ئێمە ڕقمان لە توندوتیژییە
Saturday, 14/10/2023, 19:51
نازانرێت لە داهاتوودا چاوەڕێی چ ڕووداوێکی گرنگ بکەین کە ئاگادارمان بکاتەوە کە بەسە،بەسە؛واز لە توندوتیژی بێنن؛واز لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و وێرانکردنی ماڵ و قوتابخانەی کوردی بێنن؟
لە ڕابردوودا پێیان وابوو ئەگەر مرۆڤ ژیرتر بێت و دووربینی بکاتە پیشەی خۆی؛توندوتیژی و ڕوخاندنی یەکتر ڕادەگرێت و ژیانی مرۆڤ ئاشتییەکی سەقامگیر ئەزموون دەکات.
عەقڵانیەت بەسەر وەهم و خەیاڵدا سەرکەوت،بەڵام جیهان نەک هەر دوور بوو لە توندوتیژی،بەڵکو لەگەڵ ڕوودانی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی و یەکلاکردنەوەی ڕەگەزی و ئایدیۆلۆژی؛بە شێوەیەکی شەرمەزارانە زیادکرا بۆ ڕێژەی توندوتیژی...
ئەگەر نەبوونی حیکمەت هۆکاری سەرەکی توندوتیژی لە نێو خەڵکدا نەبووبێت،ئەوا جگە لە خۆپەرستی و فیرعەونی سەرکردە سیاسییەکان چ فاکتەرێکی دیکە دەیتوانی و دەتوانێت ئاگری شەڕ و خوێنڕشتن هەڵبگیرسێنێت و گۆرانییەکانی ئاشتی و ئارامی بێدەنگ بکەن.من پێم وایە ئەوەی وایکردووە مرۆڤە بێتاوانەکان ڕۆژانە زیاتر هەست بە بێدەسەڵاتی و نائەمنی بکەن و ئاهێک بە سەر گۆڕی مردووەکانیان هەڵبکێشن؛لە مەیدانی سیاسەتدا بەد ڕەوشتی هەیە کە دزەی کردۆتە ناو بیری سەربەرزی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە خودای جیهان دەزانن و بیر لە بیرۆکەی باڵاتر و ڕێگەی بنیاتنەرتر ناکەنەوە جگە لە قازانجی شەخسی و بەرژەوەندیی خۆیان.ئەمە بوونەوەرێکە بە ناوی مرۆڤ کە کاتێک دەگاتە دەسەڵاتێکی گەورە،وردە وردە بێهۆش دەبێت و لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو مەترسیدارتر دەبێت و دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤی بێتاوان.
هەرچەندە هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەی(نەتانیاهۆ)،بەڵام هیچ گومانێکم نییە،ئێستا بە ئاسایشی تەواوەوە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدات،هەروەک چۆن (ئیسماعیل هەنیە)سەدان کیلۆمەتر لە غەززەوە دوورە لە هۆتێلە زۆر لوکسەکانی قەتەر؛بە ئاسایشێکی تەواوەوە ڕۆژ دەگەیەنێتە شەو و هەرگیز نیگەران نییە لەوەی منداڵەکەی لە ژێر داروپەردوودا بمێنێتەوە یان ماڵەکەی وێران بێت.
لەم نێوەندەدا کەسانێک کە بەشدارییان لە فێستیڤاڵێکی میوزیکدا کردووە و بە گوێرەی چیرۆکێکی دیکە لە ئاهەنگێکی ئایینیدا لە باشووری ئیسرائیل،لە لایەن حەماسەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کۆمەڵکوژ کران و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ستەملێکراو و هەژاری غەززە بۆ سەدهەمین جار لە ژێر بۆردومانی بەربەری سوپای ئیسرائیلدا ڕوخێنرانە سەر زەوی و خوێن دەرێژن.وەک هەمیشە شەڕ دەست پێدەکات؛ دوکەڵی ترسناکەکەی چاوی خەڵکی هەژار کوێر دەکات؛دوای ماوەیەکی شەڕ،بەجێهێشتنی هەزاران کوژراو و بریندار و ملیۆنان پەنابەری ئازارچێشتوو؛کۆتایی دێت لە کاتێکدا ئەو پیاوانەی بە عەزی ئارەقەوە شانازی بە خودا و شکۆمەندییەوە دەکەن،بێ زیان لە ژیاندا دەمێننەوە و خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی شەڕێکی دیکە و بەرەوپێشبردنی توندوتیژییەکی دیکە ئامادە دەکەن.وەک ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و سوپای تیرۆریستی ئەردۆغان لە رۆژئاڤای کوردستان ئەنجامی ئەدەن و بانگەشەی ئەوەش لە ئیسرائیل دەکەن شەڕ و هێرشەکانی ڕابگرێت.دوو ڕوویی وڵاتانی زلهێزی جیهانی لێرەدا زۆر بەئاشکرایی دەردەکەوێت کە چۆن هیچ ڕێگرییەک ناکەن لە هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و وێرانکردنی شوێنە گشتیەکان و ژێرخانەکانی ئابووری خەڵکی کوردستان لەو بەشەدا و ڕۆژانە ژن و منداڵانی کورد لەژێر هێرش و ئاگری تۆپ و بۆمبارانی فرۆکە شەڕەکانی دەوڵەتی تورکیەی داگیرکەر ڕۆژ دەکەنەوە و لە بێدەنگیدا دەبنە قوربانی و شەهید دەبن..کێ هەیە لەئاست ئەو هەمووە تاوانەی دەوڵەتی تورکیە بێدەنگی هەڵبژێرێت و چاوی ئەو ستەم و ستەمکارییە نەبینێ..ئایا وڵاتانی وەک ئەمریکا و ڕووسیە نازانن ئەردۆغان چی دەوێت و بۆچی پەڵاماری ڕۆژئاوای کوردستان دەدا؟
دەمەوێت بڵێم هەتا ئەو خودایانە لە سیاسەتدا ئامادەبن؛پێویستە هەمیشە چاوەڕێی لێدانی تەپڵی شەڕ و توندوتیژی بکەین و بە هەستێکی نائەمنی سەرمان لەسەر جێگاکە دابنێین،خۆزگە ڕۆژێک دەهات کە خەڵک بە مانایەکی ڕاستەقینە چاودێری ئەدای سیاسەتمەدارەکانی بکردایە و ڕێگاکە بگرێت لە توندڕەوی خۆیان و ئەگەرەکانی شەڕ و توندوتیژی لێدەستاندن.
جێگای داخە کە هێشتا خواستێکی لەو شێوەیە نەبووەتە گشتگیر و دەستی سیاسییەکان هێشتا کراوەیە بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی،جگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم و ئەگەر نا ئەوە ئەنجامدانی توندوتیژی و ملمڵانی هەمیشە ئامادەیی دەبێ لە سەردەمی ئێستادا..ئەگەر بۆ هۆکارە ڕاستینەو بنچینەیییەکانی داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان بگەڕێین، خۆخۆریی و دەردە کورد لەپێش هەرهەموو هۆکارەکانەوەیە کە ئێمەیان گەیاند بە ئەو رۆژگارە ڕەشەی لەسەدەی بیست و یەکدا هێشتا هەریەکتر دەکوژین وکۆسپ و تەگەرە دەخەینە بەردەم یەکتری، تەنانەت بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی..ئەگەر سەردەمی ئێستا سەدەی دیاڵۆگ و ئاشتی و گفتوگۆیە ئەوە ئێمە لەوەش هەر بێبەشین و دوبارە گەڕاوینەتەوە بۆ ناو مێژووی تاریکستانی ڕابردوو،بۆیە کەس وەک کورد سەری لێ نەشێواوە و نازانی لە ئاسمان داوای یارمەتی بکات،یانیش لەسەر زەوی،چوونکە نە لە ئاسمانەوە خێری بۆ دەبارێت و نەلەسەر زەوی...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست