عەربەت و بێ ئومێدی لە ئاسایش
Sunday, 24/09/2023, 20:14
هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، "كردەوەیەكی تیرۆریستیەو نە یەكەم هێرشەو نە دوایین هێرشیش دەبێت". ئەمە وتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمە. کە ئەوەشی خستەڕو" ئەم كارە نە یەكەم كارەو نە دوایین كار دەبێت و ئەم كردەوانە بەردەوام دەبن."
گەر ئەمە حاڵی کوردستانی عێراقە، لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیدا ، چی بکرێت و چی دەکرێت؟، هیچ ڕێگا دەرچونێک نەخراوەتە ڕوو، ئەوەی دەیبیستین و دەیبینین جگە لە ئیدانەی شەرمنۆکانەو پاڕانەوە لە ئەمریکاو حکومەتی عێراق و... کە بەفریایان بکەون، ئومێدێک بۆ تێپەڕاندنی مەترسیەکان نیشان نادەن. واتە چارەنوسی ئەم خەڵکە دەکەوێتە بەر چارەنوسی پەیدا بونی فریاد رەسێک گەر سۆزی بۆ ئەم خەلکە بجوڵێت..!.
لە ڕاستیا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و دەسەڵاتی تاڵەبانی لە بەرامبەر خەڵکیدا هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک نەک نیشان نادەن، بەڵکو ئەو خەڵکەیان وەها بە بارمتە گرتووە، قوربانیدانیان زۆر بێشەرمانە، کردۆتە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.
ئەم ڕوداوەی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت وەک خۆیان دەڵین نە یەکەم کارەو دوبارەش دەبێتەوە، واتە ڕۆشن و ئاشکرایە کە دەزانن ئەم کارە تیرۆرستیە، کێ ئەنجامیداوەو و بۆ بەم تاوانە گەورەیە هەستاوە، لەمەش گرنگتر بۆ بەردەوام دەبێت..؟، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تائێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە
ئەوەی جێگەی داخە وەک نەریتی هەمیشەییان، ئەم جۆرە گوتارانە نمایشێکی زۆر داماوانە و بێدەسەڵاتانەی وەها دەخاتە ڕوو، کە جگە لە بەرجستەکردنەوەی زیاتری مەترسیەکان بۆ نەبونی ئاسایش، مانایەکی تری لێدەرناکێشرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگوتاری تەواوی بەرپرسە باڵاکان، جگە لە ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە، کە دەڵێن هەوڵ ئەدەن بزانن کام لە دوژمنانی کوردستان بەم کارە تیرۆرستیە هەستاوە، هەڵبەتە ئاشکرایە کە ئەم کارە بەشێکە لەو سنوربەزاندنەی تورکیا کردویەتی و دەیکات، هیچ کات حکومەتی هەرێم هەڵوێستێکی رۆشن و بەرنگاری بەرامبەر تورکیا نیشان نەداوەو بێدەنگی لێکردووە.
ئەوەی لەم نێوەدا جێگای پرسیارە، یەکەم تائێستا بارازنی و تاڵەبانی رۆشنیان نەکردۆتەوە کێن دۆژمنانی "کوردو کوردستان" چۆن سزایان ئەدەن؟. دووەم هەرچی لە پەیوەندی و دەوروبەری پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانیە، لە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق تێناپەرێت، ئەوەی لە نەخشەی سی ودوساڵەی مامەڵەی حکومەتی هەرێمدا بەرێوەچوە، حکومەتی ئەو ووڵاتانە نەک وەک دۆستی کورد مامەڵەیان کراوە، بەڵکو تەواو مامەڵەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی لە لایەک پاشکۆ بون بووە بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی تورکیا و ئێران، لە لایەکی ترەوە، گەرانەوەو ملکەچیان یبووە بۆ حکومەتی عێراق، حاڵی سوریاش لە کوردستانی عێراق باشترنیە، ئیتر ئەم پێچ و پەنایە لە کارێکی تیرۆستی کەلە فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ئەنجامدراوە، جگە لە ریسوایی و شەرمەزاری بۆ پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکنیان مانایەکی تر نابەخشێت، لە هەمان کاتدا راگەیاندنی ئەوپەری بێ ئومێدیە لە دابینکردمی سادەترین ئاسایشێک بۆ دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست