بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


بێباکانە لە پاڵ خائینەکاندا وێنەدەگرن

Friday, 15/09/2023, 22:44


ڕۆشنبیران لەچاو خەڵکانی دیکەدا ، زیاتر ناپاکی و دووڕوویی دەکەن ، چونکە ئەوان لەهێنانەوەی پاساودا لەکەسانی دیکە بەتواناترن (لێنین)


زۆربەی رووناکبیرانی کورد هەڵگری ناسنامەی دکتۆرا و ماستەر و شتی زل و قەبەی ترن، لووت بەرز و جنێوفرۆشن، کاتێک رەخنەیەکیان لێدەگیرێت و لە لوتیان دەدرێت، ئیتر دەکەونە سوکایەتیی کردن و جنێودان، بەرامبەرە کەیان تاوانبار دەکەن کە ئەوان جنێوفرۆشن. مێشکیان تەنیا بەشی ئەوەی تیادەمێنێت دەستبوەشێنن و هەوڵی بریندارکردنی بەرامبەرەکەیان بدەن. هەرچی قسەی بازاڕیی و بەرزونزمە لەو کەسەدا بەتاڵی دەکەنەوە، ئەوەی راستییشە ئەوەشیانە، کە ئەمانە بڕیاریان داوە ئەوەی رەخنەیەکیان لێبگرێت، خۆی لە بیر دەچێتەوە، چونکە بڕوانامە و خوێندن و کتێب و دکتۆرا ساختەکەی فێری ئەوەی نەکردووە کە ئەو کەسەکەی ڕەخنەی لێگرتووە، ئەم دەبێت بە ئەرگومێنتەوە وەڵام بداتەوە، نەک بە جنێودان و سوکاتیی.  ئەم دکتۆر و روناکبیرانە، ئیتر دەبنە دوژمن و لەهەوڵی تێکشکاندنی رەخنەگرەکەدا هەموو چەکێک بەکار دەهێنن،  جا بۆ ئەوەی سوکبونەکەی خۆی پێ بشارێتەوە، وەڵامێکی نییە لە بۆ خۆهەراجکردنەکەی کە پێیان زانیوە، ئەمە لە کاتێکدا کتێبەکانی شتێک دەڵێن و خۆشی شتگەلی پوچ و بێئەرزش نمایش دەکات، رۆژانەش لە چەنەبازیش ناکەوێت. دواجار ئەم جۆرە لە دکتۆر و پڕۆفیسور و زانا و مەلایانە هەمیشە لەپشتی مێزێک و چەند مایکرۆفۆنێکەوە خەریکی نەسیحەتکردنی خەڵکین، کەچی خۆیان لەناخدا و لەکرداردا لەهەموو بەهایەک شۆرانەتەوە ، وایان داناوە، ئەو کاتە تەنیا ڕێز لەبەرامبەرەکەیان دەگرن کە بێدەنگن و گوێگربن، بەڵام کاتێک ڕەخنەیەکیان لە بێموڕاڵیی و دزێوی کردار و گفتارەکەی گرت ، ئیتر وەک ئەوەی سەری مەنهۆڵێک هەڵدەیتەوە بۆن هەراسانت دەکات.
 من دەمێکە گومانم هەیە کورد ڕۆشبیری راستەقینەی هەبێت، لەم کاتەدا و ئەوان کۆمەڵێ شتیان لەبەر کردووە، دەنووسن، بەڵام نوسینەکانیان زۆر لە کەسایەتیان جیاوازترە ، بەڵام لە زەنگی تەلەفۆن و تۆڕەکۆمەڵایەتێکاندا بوێریەکیان بۆ دەگەڕێتەوە کە بەرامبەرەکەیان دەدەنە بەر تانە و تەشەر، وەک نمونە مەلاکان دەڵێن: تۆ چی دەزانی؟ تۆ عەرەبی نازانی ، وەک ئەوەی عەرەبیزانین فرین بێت بۆ ئەستێرەیەکی تر. دکتۆر و شەهادە دارەکانیش دەڵێن: تۆ نووسەر نیت، تۆ جنێوفرۆشی.  من دەیان هونەرمەند و نوسەر و خاوەن دکتۆرا دەناسم کەک کاتی خۆی هیچ نەبوون تەنها وەرەقەیەکی جاشی سوکیان هەڵگرتبوو یان سەربازێکی پۆستاڵ لەپێی سەدام بوون، یان مامۆستای زمان و مێژووی سەدام بوون. ئەماش لەماوەی ئەم ٣٢ساڵەی هەرێمدا هەر ڕۆژەی بەرگ و ڕەنگێکیان پۆشیوە ، کاتێکیش بەبیری دەهێنیتەوە و پێێ دەڵێیت: ئەرێ برادەر ئەو جێگەیەی وێنەت تێدا چرکاندووە، ئایا ئەو پیاوە بەزیوەت نەدی، کە میللەتەکەی بەجێهێشت، ئەو وێنەیەت نەدی بەدیوارەکەوە هەڵواسراوە کە سمبوڵی بەزین و هەڵاتنە.
دواجار دەمەوێت ئەوە بڵێمەوە، کە کورد شتێکی نییه‌ ناوی ڕۆشنبیر بێت، ئەگەر نازناوی رووناکبیر رەوا بێت، ئەوە پێوەرێکیشمان نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ ناڕووناکبیرێکدا جیا بکرێنەوە. زۆر کەس پێی وایە هەر کەسێک دیوانێکی هەبوو، جەند رۆمانێکی چاپکرد، یان چەند کتێبێکی خستە بازاڕەوە، چەند وتاری نووسی و سمیناری گرت و لە کۆڕو کۆبونەوەکاندا بواری بەکەس نەدا قسە بکات و هۆڵەکەی پڕکرد لە ووشەي بریقەدار و ئاڵۆز و تەماویی و تێرمی فەلسەفی، ئیتر ئەو کەسە بۆتە رووناکبیر و رۆشنبیر و منەوەر، ئیدی نابێت کەس شان لە شانی بدات، هەرچییەکی ووت، دەبێتە نەخشی سەر بەرد، وەک کابە دەبێت زیارەتی ئەو دەستە جوانەی بکرێت، کە ئەو شتانەی پێ نووسیوە.
جگە لە کورد هیچ نەتەویەکی وشیاری سەر گۆی ئەم زەوییە نابینین، کە کەسێک بە رووناکبیر پێناسە بکەن، بۆ نمونە مێژوونووسێک چەندە زیرەک بێت، هەر پێی دەڵین مێژوونووس، دەروونناسێک، یان سیاسییەک، رۆماننوسێک، فەیلەسوفێک، وەک خۆی ناودەبرێت، هیچی دیکەی بە بالادا دانابڕێت، تەنانەت خۆشیان پێیان شەرمە ئەوەندە بە شان و باڵیاندا هەڵبدرێت و پێناسە بکرێن، ئێمەی کورد بە نووسەر و بە خویندەواریشمانەوە چونکە تێکشکاویین، نووسەرەکان کە نووسینێک دەنووسن، یان هۆنراوەیەک دەهۆننەوە، خەنی دەبن، خەنی دەبن بە رووناکبیر ناوببرێن و پینەی تێکشکاوی خۆیانی پێبکەن، با هەڵویستیشیان ناشرین بێت، گرنگ ئەوەیە کتێبی زل و قەبە بە چاپ دەگەیەنن . 
ئێمە کە باس لە هەڵویستیش دەکەین، نرخی هەڵویست لای که‌سانێکه‌ که‌ نیشتمان لایان به‌های هه‌یه‌ و خۆشیان حورمەتیان بۆ خاک و نیشتیمان مێژووەکەی هەیە، ئەوانەی خاوەن هەڵویستن که‌سانی پڕ به‌هان، جا هه‌ر پله‌ و پایەیەکی کۆمه‌ڵایه‌تیان هەبێت، ئەوانە دەزانن چۆن و لە کەیدا به‌های گه‌وره‌یی مرۆڤ و نیشتمانپەروەریی خۆیان بە نووکە قەلەمێک نادۆڕێنن . 
 کۆرییەکان دەڵێن : "هەرگیز نابێت لەبەرامبەرەکەت بدەیت کە لەسەر زەوی کەوتووە " من هێندەی هەموو ئەم دنیایە لە مەلا و ڕوناکبیرانی کورد بێزارم کە گەلی ئێمەیان لەبێهیوایدا هێشتۆتەوە ، لایان وایە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان پڕکرد لە قسە و ووتاری بێبەها ئیتر ئەوان شایستەی ڕەخنە لێگرتن و بیرهێنانەوە نین، تا بەخۆیاندا بچنەوە . کۆمێدیا لەوەدایە ڕۆشبیرەکان کە من گومانم لە ڕۆشبیرییان هەیە ڕەخنە لەمزگەوت و مەلاکان دەگرن ، مەلاکانیش ڕەخنەو جوێن و سوکایەتی بە بێباوەڕو ڕۆشبیرەکان دەدەن و هەڕەشيیان لێدەکەن کە گەر ئێستا نەتوانن شمشێریان لێهەڵکێشن ئەوا بە دوعاکردن و هەڕەشەکردن لەودنیا دەیان مەلەفیان بۆ کردوونەتەوە و لای خوا لەداریان دەدەن . سەمەرە لەوەدایە هەردوولاشیان بەتەبایی لەگەڵ ستەمکاراندا وێنەدەگرن و ئاسودانە دەست بۆ موچە و بەراتیش دەگرنەوە . لەسەخوانەکان کەوچکی ئاڵتوونی و قوماشی ئاوریشمیش بە بەردا دەبڕن . هەر بۆیە ئەم ڕەفتارانە لەم نوسەرو منەوەرانە وادەکات کاتێک جێمان دەهێڵن کتێب و بەرهەماکانیان پێشخۆیان مردار دەبێتەوە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە