کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکستی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Wednesday, 11/10/2023, 11:06


بەگشتی مرۆڤایەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە ناو جەنگدایە، هەرگیز نە جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا یان فەلەستن و ئیسرائیل هەتا بەرەیەکی تریش کە چین و تایوانە ڕووکەش نین ، بەڵکو ئەم جەنگانە جەنگی چەند زلهێزی سەرمایەداری جیهانیە بە ناوەکانی (ئەمریکا و چین و ڕوسیا ) بەڵام مەیدانی جەنگەکان شوین و وڵاتیکیترە ، لەدوای ئەم جەنگانەوە ئەمریکا ناتوانیت هیزی یەکەم و بێ رکابەری جیهان بێت و شەریکی بۆ دروست بووە ، شەریکەکانیش بە پلەی یەکەم ( روسیاو چین) ە ، روسیا لە دەیەی نەوەتەکانەوە نیگەرانی هەیە لە بەرفراوانبوونی  هاوپەیمانی ناتۆ ، چونکە هاوپەیمانیەتی ناتۆ ئەمریکا رابەرایەتی دەکات و ئامانجی ئەمریکاش ئابڵوقەدانی ڕوسیایە ، چینیش تەحەمولی نەماوە لە بەرامبەر تایوان و سوپای ئەمریکا لە تایوان، ئەمریکا لە بەرامبەر چین دا سیاسەتیکی دووفاقی هەیە لەلایەک دانی بەوەدا ناوە کە تایوان بەشێکە لە چین و لەلایەکیتریش ژێربەژێر هاوکاری سەربازی تایوان دەکات دژ بە چین ، دەیەی حەفتاکان تایوان خواستی هەبوو کە بگەرێتەوە سەر چین بەڵام ولاتانی ئیمپریالیزم رێگربوون لەبەردەمیدا . 
ئەم جەنگانەی کە ئیستا لەبەردەم مرۆڤایەتیدا قووت بوونەتەوە ریشەیەکی قوڵی مێژویی و هۆکاری جیۆپۆلەتیکیان هەیە ، روسیاو و چین وەک نیشتیمانێکی لە دەستچوو تەماشای ئۆکرانیا و تایوان دەکەن ، یەکێک لە هۆکارەکانی جەنگی ئۆکرانیا پەیوەستە بە سروشتی سیستەمی جیهانیەوە کە ئەم سیستەمە ئیستا لە قۆناغی ڕاگوزەردایە و ئەگەری هەیە بەرەو دوو جەمسەری یان فرە جەمسەری بڕوات ، بۆیە هەریەک لە چین و روسیا دەیانەوێت لە سیستەمی نوێی جیهانیدا  پێگەی بەهیزیان هەبیت و کاندیدبن بۆ بوون بە جەمسەر ، رۆڵی ئەمریکا لە ناو ململانێکاندا ئەوەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاو تایوانەوە ئامانج و خەونی روسیا و چین لەناوبەرێت و  بەرگری لە سیستەمی جیهانی تاک جەمسەری بکات ، هۆکارێکی تری جەنگەکان شەڕی بۆرسە و بانکەکانن لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا ، چونکە هەموو دەوڵەتانی جیهان لە ژیر چەتری سەرمایەداریدا پێکەوە گریدراون و سیستەمەکەش بەشێکە لە ململانێی بلۆکردن و ئابڵوقەی ئابوری و ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاسۆکانی  ئابوری جیهانی لێڵتر دەبن . 
لەناو ئەم پرۆسێسەدا قەبارەی داڕمانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەهەموو بوارە سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئایدۆلۆژیاکاندا تا دەگاتە بیرۆکەی پیرۆزی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و دیموکراسی و هەلبژاردن ساڵ بە ساڵ گەورەتر دەبێت، ئاستی ململانێکانی نیوان ئەمریکا و چین هیندە گەورەیە کە ئەمریکای ناچار کرد بە شکستەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵێت ، هەر وەک چۆن لە ئەفغانستان گەرایەوە خاڵی سفرو دۆڕانێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و مەعنەوی بۆ خۆی تۆمار کرد ، لە وڵاتانی تری رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە عێراقیشەوە ئەمریکا بە دۆڕاوی لێی هاتە دەرەوەو جیهانێک لە ماڵویرانی و ئاوارەبوون و کۆچ و گەندەڵی و بازرگانی ئەفیون و زاڵکردنی هەژموون و شوناسی ئاینی و تائیفی و عەشایری بۆ بەجێهێشتین.      
پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە ئەندازیارەکەی ئەمریکا بوو جەختی دەکردەوە لەوەی کە کۆی وڵاتانی عەرەبی (عێراق ،سوریا ، لوبنان ،فەلەستین ، تونس ، یەمەن ، میسر ، لیبیا لەگەڵ تورکیا و ئیران و ئەفغانستان و پاکستان ) گۆڕانکاری تیدا دەکریت و ڕژێمەکانیان لەناو دەبرین و سۆزێکی جیهانی هەیە بۆ پاڵپشتی لە نەتەوە بندەستەکان و پرسی دیموکراسی و گەشەی ئابوری و بەهێزکردنی کۆمەلگای مەدەنی ، بەڵام هیچی وانەبوو ئەمریکاو پرۆژەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی شکستی خوارد ،بەڵام هێزە نەیارەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەهەموو کات بەهیزترن ، دەرکەوتنەوەی ڕوسیا وەک هیزێکی زەبەلاحی سەرمایەداری سەربازی ، هەژموونی ئابوری چین لە رۆژهەلاتی ناوەراست بەتایبەت لە سعودیە ،ئیمارات ، میسر ، پاکستان و ئیران و تورکیا کۆی ولاتانی ئەفریقی و جیهانی عەرەبی ، لەپاڵ ئەمەنەیشدا کێشەی ئیران و سوریا بەجێهێشتنی بۆ نادیار ئەمریکای ناچار کرد کە شکستەکانی لە رۆژهەلاتی ناوەراست قبوڵ بکات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە