بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


جەنگ و لێکەوتەکانی

Sunday, 15/10/2023, 18:16


جەنگ وەک هەر دیاردەیەکی تر ڕامیاری ،ئابوری ، کۆمەڵایەتی پێویستی بە لێکۆڵینەوە،توێژینەوە، شیکردنەوەی زانستی و بابەتیانە هەیە ، جەنگ بەتەمەنترین دیاردەیە کە تائێستا لە ناو مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە ، هەموو جەنگێک دۆخێکی نەخوازراو ئەرێنی دەهێنێتە کایەوە ، دۆخێک کە دوای جەنگ لێکەوتەکانی  کار دەکاتە سەر تاک  و رەهەندە جیاوازەکانی ژیان و کاریگەری دەرونی و سایکۆلۆژی لە سەر  کۆمەڵگا هەیە ، جەنگ تەنها ململانێی چەکداری و بەکارهێنانی کەرەستەی سەربازی ناگرێتەوە  ، بەڵکو زۆر جار جەنگ لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە ڕووی فیکری و دەرونیەوە ئامانجی گەورەتر دەپێکێت .
 دەتوانین بڵیین بەگشتی دەرئەنجامەکانی جەنگ بریتی یە لە دەستدانی خودی مرۆڤ بە هەموو لایەنە ماددی و مەعنەوییەکان ، لێکەوتەکانی دوای جەنگیش بریتین لە تێکچوونی دۆخی دەرونی کە مرۆڤ هەست بەبێ بەهابوون و بێ هیوای دەکات ، فەزای دوای جەنگ فەزای دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ترس و ستریس و نەبوونی متمانەیە بە ئەویتر بە گشتی ،  مەترسیدارترین نەخۆشیەکان نەخۆشی دوای جەنگن ،لەپاڵ ئەمانەدا لێکەوتەیەکی تری جەنگ زیانگەیاندنە بە ژینگە، چونکە دواجار مەیدانی جەنگەکان ژینگەیە و دەوڵەتە بە شەڕهاتووەکانیش فۆکسیان لەسەر کوشتن و دیل و بریندارو ئەو ناوچانەیە کە دەستی بەسەردا دەگرن ، نەک زیانەکانی ژینگە ، ژینگە قوربانیەکی نەبینراوی جەنگە ، ژینگە لە کاتی ئاشتی دا پاریزراوەو لە جەنگیشدا زیانی پێدەگات . 
زۆرجاریش جەنگەکان لەپێناو پێکهێنەرەکانی ژینگەدا هەڵدەگیرسێت ، خاک و ئاو و کانزاکان بەگشتی پێکهێنەری ژینگەین و جەنگی نێوان وڵاتانیش لەسەر پێکهێنەرەکانی ژینگەیە ، مەسەلەن یەکێک لە هۆکارەکانی هەلگیرساندنی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بریتی بوو لە دەستگەیشتن بە نەوت و وزە ،گومانی تیدا نیە هەموو وڵاتان بەپێی پێداویستیەکانیان کەرەستەیان لەبەردەستدایە بۆ خزمەتکردنی گەلەکانیان بەڵام بە پێی تەماحەکان نا ! کەواتە هیچ جەنگێک لە نەبوونەوە نایەتە بوون ، هەر جەنگێک پێشینەی مێژووی و دافیعی خۆی هەیە ، بەڵام لە بنەڕەتدا هیچ جەنگێک لە پێناو فەزیلەت و مرۆڤ و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا نیە ، هەموو جەنگەکان بەشێکن لە بیرۆکەی سەرمایەداری و مرۆڤەکان دەهاڕن . 
وەکچۆن ئاشتی سیاسەتە بەبێ جەنگ ، جەنگیش سیاسەتە لە ڕێگای خوین رشتنەوە ، لێکۆڵەرێکی تیۆری جەنگ بەناوی “کلاوزڤیتز “ دەڵێ : ئامانجی هەموو جەنگێک مەسەلەیەکی سیاسی یە . بەڵام ڕاستییەک هەیە و نابێت خۆمانی لێ ببوێرین، ئەوەیش ئەوەیە: هەتا بەدەست ئەو وەهمەوە گیرۆدە بین، کە گوایە دەتوانین لە میانی جەنگدا ئاشتی بەرهەم بێنین و لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری بەرقەرار بکەین، ئەوا لە دووکەڵ و خوێن، لە بێهوودەیی و برین، لە کاولکاری و کوێرەوەری و پەشیمانی زیاتر بەولاوە، هیچ شتێکی تر ناچنینەوە! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە