کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرچی قسە بەم شادزە بڵێت، دۆستی پارتیی و یەکێتییە

Wednesday, 20/09/2023, 9:09


حوسێن عەلی شەریف

رێک قسەکانی شاسوار عەبدولواحید وەک قسەكانی هاوڕێ كۆمۆنیستەكەی منە!

كاتی خۆی هاوڕێیەكی مناڵیم كە ژنێك بوو هاتە ئەڵمانیا، هەرچەند لە ماوەیەكی كورتدا ئیقامەی وەرگرت، بەڵام هەمیشە هاواری ئەكرد و ئەینوسی: دەوڵەتی سەرمایەداری ئەڵمان لە رووخاندایە و كەوتنی بەدەستی چینی كرێكاری كۆمۆنیستی نزیكە!
ئەوەی سەیربوو كۆمەڵێك خەڵكیش لایكیان ئەكرد و بە كۆمێنتی گوڵ بەشداری پۆستەكانیان ئەكرد!
منیش بە حوكمی هاوڕێیەتی و دڵسۆزی بڕێك تەمێم كرد، كەچی كار گەیشتبوە جێگایەك ئەیگوت: بێدەنگ نابم و بومەتە مەترسی لەسەر دەوڵەتی سەرمایەداری ئەڵمان، هەربۆیە تا ئێستا دووجار لە ناو شاری موینشیندا موخابەراتی دەوڵەتی ئەڵمان هەوڵی تیرۆركردنی خۆم و كوڕە سێ ساڵانەكەیان داوم!
لە هەموی سەیرتر جارێك نوسیبووی: ئەمڕۆ كوڕەكەم پێویستی بە تەوالێت بووە، دوای ئەوەی دووجار ڕۆیشتوینەتە تەوالێتە گشتییەكانی شاری میونشین، بەڵام موخابەراتی دەوڵەتی ئەڵمان نەیانهێشتوە بچینە ژورەوە!
دووبارە كەوتمەوە تەمێكردنی و گوتم لەسەر ئەم خەیاڵاتە بەردەوامبیت ئەوە لە شێتخانە ئەتبینمەوە و مناڵەكەشت لەدەست ئەدەیت، كەچی ئەو نامەیەكی بۆ من ناردبوو نوسیبووی: هاوڕێ زۆرم خۆش ئەوێیت، بەڵام بەداخەوە كە دەوڵەتی ئەڵمان  مانگانە پارە ئەدات بە تۆ بۆئەوەی قسە بە من بڵێیت و لە خەباتی كۆمۆنیستی پاشگەزم بكەیتەوە!
جا قسەكانی ئەم شاسوارە بازرگانە و قسەكانی ئەو هاوڕێیەم كە ئێستا لە نەخۆشخانەیەكی دەرونی ئەلمانیادا ژیان ئەكات و مناڵەكەشی لەدەستا، هەمان شتە!
پارتی و یەكێتی نەك پارە نادەن بە كەسێك كە قسە بە تۆ بڵێت، بەڵكو پارە ئەدەن بە تۆ تا قسەیان پێ بڵێیت!
پێم بڵێ دوژمنەكەت كێیە، پێت ئەڵێم تۆ كێییت، دەی ئەگەر تۆ دوژمنی ئەوان بیت ئەوە ئەوان  شاگەشكە ئەبن!
ئەوە تۆ و ئەمسالی وەكو تۆیە، كە ڕۆحییەتی گۆڕانكاری و هیوای گۆڕانكاریتان لە ناو ئەم میللەتەدا كوشتوە!
ئەوە ئێوەن لە هەركوێ دەنگێكی ناڕەزایی دژی بێ ئاوی بەرزبێتەوە، بە دوو تەنكەر ئاوەوە خۆتان ئەگەیەنن بە جێگاكە و ئاویان ئەدەنێ بۆئەوەی بێدەنگبن!
پارتی و یەكێتی نەك پارە نادەن بە كەسێك كە قسە بە تۆ بڵێت، بەڵكو ئەوپەڕی پارێزگاریشتان لێئەكەن چونكە هەتا ئێوە بەرەی ناڕازیبن، ئەوان بە بیجامەوە ئەخەون!
ئێوە زامنی مانەوەی دەسەڵاتی ئەوانن هەربۆیە وەك چۆن دەوڵەتی سەرمایەداری ئەڵمان پێویستی بەوە نەبوو لە ئەڵمانیاوە پارە بنێرێت بۆ نەرویج  بۆ من هەتا دژی كەسێك لە فەیسبوك بنوسم و ئەگەر ئەو خاتونەی هاوڕێم ئەوەندە مەترسی بوایە لەسەر ئەڵمان، ئیقامەكەیان لێئەسەندەوە و بە شەقێك فڕێیان ئەدایەوە دەرەوە و دەیانناردەوە بۆ كوردستان، ئاواش ئەگەر ئێوە بچوكترین مەترسیتان لەسەر ئەم دەسەڵاتە هەبوایە بە ڕۆژی نیوەڕۆ سواری جۆلانەیەكی چاڤیلاندیان ئەكردیت و هێندە بایان ئەدایت هەتا ماڵی خۆتانت لێ گوم ئەبوو!
كارەساتەكە چەندێك مەزنە لەم وڵاتەدا، كاتێك قسەیەك بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی ئەڵێیت، وەك سەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی و عەبدولخالق مەعروف و سۆرانی مامە حەمە تیرۆرت ئەكەن، یاخود لە باشترین حاڵەتدا وەك شێروان شێروانی لە زیندانت توند دەکەن، كاتێكیش قسە بە حیزبێك ئەڵێیت كە ناوی خۆی ناوە ئۆپۆزسیۆن، تۆمەتی خیانەت و پارە وەرگرتنت ئەداتە پاڵ!
ئەڵبەتە ئەگەر ئەمە كاردانەوەی كاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیان بێت ئاخۆ ئەبێت سزای ئەو كەسانە چی بێت كاتێك ئەمانە ئەبنە خاوەنی دەسەڵات و قسەیەكیان پێ ئەگوترێت؟!
 ئەگەر ئەم بیركردنەوە دیكتاتۆرییە بیركردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێك بێت، ئەبێت چاوەڕێی كەرەمی خودا بكەین بۆ گۆڕانكاری!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە