نامەکەی مەسروور بۆ بایدن
Friday, 15/09/2023, 21:49
هەندێك پێیان وایە ئەم نامەیەی مەسروور کە بۆ سەرۆکی ئەمریکای ناردوە لە خەم خۆریی و دڵسۆزییەتی بۆ کورد و دۆخی ئەوڕۆی باشوور. مەسروور لە نامەکەدا داوا لە جۆ بایدن ئەکا فشار درووست بکا بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەند مووچە دابین بکا و حکومەتی هەرێم لە هەڵوەشانەوە و لێکترازان،بپارێزێ.
پێش هەموو شتێ ئەوەی لامان زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کورد بە گشتی و بنەماڵەی بارزانی زۆر بەتایبەتی نەك هەڵوەشانەوە و لێکترازان و نەمانی کورد و کوردستان لایان گرنگ نەبوە و نیە، بەڵکە ئەوە کاری سەرەکی و بنەڕەتی ئەو بنەماڵەیەیە کە ڕۆژێك زووتر بێت کورد و کوردستان ناوی لە کولکەی تەڕیشدا نەمێنێ،،ئەو بنەماڵەیە لە 80 ساڵی ڕابردوەوە بەیارمەتی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان دەستیان تێکەڵ کردوە و سڵیان لە هیچ ناپاکی و خیانەتێك نەکردۆتەوە تا بگەن بەو ئامانجەی داگیرکەران بۆیانی ، داناوە. ڕەنگە کەسانێك ئێستێ پرسیاری ئەوە بکەن کەوا بنەماڵەی بارزانی گەر وابن و کاریان کردبێتە سەر نەمان و مەفح کردنەوەی کورد و کوردستان، ئەی چۆن چۆنی خۆیان بهێڵنەوە و بسەپێنن و لە گۆڕەپانەکەدا ، بمێننەوە؟. دیارە ئەمەش پرسیارێکی گەلێ گونجاوە و وەڵامەکەی ئەوەیە ئەم بنەماڵەیە ئەگەر کوردستانیش نەمێنێ کاری ئەمان لای دوژمنان و داگیرکەران هەر بەردەوامە، لەبەرئەوەی هەتا شۆڕشگێڕێك و شۆڕشێك بمێنێ ئەمان وەك تانجی بەر ئەدرێنە گیانی و ڕۆڵی سەگی پاسەوانیان پێ سپێدراوە.
بە بڕوای من ئەم نامەیە جگە لەوەی بۆ چەواشەکاری و گێژکردنی خەڵکی کوردستانە لەهەمان کاتیشدا گەر ئەمریکا هیچ فشارێك لەسەر ناوەند دروست نەکا(کە ناشی کا)، ئەوا ئەم بنەماڵەیە وەك چۆن لە ڕابردوودا ئاشبەتاڵ و هەڵهاتن کاری خۆیان بوە و گەلێ شارەزا و کارامانە تیایدا، ئەوا لەهەمان کاتیشدا بۆشاییەك دروست ئەکەن کەوا وەك چۆن(تورکیا) نەخشەی بۆ کێشاوە کە ڕووبدا، ئەوا گەلێ بەئاسانی دێنە کوردستان و بە تەواوی داگیر ئەکەن، کەئەمەش هەمان سیناریۆی (چاڵدێران)دوو بارە ئەبێتەوە..هەر ببینن کەوا چۆن ئەم پیلانە لەلایەن هەر یەك لە ئێران و تورکیاوە ڕێگەی بۆ گیراوەتە بەر کە ئێران بەناوی چەك کردن و داماڵینی هێزی سەربازی هێزی ئوپۆزیسێۆن و تورکیاش لەخەمی تورکمانەکانی کەرکوك هەوڵ ئەدەن داگیرکاریەکە بکەن، ئەوا ئەم نامەیەی مەسوور تەنها پیلانێکی تورکە و ئەیانەوێ کوردستان ڕادەستی تورکیا بکەن.
لە 2003 و تا ئەمڕۆ هەریەك لە ئێران و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین کێشە و قەیرانی سیاسی و ئاریشە بۆ ئەمریکا لە عێراقدا دروست بکەن و بەشی کێکەکە بەر ئەمانیش بکەوێ،،هەر بۆیە ئەم پارت و بنەماڵە و حزبانەی عێراق بە کورد و عەرەب و هەموو مەزهەب و تێکەڵەکانە یان سەر ئێرانن وەیان تورکیا.. جا بۆیە ئەمریکاش لەماوەیەکی نزیکدا بە تەواوی عێراق بۆ ئەو دوو دەوڵەتە جێدێڵێ و جەنگێك دروست ئەبێ کە هەر ئەمریکا زۆرترین چەك و چۆڵ بە هەردووکیان بفرۆشێ. بەم شێوەیەش زەرەرمەندی گەورە گەلانی عێراق و خەڵکی کورد باجی ئەو جەنگە ئەدەن وماڵوێرانی و سەرگردانی دوا دیاری دەستی بنەماڵەی بارزانین ، بۆ کورد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست