شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل و غەززە
Wednesday, 11/10/2023, 1:14
شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل و غەززە هاوشێوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا،جیهانی پێش و دوای خۆی دەگۆڕێت،هەروەک چۆن جیهانی پێش و دوای کۆرۆنا دروست بوو.ئەو کارەساتەی کە دوای هێرشی بۆردومانە بێوچانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دستیپێکردوە،بە خەیاڵمدا دێت زیاتر بوو لەوەی کە لەسەر کاغەز گریمانەم کردبوو...لەلایەکی تر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیەی داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و قەتڵووعامی خەڵکی بێتاوانی کوردی رۆژئاوای کوردستان ڕێک سێناریۆی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیەوە لە ساڵی 2018 دوبارە دەکاتەوە.وێرانکردنی کۆبانی و عەفرین و هێنانی هێزە ئیسلامیە تیرۆریستیەکان پاشماوەی داعش و ئەردۆغان بۆ ناو شار و گوندەکان و جێگیرکردنیان لەسەر خاکی و واری کوردان هەمووی هەڵقووڵاوی ئەو پاشخانە ئایینی و ئیسلامییە کە وڵاتانی ئیسلامی بەناوی پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندی و سەروەری خۆیان کەڵکی لێوەردگرن.ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە هەیە،خەریکە تورکیەش لەسەر رۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی دڕندانەتر بۆ پاکتاوکردنی خەڵکی بێتاوانی کورد دوبارەی دەکاتەوە..
جیهانی ئێستا داوای خوێن دەکات،هیوادارم ئەم بەهارە بەهاری نوێبوونەوە بێت کە چاوەڕێی دەکەم.گەمەی پشت ئەم شەڕانە شتێکە لە دەرەوەی شیکاری و خەیاڵی ئێمە.وەک ئەوە وایە هەموو سەرکردەکانی جیهان لە گروپێکی تەلەگرامدا دانیشتبن و لە پرۆژەیەکی هاوبەشدا بۆ دونیایەکی نوێ یاری بەچاڕەنووسی دانیشتووانی سەرزەوی دەکەن،بەڵام نازانن بڕیاردەری کۆتایی هەر ڕێگەی ئاشتی و دیاڵۆگ و دیمۆکراسییە..
رۆژئاوای کوردستان ئێستا لەنێو چەقی ململانێی وڵاتانی زلهێز و ئەقلیمی دایە و ناکرێت وەک ئەزموونێکی حوکمڕانی خۆسەری و ئەڵتەرناتێڤی هێزی توندڕەوی ئیسلامی چاوی لێ نەکەین.چونکە ئێسلامی سیاسی بەردەوام دژی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوین و لە بەرژوەندی رۆژئاوادا هەڵسووکەوتی کردوە.ئێسلامی سیاسی لە کوردستان بە پێچەوانەی ئێسلامی سیاسی تورک، فارس و عەرەب وەکوو پارتە عەلمانیەکانی دیکە کە نەبونەتە خاوەن خەونی خۆیان،بەردەوام پاشکۆی داگیرکەران بووە و مەترسیێکی گەورەی لە سەر کۆمەڵگەی کوردستان درووست کردوە.ئەگەر سەیری پارتە ئێسلامیەکان لە کوردستان کە هەڵگری ئێسلامی سیاسین بکەین هیچ کات نەبوونەتە ناوەندی دادوەری و یەکسانی و ئازادی کە پەیامی سەرکەی ئێسلامە.هەروەها هیچ کات نەبوونەتە خاوەن گووتاری سەربەخۆی کوردی و بەردەوام لە روانگەی داگیرکەرانەوە بۆ سڕینەوە فەرهەنگ و ناسنامەی و مێژووی کورد بەکار هاتوون.لە کورستان ئێسلامی سیاسی دین و ئەخلاقی پێش نەخستووە بەڵکوو بوەتە هۆکاری بە عەرەب کردن و بە تورک کردن و بە فارس کردنی کۆمەڵگەی کوردستان.مەترسی ئەم یەکە لەوەدایە کە هەموو ئەم دژبەریانە لە سەرناوی ئێسلام دەکرێن.وەک ئەوەی ئێستا لەناو پانتایی سیاسی هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت و هێزە ئیسلامیەکان بانگەشەی پشتیووانی کردن لە خەڵکی فەڵەستین و غەززە دەکەن و لە ئاست قەتڵووعام و پاکتاوکردنی هاوخوێنەکانی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان بێدەنگن و بوونتە هاوپەیمانی ئاکپارتی و ئەردۆعان بۆ کووشتاری خەڵکی بێتاوانی کورد..ئەمانە وەهایان کردوە کۆمەڵگەی کوردستان نەتوانێت لە نێوان نیشتمان پەروەر و نیشتمان فرۆش،داگیرکەر و داگیرکراو جیاوازی بکات.بۆیە ئەو هێزانەی ئێستا هاواڕ دەکەن بۆ ڕزگاری قوودس و خەڵکی فەڵەستین،دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەن،ئیسرائیل ئەگەر داگیرکەر و هێرشبەرە،ئەوە تورکیەش بەهەمان شێوەیە داگیرکەر و هێرشبەرە بۆ سەر کوردستان و پێویستە لەئاستی ئەو هاوکێشەیەش هەڵوێستیان هەبێت و خۆڵ نەکەنە چاوی خەڵکەوە.ئەگەر خوێنی منداڵانی فەڵەستینی ڕەنگینە،ئەوە خوێنی منداڵانی کوردیش لە کۆبانی و عەفرین ڕەنگینترە.بۆیە ئەوەی ئێستا لەناوچەکدا دەگوزەری تەنیا پێوەیست نییە،بەیەک شوێن و جۆگرافیا و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاگری شەڕەکە زۆر شوێن و وڵاتی تریش دەگرێتەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست