کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرەو بەهێزکردنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی

Monday, 18/09/2023, 22:13


لە میانەی دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچێتی بارزانی و تاڵەبانیدا، خرۆشانێکی بەرفراوانی جەماوەری لە ناوەندی شارەکان و شەقامەکاندا نمایشکراون، کە بۆداواکردنی پێداویستیەکان تا دەگات بەوەی دروشمی کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەنگدانەوەیان بووەو جێگاوپێگەیەکی بەرچاویان نیشانداوین.
ئاستی توڕەیی و دەربڕینی ناڕەزایی و نەویستنی ئەم دەسەڵاتە لە ئاستێکی بەرفراوانتریشدا بە شوێنی خۆی ماوە، بەڵام لە ئێستادا لە شێوازی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەریدا خۆی نانوێنێت، ئەم حاڵەتە  لە خامۆشی، بۆتە جێگەی نیگەرانی کەسانێکی زۆر، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە خێرایی و لە شەووڕۆژێکدا تەختوتاراجی ئەم دەسەڵاتە بپێچرێتەوە و بەرپرسەکانی ئەم دەسەڵاتە بە سزای تاوانەکانیان بگەیەنن، ئەم پەلەکردنە بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە بە هەر شێوەیەک بێت، زیاتر لە نێو توێژی زۆرینەی ئەو رۆشنبیرە ئازادیخوازندا بەرچاو دەکەوێت، کە تەنها لە پەنجەرەی ئازادیەوەو دور لە پێداویستیەکانی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە لە دنیا دەروانن، هەروەها لە ئاستێکی دیاریکراویشدا وەک حاڵەتێک لە نێو بەشێک لە چەپەکان و کۆمۆنستەکانیشدا ئەم دنیا بینینە سەری دەرهێناوە، کە لەگوتارو نوسینەکانیاندا، وەک شێوازی ڕەخنە لە خەمساردی و ڕۆڵی بێئیرادەی خەڵک تەعبیری لێدەکرێت، دەڵێن بۆچی ئەم خەڵکە و کرێکاران بەرەنگاری و کاردانەوەیان نیە..؟
ئەتوانم بڵێم ئەم خواستی پەلەکردنەو جۆری ڕەخنانە، جیاوازیەکی تایبەتی نێوان ئەو توێژەیە لە رۆشنبیرانی ئازادیخواز و زۆرینەی خەڵک بەگشتی، خەڵک بەدوای ئاڵوگۆڕێکەوەیە بۆ باشترکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی، بەڵام ئەو "ئازادیخوازانە"تەنها بەدوای هەوای پاکی ئازادیوەن، بەتەنگ جیاوازی بەینی هەژارو دەوڵمەندەوەنین،لەژێر پەردەی ئازادیدا دەبنە بەشێک لە پارێزەری پێگەی چینە باڵاکان، بۆیە هاوکێشەی ناڕەزایەتیەکانیان مانای جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، کەبەلای هەر لایەنێکیانەوە مانای پراکتیکی تایبەت دەبەخشێت، ئەو ئازادیخوازانەی تەنها ئەوینی پەرچەکردارو کارداونەوەو بەرەنگارین لە هەر ئاستێكدا بێت بۆ گورزکێشان بەدەسەڵاتێکی دیاریکراوی نەخوازراوی دژ بە ئازادی، لە سەرکەوتنی ئازادیدا دەچنە سەر ئەوکارانەی بە هۆی ئازادیەوە بەدەستیان هێناوە، بۆ نمونە دەبنە میدیاکار، بەڵام  خەڵکی ستەمدیدە بەدوای ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەییە لە پێناو خۆشگوزەرانی و مافەکانی ژیاندان، گەر هاوشانی ئازادی، خواست و خۆشگوزەرانی و مافەکانی کرێکاران و توێژە نەدارەکان دابین نەکرێت، ئەو ئازادیە بەدەردی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک نایەت، ئەو کات جیاوازی چینایەتی لە ژێر پەردەی ئازادیدا بە شێوازێکی تر خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئازادی بەبێ گرێدانەوەی بە خواستە زیندوەکانی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش جێگایەک لە خەباتی جەماوەریدا پەیداناکات.
ڕوخانی دەسەڵات بۆ کرێکاران مانای باشترکردنی ژیانیانە لە بەرزکردنەوەی  کرێی کارو کەمکردنی سەعاتی کار و دابینکرنی سەڵامەتی کارو ....، کرێکاران و زەحمەتکێشان بەداوی جوڵانەوەیەک ناکەون کە ئاکامەکەی لە پەیوەند بە ژیانیانەوە ناڕۆشن بێت، ڕوخانی دەسەڵات بۆ ئەو توێژە لە رۆشنفکرانی ئازادیخواز، لە پێناو دۆخێکدایە بۆ ئازادی بیروباوەڕیان، نەمانی زیندانی سیاسی، ئازادی ڕۆژنامەوانی.. کە ئەمانەو زیاتریش لەوانە هەڵبەتە زۆریش باشن، بەڵام کۆمەك بە سفرەی خاڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو نەدار ناکات، واتە گلەیی کردن یا ڕەخنە گرتن، لە ئاستی چۆنیەتی و شێوازی ناڕەزایەتیەکان لەو شوێنەوە نابێت ببینرێت، کە بۆچی بەرەنگاریمان نەکردوەو خرۆشانەکان تەوژمی جوڵەی گەڕاوەتە دواوە، بە تایبەتی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بۆ کۆمۆنستێک مانای ڕێگە ونکردنی ڕێبازو ئامانجەکەی دەگەیەنێت، بڕیارنیە کۆمۆنستەکان گلەیی بکەن و ڕەخنە لە کرێکاران و زەحمەتکێشان بگرن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری ناکەن و نایەنە مەیدان و کاردانەوەیان نیە، دیارە ئەوەیان لەبیر چووە، کرێکاران پێداویستیەکانی ژیان و ئاستی ئامادەییان لە ڕێکخستن و یەکگرتویی دەینخاتە سەر ڕێڕەو کاردانەوە، بۆیە دەبێت ئەوڕێگایانە لە شێوازی ناڕەزایەتی نیشان بدەین کە مایەی سەرکەوتن و دەستکەوت دەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی خودی کرێکاران و خەڵکی هەژارو نەدار، بەمانایەک بۆ زۆرینەی دانیشتوان لە دابینکردنی خواست و پێداویستیەکانیان، یان ڕۆشنتر بڵێین کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتێک بەمەرجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالستی و بنەبڕکردنی تەواوی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان مانا پەیدا بکات، کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی پێداویسیەکانی خۆیان دێنە مەیدان، بۆ خەیاڵات و ئارەزوی ئەو جۆرە لە "چەپ و کۆمۆنستەکان" ژیانی خۆیان ناشێوێنن. 
هەڵبەتە بۆ کۆتایی هەردەسەڵاتێک سەرکەوتوترین ڕێگا خۆپیشاندان و خرۆشانی بەرفراوانی ڕیزی ملیۆنی خەڵکە کە تەواوی دامودەزگاکانی دەستەی دەسەڵاتدار تێکوپێک دەشکێنێت، واتە کۆتایی هەردەسەڵاتێک ئاکامی خۆڕانەگریە لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و خرۆشانی ڕیزی ملێۆنی، کە لە ماوەیەکی کەمدا بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە ناچار بە هەڵاتن دەکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی هەر حکومەتێکدا، دوبارە دامەزراندنەوەو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مەسەلەیەکی جدیە!، کە پێویستە بە ئاسۆ وئامادەیی و توانای هێزی جەماوەر، ڕێگا نەدرێت دەسەڵاتێک بێتەوە سەرکار کە بەهەمان میکانیزم و پرۆسەی دامەزراندنی نایەکسانی و بەرجەستەکردنەوەی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان لە شێوازێکی تردا دوبارەبێتەوە، لە مێژوی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە کێشمەکێشی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا نمونەی بەرچاومان هەیە، وەک ئێران و میسرو تونس....، بۆیە ئەوەی کە جێگای سەرنجە،مەسەلەکە خامۆشی و نەبونی بەرەنگاری و کاردانەوەنیە، بەڵکو نەبونی ئاسۆی جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی گشتگیرە لە بەرجەستەکردنەوەی پراکتیکی شۆڕشگێرانەدا، کارکردنە بە ئامانجی سەرکەوتن بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی یەکسان کە بۆ تەواوی دانیشتوان فەراهەم بێت.
ئەوەی لە نێو تەواوی ناڕەزایەتیەکان و بەرەنگاری و کاردانەوەکاندا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت،سایەنەکردن و لاوازیەکی بەرفراونە لە بونی مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی، تەواوی ئەو جوڵانەوانەی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان و هەر وڵاتێکدا کەلە چەند ساڵی ڕابردودا بەبەرچاومانەوە بوە، کێشەی بنەڕەتیان هەر ئەوەیە کە هەوڵدان بۆ کۆتایی سیستمی سەرمایەداری زۆر لاوازە، یا لە ئاستی نەبوندایە، ئەوەی سایەی کردوە جوڵانەوەی چاکسازیە، چاکسازیش لە ئاستێکی نزمدا، واتە کەموکوڕی جوڵانەوەکان هاتنە خوارەوەی بەرنگاری و کاردانەوەنیە، بەڵکو نەبونی پتەوی ئاسۆ و مەیل و رەوتی سۆشیالستیە لە ڕێڕەوی بەرنگاری و کاردانەوەکاندا، هەتا لەنێو ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانیشدا، لاوازی ئەم رەوتە واقعیەتێکی تاڵە، لەوە تاڵتر ئەوەیە کە خەباتی کۆمۆنستەکان نەچێتە سەر گۆڕینی ئەو واقعە تاڵە، بە ناوی لاوازی بەرەنگاری و کاردانەوە، ڕەخنە لە هێزی بەرهەمهێن دەگرێت کە بۆچی کاردانەوەیان نیە، کە ئەم ئاراستەیە نەک هیچ خزمەتێک بە گەشەی بزوتنەوەی سۆشیالستی ناکات، بەڵکو لە بەرامبەر چاکسازیشدا دەستەوستان ڕادەوەستێت، کە دەبێتە پاشکۆی جوڵانەوەی ئەو چاکسازی و ئازادیخوازیەی توێژە ناکرێکاریەکان بەدوایدا وێڵن، بەڵام پێویستە هاوکێشەکە بە پێچەوانەوە بێت، واتە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و چاکسازی دەبێت جێگای خۆی لە نێو جوڵانەوەی یەکسانخوازیدا بکاتەوە.
واقعیەتی جوڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان شەڕی چینایەتیە، کێشمەکێش و شەڕی نێوان چینی کرێکارو سەرمایەدارە، کۆتایی سەرمایەداری یەک ڕێگای هەیە، خەباتی رێکخراوی چینی کرێکارە دژ بە سەرمایە و سەرمایەداری و سەرمایەداران، کاتێک لە نێو ئەو خەباتەدا ئاستی مەیلی سۆشیالستی سایەی نەکردبێت، هاوسەنگی هێز بە قازانجی  بزوتنەوەی سۆشیالستی کرێکاری نەبێت، حەتمیە شۆڕشی سۆشیالستی لە هەر هەنگاوێکدا قابیلی پاشەکشەو شکست خواردنە.
خەباتی چینی کرێکار و کۆمۆنستەکان ئاوێزانە بەوەی کە کاتێ دژ بە هەر دەسەڵاتێکن، بەو مانایە دژی ئەو دەسەڵاتەن کە بەرگری لە پاراستن و مانەوەی سەرمایەداری دەکات، نەک ئەوەی چەندە دژی ئازادیە. جا ئەو دەسەڵاتە لەکوردستان بێت یا عێراق و هەرشوێنێکی تری دنیا، ئامڕازی دەستی سەرمایەدارانە بۆ چەوسانەوەی کرێکاران و زۆرینەی کۆمەڵگە و پاراستنی هێزی کار وەک کاڵا، ئەو دژ وەستانەوەیە خەباتێکی ڕۆشن و پراکتیکێکی شۆڕشگێرانە دەخوازێت لە چۆنیەتی بەهێزکردن و ڕێکخستن و سایەکردنی ڕەوتی سۆشیالستی لەناو تەواوی بزوتنەوەی کرێکاریدا، بەمانایەک ناوەڕۆکی ڕەوتی ئەو جوڵانەوەیە بە خەبات بۆ کۆتایی کاری بەکرێ بناسرێتەوە، تا لەهەر ساتێکی ئامادەبونیدا بتوانێ زەنگی کۆتایی دەسەڵاتی سەرمایەداران ڕاگەیەنێت.
گەر ئەوە بەفەرمی بناسین لەدەورانی ئێستای خەباتی چینی کرێکاراندا بەگشتی مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی نەیتوانیوە هاوسەنگی هێزی خەباتی سۆشیالستی بگاتە پێشەنگی هەڵسورانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی دیاریکراودا لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، واتە پێویستە هەنگاوەکانمان پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بێت لە نێو خەباتی چینی کرێکار بە تایبەتی و لە نێو خەباتی جەماوەریشدا بە گشتی، بۆبەدەستەوەگرتن و چونە پێشەوە لە گەشدان و پێشڕەوی بە مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی،ئەو کاتە ئەتوانین بڵێین بەرەنگاری و کاردانەوەش مانای پراتیکێکی شۆڕشگێرانە وەردەگرێت. 
ئەم باسە بەو مەبەستە دەخەمە ڕوو کە دەرگایەکی جدی بۆ باسی نێوان کۆمۆنستەکان لەسەر ناڕەزایەتی و شۆڕش و بەهێزکردنی ڕەوتی سۆشیالستی بکاتەوەو جێگای لێکۆڵینەوەو نەخشە کارێک بێت بۆ بەڕێخستن و چونە پێشەوەو هەڵگیرساندنی شۆڕشی کرێکاری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە