درامای تورکی نیشتمانی ئێمەی وێرانکرد
Saturday, 17/07/2021, 22:01
1239 بینراوە
دەڵێن: بۆ گوێی کەڕ دەنگی شەپۆلی دەریاکان، هیچ بەهایەکی نییە. بەڵام زۆرو بۆری ئەم هەموو کەناڵانە کارێکی کردوە کە بەردەوام خەڵکی بەدیار تێڤێکانیانەوە دانیشن و سەیری ئەو بەرنامانە پوچانە بکەن کە لە تێڤێکانەوە پەخش دەکرێت، بەرنامەکان پڕن لە شتگەلی بێبەها، کە30 ساڵە گەلێکی پێ بێهۆش و پێگۆش دەکرێت . لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە درامای تورکی کە هەرەسی بەهەموو بەهایەکی کۆمەڵگاکەمان هێناوە.
هیچ گەلێک نییە، جگە لە کورد هێندە لەگەڵ داگیرکەرانیدا ئاوێزانی یەکتر بووبن .! دراما تورکییەکان قوتابخانەیەکی فەسادی و بەدڕەوشتیە کە هەموو شەوێک لەماڵی تاک بەتاکماندا نمایش دەکرێت . هەر بەو هۆیەوە لێرەوە دەتوانم ئاماژە بەچەند خاڵێک بکەم، کە درامای تورکی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکاماندا کاریگەرییان بەسەرەوەیە.
خێزانەکان لەناو خۆیاندا کەوتونەتە دنیای گومانەوە، جیابونەوە لە لوتکەدایە، فێڵ و درۆکردن بۆتە پیشەی زۆری خەڵک، منداڵ و گەنجان وەک ئەکتەرە تورکەکان ستایلی خۆیان ڕێکدەخەن، ڕیشی گەنجە گیرفان بەتاڵ و موفلیسەکان پێمان دەڵێت کە درامای تورکی چ ئاسەوارێکی لە ژیانی خەڵکدا جێهێشتوە!؟
خەونی گەشت بۆ بۆردێلەکانی تورکیا سەری پیاوانی هەموو بۆیاخکردەوە، دراما قەشمەرە کوردییەکانیش کە ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا نمایشی دەکەن، ئەویش ڕیکلامێکە بۆ تورکیا و هیچ پەیوەندی بەکۆمەڵگای ئێمەوە نییە و کۆپێ درامای تورکیە.
درامای تورکی، بینەرێکی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە و کاریگەریی لەسەر سیستهمی کۆمەڵایەتی و خێزان هەیە لە ڕاستیدا ئەم درامایانە ڕەهەندێکی سیاسیی قووڵی ئاڕاستەکراویش نمایش دەکات، کە کۆمەڵگای تورکیا بەکۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو پیشان دەدات، لەڕاستیدا تورکیا هیچی پێشکەوتوتر نییە، لە ووڵاتەکانی دەوروبەری، تاکە شانس کە هەیەتی سروشتی جوگرافیەکەیەتی کە بەشێکی لەسەر دەریایە و خاوەنی ئەو جێگە ئاساریانەیە کە لەدراماکاندا نمایشی دەکەن و تاکی کورد کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەم درامایانەوە .
پەخشکردنی ئەم درامایانە شەڕێکی نەرمە بۆ داگیرکاری کۆمەڵگای کورد و کارەکتەری دزیی و ژنکوژ و ژنهەڵگرتن و خیانەتکردن و تۆڵەکردنەوە . بە مەبەست هەموویان خەڵکی ئامەد و ئورفە و نیشتمانی چیاکانن .کەسە شارستانێکەش مەغۆلەکان نین، بەڵکو تورکە شارستانێکانن کە خۆیان دەنوێنن .
لەناو ئەم دراما ژمارە زۆر و تەواون ەبوانەدا ستراتیژییەتێکی گەورەی لە پشتەوەیە، ویست و چێژ و دونیابینیی تاکی کوردی وێرانکردوە . تەنانەت زۆری خێزانی کورد دەیانەوێت هەمان ئەو شتانە بەکار بهێنن کە لەناو دراماکاندا چاویان پێیان دەکەوێت. لەکاتێکدا سیناریۆ و ناوەڕۆکی دراماکان پڕە لە پوچی و هیچ پەیامێکی تێدانیە کە ئێمە وەک گەل سودمان پێبگەیەنێت . کاردانەوەکەی وای کردوە کە پێشکەشکارەکان گوارەی ئاڵای تورک بکەنە گوێییان و ئێمەش بەدیاریانەوە بترەقێنیەوە .
ئەم دراماپ وچانەی تورک جگە لەوەی بۆتە پایەیەکی ئابوری بەهێز بۆ تورکیا و بڵاو بونەوەی وێنەیەکی جوان بۆ دەوڵەتی تورک و تەنانەت دراماکان وا بڵاوبونەتەوە بەجیهاندا .کە درامای "پارچە پارچە بوون" لە ووڵاتێکی وەک سوئید پەخشکرا و لەو ڕێگەیەوە هەزاران کەس گەشتی تورکیایان کرد . لە هەمووی تراژیداتر ئێمەی کوردین، کە دەیان خێزانی کورد هەیە لە ئالانیا، ئەزمیر یان جێگە گەشتیارەکان خانویان کڕیوە و ساڵانە یەک دوو مانگ لەوێ بەسەردەبەن و دژ بەکورد و نیشتمانەکەمان پارە دەخەنە ناو دەغیلەی شەڕی دەوڵەتی داگیرکەرەوە .
دەزانم دراماکانی تورک لە ئەمەریکای لاتین و بەشێک لەئەفریقاو ووڵاتە عەرەبێکان پەخش دەکرێت . ڕەنگە کاردانەوەی هێندە ترسناک نەبێت، وەک ئەوەی کە کار لەسەر تاکی کورد بکات، لایەنی کەم تورک ئەو جێگایانەی داگیر نەکردوە .
ماوەتەوە بڵێین ئەم هەموو فەسادییە لەناو ئەم درامایانەدا نمایش دەکرێت . ئەی خێرە لە مینبەرێکەوە مەلایەک ناڵێت با ئەم بەرەڵاخانەیە ڕاگیرێت؟
وەزیری ڕۆشبیری دەیەوێت لەهجەی هەورامی بێنێتە ناو کایەی زمانی کوردییەوە وەک چۆن بادینانیان جیاکردەوە و سۆران و بادینانیان دابڕی لە یەکتر. بەڵام هەرگیز باسی ئەم هەموو کەناڵ و پەخشی ئەم فەسادخانەیە نابێتە باسێک بۆیان، چونکە میت دەیانفڕێنێت، حەدیان نییە زەرەر لە بەرژەوەندی داگیرکەران بدەن .
من لام سەیرە تورک هەموو ڕۆژێک بۆردومانت بکات، سوپا دار و بەردت داگیرکات و ژینەگەت بشێوێنێت دار و دەوەنت ئاگر تێبەردات .تۆش هەموو ئێوارەیەک دراما دوای دراما سەیری بکەیت. من لە خانمێکم پرسی کە زیاتر لە دەیان درامای تورکی سەیرکردوە لەماوەی چەندین ساڵدا . ووتم: ئەرێ خانمەکەم چی فێربوویت لەم درامایانە؟
لە وەڵامدا ووتی: ڕاستی هیچ، تەنها ئەوە نەبێت کات دەکوژم، ئەگەر ئەمە نەکەم ئەی چیبکەم.!؟
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە