ووتە هەزارە بەڵام دوانی بەکارە
Sunday, 10/09/2023, 19:46
باس و بەسەرهاتەکانی کوردستان بەهەموو نەتەوەجیاوازەکانیەوە بووەتە هەوێنی چەندین نووسینوو لێکۆڵینوە .
بە داخەوە زۆرینەی ئەو نووسینانە نەک هەر دڵخۆشکەر نین، بەڵکو ڕوخێنەریشن .
لەو کاتەوە بەریتانیای گەورە؟!؟ دوور لەهەموو ئەو بەهایانەی شانازی پێوە دەکات،
هەر وەک بازرگانێکی شەیتان ئاسا کوردستانی دابەش کرد و گەلی کوردستانی ژێردەستی دراوسێکانی کرد وە لەناو ماڵی خۆیدا دەربەدەری کرد ، کوردستان بووەتە لانکەی خەم وئازار.
تا ئەمڕۆشی لەسەر بێت بەریتانیای گەورە؟!؟؟ دانی نەناوە بەو تاوانە قێزەونەدا، شەرمی ئەوەشیان نییە داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکەن بۆ ئەو هەموو ئازار و مەینەتیەی بەسەریا هێناون بەڵکو لەبریا هەمیشە دۆستی دوژمنەکانی هەڵبژاردووە.
دەرئەنجامی ئەم کارەساتە پلان بۆ داڕێژراوەی بەریتانیای مرۆڤ دۆست!؟ کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی کردووەتە سەر باری دەرونی تاک و کۆی کورد وە کەم کەس هەیە لەو بازنە سایکۆلۆجییە داخراوە ڕزگاری بووبێت.
ئەمەش خۆی لە خۆیدا سروشتییە ، لە بەر ئەوەی ئێمەی کورد وەک نەتەوە لەدوای دابەشبوونی کوردستان لە سەدەی ڕابوردوودا هەمیشە ڕوبەڕوی ئەو بەرکەوتە تاڵە بوینەتەوە وەدەبینەوە کەئێمە نەمانتوانیوە وەناتوانین بەرامبەر دوژمنەکانمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین وە هەر وەک زۆربەی نەتەوەکانی جیهان قەوارەیەک بۆ خۆمان دابمەزرێنین یان سەرکەوتن بەدەست دێنین بەڵام تەمەن کورتن زوو کۆتایی دێت.
کورد هەر تاوە نا تاوێک دەرفەتێکی بۆ هەڵدەکەوێ تا بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات بەڵام هەر زوو دوژمنان و نەیارانمان دەست دەکەن بەگەلەکۆمە لێمان تا دەمان بەنەوە سەر خوانی شکستی، بەداخەوە ئەو تەورەی کە داری خواست و ئاواتەکانمانی پێدەبڕرێتەوە خۆشمان بەشێکین لەدروست کردنی دەسکەکەیدا !؟؟، زۆربەی کات بە فیتی دوژمنانمان ،کاتەکانی دیکەش بەهۆی درشتی و نەزانین و کورت بینی خۆمان.
کارکتەری ئێمەی کورد وەک نەتەوە زۆر جێی سەرنج و سەرسامییە، چونکە سەرەڕای ئەو هەموو هەورازو نشێوو شکست و کارەساتانە بەڵام هێشتا هەر کۆڵ نادەین!!؟؟
بەبۆچونی بەندە ئەمە پەیوەندی بەهەڵکەوتەی جوگرافییای کوردوستانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمەی کورد بۆ ماوەی هەزارەها ساڵە لە باوەشی چیاو کێوەکانی زاگرۆسدا ژیاوین و گەورە بووین ،ئەم ژینگەیە کاریگەرییەکی بەهێز و قوڵی کردۆتە سەر هزرو سایکۆلۆجییەتیی ئێمەی کورد، ژیان لەنێو ژینگەی شاخ و داخدا ڕوبەڕوی ئەو بەرکەوتەیەت دەکاتەوە کە کێوەکان و چیاکان داگیر ناکرێن، ئەمە تەنانەت بۆ ئەمڕۆش هەر ڕاستە..
لەم ڕوانگەیەوە هەستێک لە نائاگایی کەسەکاندا دروست دەبێت کە تۆ ناتوانیت چیا نشینێک ژێر دەستە کەیت وە تۆیەکی چیا نشین ژێر دەست ناکرێیت ..!؟
ئەزمونیشمان ئەوە دەسەلمێنێت کە شاخ وکێوەکان جگە لەوەی لانکەی شۆڕشەکانی کورد بوون دژی ستەم و ئازاری داگیرکەران، هەمیشەش وەک کەس و پشت و پەنا وابووە بۆ گەلێکی هەمیشە دەربەدەری وەک ئێمەی کورد وە هەمیشە وەک هەوارگەیەک وابووە بۆ ئاوارەییمان، وە هەر لەخۆشیوە نەووتراوە کە تەنها چیاکان هاوڕێی ئێمەی کوردن.
یان هەر بەکورتییەکەی ئەوەیە ئێمە گەلێکی کەلەڕەقین وە کۆڵنادەین. ؟
بەڵام ئەمە باسەکەی ئێمە نییە، باسەکەمان ئەو بارودۆخە نەخوازراو و چەق بەستووەی باشوری کورستانە کە کەس ئیرەیی پێ نابا.
زۆر نووسراوەو زۆر ووتراوە دەربارەی کێشەو گیروگرفتەکانی باشوری کوردستان، بەڵام مەبەست لەم نووسینەی من گەڕانە بەدوای چارەسەردا ، زۆر زۆرن ئەوانەی کە ڕەخنە دەگرن و دەستنیشانی دەردو نەخۆشییەکانمان دەکەن، هەندێک ڕەخنەکانیان بەرهەمهێنن بەڵام زۆرێک نووسەر هەن کەڕەخنەکانیان ڕوخێنەری دروست نەکەرەن ،ڕەخنەی کەمەر شکێن کە جگە لەخەمۆکی و توڕە
بوون لەخۆت و دەوروبەر هیچی تری لێ سەوز نابێت.
ئێمەی کورد بە درێژایبی مێژوو ئەمەندە شکستیمان هێناوە و ڕووخاوین
تا بینەقاقامان هاتووە،تەنها شتێک کەپێوویستمان پێ نەبێت ڕەخنەی ڕووخێنەرە یان هەمیشە بیری خۆمانی بهێنینەوە کە ئێمە شکست خواردوین( دوژمنەکانمان ئەو ئەرکەیان گرتۆتە ئەستۆ وە زۆر چالاکانە کاری بۆ دەکەن)
من بۆ خۆم لەباشوری کوردستان گەورە بووم، زیاتر ئاشنام بە بارودۆخی ئەم بەشەی کوردستان، (کە پێوویستە هەموو کوردێک پارێزگاری لێ بکات وەک پشت وپەنایەک بۆ هەموان) دەتوانیت ناوم لێ بنێیت ساویلکە، چونکە من هەمیشە گەش بینم کە ئێمەی هاوڵاتی لە باشوری کوردستان دەتوانین گۆڕانکاری ئەرێنی گەورە بکەین نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو هاوڵاتییەک لە کوردستاندا.
دەرفەت هەیە ئەمەش سەرە ڕای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کوردستان و دەوروبەری پێدا تێپەڕ دەبێت ئەگەر بێتو یاسا و ڕێسایەک بۆ کوردستان دابنێن لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون کە ڕۆشنبیری و خزمەتگوزاری پایەکانی بێت ئێمە
دەتوانین کوردستان لە زۆر ڕوەوە بەرەو پێش بەرین.
کورد دوای کۆمەڵ گەلێک ئەزمونی نەرێنی کە زۆربەی پەیوەندی بەو دۆخە سیاسیی و جیێۆ پۆڵیتیکە نەخوازراوەوە هەیە کوردستانی تێکەوتووە دوای پارچە پارچە کردنی لەلایەن بەریتانیاوە، وە سەرەڕای ئەو هەموو کوشتن و بڕین و ماڵوێرانییەی کۆمەڵگەی کوردی پێدا تێپەڕ بووە هێشتا مرڤایەتی خۆمان لەدەست نەداوە وە هەروەها دوو خەسڵەتی زۆر باشمان تێدایە وەک نەتەوە کە جێی شانازییە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە بەگشتی ڕەگەز پەرست نین مێژووشمان ئەوە دەسەلمێنێت سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتانەی دراوسێکانمان بەسەرماندا هێناون وە دێنن هێشتا ئێمە لێببوردەیی و نەرمی دەنوێنین وە لەڕووی ئاینیشە توند ڕەو نین بەڵکو فرە ڕەنگ و فرەڕێڕەوین کە ئەم دوو خەسڵەتە خۆی لەخۆیدا وەک دوو پایەی پتەو وایە بۆ کۆمەڵگەیەکی تەن دروست ،هەر بۆیە وە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین کوردستان بکەین بە لانکەی پێکەوە ژیان لەناوچەکەدا . .
باشوری کوردستان
کێشەکانی باشوری کوردستان گەلێک زۆرن بەڵام زۆر بەیان دەگەڕێنەوە بۆ چەند ڕەگ و ڕیشەیەک، یەک لەو ڕەگ و ڕیشانە کێشەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشە،
گرێ کوێرەی زۆر گەلێک لەکێشەکانی باشوری کوردستان لەم سەرچاوەیەوە هەڵدەقوڵێ ئەم دوو هێزە بوونەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچونی باشوری کوردستان.
پشت بەستنی هەریەک لە (یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات)
بەم دوو هێزە باشوری کوردستانی خستووەتە دۆخێکی چەق بەستووەوە کە ئەمەش ژینگەیەکی نێگەتیڤی وای دروست کردووە کەگەشە کردن تیایدا وەک هەرێمێکی پشت بەستوو بە داموودەزگای سەردەمیانە ئەستەم بێت.
بوونی مێژوویەکی دوور و درێژی تاڵ لە نێوان ئەم دوو هێزەدا(پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی) باروودۆخەکەی بە ئاکارێکدا بردووە کە هیچکامیان بڕوای بەویتر نەبێت.
،لە ڕابردودا پەنابردنی ئەم دوو پارتە سیاسیە بەهێزی چەکداری بۆ تەرخان کردنی ئاساییش بووە تا هەریەکەو نەکەوێتە بەر شاڵاوی ئەوی تر بەڵام ئەمە گۆڕاوە بۆ دەسەڵات سەپاندن و پاراستنی بەرژەوەندیی.؟
وە لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک مشەخۆر دروست بوون بێشەرمانە بازرگانی بەم دۆخە نالەبارەوە دەکەن .!؟
لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بە داخەوە بەکاردێن بۆ چاوسورکردنەوەو پارە پەیدا کردن. هەر بۆیەش ئەم دوو هێزە بوونەتە دەرمانێکی پڕ لەدەرد.
من هیچ گومانم نییە کە زۆربەی زۆرینەمان دەمانەوێت ئەم دۆخە ناشارستانییە کۆتایی پێ بێت، وە لەو بڕوایەدام کەسانێکی زۆر لە ناو یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات ئەم بارودۆخەیان بە دڵ نییە بەڵکو پێشوازیش دەکەن لە نەمانی ئەم دیاردە ناشارستانییە بەڵام وەک لە سەرەو ئاماژەم پێ کرد، بێ بڕوایی بەیەکتری وە بەرژەوەندی کەمینەیەکی بازرگانی مشەخۆر ئەمە جگە لەدەست تێ وەردانی دەرەکی کاری ئەم کەسانەی سەختتر کردووە .
بەڵێ جۆرێک هەوڵ و کۆشش هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات بۆ یەک گرتنەوەی هێری پێشمەرگە و ئاسایش بەڵام زۆر تەم و مژاویە هێشتا هیچی وای لێ سەوز نە بووە کە شادمان بیین پێی.
گەل
پێوویستە گەلی کوردستان بە هەموو نەتەوەکانییەوە وە هەر چوار پارچەکەیەوە بەژدار بێت لە بەردی بناغەی بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەبێت جێگە دەستیان دیار بێت لە بەرەو پێشخستنی ئەم پرۆسەیە، بەوەی فشار بخەنە سەر پەرلەمان و حکومەتی کوردستان کە چیتر خەم ساردانە سەیری ئەم کێشە گەورەیە نەکەن بەڵکو مەردانە قۆڵی لێ هەڵماڵن وە بەیەکجاری بۆ هەتا هەتایە ئەم کێشە پڕ لە سەرئێشەیە بنبڕ کەن.
ئێمە لە باشوری کوردستان پێوویستمان بەوەیە سەروەری بۆ هاوڵاتی بگەڕێنینەوە، پێوویستمان بەیەک دەنگی هەیە، یەک دەنگییەک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەژدار بن تێیدا،هەر بۆیە هاوڵاتییانی باشوری کوردستان پێویستە جێگە دەستیان دیاربێت لە بەرەو پێش بردنی ئەم پرۆسەیەدا ، ئەگەر بێتو بمانەوێت هەرێمێکی یەکگرتومان هەبێت وە چاکسازی بەرنامەمان بێت ، ئەستەمە بێتەدی بێ یەکگرتنەوە و بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش.
چارەسەر
خۆپیشاندانی سەرتاسەری بەڵام بەشێوە کلاسیکیەکەی نا!!؟؟
کە لەڕێگەی ڕژاندنە سەر جادەو ڕوبەڕوبونەوەوە یان هەڵکوتانە سەر دامودەزگا فەرمان ڕەواییەکان یان بارەگای پارتە سیاسییەکان یەکلایی بکرێتەوە.
زۆر پێویستە ئێمە هۆشیارانە لە گەڵ بارودۆخەکەدا هەڵسوکەوت بکەین، وەزۆر بەئاگایەنەوە بجوڵێین، دوو هۆکاری سەرەکی هەن کە بۆچی وا بەشە خۆ پیشاندانی کلاسیکی نەکەین لەم کات و ساتەی باشوری کوردستاندا.
یەکەمیان دوو زۆنی وایکردووە خۆپیشاندانی سەرتاسەری نزیک ئەستەم بێت وە زۆر بە ئاسانی بەلاڕێدا ببرێ لەلایەن دوو پارتی دەسەڵاتدارەوە یان بقۆزرێتەوە لەلایەن پارتە سیاسیەکانی ترەوە بۆ بەرژەوەندی پارتەکانیان وە لەسەروی ئەمەشەوە با چیتر کەس نە بێت بە قوربانی ئەگەر ڕێگەی تر ببێت.
دووەم گرنگی ئاسایشی هاوڵاتییانی باشوری کوردستانە، ووڵاتانی دەوروبەرمان بە عێراقیشەوە هەمیشە خۆیان مەڵاس داوە بۆ هەر جوڵەیەکی بێ بەرنامە بۆ ئەوەی نامەردانە بەکاری بێنن لە دژمان تا ئەم ڕۆژەش ئەم سیاسەتە قێزەونەیان نەگۆڕیوە وە هیچ ڕۆشناییەک نابینرێت کە ئەم سیاسەتەیان بگۆڕن لە داهاتووشدا!؟
ئێمەی کورد لە مێژە سەرمان لێشێواوە، تەنها خۆمان دەزانین دەردی ئێمە چۆنە وە تەنها خۆمان دەزانین چۆن دەردی خۆمان چارەسەر کەین، با بەس چاوەڕێی فەریادڕەسبین ، ئەگەر فەریاد ڕەسیش گەیشت ئەوا باشتر.... بەڵام چارەسەری گرێ کوێرەکەمان هەر خۆمانین بۆیە زیاتر لەهەر شتێک پێویستمان بە بڕوا بەخۆبوونە.
دوو هەڵوێست باڵی کێشاوە بەسەر هاوڵاتییانی باشوری کوردستاندا کە تا ئێستا هیچی وای لێ شین نەبووە.
یەکەم هەڵەشەیی و لەتەور دەرچوون کە توڕەییی بزوێنەرێتی ئەویش لەڕێگای خۆپیشاندانی بێ بەرنامەوە کەزیاتر ناسەقامگیری دەرئەنجامەکەیەتی.
دووەم بێدەنگی و گۆشەگیری کەچاوەڕوانی بەرهەمەکەیەتی، چاوەڕوانی بەڵکو پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان چاوێک بەخۆیاندا بخشێنن وە ئەم دۆخە چارەسەرکەن یان لە لایەکیترەوە ووڵاتێک یان هێزێک لەبەر بەرژەوەندی خۆیان چارەیکمان بۆ بدۆزنەوە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بەنموونە.
من تێدەگەم بۆ واسەرمان لێشێواوە، ئێمە توڕەیەن چونکە گۆڕانکاری ڕیشەیی نابینین لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی کوردستانەوە، داواکارییە سادەکانمان بەبێباکییەوە پشت گوێ دەخرێن.
گۆشەگیرو بێدەنگین چونکە لەو بڕوایەداین دەستی دەرەوە توشی ئەم کارەساتەی کردووین وە هەر دەستی دەرەوە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دەتوانن کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن!؟
ڕوخاندنی دامودەزگا فەرمان ڕەواییەکانی هەرێمی کوردستان کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت وەگۆشەگیریش دەرئەنجامەکەی ئەم بارودۆخەیە کە ئێستا تیایدا دەژین، پێویستمان بەڕێگەیەکی ترە کە کۆمان کات وە کۆکمان کات وە سەرتاسەری بێت.
لەئەنجامی خوێدنەوە و گوێ گرتن لەبیروو بۆچوونی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بۆ چەنین ساڵ
ئەمە هانیدام کە من بە ئەرکی خۆمی بزانم وەک تاکێکی ئەم نیشتیمانە ،ئەم پێشنیارە بکەم، ئەگەر تۆی هاوڵاتیش هاوڕای لەگەڵ ئەم پێشنیار و بۆچونە ئەوا با هەموو پێکەوە ئەم هەنگاوە بنێن بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە چەقبەستووە.
بەبۆچوونی من بۆ یەکلایی کردنەوە و چارەسەرکردنی ئەم گرفتە پێویستمان بەدوو هەنگاو هەیە.
هەنگاوی یەکەم کە سەرەکیترینە وەبە دوو قۆناغدا تێپەڕ دەبێت.
قۆناغی یەکەم پێشنیار کردنی داواکارییەکانمانن
بەنیشتیمانی کردنی هێزیپێشمەرگە و ئاسایش
2- نەهێشتنی هەموو هێزێکی چەکداری بەهەموو جۆرەکانیەوە وەبەتاوان ناساندنی بوونی هەموو جۆرە هێزێکی چەکداری نافەرمی وە نابێت لە ژێر چەتری هەر جۆرە بیانویەکدا پارتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هێزی چەکداری هەبێت.
3- دەبێت بەڕێوبەرانی وەزارەتی پێشمەرگەو ئاسایش سەر بەخۆبن وەهیچ جۆرە پەیوەندییەکیان نەبێت بە پارتی سیاسیەوە وە بەتاوان ناساندنی وەهەروەها سزادانی هەچ کەسێک پەیوەندی لەو جۆرەی هەبێت.
4- بەهەمان شێوە دەسەڵاتی دادوەری دەبێت
کەسانی سەربەخۆبن وەبەتاوان ناساندن و سزادانی هەچ کەسێک پەیوەندی بەهەر پارتێکی سیاسیەوە هەبێت.
5- پەرلەمانی کوردستان دەبێت تەنها وتەنها دەسەڵات بێت کە بتوانێت بڕیار بدات لەسەر چارەنووسی ئەم سێ ڕێک خراوەی سەرەوە.
قۆناغی دووەم
فشار خستنە سەر پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان لەم ڕێگایانەوە
لەڕێگای ڕۆژنامەو گۆڤارو میدیا(۱ سەربەخۆکانەوە،بەتەرخان کردنی ستونێک لەسەر ئەم بابەتە وە هاندانی نووسەران بۆتیشک خستنە سەر ئەم کێشەیە.
۲) لەڕێگای ساییتە ئەلەکترۆنییەکانەوە بە هەموو پلاتفۆرمەکانییەوە: فەیسبوک، تویتەر هتد بەنوسینی کۆمێنتی بەردەوام لەسەر ئەم بابەتە تا کۆتایی دێت وە تاووتوێ دەبێت.
۳) لەڕێگەی ئیمێڵ ناردنەوە بۆ وێبسایتی پەلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەبێت بەبەڵگەیەکی فەرمی کە دەبێت وەڵام بدرێتەوە.
٤)لەڕێگای بەکارهێنانی سیمبوڵێکەوە، کە بەبۆچونی بەندە ئەم هەنگاوەیان گرنگترینیانە.
دەستنیشان کردن و بەکارهێنانی سیمبوڵێک کەهەموو یەک دەنگ بین لەسەری کارێکی سەخت و دژوارە، کاتێکی زۆری ئەم ووتارە/پێشنیارە بەم خەڵەوە بەسەر چووە!؟!
من پێشنیاری پارچەیەک (خام) دەگەم کە هاوڵاتیان وەک سیمبوڵێک بەکاری بێنن لەگەڵ ئەوەی (خام) نیشانەی پاکی و سادەیی و خاکێتییە لەلایەکی ترەوە نیشانەی هیچ پارتێکی سیاسی نییە لەکوردستاندا .
دەتوانین ئەم پارچە خامە بکەین بەبەرۆکمانەوە یان بەدەرگای ماڵەکانمانەوە، بەبەردەمی دوکانەکان یان ئۆتۆمۆبیلەکان هتد
گرنگی ئەم سیمبوڵە لەوەدایە دەبێتە پردێک بۆ بەیەک گەیشتن و بەیەک ئاشنابوون و یەکترناسین
بەتایبەتی کە ئێمە سەردەمێکە لەیەگتری دابڕاوین.
هەنگاوی دووەم دیاری کردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش.
زۆر گرنگە کەپێش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەم داواکاریانەی سەرەوە بدرێت، هەر بۆیە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم نابێت لەژێر پەردەی هیچ بیانویەکدا هەڵبسێت بە دواخستنی ئەم بڕیارە ، پێویستە وە دەبێت
تا کۆتایی ساڵی ۲٠۲۳ بڕیارێکی کۆنکریتی بدرێت لەسەر ئەو داواکارییانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
بەڕێکردنی هەڵبژارنێکی تر لەهەرێمی کوردستاندا پێش بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش، گوێز بەگومەزدا هەڵدانە، بە پێچەوانەی ئەمەوە هەڵبژاردن کێش و مانایەکی تری دەبێت و سەرگرتنی ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ تاوتوێ کردنی کۆمەڵێک کێشەی کۆتایی نەهاتوو لەهەرێمی کوردستاندا وە لەلایەکی ترەوە دەبێتە بەربەستێک بۆ ڕێگری کردن لەو شاڵاوە ناڕاوایەی حکومەتەکانی عێراق ، ئێران ، تورکیا دەیکەنە سەرمان کە هۆکاری سەرەکی ئەم شاڵاوانە پەیوەندی بە لاوازی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟!؟ هەرچەندە دوژمنانی کورد زۆر چاگ دەزانن ڕوخاندنی هەرێمی کوردستان هەروا ئاسان نییە وە ئەم پارووە بە ئەوان قوت نادرێ ،ئەگەرنا هەر زۆر لەمێژ بوو هەرێمی کوردستانیان لەناوبردبوو .
سەرباری ئەمەش زۆر چاک دەزانن هەتاکو باشوری کوردستان لاوازتر بێت دەتوانن سنوری دەسەڵاتیان فراوانتر بکەن وەدەسکەوتێکی ئابوری گەورە بەدەستخەن.؟
هەڵسوکەوتی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەر لەبێ باکیان بەرامبەر مادەی۱٤٠ وە کێشە نانەوە و تەعریب کردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، نەناردنی موچە، هەوڵی لەناوبردنی یاسای نەوت و غاز هتد بەهەمان شێوە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ دەردی دووزۆنی کەیەکسانە بە دوو دەسەڵات، دوو لەشکر ، دوو ئاسایش، دوو حکومەت، دوو بڕیار کەئەمەش دووبارە یەکسانە بە هیچ بڕیار.
لەکۆتاییدا چەندیک بارودۆخ و دەورو بەر کاریگەری هەیە لەسەر سەرکەوتن و شکستیمان سەد ئەوەندە هەوڵ و کۆشش و بەردەوامی و کۆڵ نەدان و مکوڕ بوونمان کاریگەری هەیە لەسەر سەرکەوتن و شکستیمان.
ئێمە پێویستە ئەوەندە بەکەڵکی خۆمان بێین کە ئەم ئەرکە زۆر سادەیە بگرینە ئەستۆی خۆمان کە لەکۆتاییدا بەرهەمەکەشی خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندی خۆمانی تێدایە.
گۆڕین و باشترکردنی شێوەی فەرمانڕەوایی لە باشوری کوردستاندا ئەرکی هەموومانە با هەر یەکەمان چاوەنواڕی ئەوی تر نەبێت.
من دڵنیام زۆرینەمان وا هەست دەکەین وە وای دەبینین کە ئەم کێشەیە زۆر لەوە گەورەترە بەئێمە چاک بکرێت وە ئەم گابەردە بەئێمەی هاوڵاتی سادە لا ناچێ!؟؟
مێژوو سەلماندویەتی کاتێک گەل یەک بێت هیچ هێزێک ناتوانێ ڕێی پێبگرێ وە ئەگەر ئەم کێشەیەی باشوری کوردستان گابەردیش بێت ئەوا بە ژیری و نوێڵێک دەتوانین تلی پێ بەین.
ئەگەر ببێت و ئێمە بتوانین ئەم بەربەستە تێکبشکێنین دەرئەنجامەکەی کاریگەرییەکی ئەرێنی مەزنی دەبێت لەسەر ڕەوشی فەرمانڕەوایی لە باشوری کوردستاندا .
لاوازی و بێ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەناوەو و دەرەوەی هەرێم گشتی دەرئەنجامی ئەم دەردی دوو زۆنییەیە کە پێویست دەکات بەزووترین کات کۆتایی پێبێت.
زۆر زۆر گرنگە لە ساتی دەست پێکردنی ئەم خۆپیشاندانەدا، پەیامەکەمان زۆر ڕوون و ئاشکرا بێت ئێمە هاتووین چاکیکەین ، ڕێکیخەین ، جوانیکەین نەک بیڕوخێنین وە بەردەوام دەبین تا دەگەین بەئامنجەکەمان.
تێبینی:
ئەگەر ئەم جووڵانەوەیە سەریگرت کەزۆر ئومێدەوارم سەر بگرێت من دەمەوێت ڕایبگەێنم کەمن خاوەندارێتی ئەم جووڵانەیە ناکەم تەنها پێشنیاری دەکەم.
ئەم جووڵانەوەیە
تەنها گەل خاوەنێتی منیش تەنها وەک هاوڵاتییەک بەشداردەبم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست