شانۆی لەیەکچووی ململانێکانی زلهێزەکان لە دنیادا، زنجیرەی (٣)
Friday, 03/11/2023, 2:04
سێیەم: وڵاتانی باشووری ئاسیا: بەنگلادیش، مالدیڤیس، ئەفغانستان، سیرلانکا، نیپال، بهولتان
لە باشووری ئاسیادا زلهێزەکان، تەنیا گرنگی بە هیند و پاکستان نادەن، ئەڵبەتە وڵاتانی دیکەی ئەو ناوچەیەش لە ستراتیژیەت و سیاسەتی کۆنتڕۆڵ کردنی دنیادا، لەلایەن زلهێزەکانەوە دەرنەکراون، هەریەکە بەگوێرەی شوێنی جوگرافی، پێگەی نێودەوڵەتی و ئابووریی و سەربازیی، چیان بۆ دەکرێت بۆ تەکاندان بەو ستراتیژیەت و سیاسەتە، دەستنیشان کردنی مەیلیان بۆ کام زلهێز، کاریان لەسەر کراوە و دەکرێت.
گرنگی جیوسیاسیی بەنگلادیش شوێنی جوگرافیە، سنووری وشکایی لەگەڵ هیند و میانمارە، واتە باشووری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا بەیەک دەبەستێتەوە. هاوپەیمانیەتێکی بەهێزی لەگەڵ هینددا هەیە. بەهۆی گەیشتنی بە کەنداوی بنغال لە ڕێگەی ئاودا، بۆتە جێگە سەرنجی ئەمریکا و چین و ڕوسیا.
بەنگلادیش تەنیا جێگە ململانێی نێوان چین/ ڕوسیا و ئەمریکا/ ئەوروپا نییە، بەڵکو چین و هیندیش لە ململانێیەکی توندن، بۆ سەپاندنی هەژموونیان بەسەر وڵاتانی لەخۆیان لاوازتر لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بەنگلادیش. لە ڕابردوودا ئەو وڵاتە هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هیند، چین و پاکستان بوو، بەڵام دوای جەنگی ساردی نێوان زلهێزەکان، تەماحی چین لە ناوچەکانی باشوور ئاسیا و کەنداوی بنغالدا گۆڕانی بەسەردا هات، ئەو بەبەکار هێنانی هێزی نەرم هەوڵی دا هەژموونی خۆی لەو ناوچەیدا زێتر بسەپێنێت.
ملاملانێی زلهێزەکان لەو ناوچەیەدا بەبێ کۆسپ و تەگەرە و خەرجی نییە، بۆیە بەنگلادێش لە گەمەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە ڕاگرتنی هاوکێشەی پەیوەندیی ئابووریی و سەربازیی و سیاسییدا، تا ئێستا سەرکەوتوو بووە و سوودمەندە لە ململانێی نێوان زلهێزەکان، بەتایبەتی لە چین و ئەمریکا.
بەنگلادیش بۆ هیند و چین لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەربازیی، گرنگی تایبەتی هەیە. ئەگەر هیند لەگەڵ چین ناکۆکیەکانی قوڵ بێتەوە، ئەوا چین بە ئاسانی دەتوانێت ڕێڕەوەی سیلیگوری هیند دابخات، تەنیا ڕێڕەوەی دەرباز بوون لە ئەگەری ڕوودانی ئەو تەنگەژە سەربازییەدا، خاکی بەنگلادیشە، کە پەیوەندیی هند لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیەدا دەبەستێتەوە، بۆیە بۆ هیند گەلێک گرنگە کە بتوانێت هاوکێشەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەنگلادیش و چین ڕابگرێت.
لە سەرەتادا خاڵی سەرەکیی کۆکردنەوەی هیند و بەنگلادیش دوژمنایەتی پاکستان بوو. بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٧١دا لە پاکستان جیابۆیەوە و سەربەخۆی ڕاگەیاند، هیند ڕۆڵێکی باڵای هەبوو و پشتیوانیەکی سەرسەختی جیابوونەوەی بەنگلادیش بوو لە پاکستان، بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو وڵاتە لەژێر هەژموونی تەواوی هیند بوو. لەگەڵ کاتدا ئەو پەیوەندییە مایەوە بەڵام هەژموونی هیندیش لەو وڵاتەدا بەرەو لاوازی چوو، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ کاتدا زێتر لەسەر پێی خۆی ڕاوەستا، لەلایەن چین و ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوروپاوە گرنگی پێ درا، کە لە ئەنجامدا ئەویش پێگەی خۆی بەهێز کرد لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا و هەڵبژاردەی زێتری لەبەردەمدا بوو. لە دنیای ئەمڕۆدا لەهەر شوێن و کاتێکدا بوو بێت، کە ناوچەیەک لە وڵاتێک جیا دەبێتەوە و سەربەخۆی ڕادەگەیەنێت، پەیوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتە سەرەکییەکە لەسەرەتادا ناتەبا دەبێت، دواتریش ئەگەر پەیوەندیەکە ئاسای بێتەوە بەڵام هەستیار دەبێت، بۆیە درزی پەیوەندیی نێوان بەنگلادیش و پاکستان کەلێنێکە کە هیند، چین، ئەمریکا، ئەوروپا و ڕوسیا دەتوانن بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان لێ بچنە ژوورەوە و بەکاری بهێنن.
هیند مەلەفی تایبەتی کردۆتەوە، بۆ کار کردن لەسەر ڕێرەوە کردنی سیاسەتێکی ڕاست کە لە بەرژەوەندیی ئەودا بێت لە ناوچەکەدا. ئەو هەوڵیداوە بەرهەمهێنەرەکیی سەرەکیی بێت لە بواری وزە و ئیتیسالات لە مالدیڤیس، مایانمار، نیپال، سیریلانکە و بەنگلادیش، بۆیە زوو پێشنیاری ئەوەی کرد، کە هەوڵی گەشە پێدانی ڕێڕەوەی بەستنەوەی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، بە ڕێگەی مینای تشاتوگرم بنگلادیش بە چین، هەروها هەوڵدان بۆ بەهێز کردنی ڕێڕەوە ناوچەیەکان بە یەکدی، وەک ڕێڕەوەی بی سی ئای ئیم و بی بی ئائێمی بەنگلادیشی. هیند هەوڵدەدات ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەرژەوەندییە ئابووریەکانی چین لە بنگلادیش سنووردار بکات، کە ئەمە هەنگاوێکە ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکات.
ئەمریکا هەوڵی داوە کە بەنگلادیش لە باوەشی چین دەربهێنێت بەو مەبەستە تورەگەی بۆ بەنگلادیش تا ڕادەیەک واڵا کردوە. لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئەمریکا بەبەهای ٧٨.٤٥ میلۆن دۆلاری داوە بە بەنگلادیش بۆ خەرجی سەربازیی. ١٤.٥ میلیۆن بۆ مەشق و پەروەردەی سەربازی بۆ بەنگلادیش خەرج کراوە. ٥٤.٨ میلیۆن دۆلار لەژێر بەرنامەی ئەمریکی بۆ خەرجی سەربازیی بیانی دراوەتە بەنگلادیش. ٢٣.٦ میلیۆن دۆلار بۆ گەشپێدانی بەنگلادیش خەرج کراوە. ١٣٠.٥٩ دۆلار بۆ چالاکی نێوان هەردوو حکومەت بۆ بەنگلادیش خەرج کراوە. لە ٢٠١٣-٢٠١٥ دا ئەمریکا پشتیوانی لە هێزی دەریای بەنگلادێش کردووە، دوو لە گەورەترین کەشتی سەربازیی، ٥٠ غەواسەی سەربازی، گەلێک پێویستی دی سەربازیی کە هێزی بەرگری دەریای بەنگلادیش بەهێز دەکات لەژێر سیاسەت و ستراتیژیەتی بەهێز کردنی (ئیندو پاسفیک ستراتیژی). لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەمریکا بە بەهای ١٤میلیۆن دۆلار کەلوپەلی سەربازیی هەناردەی بەنگلادیش کرد. پەیوەندیی ئابووریی هەر دوو وڵات لە گەشەسەندنە لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ١٣ بیلیۆن دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١ ١٠.٥ بیلیۆن دۆلار بوو.
بەرامبەر ئەو هەموو خەرجیە ئەمریکا دەیەوێت بەنگلادیش زێتر پەیوەست بێت بە مەبادئی ئەمریکی و سیستەمی دیموکراتی بۆ دەسەڵات، واتە ببێت بە هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریکا، وەک چۆن لە کوردستان و عیراق دەیکات. ئەمریکا دەیەوێت دوو ڕێککەوتنی بەرگری سەربازیی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆ بکات، یەکیان : (جی.ئیس.ئۆ.ئیم.ئای.ئەی) کە ڕێککەوتنی ئاسایشیە. دوومیان: زانیاریی هەواڵگریی و سەربازیی ناوچەی ئۆقیانووسی (هیندی و هێمن)ە. تا ئێستا ئەو پێشنیار و داواکاریانەی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا لە مشتومڕە، بەڵام لە داهاتوودا ئەمریکا دەیەوێت، بەنگلادیش وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکی خۆی ساغکاتەوە و لەو ناوچەیەدا ڕووبەڕووی چین بوەستێت.
ئەم داواکاریانەی ئەمریکا لە بەنگلادێش ئاسان نییە، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتەکەیان لەگەڵ چین و ئەمریکا بپارێزن و هاوسەنگیەک لەنێوان ئەو دوو پەیوەندیەدا دروست بکەن، بەڵام ئەزموونی گرفتەکان لەسەر ئاستی دنیادا پێمان دەڵێن، کە کاتێک گەیشتە خاڵی تەقاندنەوە، زلهێزەکان بەجۆرێک وڵاتە بچووکەکان لەنێو گرفتەکاندا دەگلێنن، کە چارەیان نامێنێت بۆ پاراستنی خۆیان دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە.
بەنگلادیش بۆ ڕوسیا گرنگە هەمان بەرژەوەندیی کە ئەمریکا لەو وڵاتەدا دەیبینێت، مۆسکۆش دەیبینێت، بەنگلادیش چۆن سوودمەند بووە لە ئەمریکا بە پەیڕەو کردنی هەمان سیاسەت لە ڕوسیاش سوودمەند بووە. لە ٢٠١٣دا ڕێککەوتنی کڕینی پێداویستی سەربازیی بە بەهای ١بیلیۆن دۆلاری لەگەڵ ڕوسیا واژۆ کرد. مۆسکۆ یارمەتی ئەو وڵاتە دەدات بۆ بینا کردنی ٢.٤٠٠ مێگە وات وزەی ئەتۆمی لە ڕووپوور بە بەهای ١٢.٨٥ بیلیۆن دۆلار بە قەرز، کە مۆسکۆ ڕازی بووە بەوەی کە بەنگلادیش لە ماوەی ٢٨ساڵدا بە قست ئەو قەرزە بداتەوە.
ڕوسیا سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابین کردنی چەکی قورسە بۆ بەنگلادیش، بۆیە ئەو وڵاتە لە دانیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ٢ی مارسی ساڵی ڕابردوودا، سەرکۆنەی ڕوسیای نەکرد، لە هەڵگیرساندنی جەنگ لە یۆکرانیا. ئەو هەوڵی دا بێلایەنی خۆی ڕابگەیەنێت. سەرەڕای سزای ئابووریی لەسەر ڕوسیا، بەنگلادیش گاز، وزە و سەرچاوەی دی کانزاکان لە ڕوسیا دەکڕێت. بەنگلادیش بەبێ سڵمینەوە لە ئەمریکا، ڕازی بووە کە دراوی چینی یەن، لەبری دۆلاری ئەمریکیی بەکاربهێنێ، لەگەڵ ئەوەی ئەوە دراوی فەرمی بەنگلادیشە، بەڵام ئەمە هێمایەکە کە بەنگلادیش زویر بوونی دڵی ئەمریکای لا گرنگە نییە.
چین لە ساڵی ١٩٧٢دا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دژی بەنگلادیش هەقی ڤیتۆی بەکارهێنا، ئەو لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانیەتێکی بەهێزی لەگەڵ پاکستاندا هەیە، بەڵام مامەڵەی لەگەڵ گۆڕانی واقیعەکەدا کرد، واتە لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتادا لەبەر پاکستان پشتیوانی لەسەربەخۆی بەنگلادیش نەکرد، دواتر ئەو هەڵوێستەی گۆڕا، لەبەر بەهێز بوونی هیند لەلایەک کە بۆ هەردووکیان مەترسی دروست کردووە، لەلایەکی دی بوونی بەرژەوەندیی ئابووریی، بووە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیی چین و بەنگلادیش بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت.
لە ساڵی ٢٠١٣دا پڕۆژەی گەشەپێدانی ڕێگەوبانی بەنگلادیش درا بە کۆمپانیا چینیەکان. دواتر بەرهەمهێنانی چینی لە بەنگلادیش گەیشتە ٣٨.٠٥ دۆلار. هەنووکە چین پلە یەکی کڕیاری کاڵا و بەرهەمهێنەری بیانییە لە بەنگلادیش. چین وڵاتێکی سەرەکییە لە دابین کردنی چەک و تەقەمەنی بۆ بەنگلادیش. لە ساڵی ٢٠٢٠دا چین گومرگی لەسەر کاڵای هاوردەی بەنگلادیشی بە ڕێژەی ٩٧% لابرد. گەشەپێدانی هاوبەشی سیستەمی بەرگری نێوانیان. چین یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابین کردنی چەک و تەقەمەنی ئەو وڵاتە، لەنێوان ساڵی ٢٠١٠-٢٠١٩دا لە ٧٢% چەک و تەقەمەنی بەنگلادیش لە چین کڕاوە. چین بێ وچان هەوڵدەدا بەنگلادیش لەژێر هەژموونی هیند نەبێت، هاوسەنگی پەیوەندیی لەگەڵ پاکستان و بەنگلادیش ڕابگرێت و لە هەردووکیان سوودمەند بێت.
چین پەیوەندیەکی پتەوەیی سیاسیی، ئابووریی، سەربازیی هاوشێوەی بەنگلادیش لەگەڵ وڵاتانی باشووری ئاسیادا هەیە، بەرهەمهێنەری سەرەکیی ئەو ناوچەیەیە و توانیویەتی سوودمەند بێت لە بەکارهێنانی هێزی نەرم، بە بەهای ١٥٠ بیلیۆن دۆلار پڕۆژەی ئابووری لە سیریلانکا، نیپاڵ، مالدیڤەس، پاکستان و ماینماردا هەیە و زۆربەی ئەو پڕۆژانەی کە وابەستە بەژێرخانی ئەو وڵاتانە لەلایەن چینەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. هەناردەی کاڵای چینی بازاڕی ئەو وڵاتانەی تەنیوە، بەڵام هەناردەی کاڵای ئەو وڵاتانە ئەمریکای تەنیوە.
سیریلانکە لەسەرەتای ئەو سەدەیەدا پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ چیندا بۆتە جێگە سەرنج و نیگەرانی زلهێزەکانی دی. دوای هیند چین دووەم وڵاتە کە سیریلانکای کردووە بە بازاڕێکی کارا بۆ ساغ کردنەوی کاڵای، لە کاتێکدا خۆی لە شەشەم وڵات دێت کە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵای سیریلانکی لە بازاڕاکانی. پڕۆژەکانی سیریلانکا بۆ پێش خستنی ژێرخانی ئابووریی زێتر بە قەرز دەیکات، چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەم پڕۆژەکانی بۆ بەڕێوە دەبات، هەم قەرزەکی ئێجگار زۆر بە سوودێکی زۆر دەدا بەو وڵاتە. چین گەورەترین مینای لە شاری کۆلۆمبۆی سیریلانکی بە بەهای ١بیلیۆن دۆلار دروست کردووە. لە ساڵی ٢٠١٧دا چین گەورەترین قەرزی داوە بە سیریلانکا بۆ دروست کردنی پڕۆژە ژێرخانەکانی بە بەهای ٩.٢ بیلیۆن و بە سودی ٥.٦ بیلیۆن دۆلار. لە ساڵی ٢٠٠٨وە تا ٢٠١٨ بۆ دروست کردنی ڕێگەی ئاسنی و شەقام، چین بەبەهای ٤.٢بیلیۆن دۆلاری بە سودێکی زۆر بە قەرز داوە بە سیریلانکا.
لە جەنگی مەدەنی ناوەخۆی سیریلانکادا لە ساڵی ١٩٨٣-٢٠٠٩دا، ڕوسیا پشتیوانی لەو وڵاتە کرد، نەیهێشت باکووری ئەو وڵاتە کە داوای سەربەخۆی دەکرد سەرکەوتوو بێت. جەنگی یۆکرانیا و ڕوسیا کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروست کردنی قەیران لەو وڵاتەدا هەبوو، بەتایبەتی بۆ کەم بوونی گەنم و سوتەمەنی، لەگەڵ ئەوەشدا سیریلانکە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە هێڕشەکانی ڕوسیای بۆ سەر یۆکرانیا کرد، کە ئەمڕۆ ئەم جۆرە هەڵوێستە، پێوەرێکی بەهێزە بۆ ساغ کردنەوە لە سەنگەری ڕوسیادا. بەرامبەر بەوە دوای گەیاندنی ئەو کێشەیەی سیریلانکا بە ڕوسیا، مۆسکۆ ....٩ تەن نەوتی گەیاندە ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا سیریلانکا نەیتوانی هەقی ئەو نەوتە بدات کە دەیکرد ٧٢.٦ میلیۆن دۆلار. دوای ئەوەی ئەمریکا سزای ئابووریی بەسەر ڕوسیادا سەپاند، بەڵام سیریلانکە بۆ چارەسەری قەیرانی سوتەمەنی، دەستی کرد بە هاوردە کردنی نەوت لە ڕوسیا، کە هەموو ئەم پەیوەندیی و هەڵوێستانە مانای زێتر کردنی هەژموونی ڕوسیایە لە سیریلانکە.
لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا هەر دوو وڵات ڕێککەوتنی دروست کردنی چەکی ئەتۆمی سیریلانکایان واژۆ کرد. ئەو وێستگەیە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ٣٠٠میگاواتی وزە، کە ئیتر ئەو وڵاتە قەیرانی وزەی نابێت، ئەم پڕۆژەیە کە چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٢دا تەواو بێت، لە ئیستاوە پێگەی ئەو وڵاتەی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا گۆڕێوە، دوای تەواو بوونیشی، دەبێت بە یاریکەڕێکی بەهێز لەسەر شانۆی سیاسیی و سەربازیی ناوچەی ئۆقیانوسی هیندی.
بهوتان لەبەرئەوەی وڵاتێکی هەژاری بچووکە، پەیوەندیی لەگەڵ هیندا باشە، هێشتا نەبۆتە جێگە خاڵی ململانێی زلهێزەکان. لە ساڵی ١٩٥٠وە لە دوای هێڕشی چین بۆ سەر تیبیت و داگیرکردنی سنووری لەگەڵ چیندا داخرا. لە داهاتوودا گرنگی ئەو ناوچەیە لەوەدا دەبێت، کە نزیکە لە تیبیت کە دەتوانرێت دژی چین وەک دەروازەیەک بەکاربهێنرێت.
کێشمە کێشمی نێوان هیند،چین، ڕوسیا و ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە بنەڕەتدا گرفتی دەسەڵات و ئابوورییە، بەڵام فتیلەی تەقاندنەوەی ئەو ناکۆییە و بەجەماوەرکردنی لەهەردوو وڵاتدا، مەشروعیەت دان بە جەنگێکی خوێناوی، جگە لە جیاوازی بیروباوەڕی ئاینی لەو ناوچەیەدا بەکارهێنانی ناتەبایی نێوان تیبیت و چین لە لایەک، لەلایەکی دی ناکۆکی نێوان سیریلانکا و باکووری وڵاتەکە، هەروها ناتەبایی نێوان پاکستان و بەنگلادێش دەبێت. بۆ ئەوەش وڵاتانی زلهێز و بەرژەوەندییپەرستانی وڵاتانی ناوچەکە، ژێربەژێر لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگریان کەی بیانەوێت، فیتنەی دووبەرەکیی دەنێنەوە، لە ئەنجامدا زۆرینەی سادەی گەلانی ئەو ناوچەیە، دەکەنە قوربانی، هەر وەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە کوردستان، سوریا، عیراق، ئیسرائیل و فەلەستین ئەنجامیان داوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست