ڕووی ڕێکخستنی سیاسییەوە، نوێنەری هەموو ئەو کۆمەڵگایانە بوون کە گەیشتبوونە قۆناغی خوارەوەی بەڕبەڕییەت، دەتوانین بەزاراوەی مۆدێرن بلێین نێۆلیتیک. لەم روەوە باڵادەستی نێرینە دەستی کرد بە ھەلگەرانەوەی دەوری مێینە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە زاڵبوونی پیاو لە پێچەوانەبوونەوەی مافەکانی دایکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە سەرەتای شارستانییەتە دەوڵەتییەکان و پەرەسەندنی نایەکسانی ساماندا ڕوویدا.
لێرەوە بڵاوکراوەکانی باشفۆن لە نێوەندی فەمینستەکاندا دەنگی دایەوە و بۆ یەکەم جار وەرگێرایە سەر زمانی فەرەنسی لە سالی ١٩٠٣.  پاشان رەوتی مارکسیەت لەگەل تێکستەکانی خۆیاندا گونجاندیان، لەو کتێبەی کە لایەن ئنگلسەوە ١٨٨٤ بە ناوی ؛ «رەچەلەکی خێزان، مولکی تایبەتی دەولەت»، کە بە شێوازێک دەرئەنجامەکانی دوبارە دەکردەوە، باسی چەمکی ماتریالیستی مێژوویی بە بێ ئەوەی وشەی « دایکسالاری» بەکار بھێنێت. ئنگلس ھەموو تێزەکەی مۆرگانی وەرگرتەوە، بە دەستکرن بە باسکردنی لە سەرەتاوە لە ناوەوەی میراتی دایکەوە دەستی پێکرد، و (سەروەریی) ژنانی لە کۆمەڵگەی سەرەتایدا وەبیرهێنایەوە لە هەمان کاتدا نەبوونی ململانێی نێوان ھەردوو سێکسەکەدا بە درێژایی پێش مێژوو دووپاتکردەوە، کە بریاربوو بالادەستی و سەروەری پیاو لە قۆناغی بەربەریەتا وەدەرکەوێت. بەلام زانیاری شوێنەوارناسی لەسەدەی داھاتودا تێۆری باشفۆنی خستە ژێر تاقیکردنەوەوە، راستە لە ھەندێک کۆمەلگەدا پیاوان باڵادەست نەبوون وەک لای ھەندێک لە کۆمەڵگەی بچوکی جوتیاران و لای ئێرۆکۆواکانی ئەمەریکا و لای راوکەر و میوەچنەکان بەڵام ئەم مۆدێلە گشتی نەبووە و تایبەت بووە بە ناوچەیەک. بالادەستی پیاوان لای زۆر لە کۆمەلگاکانی جیھان، تەنانەت لای ئەوانەشی کە تا ئاستێک یەکسانییەکی ئابوری و سیاسییان بەرێ کردووە زۆر بە تین بووە.
***
خۆ ئەگەر تیۆری باشفۆن لەلایەن هەندێک لێکۆڵەرەوانەوە بەرپەرچ دراوەتەوە، ئەوا ژن لە ئەفسانەی ئادەم و حەوادا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی باسی لێوە کراوە، وەک ئەو کەسەی یەکەم هەنگاوی ناوە بەرەو زانین و بەئاگاهاتنەوە. هەروەها بە پێ لێکۆڵینەوەی زانستی شوێنەوارناسی  ئەوان هاندەری نیشتەجێ بوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ بوون کە بوە هۆی وەرچەرخانی مۆدێلی ڕاوچی میوەچن بۆ مۆدێلی کشتوکاڵیی. بەڵام پرادۆکس ئەوەیە کە ئەوان لە مێژوودا هەردەم وەک کەمتوانا لە قەڵەمدراون لە لایەن سیستەمێکەوە کە پیاوان باڵادەست بوون تێێدا. چونکا وەک چۆن نۆوا هەراری سەردەمی کشتوکاڵیی بە سەردەمێکی تراژیک هەژماردەکات، چونکا مرۆڤ خۆی دابڕاند لە نیشتمانی سەرەکی کە دارستانەکان بوون، هەر ئاواش لەو سەردەمەدا ژنان خەتابار کراون بەو گۆڕانکارییە ڕادیکاڵە، وەک چۆن شوێنەواری ئەم ڕوداوە بە ئەفسانە کراوە لە بایبڵدا. خۆ ئەگەر پیاوان بەتایبەتی پیاوانی دینی لەم سەردەمەدا لە دیاردەی فەمینیستی و ئازادی ژنان دەترسن، لەبەر ئەوەی پێچەوانەکردنەوەی ئۆردەرەکان دەمانترسێنن. 

سەرچاوەکان :

1- مەگەزینی مێژوو (L’Histore) بە زمانی فەرەنسی،ژمارە506، ئەڤریلی 2023. (وتارەکەم لە نوسینەکەمدا وەک خۆی داناوەتەوە).
2- کتێبی پێشمێژووی سێکس بە زمانی فەرەنسی، تایمۆتی تایلۆر.
3- داستانی گیلگامێش ( تەرجومەکراو لەلایەن شاسوار هەرشەمی)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە