ساڵی 2084 برا گەورە چاودێریتان ئەکات
Friday, 15/09/2023, 21:40
ساڵی ٢٠٨٤ بەروارێک نییە لە داهاتوویەکی دووردا؛ ئەوە دیاریەکی ئۆروێلیانەیە کە هەرگیز داوایمان نەکردووە بەڵام ڕەنگە بە بێدەنگیمان شایستەی بوبین.
ساڵی ٢٠٢٣یە، سەردەمێکی دیستۆپیاییە کە برا گەورەکە تەنها لەناو پەڕەکانی ڕۆمانەکەی ئۆروێڵدا چاودێری تۆ ناکات؛ نەخێر براگەورە لە ژیانی ڕاستەقینەدا خۆی وێناکردووە! لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گروپێک پارێزەری "شۆڕشگێڕ" بڕیاریان داوە بجەنگن نەک دژی نادادپەروەری، بەڵکو دژی ڕەخنەگران لە نادادی حکومەت. چ ڕۆمانێکە، چ ڕۆشنگەری و مودێرنەتییە، چ ٢٠٨٤ ێکە!
نابێ سینارستی ئەم چەواشەکارییە لەبیرکەین، کە خودی مەسرور بارزانییە! پارێزەرەکان تەنها سەربازی پیادەن لەم جەنگەدا، بەڵام ئەوە مەسرور بارزانییە کە وەک فەرماندەی گشتی خزمەت دەکات و شانۆ و سیناریۆی ئەم دراما دیستۆپیاییەی داڕشتووە. چ سیناریۆیەکە! ئەم جارەیان ڕەخنەگران تەنیا بێدەنگ ناکرێن؛ نەخێر ئەمجارە خودی ڕەخنە خۆی لە زیندان دەکرێت".
ئەم پارێزەرانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان قەوارەی هەرێم لە مەترسی دەپارێزن بە سکاڵا تۆمارکردن لە دژی هەر کەسێک کە هەڕەشەبێت بۆسەر قەوارەی هەرێم."هەڕەشە"، بەپێی ئەم پێناسە تازەیە، هەڕەشە کەسێک نییە خیانەتی نەتەوەیی بکات یان سامانی ووڵات بە تاڵان بەرێت یان و یان و یان. نەخێر هەڕەشە کەسێکە کە ڕەخنە لە حکومەت بگرێت. بەڵێ، بوێری بیرکردنەوەیە!
نابێ ئەم هەنگاوە بە بچوک و بێ بایەخ سەیرکەین ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە. ئەمە ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی دیموکراسیەتە. ئەمە گۆڕانکارییەکی هێواش و بێدەنگە لە یاساکانی یارییەکەدا لە ژێر پەردەی پاراستنی قەوارەی هەرێمدا نەخشاندنی کۆمەڵگایەکە کە تەنها کەسانی دەرەوەی یاسا ئازادی قسەکردنیان هەبێت، کۆمەڵگایەکە کە لە لێواری ئیفلاسی ئەخلاقی و فیکریدایە.
لە ساڵی ١٩٤٩ دا، لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا، جۆرج ئۆروێڵ بیرۆکەی برا گەورەی بە جیهان ناساند. برا گەورە کارەکتەرێکە کە دەچرپێنێت بەگوێی نەتەوەکەیدا و دەڵێت "جەنگ ئاشتییە؛ ئازادی کۆیلایەتییە؛ نەزانی هێزە". ئێستا برا گەورەکەی پارتی ئەو خەونە ترسناکەی لە پەڕەکانی ئۆروێڵەوە هێناوەتە ناو واقیعەوە و دیستۆپیاکەی لەسەر خاکی کوردوستان وێنا کردووە بەشێوەیەک کە تێیدا ئازادی هەڕەشەیە، سانسۆر ئاسایشە و چەپڵە لێدان بۆ کەموکوڕیەکانی حکومەت لوتکەی نیشتمان پەروەرییە. هەوڵە بەردەوامەکانی برا گەورە بۆ بەرپەرچدانەوەی بەناو 'مەترسیەکان'، حکومەتی کردووە بە پارادۆکسێک هاوشێوەی مارێک کە کلکی خۆی قوت دەدات، مارەکە دیموکراسییە و کلکەکەشی ئازادییەکانی ئێمەن.
کوان چەپڵەکانتان بۆ مەسرور بارزانی، ئەو پیاوەی کە لە پشت پەردەکانەوە هێڵکاری شانۆگەرێکە دەکێشێت. لە جیهانی ساڵی ٢٠٨٤ی مەسروردا برا گەورەکە تەنها چاودێری تۆ ناکات- نەخێر ئەو بیرکردنەوە سانسور دەکات و ووشەی ئازاد لە زیندان دەکات. وە پارێزەرەکانیش تەنیا بوکەڵەیەکن کە بە ئاوازی لایلایەکەی مەسرور سەما دەکەن.
ئافەرم بۆ پارێزەرە بوکەڵەکان و سەرۆکە خۆڕاگرەکەی حکومەتی هەرێم کە نیشانیان داین کە ساڵی ٢٠٨٤ بەروارێک نییە لە داهاتوویەکی دووردا؛ ئەوە دیاریەکی ئۆروێلیانەیە کە هەرگیز داوایمان نەکردووە بەڵام ڕەنگە بە بێدەنگیمان شایستەی بوبین.
ڕەنگە ئێستا چەند پرسیارێکت لا دروست بوبێت، "چی بکەم؟ چۆن بتوانم بەشداری بکەم لە ڕێگری کردن لەم کارەساتە؟"، چۆن هەوڵدەم کۆمەڵگا هۆشیارکەمەوە؟ من تەنها یەک ئامۆژگاریم هەیە بۆت- شششش! برا گەورە چاودێریت دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست