کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەتی هەرێم دەبێ چۆن ئەم قەیرانە سەختە تێپەڕێنێت؟

Sunday, 24/09/2023, 20:08


هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر ئاڵۆزو هەستیاروسەخت و مەترسیداردا گوزەر دەكات ومەترسی لەناوچونیشی لە ئارادایە  .   لە ڕاستیدا ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە ، خۆی لە خۆیدا ئاشبەتاڵێكی ترە كە بەسەر كوردا هاتوەو زۆریش مەترسیدار ترە لە ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 . ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 تێشكانی كورد بوو لە ڕوی سەربازیەوەو دەستی دەرەكیشی تێدابوو . بەڵام ئاشبەتاڵی ئەم جارەمان  لە ڕوی سیاسی و حوكڕانیەوە سەرچاوەی گرتوەو  سەركردەكانی كورد  خۆیان و بەدەستی خۆیان  ئەم ئاشبەتاڵەیان بەسەرمیللەتی خۆیاندا هێنا.
لە ماوەی 32 ساڵی حوكمڕانی دوو بنەماڵەی بەناو حیبزبی ، بە ویست وئارەزوی خۆیان دەستیان گرتوە بەسەر كۆی كۆمەڵگای كوردیدا بە ئەرزو ئاو هەواو دانیشتوانەكەیەوەو بە ئارەزوی خۆیان و بێ گوێگرتن لەقسەی هیچ كەس و لایەنێكی تر بەڕاست و چەپدا سامان و داهاتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هەردوو بنەمالە بەتاڵان دەبەن و خەڵك برسی دەكەن . لە ماوەی ئەم 32 ساڵەی حوكمڕانیان بەردەوام خەمخۆران و دڵسۆزانی ئەم میللەتە  لە هەموو چین و توێژەكان وەكو : مامۆستایانی زانكۆ ، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ، دۆستەكانمان لە ناوەو دەرەوەی وڵات ، هاوپەیمانان هۆشداریان پێ دەدەن كە واز لە تاڵانی و شەركردن لەگەڵ یەكتری و كلكایەتی بۆ دوژمنانی كورد بهێنن و سامانی ئەم هەرێمە بۆ  ئاوەدانكردنەوەوبنیات نانی ژێر خانی ئابوری  تەرخان بكەن . لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام هاوپەیمانان  داوایان لە یەكێتی و پارتی كردوە  كە هێزی پێشمەرگە یەك بخەن و بیخەنە ژێر دەستی یەك فەرماندەی سەربازی و  چیتر با ئەو هێزە چەكدارانە  مێلیشیای دوو حیزبی بنەمالە نەبێت ، بەڵام تا ئێستاش یەكیان نەگرتۆتەوە . لە ئەنجامی ناكۆكی نێوان ئەو دوو بنەماڵە بەناو حیزبیە  كە لە ساڵی 1964 دەستی پێكردوە وبون بە سەرەخۆرەی ئەم میللەتەوئاشبەتاڵێكی تری ئابڕوبەرانەیان بەسەر كوردا هێناو خەڵكیان خستە سەرساجی عەلی  . هەرێمێك كە خاوەنی ملێارەها  دۆلاری داهاتی خالة سنووریەكان و داهاتی ناو خۆو داهاتی نەوت بوو ، هەمویان دزی و خەڵكیان بێ موچە كردو لە ناچاریدا  ڕودەكەنە بەغدا  بۆوەرگرتنی پارە بەقەرز . هەموو ئەمە لە ئەنجامی حوكمڕانی سەقەتی ئەم دوو حیزبەوە سەرچاوە دەگرێت  كە جارێك  لە جاران گوێیان بۆ كەس نەگرت و هەر خۆیان بڕیار بەدەربون . 
دیارە ئەمە زۆری دەوێت لە سەری بنوسرێت . بەڵام من دەمەوێت كۆمەڵێك پێشنیار بخەمە بەردەستی  بڕیار بەدەستەكانی هەرێم ئەوانەی هەرێمیان گەیاندە ئەم قۆناغە مەترسیدارە ئابڕوبەرانە  بۆ ئەوەی پیش ئەوەی بارودۆخەكە لە ئیستا خرابتر ببێت و بە جارێك نەببێت بە پاشا گەردانی و بۆ ئەوەی  حكومەتی هەرێم  فریای خۆی كەوێت و كۆمەڵێك هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕزگار كردنی ئەوەی كە دەتوانین ڕزگاری بكەین، نەك گێرانەوەی بارودۆخەكە بۆ پێشوتر. چونكە دوای ئەوەی ئاڵای سپیان هەڵكردو خۆیان ڕادەستی بەغدا كرد بە بێ مەرج تازە ناتوانن ڕابوردو بگێڕنەوە . 
هەر حكومەتێك لە هەر شوێنێكی دنیا بەم شێوەیەی ئێستای  حكومەتی هەرێمی كوردستان توشی كێشەی دارایی ببێت ، پەنا دەباتە بەر گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێگاو شوین بۆ چارەسەری بارودۆخەكە . ئەو ڕێگەو شوێنانەش زیاتر لە بچوككردنەوەی حكومەت و كەمكردنەوەی خەرجیە نا پێویستەكان خۆی دەبینێتەوە . بە بۆچونی خۆم ئەم پێشنیارانەی لە خوارەوە دەیخەمە بەردێدی ئەو بەرپرسە باڵایانەی هەرێمی كوردستانیان گەیاندە ئەم قۆناغەو هەر وەها خوێنەرانی خۆشەویستیش ، زۆر گرنگن ئەگە كاریان لەسەر بكەن :
1-پێش هەموو شتێك هەرێمی كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە بەشێكە لەعێراق . ئەو حكومەتەی ئێمە هەمانە لە چوار چێوەی عێراقدایە . سنووری هەرێمی كوردستان لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر دهۆكدا خۆی دەبینێتەوە كە دانیشتوانەكەی نزیك 6 ملیۆن كەسە . باشە چ مەنتقێكی تێدایە  ژمارەی وەزارەتەكانی بەقەدەر ژمارەی وەزارەتەكانی چین بێت كە دانیشتوانەكەی نزیكەی 1400 ملیۆن كەسە . لە ڕاستیدا دروستكردنی ئەم هەموو وەزارەتانە هەر لە بنەڕەتەوە  بۆ ئەوە نەبوە  كاروباری خەڵك بە باشتر و خێراتر جێ بە جێ بكەن ، بەڵكو بۆ ئەوەبوە  جێگەی زۆر ترین كادری بێ ئیشی حیزبەكانی دەسەڵات و جارو باریش حیزبەكانی تر بۆ ڕازیكردنیان  تێدا جێبكرێتەوە. 
هەر لە سەرەتای دروستبونی حكومەتی هەرێمەوە دەكرا بە 10 وەزارەتیش كەمتركارو باری هاوڵاتیان باشتریش لە ئێستا بەڕێوە ببڕێت . لەو كاتەوە كە مەسرور بارزانیش بۆتە سەرۆكی حكومەت زوربەی وەزارەتەكان هەر بونیان پێوێست نەماوە  چونكە هیچ بودجەیەكیان لەبەر دەستدا نییە بۆ ئەنەجامدانی هیچ پڕۆژەیەك . سەرۆكی كورەواتیا كە ئافرەتێك بوو لە دوو ساڵی ڕابوردودا وڵاتەكەی توشی كێشەی دارایی بوو . هەنگاوی یەكەم  لە خۆیەوە دەستی پێكردوتەیارە تایبەتەكەی  سەرۆكایەتی كۆماری فرۆشت  بۆ ئەوەی دەستی كراوە بێت بۆ بڕیاردان بۆچۆنیەتی  كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت . بابزانین سەركردەكانی ئێمەش دەتوانن بڕیاری ئازایانەی لەوجۆرەبدەن و چاكسازی لە خۆیانەوە دەستپێ بكەن  ؟. 
بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە خەمی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، با هەنگاوی یەكەم دەست بكات بە كەم كردنەوەی وەارەتەكان بۆ كەمتر لە 10 وەزارەت . با لە شوێنی  وەزارەتە حەل كراوەكان بەڕێوەبەرایەتیەك هەبێت .
كاتێك حكومەت ئەم هەنگاوەی نا دەتوانێت پارەیەكی زۆر پاشەكەوت بكات  هەر لە كەمكردنەوەی موچە خۆری بێكارو ئەو هەموو خەرجی و نەسریەی بۆ وەزارەت خەرج دەكرێت هەر لە سەیارەو خەرجی سەیارەو ناردنی فەرمان بەران بۆ گەشت و گوزار لەسەر حسابی گیرفانی خەڵك بەناوی ئیفادەوە . دوای ئەوە دەست بكەن بە فرۆشتنی هەموو ئەو سەیارانەی  كە خراونەتە بەردەستی فەرمانبەری حیزبی  كە خێری دەنكە جۆیەكیان بۆ ئەم هەرێمە نەبوە . بە كورتی فرۆشتنی هەرچی مومتەلەكاتی ئەو وەزارەتە حەلكراوانە هەیە و پارەكە بخەنە خەزێنەی  حكومەتەوە .
2- یەكێك لەو هۆكارانەی بۆتە هۆی ئیفلاسی ئەم هەڕیمە ئەوەیە كە پێك هاتەی سەرەكی حكومەتەكەو بڕیاری حكومەت لە دەستی پارتی بە پلەی یەكەم ویەكێتی بە پلەی دووەمدایە . ئەوانیش بۆڕاكێشانی زۆرترین لایەنگر بۆ حیزبەكانی خۆیان و دامەزراندنیان و ڕازیكردنیان  بایی ملێارەها  دینار سەیارەیان لەسەر حسابی گیرفانی خەڵك بۆ ئەوانە كڕیون و خەرجیشیان لەسەر حكومەتە. ئەمە جەگە لە  بەرپرسە باڵاكانی  تری هەڕیم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و بارەگای بارزانی و  كە  هەر یەكەیان یەك قافڵە سەیارەی دوا مۆدێل و گرانبەهاترینیان بە دواوەیە . بۆیە ئەگەر سەرۆكی حكومەت بەڕاستی لە خەمی مانەوەی ئەم هەرێمەیە ، با بڕیارێك بدات بۆ فرۆشتنی ئەو سیەیارانە . بە دڵنیاییەوە داهاتەكەیان بەشی موچەی مانگیكی هاوڵاتیان دەبێت و ئەو كان وەكو ئێستا ناچن بۆ بەغداو بێنە سەر چۆك و بۆ قەرزی پارە بپاڕێنەوە . 
3- ئەوھێزە چەكدارەی لە هەرێم هەیە كە موڵكی میللەت نین و تا ئێستا مێلێشیای  حیزبی و دوو بنەماڵەن و بە پشتی ئەم هێزانەوە  دەستیانگرتوە بەسەر هەرێم و تاڵانكردنی داهاتەكەی نێوەی بودجەی خەڵكیان بۆ خەرج دەكرێت . وەكو سەیر دەكەین ئەم هێزانە ئەوەندەی بۆ بەگریكردنن لە مانەوەی خۆیانن ، ئەوەندە لە خزمەتی نیشتماندا نین . 
ئەگەر سەرنج بدەین دوو دژە تیرۆر دوو ئاسایش ، دوو دەزگای زانیاری و پاراستن دوو هێزی پیشمەرگەی جیاوازلە هەرێمی كوردستان هەن ، ئەمە جگە لەوەی  پارتی چەندین هێزی تری لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە  دروست كردون  تایبەت بۆ دژایەتی  یەكێتی و پارچەكانی تری كوردستان .  ئەگەر سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی باڵای هەڕیم لە خەمی مانەوەی قەوارەی هەرێم لە لایەك و خۆشیانن لە لایەكی تر ، با ئازایانەو بوێرانە  دەست بكەن بە چاكسازی لەناو  هەموو هێزە چەكدارەكان . 
هەنگاوی یەكەم با پارتی هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروستی كردون هەڵوەشێنێتەوە. دوای ئەوە دەست بكات بە خانە نشین كردنی هەموو ئەوانەی لەناو هێزی پێشمەرگە  تەمەنیان چۆتە سەرو پێویستیش نین ئەگەر كاتی خانە نشینیشیان  نەهاتبێت بە موچەیەك كە لانی كەم پێی بژین . دوای ئەوە یەكخستنی هێزی پیشمەرگە لە ژێر چەتری یەك فەرماندەی سەربازی بێ لایەن. ئەگەر ئەمە بكرێت  لە لایەك خەرجییەكی زۆر كەم دەكرێتەوەو هێزێكی پیشمەرگەی نیشتمانی  چالاكیش پێك دەهێنریت . دەبێ هێزەكانی تری وەكو ئاسایش و دژە تیرۆردەزگاكانی زانیاری و پاراستنیش بەهەمان شێوە ژمارەیان كەم  بكرێتەوە وپاكسازیان تێدا بكرێت و هەر ئەوەندە بمێننەوە كە پێویستن ، نەك ئەو هێزانە  ببنە شوێنێك بۆ دامەزراندنی لایەنگرانی حیزب .
 دوای ئەمە دەبێ ئەو هێزانە  بخرێنە ژیر فەرمانی یەك فەرماندەو چیتر چەكداری حیزبی نەمێنن. ئەگەر ئەمانە نەكرێت  نە هەرێم دەمێنێت و نە خۆشتان . ئاخر چ مەنتقێكی تێدایە هەرێمی كوردستان خاوەنی هێزێكی چەكداری ئەوتۆ بێت كە ژمارەیان لە سوپای  وڵاتێكی وەكو ئەردەن زۆرتر بێت و بچیت داوای قەرزیش لە بەغدا بكەی ؟.  
4- ئێستا لە هەرێمدا سێ دەزگای سەرۆكایەتی هەیە كە پارەیەكی زۆریان لە بودجەی هاوڵاتیان بۆ خەرج دەكرێت و دەبینن ئەوە بۆ سێ مانگ دەڕوات  موچە نییە. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران . ڕاستە ئەم دەزگایە پێویستە هەبێت  ، بەڵام  دەبێ ژمارەی فەرمانبەرانی كەمبكرێتەوە  ، نەك خەرجیەكەی بگاتە ئاستی خەرجی  ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتی چین . سەرۆكایەنی هەرێمی كوردستان كە دەزگایەكی زۆر گەورەیە و بە سەدان فەرمانبەرو ڕاوێژكاری بێكارو پاسەوان و بە قافڵە سەیارەی گرانبەهایان هەیە . باشە وەرن پێم بڵین ئەم سەرۆكایەتی هەرێمە چیكردوەو چ بڕیارێكی گرینگی بۆ هەرێمی كوردستان دەركردوە ؟.
 ئەگەر تا ئەو كاتەی مەسعود بارزانی خۆی سەرۆكی هەرێم بوو، گرنگییەكی هەبوبێت ، لەو كاتەوە نێچیر بارزانی بۆتە سەرۆكی هەرێم هەر وەكو ئەوە وایە نەبێت . چونكە دوای بریاری ڕیفراندۆم لە لایەن خودی مەسعود بارزانیەوە بەتەنهاو لە دەستدانی كەركوك بە هۆكاری ئەو بڕیارە  ، ناچار كرا دەست بەرداری پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ببێت بۆ نێچیر بارزانی برازای . بەڵام ئێستا مەسعود بارزانی هەر خۆی سەرۆكی هەرێمە لە پشتی پەردەوەو ، نێچیر بارزانی تەنها هەر بەناو سەرۆكی هەرێمەو بۆی نییە هیچ بڕیارێك بدات . جگە لەوەش نێچیر بارزانی لەناو پارتێشدا پەراوێز خراوەو بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان خۆی بێ دەسەڵات بكەن و لایەنگرانی پەڕوباڵ بكەن لەناو حیزبەكەیاندا .
كەواتە چیتر بونی ئەو دەزگایە نە پێویستەونەگرنگە چونكە تا مەسعود بارزانی لە ژیاندابێت  هەر ئەو خۆی سەرۆكی هەرێمە . كەواتە بە حەل كردنی ئەم دەزگایەش داهاتێكی زۆریش بۆ بودجەی گشتی دەگەڕیتەوە . بارەگای بارزانی  بۆتە قورساییەكی زۆر گەورە لەسەر شانی هاوڵاتیان و بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان دەكرێت ، لە كاتێكدا ئەم دەزگایە لە خزمەتی خەڵكدا نییەودەزگایەكی حیزبیەو  ئیشی تەنها سەرپەرشتیكردنی  پارتی و بنەماڵەی بارزانییە بەڵام بە پارەی خەڵكی فەقیر و هەژار ئەوانەی بۆ 3 مانگ دەچێت موچەیان وەرنەگرتوە بەڕێوە دەچێـت . 
دەیان بەناو ڕاوێژكارهەیە بەڵام زوربەیان سەرەواوێكیان لە مێشكدا نییەولە بری ئەوەی ڕاوێژیان پێ بكرێت ، ئەوان ئیشیان تەنها ئەوەیە داكۆكی و پشتیوانی لە لێدوانەكانی بارزانی بكەن .  ئەمانە بونە بارگرانی بەسەر بودجەی هاوڵاتیانەوە  . كە واتە ئەو پارەیەی بۆ ئەم دەزگایە خەر دەكرێت  بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و بدرێت بە موچەی فەقیرو هەژار یان وەكو ئێستا پارەیەكی زۆر بۆ كەسانی بێ ئیشی حیزبی خەرج بكرێت.  كەواتە ئەم بارەگایە  ببێت یان نەبێت هیچ سودێكی بۆ خەڵك نییە . 
5-  لەو كاتەوە حكومەتی هەرێم پێك هێنراوە بەردەوام یەكێتی و پارتی  لە دامو دەزگاكانی حكومەت لایەنگرانی خۆیان دادەمەزرێنن . لەوەش خرابتر ئەوەیە خەڵكانێكی زۆر كاری حیزبی دەكەن بەڵام لەسەر فەرمانگەیەك ناویان نوسراوەو موچە لەسەر حسابی خەڵك وەردەگرن .  فەرمانگەكان بە جۆرێك پڕكراون لە فەرمانبەر هەر شوێنی دانیشتنیان نییە . 
لە بەر زۆری ڕۆتینیاتی نا پێویست  ئەگەر هاوڵاتیەك ڕێی بكەوێتە هەر فەرمانگەیەك  بۆ كارێكی بچوك چەندین سەردانی پێویستە . بۆیە  حكومەت بۆ چەندین ساڵی تریش  پێویستی بە دامەزراندنی كەس نییە . كە واتە كاتی ئەوەیە زوربەی  ئەو كەسانە بنێڕێتەوە  ماڵەوە كە تەنها لەبەر ئەوە دامەزراون كە حیزبین یان كاری حیزب دەكەن موچەش لەسەر حسابی هاوڵاتیان وەردەگرن ، لە كاتێكدا  هەر لەسەرەتاوە ئەمانە پێویست نەبون .
6- لەم هەرێمەی ئێمە بەقەدەر فەرمانبەرانی حكومەت موچە خۆری حیزبەكان هەیە كە لەسەر قوتی خەڵك موچە وەردەگرن .  بە دەیان هەزار كەس كە لە لق و ناوچەكانی پارتی و مەڵەبەندو كۆمیتەكانی  یەكێتی موچە لە حكومەت وەردەگرن. بەرپرسی ئەم دەزگا حیزبیانە وەكو مەلیك دەچین و لاف و گەزاف لێدەدەن لەسەر حسابی گیرفانی خەڵكی فەقیر و هەژار . هەمویان خاوەنی سەیارە ی دوامۆدێل و موچەی باشن  . ئەگەر ئەمانە كادیری  حیزبین و بۆ حیزب كار دەكەن ، دەبێ ئەو حیزبە خۆی بە خێویان بكات و موچەیان بداتی ، نەك لە بودجەی گشتی .
 بۆیە ئەگەر ئەمە هەر وەكو خۆی بمێنێتەوەو پارەش لە بەغداوە بەقەرز بێت و هەرێم خۆی هیچ داهاتێكی لەبەردەستدا نەمێنێت ، كێشەیەكی گەورە بۆ هەرێم دروست دەبێت و فەرمانبەرانی حەقیقی ئەوانەی ڕۆژانە لە فەرمانگەكان كارو باری خەڵك بەڕی دەكەن ، بە هۆی  كادیرو لایەنگرانی هەردوو حیزبی فەرمان ڕەواوە  ، كە موچەیان لەسەر حكومەتە ، ناتواننن لە كاتی خۆیدا موچە وەرگرن . بۆیە دەبێ هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بیر لە دواڕؤژی ئەمانە بكاتەوە چونكە بارۆدۆخ لە گۆراندایەو بەدووریش نازانرێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا  یەكێتی و پارتی هەر وەكو ئێستا بە خاوەن دەسەڵات و بڕیارەوە نەمێنن و گۆڕانكاری گەورە ڕوبدات . 
7- هەر وەكو لە سەرەوە ئاماژەم بە ئەوەكرد بۆ دەرچون لەم قەیرانە باشتر وایە وەزارەتەكان  بۆ كەمتر لە 10 وەزارەت كەم بكەنەوە . ئەگەر ئەوە بكرێت فەرمانبەری زۆر و بەرپرسی زۆر بێ كاردەبن  . دیارە بە بۆچونی خۆم دەبێ بەرنامەیەكی باش و یاسایەكی باشیش بخرێتە گەڕ بۆ چۆنیەتی مامەلە كردن لەگەڵ ئەمانە . ئەگەر كەسانێك  لەسەر پشك پشكێنەی حیزبی كرابن بە ڕاوێژكارو بەڕیوە بەری گشتی بۆ ماوەی چوار ساڵ و  لە بنەڕەتیشدا هەر پێویست
 نەبوبن و لە ڕاستیدا نابێت خانەنشین بكرێن و دەبێ پێیان بگوترێت . كارمان پێتان نەماو خواحافیزتان بێت . ئەگەر كەسانێك خزمەتیان ئەوەندە هەبێت ، بتوانن خانە نشین بكڕێن، ئەوە خانەنشینیان بكەن . ئەگەر دەزانن كەسانێك خاوەنی توانای باشن ، شوێنیان بۆ بدۆزنەوە .  ئەو كەسانەی لە ڕێگای حیزبەكانەوە دامەزڕێنراون و خزمەتێكی ئەو تۆیان نییە و پێویست نێن ، دەبێ بیان نێرنەوە مالەوە . لە ماوەی 32 سالی حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتەدا یەكێتی و پارتی  بە دەیان هەزاركەسیان كردۆتە موچە خۆری بندیوار تەنها لە پیناوی ئەوەی دەنگیان پی بدەن . بە هەزاران  كەس لە ئەوروپان و بەو شێوەیە موچە وەر دەرگرن . 
بەرپرس نییە بە نامەی ئەو چەندین كەسی نزێك لە خۆی نەكردبێتە موچەخۆر لەسەر دەزگای كەم ئەندامان و شەهیدان وپێشمەرگەی خانە نشین . بە نامەی كەسانی وا لەپێناوی وەرگرتنی قەلێك یان كەڵەشێرێك كەسێك كراوە بە موچە خۆری بندیوار، كە خۆی شیاوی ئەوە نییە بیكەیتە شوانی حوشتر .    بە دەیان  هەزار كەس بەناوی حیمایەی ئەم و ئەوەوە  موچە وەردەگرن و كاری باخەوانی بۆ بەرپرسەكان دەكەن . خەڵك هەیە لە ئەوروپا دادەنیشێت و دوو حیمایەی هەیەو موچە وەردەگرن . 
خەڵك هەیە لە شەستەكان بەرپرس بوە ، ئێستا كۆمەڵێك حیمایەی بۆ دانراوە . بە هەزاران كەس لە فەوجەكانی خەفیفەبون و پێشمەرگەیان شەهید كردوەو ئێستا موچە وەردەگرن . هەموو ئەمانە  پێداچونەی وردیان دەوێت و دەبێ یاسایان لە بارەوە دەرچێت و موچەی هەموو ئەوانە ببڕدرێت . با دەسەڵاتداران باش بزانن ، ئەگەر ئەمە نەكەن  ماوەیەكی تر خەڵك زیاتر برسی دەبێت و ڕادەپەڕن و قبوڵی ناكەن كەسێك 40 ساڵ  خزمەتی هەبێت و موچەكەی نەگاتە یەك مڵێۆن ، بەڵام كەسێكی سەر بە حیزبی هیچی نەكردبێت و دوو قاتی ئەو وەرگرێت . 
8-خەڵكانێك لەم هەرێمە هەبون ئەمڕۆ بە پلەی جێگری وەزیر دامەزرێنراون و بۆ بەیانی بە هەمان پلە خانە نشینكراوە .لە  ماوەی 32 ساڵی حوكمڕانیدا بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەوە بەدەرزەن  فەرمان دەرچوە بۆخانە نشینكردنی كەسە نزیكەكانی خۆیان بە پلەی باڵا، یان دامەزراندنی كەسانی نزیك لە خۆیان یان حیزبەكانیان بە پلەی باڵا، لە كاتێكدا  ئەمانە نە پێویست بون و نە لە بەر شارەزایش بون .  هەمووچوار ساڵیك  111 ئەندام پەرلەمان  و چەندین وەزیر و جێگر وەزیر و بەڕیوەبەری گشتی و ڕاوێژكار خانە نشیندەكرێن كە بە هۆی پشك پشكێنەی حیزبیەوە دامەزرێنراون ، نەك شارەزایی . ئەگەر كەسێك ببێتە بەڕێوەبەری گشتی دەبێ 15 ساڵ خزمەتی هەبێت . بەڵام ئێستا بەهۆی حیزبایەتیەوە لە هیچەوە دەكرێت بە بەڕێوەبەری گشتی ودوای چوار ساڵیش بە هەمان پلەی خۆی خانە نشین دەكرێت .
 ئەندام پەڕلەمان تا ئەوكاتەی ئەندامی پەڕلەمانە  هەرچی وەری دەگرێت با وەری گرێت . بەڵام كە كاتی خانە نشینكردنی هات ،   نابێ بە موچەی ئەندام پەڕلەمانی خانە نشین بكرێت  نەك جارێك ئەگەر دوو جاریش ئەندام پەڕلەمان بێت .  یان دەبێ بگەڕێتەوە سەر كارەكەی پێشوی ، ئەگەر كاتی خانە نشینیشی هاتبێت ، بە پێی كاری پێشوی و بڕوانامەكەی  خانەنشین دەكرێت و ئەو ماوەیەی پەرلەمانتاریشی بۆ بەخزمەت حساب بكرێت . 
خۆ ئەگەر هیچ خزمەتێكی تری نەبوبێت  و یەكسەر بوبێت بە ئەندام پەرلەمان  چۆن دەبێت دوای  چوار ساڵ بە ئەندام پەڕلەمانی  خانە نشین بكرێت . ئاخر چ مانایەكی هەیە ئەم ئەندام پەڕلەمانە زانكۆی تەواو كردوە و، هێشتا لە هیچ شوێنێك دانەمەزرێنراوەو بە هۆی حیزبایەتییەوە  بازی بەسەرەوە نیشتۆتەوەو بۆتە ئەندام  پەڕلەمان و بەئەندام پەرلەمان  خانە نشین بكرێت كە موچەكەی لەو مامۆستایە زیاتر بێت كە دەرسی پێ گوتوە . 
 لە ڕاستیدا  ئەوانە  هەر نابێ خانە نشین بكرێن ، خۆ ئەگەربڕیاریش درا خانە نشین بكرێن  ، دەبێ تەنها موچەیەكیان پێ بدرێت كە مامۆستایەكی ئامادەیی دوای 40  ساڵ خزمەت وەری دەگرێت ، كە نزیكەی ملێۆنێكە . باشە لە كوێی دنیا هەیە ئەندام پەڕلەمان دوای خانە نشینی حیمایەی هەبێت ؟. ئایا ئەم پەرلەمانە لە ماوەی 32 ساڵی حوكمڕانیدا  توانیویانە دەستۆرێكی هەمیشەیی بۆ هەرێم دەركەن ، ئەگەر نەیان كردوە بۆچێ ؟.
 كەواتە پەڕلەمانێكی لەو جۆرە هەر بونیشی پێویست نییە .  بە كورتی ئەگەر ئەم دەسەڵاتە خەمی مانەوەی هەرێمی كوردستانیەتی و دەیانەوێت خۆشیان بمێننەوە ، دەبێ پێداچونە بە كۆی هەموو ئەو یاسایانەدا بكەنەوە  كە خەڵكی پێ خانە نشینكراوە  بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە بمێنێتەوە . ئەگەر ئەم دەسەڵاتە  خۆی كەڕ بكات ئەوە كۆتاییان دێت . گومانی تدا نییە ئەم بابەتە  زۆر هەڵدەگرێت لەسەری بنوسرێت ووردەكاری  زۆری دەوێت. ئەوەی من نوسیومە زیاتر بۆ وەبیر هێنانەوەیە . زرۆ ئاسان نابێت تۆ حوكمڕان بیت  لە ماوەی 32 ساڵدا هەر كارت وێرانكردنی هەرێمەكەت بوبێت  بێت لە هەموبوارەكانداو بتەوێت بە ماوەیەكی كورت هەموو شتێك چارەسەر بكەی . ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە دان بەوەدا بنێی كە هەڵەی گەورەت كردوەوشكستت هێناوەو ئێستا ئیرادەی باشت هەبێت بۆ چاكسازی وئەو پێشنیارانە جێ بە جێ بكەن كە ئاماژەم بۆ كردون .
 خۆ ئەگەر ئەوە ناكەن ، باشتر وایە ئارەزومەندانە دەست بەرداری دەسەڵات ببن و داوای لێبوردن لە هاوڵاتاین بكەن .خۆ ئەگەرئەوەش ناكەن دوو ئەگەری تر لە ڕێگایە : یەكەم  بارودۆخی هەریمی كوردستان بەرەو خرابتر دەڕوات و بە دووریش نازانرێت قەوارەی هەرێم هەر نەمێنێت . كە قەوارەی هەرێمیش نەما، خۆشتان نامێنن .  یان ئەوەیە  دوای هەڵبژاردن گۆڕانكاری لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا ڕودەدات و بە دووریش نازانرێت هێزێكی تر دروست نەبێت كە لە یەكێتی و پارتی بەهێزترنەبێت و ئەوان دەست بەرن بۆ گۆڕانكاریەكانی هەرێمی كوردستان .
ئەگەر ئەم دەسەڵاتدارانە  بەڕاستی نوێنەری خەڵك بونایە و شەرعیەتیان هەبوایە ، دەبوو خۆیان دەستیان لە دەسەڵات بكشاندایەوەو داوای لێبوردنیان لە خەڵك بكردایە . بەڵام كە ئەوە ناكەن  بەمانای ئەوە دێت ئەمانە تەنها بۆخۆیان كاردەكەن وخۆشیان بە خاوەنی هەموو هەرێم دەزانن . كەواتە ئەمانە بەرپرسیارن لە هەموو ئەر كارەساتانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتوە. نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بە هۆی ئەمانەوەیە كە پاكتاوی حسابەت لە گەڵ بەغدا ناكەن .
لە كۆتاییدا ئەوەی زۆر بە گرینگی دەزانم ئاماژەی بۆ بكەم ئەمەیە : پەڕلەمانتارێكی عەرەب لە بەغدا دەڵێت: لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی یەكجار زۆر بە پلەی سەربازی وەكو فەریق و لیواو عەمیدو خوارترخانە نشینكراون كە لە سنووری عەقڵدا نییە .هەر وەها بە هەمان شێوەش ژمارەیەیەكی یەكجار خەڵكی تر بە پلەی وەزیر و جێگر وەزیر و ڕاوێژكارو بەڕیوەبەری گشتی خانە نشینكراون كە هەر لە بنەڕەتدا هیچ كارێكیان نەكردوە . ئەندام پەڕلەمانێكی تری عەرەب كە ئافرەتێكە لە پەیجی خۆی نوسیویەتی : لە هەرێمی كوردستان مردوەكانیش موچەیان بۆ بڕاوەتەوە .
گریمان ئەوانە نەیاری ئێمەن و بوختانمان بۆ دەكەن . بەڵام وەرن با بە ویژدانەوە بە دوادا چون بكەین بۆ ئەوەی بزانین ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەكانی دەسەڵات و هەموو ئەوانەی لە پێناوی ئەوەی دەنگیان بۆ بدەن موچەیان بۆ بڕاوەتەوە كە پێان دەگوتریت موچە خۆری بندیوار، ژمارەیان  بەقەدر ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم نێێە ؟. كەواتە ئەگەر حكومەتی هەرێم  لە گەڵ بەغداش بگاتە ڕێكەوتنی تەواو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم ، لەو بڕوایەدا نیم كە ئەو بودجەیەی بۆمانی دەنێرن  بەشی  هەمووموچە خۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم و ئەندامانی حیزبەكان و بندیوارەكانیشیان بكات .  واتە ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات بەردەوام موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەكەوێت و لەكاتی خۆیدا نادرێت . 
بۆیە دەبی بەرپرسانی  هەرێم باش بیربكەنەوەو لێرە بەدواوە فەرمانبەرانی هەرێم بەوە ڕازی نابن موچەكانی ئەوان ببەسترێتەوە بە موچەی لایەنگرانی حیزبی وبندیوارەكانیان و قوتی خۆیان و ماڵ و مناڵیان ببێتە قوربانی ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕؤژان بەردێكیان نەناوەتە سەر بەردێك و لە سەر حسابی ئەوان موچەی بەلاش وەردەگرن و  ڕۆژانە بە بێ  كار دەسوڕینەوەو خۆیان بەسەر خەڵكەوە بادەدەن . بە سەدان كەس هەیە دوكاندارەو كاری تر دەكات و موچەی بەلاشی خۆشی وەردەگرێت .  
لەلایەكی تریشەوە خۆ كێشە هەر پێدانی موچە نییە ، ئەی باشە خزمەتگوزاری وەكو ڕیگاو بان دروستكردنی خەستەخانەو قوتابخانەو بەنداوی ئاو سەدان شتی ترلە كوێوە پارە بۆ ئەمانە بەدەست دێنن . بە بۆچونی من هیچ ڕێگایەكی تر نییە بۆ ئەوەی حكومەت ئەم بارودۆخە تێپەڕێنیت ، جگە لەوەی دەست بكات بە بچوك كردنەوەی حكومەت دەستبردن بۆبڕێنی موچەی بندیوارەكان  . دەبێ بەرپرسانی هەرێم باش بزانن كە حكومەتی بەغدا دەست دەگرێت بەسەر سەرچاوەی  هەموو داهاتەكانی حكومەتی هەرێم هەر بە ناوخۆ و خاڵەسنوریەكان و لێرە بەدواوە بەرپرسانی هەرێم پارەی موفتیان لەبەردەستدا نامێنێت  بەڕاست و چەبدا پیاوەتی پێوە بكەن . لەمڕۆ زوتر نییە دەست بكەن بە چاكسازی و  مانگا مردوو دۆ بڕا تا زوە فریای خۆتان بكەون .   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە