هۆکاری سەرەکی نەمانی موچە چییە؟
Sunday, 29/10/2023, 20:25
بمبەخشن کە ئەم وشانەی لیرەدا دەیخوێننەوە راستیەکانە و لەدەرگای دەروونی زۆربەمان دەدات و ئیتر نازانم هەڵوێستەیەك دروست دەکات یان نا؟ ئەم وتانە رەنگە زۆر نەگوترابن و نەبیسترابن، چونکە دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبەکان بۆ بازاڕگەرمی خۆیان هەر جارەو قەیرانێکمان پێ دەفرۆشنەوەو خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن.
ئەگەر لە من دەپرسن خەتای کێیە موچە نادرێت؟ من لە وەڵامدا دەڵێم: میللەت ... جاری دووەمیش دەڵێم: میللەت، جاری سێیەمیش دەڵێم: میللەت ئەنجا جوارەم جار دەڵێم: دەسەڵات... بۆشتان دەسەلمێنم کە وەڵامێکی ڕاستە.
١- لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا چی نەما لە زوڵم و ناحەقی و گەندەڵیی کە سەرانی دوو حیزبی دەسەڵات پێی هەڵنەستن؟ ئایا کەس نقەی لێوەهات؟ بەڵکو لە بەرانبەردا لە لایەن زۆرینەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدراو لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێ دەدرا، جا ئەو مارەی ئەوسا گەنجی کوردی رەمی دەکرد لە شەڕی ناوخۆدا ئێستا بوەتە هەژدیها.
٢- ئەوانەی باج و خەراج و پارەی ئاوو کارەباو تەنکەرە نەوت و گومرگەکان و سەرانەسەندن و تاد... کۆ دەکەنەوە بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی کێن؟ مەگەر هەر ئەندامانی میللەت نین؟ هەر ئەوانە نین کە شەق لە مامۆستا هەڵدەدەن کە رەمزی پەروەردەیەو مامۆستای ئایینی لە زیندان ئەشکەنجە دەدەن کە مارەیی دایک و باوکی مەسئولەکانیشیان کردووە لە کاتی خۆیدا؟
٣- لە کۆی ملیۆنێك و چارەکێك موچە خۆری کوردستان کە دەکاتە یەک لەسەر چواری دانیشتووان، بە لایەنی زۆرەوە دەڵێم تەنیا ٥٠٠هەزاریان کارمەندی راستەقینەن، ئەوانی تر تابووری پێنج وجاسووس و ماستاوچی ئەو دوو بنەماڵەیەن، بەشێکیان ئەوانەن کە ریشەیان بەچارەنووسی ئەو دوو بنەماڵەیەوە گیربووە بە حوکمی ئەوەی شەهیدانەی مێردو کورەکانیان وەردەگرن کە ئەو دوو حیزبە بە کوشتیان داون لە رابردوودا بۆ مەرامە گڵاوەکانی خۆیان، واتە خوێن دەیانبەستێتەوە پێیانەوە.
٤- ئەم خاڵە لە هەمووی مەترسیدارترە؛ ئەویش ئەوەیە ببینن کە هەموو چینەکانی میللەت کاتێك باس هاتە سەر پارەو موچە ئەنجا دەنگیان لێ بەرزبووەوە، وەکو ئەوەی هەموو قەیرانەکان بەس لەوەدا ببیننەوەو ئەگەر موچە دابین بکرێت ئەوا با ئەو دوو دەسەڵاتە هەر بمێنێتەوە! ئەوەی کە بووە هۆی دزینی موچە ئەو بێ دادییە بوو کە یەکێتی و پارتی لەسەرەتای سەرهەڵدان و گەڕانەوەیان لە شاخ بە پێڵاوی لاستیکەوە کەوتنە ئەنجامدانی، هەموو خیانەت و تاوانێکیان کردو هیچ دادگایەك لێی نەپرسینەوە، هەر هەژارێکیش تاوانیشی نەکردایەو درۆیان ۆ هەڵبەستایە ئەو دادگا لارو چەوتە گەورەترین سزای دەدا! ئەوان زەوی و زاری خەڵك و گشتیان داگرکرد کەس قسەی نەکرد، بوونە چاوساخی ئێران و تورکیا بۆ لەناوبردنی برا کوردەکانمان لە رۆژهەڵات و باکور کەس ڕێگری لێ نەکردن، ئەوەی ویستیان لێ بووبێ لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و دەنگی ئازادی میللەت تیرۆریان کردووەو کەس هەڵوێستی نەبووە، کەواتە ئێستا سەرەی هەموو میللەتە وەکو رەشەوڵاخ ئەو دوو دەسەلاتە پێش خۆیانیان بدەن.
٥- بەداخەوە کە دەڵێـم ئەم دەسەڵاتە هەڵقوڵاوی عەقڵی کوردییە، چونکە کورد دەڵێت: ئەوەی خۆم دەخۆم ئەوەی تۆش بۆ خۆم،رەنگە هەر ئەم هۆکارە زاتی و مەوزوعیانەش بن تا ئێستا کورد نەبووەتە خاوەنی بوونی سەربەخۆی خۆی، شوانەکانی میللەتی کورد شەریکی گورگن؛ چونکە ئەو داهاتەی لە کوردستان هەیە هەر لە خاڵە سنووریەکان و نەوتی دزراوو گازو پارەی ئاو و کارەباو باجە جۆراوجۆرەکان و غەرامەکانی هاتوچۆو...تاد بەشی دوو دەوڵەت دەکات، بەس هێندە فەرخە مەسئولی دز پەیدابوون لە دەوری دوو دزە سەرەکیەکە دەیانەوێت کێبڕکێی ملیاردێرە جیهانییەکان بکەن و هێشتا داوای پارە لە بەغدا دەکەن و کەچی لەولاوە مێشکی خەڵك بە سەربەخۆیی و ریفراندۆم پڕ دەکەن. وڵاتی کوەیت کە نزیکترین دراوسێمانە هەر هێندەی کوردستان نەوت رۆژانە بەرهەم دێنێت کەچی نرخی دراوەکەی کە دینارە سێ دۆلارو نیوە! ئێمەش هەر بۆ گاڵتەپێکردن ئازاین؛ پێیان دەڵێین: عەرەبی پێ پەتی، بەڵام بە ئامادە نین دوو دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی کە شێرپەنجەی کوردن لەناوبەرن ، کە تاکە جارەسەری هەموو قەیران و نەهامەتییەکانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست