ئیفادی فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وڵات بۆچی؟!
Monday, 09/10/2023, 19:07
ئیفادی فەرمانبەران و بەرپرسانی باڵای هەر حكومەتێك بۆ دەرەوەی وڵات بۆ مەبەستی شارەزابون و فێربونی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارو باری دەوڵەت و هەر وەها شارەزابون لە بواری تەكنەلۆجیای سەردەم و پیشەسازی و كشتوكال و بازرگانی و زۆرلە بوارەكانی تر، كارێكی گرنگ و پێویستە .
زۆر جار دەولةتێك خۆی داوا لە دەوڵەتێكی تر دەكات كە ڕەزامەند بن لە سەر ناردنی وەڤدێك بە مەبەستی بەشداریكردن لە كردنەوەی پیشانگایەك . بۆ نمومە لەكاتی كردنەوەی پیشانگایەكی گەورەی پیشە سازیدا بۆنیشاندانی بەرهەمە پیشەسازیەكان یان پیشانگایەكی گەورەی بەرهەمهێنانی كشتوكالێ ، یان بۆ سەردانی ناوەندێكی گەورەی كشتوكالێ كە چۆن پەرە ئەدات بە پێشكەوتنی بەرهەمەكانی . ئەمە كارێكی ئاساییە بەردەوام هەیە لەنێوان دەوڵەتاندا .
بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا حكومەت كێ ئیفاد دەكات و بۆچ مەبەستێك ئیفادیان دەكات ؟. ناردنی وەڤدێكی حكومی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، خەرجییەكی زۆریان پێویستە كە دواجار ئەو خەرجیانە دەكەوێتە سەر گیرفانی هاوڵاتیان . كەواتە لەكاتی ئیفادركردنی هەرفەرمانبەرێكی حكومی بۆ دەرەوەی وڵات دەبێ لایەنی بەرپرسیار واتە ئەو فەرمانگەیەی فەرمانبەرێك ئیفاد دەكات ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكات :
یەكەم : ئەو كەسەی یان ئەو كەسانەی ئیفاد دەكرێن ،دەبێ شارەزایی تەواویان هەبێت لەو بوارەی كە بۆی ئیفاد دكرێن . واتە ئەگەر مەبەستی سەردانەكە بۆ بینینی پڕۆژەیەكی كشتوكالێ بێت ناكرێت و نابێت كەسێك بچێت كە شارۆەزایی لە بواری هاتوچۆدا هەبێت .
دووەم: ئەو كەسەی یان ئەو كەسانەی ئیفاد دەكرێن زۆر گرنگە زمانی ئەووڵاتە بزانن كە بۆی دەچن ، یان زمانی ئینگلیزی باش بزانن كە لە ئێستادا بۆتە زمانی لێ تێگەیشتن لە جیهاندا . ئەگەر ئەو كەسەی ئیفاد دەكرێت زمانی ئەو وڵاتەی بۆ ئیفاد كراوە نەزانێت و زمانی ئینگلیزیش نەزانێت ، باشە لە چی دەگات و چۆن پرسیار دەكات و چی فێر دەبێت ؟. تا ئێستا هەموو ئەو وەڤدانەی بەناوی ئیفادەوە بۆ دەرەوەی هەرێم چون ، ڕێك وەكو ئەم وەڤدانە وایە كە حكومەتی هەرێم بۆ بەغدایان دەنێرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەی بودجە ، كە نە لە یاسای بودجە شارەزان و نە زمانی عەرەبیش دەزانن ، بۆیە هەموو جارێك لە بری چارەسەركردنی كێشەكان ، كێشەیەكی تریش دەچێتە سەر ئەوانیتر.
سێیەم : دەبێت ئەو كەسەی ئیفادەكرێت كە گەڕایەوە ڕاپۆرتێكی تێرو تەسەل لە سەر سەردانەكەی ئامادەبكات و بیداتە سەروی خۆی و لە ڕاپۆرتەكەدا هەموو لایەنەكانی ئەو سەردانەی ڕون بكاتەوە كە ئەوەی دیویەتی گونجاوە بۆ وڵاتەكەی یان گونجاو نییە . خۆ ئەگەر سەردانەكەی بۆ مەبەستی فێربونی شتێكە بۆ نمونە لە پڕۆژەیەكی كشتوكاڵیدا یان بازرگانیدا ، یان پیشەسازیدا . دەبێ كە هاتەوە دەورەیەك بكاتەوە بۆ فەرمانبەرانی تربۆ ئەوەی ئەوانیش فێرببن و شارەزایی پەیدا بكەن لەو بوارەدا. ناردنی وەڤد لە بوارەجیاجیاكاندا بۆ دەرەوەی وڵات بۆشارەزابون ، یەكێكە لە ڕێگا باشەكان بۆ ئەوەی وڵات بەرەو پێشەوە بچێت و لە كاروانی پێشكەوتنی وڵاتاندا دوانەكەوێت .
ئیفادكردن لە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە .
لەو كاتەوە كە حكومەتی هەرێم پێك هێنراوەو پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروست كردوە ، ئێستاشی لەگەڵدبێت ناردنی فەرمانبەران و بەرپرسانی تری حكومەت بۆ وڵاتانی دەرەوە لەسەربنەمایەكی زانستی باش نەبوە. ئەوانەی ئیفاد كراون لە بری ئەوەی شارەزایی پسپۆڕی و زمانزانی بكەنە پێوەر ، حیزبایەتی و خزمایەتی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت كراوەتە پێوەر .
لەوەش خراپتر جیاوازی لە نێوان ئەو كەسانەشدا كراوە كە ئەندامی یەك حیزبن بون . زۆر جار ئەو كەسەی كە ئەندامانی وەڤدەكەی دەست نبیشان كردوە كەسانێكی خستۆتە ناو ئەندامی وەڤدەكەوە كە لە خۆیەوە نزیك بون و دوور و نزیك هیچ جۆرە شارەزایی و پەیوەندییەكیان لەو بوارەدا نەبوە كە بۆی نێرراون و تەنها بۆ مەبەستی بینینی وڵاتانی دەرەوە ناویان خراوەتە لیستەكەوە . واتە بۆ گەشت و گوزار ناردویانە لەسەر حسابی گیرفانی خەڵك . ئێستا ئەگەر بێیت و حسابی هەموو ئەو پارانەدا بكەی كە لە بواری ئیفادكردندا خەرج كراوە كە هیچ سودێكی نەبوە ، ئەگەرئەو پارەیە بخرایەتە بواری وەبەرهێنانەوە چەندین كارگەی گەورەی پێ دروست دەكرا كە چەندین كەس كاری تێدا دەكرد ، یان بەشی دامەزراندنی سەدان دەرچوی زانكۆو پەیمانگاكانی دەكرد .
بۆ ئەوەی زیاتر ئەمە ڕون بكەمەوە بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیان باشتر تێ بگەن ، ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بە نمونە وەردەگرم . سەرەتا دەبێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی كێبن و چۆنبن ؟. دەبێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەرپرسی فەرمانگە سەرەكی و گرنگەكانی شارەكەبن ، ئەو فەرمانگانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و خزمەتكردنی شارو پەرەپێدانی شار لە ڕوی زانستی و ئەندازیارییەوە .
دەبێ كەسانێك ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بن كە هەر یەكەیان شارەزایی تەواوی لە یاسای فەرمانگەكەی خۆی هەبێت و كەسانێك بن كە شارەكەی خۆیان خۆش بوێت و بیانەوێت دڵسۆزانە خزمەتی شارەكە بكەن و و گەشەی پێ بدەن . لەڕاستیدا دەبێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی كەسانی بێلایەن بن و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكبن ، نەك حیزب .
بەڵام ئەگەر سەرنج بدەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەسەر بنەمای كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دیاری نەكراون . ئەوانە لەسەر پشك شكێنەی حیزبی دانراون. لە ناوحیزبەكەشدا مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ڕۆڵی هەبوە لە دانانیدا وەك ئەندامانی ئەنجومەن . لە ڕاستیدا كە ئەمانە لەڕێگای پۆستەكانیانەوە بون بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لەبەر شارەزایی وپسپۆڕیان ئەو پۆستانەیان وەر نەگرتوە ، بەلكو لەبەر ئەوە ئەو پۆستانەیان پێ دراوە چونكە كۆیلەی حیزبن . سەیر كەن ئەندامانی ئەنجومەنی شاروانی نوێنەری ئەم بەش و سێكتەرانەن : سەرۆكی شارەوانی، نوێنەری ژوری بازگانی ، ئەندازیاران ، وەبەرهێنان ، پارێزەران ، تەندروستی ، ڕۆشنبیری ، رفەرنانگەی داواكاری گشتی ، ئاوەدانكردنەوە ، كارەبا ، كشتوكاڵ ، گەشت و گوزار ، ژینگە ، تاپۆ ، هاتوچۆ ، پلاندەنان . واتە ژمارەیان 16 كەسە و لەو ژمارەیەش 10 كەسیان سەر بە یەكێتین . كەواتە یەكێتی چۆنی بوێت كارەكانی ئەنجومەن ئاوا دەڕۆن بە ڕێوە .
ئێستا با بپرسین لە سەردەستی ئەمانە چ خزمەتێكی شاری سلێمانی كراوە ؟.
نوێنەری وەبەرهێنان هەیە ، بەڵام ئەوەی ئەم بەشە كردویەتی ئەوەیە بایی ملیۆنان دۆلار زەوی بە خۆڕایی بەتاڵان داوە بە ناوی وەبەر هێنانەوەو هەر بەردەوامیشە . نوێنەری هاتوچۆ هەیە ، بەڵام ڕێگاو بانەكان وێرانن و بەردەوام شەقامەكانی ناوشار بچوك دەكرێنەوە بۆ نمونە بچن سەیری دوڕیانی سەرچنارو لای دادگا بكەن و چ كارە ساتێك دەبینن . نوێنەر تەندروستی هەیە ، بەڵام ناو خەستەخانەی شار ئەرزێكی بەتاڵی تێدابوو ، ئێستا كراوە بە گەراج و تەنها 5 دەقیقە بوەستی دەبێ 1500 دینار بدەی . باشە ئەگەر بەیانی وتیان ئەوە پارەو خەستەخانەكە گەورە بكەن ،چی ئەكەن؟.
نوێنەری ڕۆشنبیری هەیە بەڵام هاتوە ئەو ئەرزە بەتاڵەی تەنیشتی داوەتە موساتەحە . باشە ئەگەر بەیانی وتیان ئەوە پارەو وەرە هۆڵێكی سینەماو شتی تر دروست بكە ، لە كوێ دروستی دەكات ؟. نوێنەری گەشت و گوزار هەیە ، وەرن بپرسن چیان كردوە بۆ پەرەپێدانی گشت و گوزار . نوێنەری ژینگە هەیە بەڵام بەبەرچاویەوە هەرچی شوێنی سەوزایی شار هەیە داگیر دەكرێت و دەیفرۆشن . شوێنی مەسڵەحەی كۆن دانرابوو بكرێتە باخچە ، كرا بە تاوەری نیشتەجێبون ، درەختی سەر شەقامەكان دەسوتێنرێن بۆ ئەوەی شوێنەكانیان بكرێتە شوێنی بازگانی .
نوێنەری داواكاری گشتی هەیە بەڵام ئەو هەموو سەرپێچی و تاوان و كارە نایاساییانە بەرامبەر بە هاوڵاتیان و ئەم شارە دەكرێت ، ئەو چ ڕۆڵێكی هەیە و بون و نەبونی هەر وەكو یەك نییە ؟. لە سەرو هەموو ئەمانەوە سەرۆكی شەارەوانی هەیە كە بەقەدەر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكە دەسەڵاتی هەیە. كەواتە بە قەدەر هەموشیان بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرشان .
باشە دەپرسم كە كاتێك شوێنی مەسڵەحەی كۆن كرا بە تاوەری نیشتە جێبون وكە لە ڕاستیدا دانرابوو بكرێتە باخچە بۆ ئەوگەڕەكەو خەڵك هات بۆ بەردەم شارەوانی و ناڕەزایەتیان دەربڕی ، بۆچی ئەو كارەی نەوەستاند؟. ئەگەر ئەو خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی ئەم شارە دەزانێت و نوێنەری حیزب نییە ، با برێاری وەستاندنی ئەو كارەی بدایەو ئەگەر بە قسەیان نەكردبایە ، با وازی لەو پۆستە بهێنایة . ئەم شارە بەناو سەرۆكی شارەوانی هەیە ، بەڵام لەسەر شەقامی 60 مەتری و لە ژێر هوتێلدا بەنزینخانە دروست كراوە . لەم شارەدا دەیان كۆڵان هەیە خەڵكانی بەرپرسی حیزبی یان نزیك لە حیزب سەری كۆڵانەكانیان داخستوە. وەرن سەیركەن و ببینن لەسەر بڕیاری سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی چ كارەساتێك بەسەر دانیشتوانی پاكسیتی هێنراوە چۆن ئەو ناوە وێران كراوە لە پێناوی بەرژەوەندی كەسێكدا . ئەگەر لەم وڵاتە یاسا هەبوایە دەبوو تەنها لەسەر ئەو كارە قێزەونە سەرۆكی شارەوانی و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی بە شارەوانی ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەو بڕیارە كردوە ، بدرانایە بە دادگا چونكە ئەم بڕیارە بە ئاشكرا دیارە دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و ناشیرینكردنی سیمای شارەكەیە لە پێناوی بەرژوەندی كەسێكدا .
باشە هەموتان دەورو بەری خەستەخانەی ئەنوەر شێخەتان دیوە و بزانن دەورو بەری ئەو خەستەخانەیە چۆن بۆتە گەراج . باشە بەیانی ئەو خەستەخانەیەی تری نزیكی ئەو تەواو ببێت ، كەس بیری كردۆتەوە ئەو ناوە چی لێ بەسەر دێت ، دەپرسم چۆن و كێ ئیمزای كردوەو ڕازی بوە خەستەخانە لەو شوێنە دروست بكرێت ؟. ئەی هەموو ئەم سەرپێچیانە لە لایەن سەرۆكە یەك لە دوای یەكەكانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەوە نەكراوەو ڕێگایان پێ نەدراوە ، چەندین بەنزینخانە هەر بە بێ مۆڵەت لە شوێنی زۆر نەشیاو دروستكراون وئەگەرهاوڵاتیانیش ناڕەزایەتیان پیشان دابێت كەس گوێی بۆ نەگرتون . ئەی نابێت دادگایەك هەبێت و لێپرسینەوەیان لەگةل بكرێت ؟
باشە ئەو 125 دۆنمەی دانرابوو بكرێتە یاریگای نێودەوڵەتی چۆن بەش بەش كراو فرۆشرا ، ئەی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی لە كوێبون و بۆچی ڕێگایان دا بە بەرچاویانەوە ئەو تاوانە بەرامبەربەم شارە بكرێت ؟. باشە ئەو هەموو زەویانەی دەكەوێتە ناو سنوری شارەوانی سلێمانی كە بەبەرچاویانەوە پارچە پارچە كران و فرۆشران بە نایاسایی و بێ ئەوەی كەس پرسیان پێ بكات . بۆچی نقەیان لێوە نەهات ؟. هەموئەمانەو زۆر كاری نایاسایی تر بەڵگەی ئەوەن كە سەرۆك و ئەنجومەنی شارەوانی دژی بەرژوەندی گشتی وهاڵاتیان بڕیاردەردەكەن ؟. ئێسـتا ئەنجومەنی شارەوانی بۆتە داكوكیكار لە بەرژەوەندی خەڵكانی سەرمایەدار و سەر بە حیزب و ئاسانكاری باش دەكەن بۆ ڕاهی كردنی مامەلەكانیان و هاوڵاتییەكیش زۆر بە زەحمەت مامەلەكانیان بۆ جێ بە جێ دەكرێت .
ئەوەی سەرەوە كە باسمكردوە تەنها بەشێكی زۆر كەمی ئەو سەرپێچیانەیە كە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی كراون . سەیر لەوەدایە هەر ئەم ئەنجومەنە بەردەوام لە جەولەی مەكوكیدان بۆ سەردانی وڵاتان بۆ گەشت و گوزار لە سەر حسابی گیرفانی خەڵك بەناوی ئیفادەوە .
ئێستا كەئەمە دەنوسم جەنابیان خەرێكن سەفەر دەكەن بۆ وڵاتێكی ئەوروپی . باشە ئەمانە خاوەنی ئەم عیلم و مەعریفەت و زانیاریەبن وئەو كارەساتەیان بەسەر شارەكەی خۆیاندا هێنابێت ، ئەچن چ مەعریفەتێكمان بۆ دێننەوە . ئەگەر لەم وڵاتەدا یاسا سەروەربوایا ، لە بری ئەوەی پارەیان بۆ خەرج بكەن بۆ سەفەر، دەبوو بدرێنە دادگا لە سەر ئەو تاوان و كارە قێزەونانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ئەم شارە كردویانەو چۆن سیمای ئەم شارەجوانەیان وەكو خۆیان لەبەر چاوی خەڵك ناشیرین كردوە .
ئەوەی ئەمانە دەنێڕێتە دەرەوە بەناوی ئیفادەوە لە سەر حسابی گیرفانی خەڵك خۆی باش دەزانێت كە ئەمانە هیچ ناهێننەوە بۆ ئەم وڵاتە كە خێری هەبێت . بەڵام بۆیە دەیاننێرێتە دەرەوە وەكو ئیمتیازێك پێیان دەدات بۆ ئەوەی باشتر بیانكاتە كۆیلەو هەرچی سەرپێچی هەیە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا پێیان بكات . ئەگەر ئەمڕۆ دوو دەفتەر دۆلار بۆ ئەمانە خەرج بكات ، بەیانی بە ئیمزای ئەمانە زەویەك دەدات بە كەسێكی حیزبی یان نزیكی حیزب كە بایی چەندان ملێۆن دۆلارە . من دەزانم كە هەموو سەرپێچیەكان لەسەردەمی ئەمانەدا نەكراوە كە ئیستا ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانین، ئەگەر ڕۆژی لێپرسینەوە هات با ئەوانەی تاوانبار نین بەرگری لە خۆیان بكەن و ئاشكرایە بە ئیمزای كێ ئەو ناحەقیانە بەرامبەر بە هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی كراون .
بەڕاستی ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە ئەوەیە نەوەی نوێ توانی لە ڕێگای دادگای فیدراڵیەوە پەڕلەمان و حكومەت و ئەنجومەنی پاڕیزگاكان پەك بخات ، بەڵام ئەو بڕیارە ئەنجومەنی شارەوانیەكانیان نەگرتەوە ؟. خۆ ئەگەر لەبەر ئەوە بێت بلێن شارەوانیەكان دەبێ ڕۆژانە خزمەتی شارەكان بكەن و ناكرێت پەك بخرێن ، ئەوە بۆچونێكی هەڵەیەوشارەوانیەكان بە سەرۆك و ئەنجومەنەوە تەنها لەخزمەتی كەسانی سەرمایەدارو سەربە حیزبدان و دژی بەرژەوەندی گشتین . ئەوەی كە ئەوان نایەكەن خزمەتی خەڵك و شارە .
وەرن لێژنەیەك پێكبهێنن بۆ ئەوەی بزانن شارەوانی سلێمانی لەماوەی ساڵێكدا چی بۆ شارەكەو خەڵكی شارەكە كردوەو چیشی بۆ خەڵكانی سەرمایەداروسەر بە حیزب كردوە ، بابچن سەیری شەقام و كۆڵانەكانی ناو شار بكەن چۆن وێران و كاول بون و بۆنەتە قاڵدرمەو لەو لاشەوە بایی ملیۆنان دۆلار زەوی بە خۆڕایی بەناوی وەبەر هێنانەوە دەبەخشن ، ئەو كات تێ دەگەن كە لەكار خستنی شارەوانیەكانیش خزمەتێكی گەورەیە بە خەڵكی شار . ئەوەتا بەردەوام لەسەر حسابی گیرفانی خەڵك بەناوی ئیفادەوە لە گەشت و گوزارن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست