لە عێراق سوژن دەست ناکەوێت
Friday, 06/10/2023, 20:39
شەو و ڕۆژ کاربەدەستانی بەغدا و هاوڵاتیانی عێراق خەریکی سوژن ئاژەنینی خۆیانن چونکە دەرزی چاری دەردیان نادات، سەریان سوڕماوە و واقیان وڕماوە هەرچەند دەکەن تێناگەن ئەمە ڕاستە ئەمە خەوە!
ئەوان دەڵێن ئەوە ئێمەین چاومان بەرایی نایەت هەرێمی کوردستان لە خۆشیدا ببینین، موچە نانێرین، مادەی ۱٤٠ جێبەجێ ناکەین، ئێمەین ڕێگری لەڕیفرامدۆم دەکەین ( کە ڕیفراندۆم مافی ڕەوای هەموو گەلێکە)، یاسای نەوت و غاز پەکدەخەین ، نیوەی باشوری کوردوستانمان داگیر کردووە بەزەبری چەک و پۆستاڵ، سوکایەتی بەگەلی کورد دەکەین، هێشتا تەعریب دەکەین، شەو و ڕۆژ دەخینە سەر یەک بۆ پەکخستن و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم هتد...
کەچی لەهەرێمی کوردستان لەجیاتی ئەوەی ئێخەی ئێمە بگرن و خۆپیشاندان لەدژمان بکەن هەر وەک شێری مەیدان کەوتونەتە سەروگوێلاکی یەکتری و دەیانەوێت حکومەتەکەیان لەڕەگو ڕیشەوە دەرکێشن.!
من لێرەدا دەمەوێت ڕونی بکەمەوە کەمن لەگەڵ هەموو داواکارییە ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانم، ماف و ئەرکی هاوڵاتیانە کە فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ڕێز گرتن و دابین کردنی داوا کارییەکانیان بەڵام سەرم سوڕماوە عێراق/بەغدا موچە نادات خەتای خۆمانە !؟ مادەی ۱٤٠ پەک دەخات خەتای خۆمانە!؟ ڕێگری لە ڕیفراندۆم دەکات خەتای خۆمانە!؟ یاسای نەوت و غاز پەکدەخات خەتای خۆمانە!؟ داگیرکاری، سوکایەتی، تەعریب، کێشەو گیرو گرفت نانەوە بۆ کوردستان ئەویش هەر خەتای خۆمانە!
یەکێک ئاگاداری بارودۆخی عێراق وناوچەکە نەبێت وەگوێ لە هەندێک پەرلەمانتار و سیاسی و کەناڵی تەلەفیزێۆنی هەرێمی کوردستان بێت وا دەزانێ عێراق/بەغدا هەر وەک مەڕی بەستەزمان باعە باعی دێ لەو ناوەدا....
ئەوان دەڵێن هانێ ماف، هانێ بودجە، هانێ موچە، هانێ خاک، خۆشی، یەکسانی، ئاسایش، نەوت،هتد
ئێمەدەڵێین نا نا نامانەێت!
هەرێمی کوردستان زۆر گەلێک کێشەوگیروگرفتی هەیە هەر لەدووزۆنی بۆ دوو هێزی پێشمەرگەو ئاسایش( کە لە ووتار/پێشنیارێکدا لەژێر ناوی ووتە هەزارەو دووانی بەکارە ئاماژەم بەگرنگی و کاریگەری یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش لە سەر دواڕۆژی هەرێمی کوردستان کردووە وە چۆن بتوانین چارەسەری بکەین )... بۆ گەندەڵی بۆ قۆرغ کردنی بازاڕو بازرگانی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات هتد ....
مافی هەموومانە کەڕەخنەی تاسەر ئێسک بگرین لە حکومەتی هەرێم بەڵام پێویستە بۆ هەر بەردێک دەیگرینە حکومەتی کوردستان لەجێیدا سەد بگرینە حکومەتی عێراقی فاشیستی مەزهەبی داگیر کەری دژە کورد .
زۆر جێگەی داخە لە هەندێک کەناڵ و ڕادوێدا لەهەواڵەکاندە هەمیشە ئاماژە بە حکومەتی ماوەبەسەرچوی هەرێمی کوردستان دەدەن (کە زۆر ڕاست دەکەن ) بەڵام بە ڕێکەوتیش نەمانبیست ڕۆژێک کە باسی حکومەتی عێراق دەکەن بڵێن حکومەتی عێراقی داگیر کەر !!؟!؟
کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوەبکات کەعێراق تا ئەم کاتە هێشتا نیوەی خاکی کوردستانی داگیر کردووە بەزبری چەک و پۆستاڵی حەشدی شەعبی مەزهەبی بەڵام بۆ هەندێک سیاسی و پەرلەمانتاری کورد هێشتا بەغداد شامی شەریفە،!؟؟؟؟!
یاسا، دەستور، یەکسانی، دادوەری هەمووی لەبەغداوە ڕێچکە دەگرێ .
سەردەمانێکە بە فیتی هەندێک لە پەرلەمانتار و سیاسی کورد وە بەسەرپەرشتی ئێرانی دۆست ودراوسێ !؟! لە ڕێگای هاندان و چەواشەکردن و فووتێکردن و فڕیودانی بێ ووچانەوە
کۆمەڵگای کوردییان سەر لێ شێواندووە و کردویانە
بە شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوە.!؟
هەرتاوە نا تاوێک یەکێک قوت دەبێتەوە وەگ شێری مەیدان وە دەنەڕێنێ وە دەڵێت دەبێت هەموو ریفراندۆمچییەکان ببرێن بۆ دادگا بەڵام هەر ئەم شێری مەیدانە تەنانەت تەنها بەیەک ووشەش سەرزەنشتی حکومەتی عێراقی حەشدی شەعبی مەزهەبی فاشستی خاکی کوردستان داگیرکەری دژە کورد ناکات.؟!؟
ئەگەر تۆ چارەی مەسعود بەرزانی و پارتی و هەموو ئەو پارتە سیاسی و کەسایەتییانەی کە پشتگیرییان لە ریفراندۆم کرد ناوێت ئەوە مافی خۆتە.
بەڵام هیچ نەبێت ڕێز لەو ۹۳٪ کەسە بگرە کە پێشوازییان کرد لەڕیفراندۆم دەنگیان دا بەسەربەخۆیی ، ئێمە دەبێت داوای دادگایی ئەوانە بکەین کەسزای دەنگدەرانیاندا وە چنگیان لەگەروویان توند کرد وە نیوەی باشوری کوردستانیان داگیر کرد بەزەبری چەک و پۆستاڵی حەشدی مەزهەبی فاشیست کە ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕیفراندۆم زۆر بەئاشتییانە بەڕێوە چوو وە لە سەروی هەموویەوە مافی گەلی کوردە کە بڕیار بدات لەسەر چارەنوسی خۆی ، بۆ ئەمە دەبێت تاوان بێت.
ئەگەر حکومەتی عێراق دۆستە ئەوا ڕاستیان گووتووە کە دەڵێن دۆستی وەهام هەبێت دوژمنم بۆ چییە!؟ وە ئەگەر دوژمنە با وەک دوژمن ڕەفتاری لەگەڵ کەین .
لە کۆتاییدا هەموو مرۆڤێک شایەنی خۆشگوزەرانییە وە هەموو هەوڵێکی مرۆڤ لەژیاندا گەیشتنە بە خۆشگوزەرانی هەر لەبەر ئەوەیە هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە تا بگەین بە ئاستێکی باشتر لەژیانماندا هیچ کەسێک هەوڵ نادات ئاستی ژیانی خراپتر بکات مەگەر زۆر سەرلێشێواو ونبووبێت...
هەر بۆیە هەوڵدان بۆ پەکخستنی حکومەتی هەرێم سەرەڕای هەموو کەم و کورتی کێشەو گیروگرفتەکانی وە خۆ هەڵدانە ناو باوەشی بەغداوە ، هەروەک ئەوە وایە تۆ بۆ خۆت لەناو قوڕاودا گیرت خواردبێت بەڵام پێت باشتر بێت لەگەڵ ڕێزمدا کە خۆت فڕێ بدەیتە ناو گواوێکەوە!؟
بەسە ئیتر خۆ بەکەم زانین و خۆ بچووک کردنەوە لەبەرامبەریدا ستایش و بەرز نرخاندنی داگیر کەرت.
با ئیتر بەس بێت ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست