پاسدارو سەلاواتی جەنگ
Thursday, 07/09/2023, 22:53
لە کتێبی چیرۆکەکانی چیا
ئێران دەیویست بەسەڵاواتی جەنگەکە بەرێتەوە .
ئێمە شەڕمان لەدژی دوژمنێک دەکردوو پاڵمان دابوو بەدوژمنێکی ترەوە، ڕاستگۆبم نەمان دەتوانی هەردوو شەڕەکە پێکەوە بکەین ، بۆیە هەرچۆنێک بێت دەبوو شەڕی ئەولابکەین و لەم لاش خۆمان تەیاربکەین . پێدەچێت سروشتی شەڕوابێت دەبێ پشتەوەی خۆت بپارێزی بۆ ئەوەی شەڕی پێشەوە ببەیتەوە . ئێمە شەڕی پێشيمان بردەوە بەڵام جەنگەکەمان دۆڕاند ، هەربۆیە کەدەستمان بەرز دەکەینەوە بۆ نزاکردن مانایی ئەوە نییە کە دەستمان دەگاتە ئاسمان . ناوچەی بادینان ناوچەیەک بوو لەمێژوو بوو سوپای پاسداران هەواریان هەڵدابوو لێ و بەهەر جێگەیەکدا دەڕۆشتی کۆمەڵی پاسدار ماڵۆچکەیان تێدا ئاوەدانکردبۆووە و ناویان نابوو "سەڵاواتی " نازانم ئەم سەڵاواتیە لەچ یاسایەکی ئاینی ئیسلامدا هاتبوو ؟ بەلام لەم جێگەیەدا ڕێبواران و میوانان دەیان توانی نان بخۆن و هەرچیەکیان بوێت بە سەڵاواتیەک بەدەستی بێنن .
ئێمە بەبێ سەڵاواتی دەچووین و دەبوینە میوانی سفرەکانیان . هاوینان چەند تەشتێکی گەورەی خەنەیان دەگرتەوە و ڕێبوارەکان قاچەکانیان لەخەنەدەگرت تا تڵۆق نەکات و پتەوبێت و گەر بریناریش بووبێت وەک مەرهەمێک دەوایەکی چارەسەری برین بوو.
من لەمنداڵیمەوە قینی دنیام لە خەنەو بۆنی خەنەبوو، بەڵام بیرمە کرێکاریم دەکرد بەیانیەک هەستام لەخەو کەبچم بۆکار دایکم هەردوودەستی پڕکردبووم لەخەنە و بەخامێکی چڵکن بۆی بەستبووم هێندە کەنەفت بووم ئاگاداری ئەوچالاکییەی دایکم نەبووم بەرامبەرم کە کردبووی ، چونکە هەردە پەنجەکەم سوتابۆوە بەچیمەنتۆ . سەرەتا زۆر دەهریی بووم بەڵام کە دەستەکانم چاک بوو بەخەنەکە توڕيبوونەکەم دامرکایەوە ، بەڵام هەر ڕقم لەخەنەدەبۆوەو بێزم لێدەکردەوە .
ڕاستی منیش لەبەر ئەوەی چەند جارێک بەچەمەکاندا دەڕۆشتین و قاچم تلۆقی کردبوو زۆر دەیەشا و زامار ببوو ، لە گەلی ڕەش مابەینی رووباری ڕۆشین و خواکورکدا هەردوو قاچم خستە تەشتێکی گەورەی خەنەوەو لەبەر خۆرەکەدا خەوم لێکەوت . کەبەئاگایان هێنام خەنەکە وشک ببۆوە پاشان قاچەکانم شت و ئیتر بۆ هەتا هەتایە قاچەکانم تلۆقیان نەکرد و چاک بۆوە ، هەر ئەوڕۆژە جەند هێسترێکیان بەستبۆوە بە گردێکەوە ، من یەکێک لە هێسترەکانم هێنا لەسەڵاواتێکە، ڕەشمەکەیم گرتوو وەک هیخۆم بێت هێنام ، هەمووپاسدارەکان سەیریان دەکردم من خۆم تیك نەداو وام دانابوو وەک خەنەو خۆراکەکان ئەمیش بەسەڵاواتی دەبرێت ، ئەوان پاسدارەکان هیچیان نەووت منیش لەگەڵ خۆم بردم ، چونکە باری زۆرمان پێبوو دەمان برد بۆ مەڵبەندی بادینان . لەلایەن بەرپرسەکەمانەوە بەپێکەنینەوەستایش کرام و ئیتر ناوی نام "ئەبو بەلاوی " دوایی زانیم مانای باوکی ئاژاوە دەێت .
ئەم وانەی خەنەو سودە کەی لەدوژمنێکی تری نیشتمانەوە فێربووم . جارێکیشیان زستان بوو لەیەکێک لەسەڵاواتێکان لەبن نوالەکاندا ماینەوە باران و بەفر پێکەوە دەباری لە نزیکی خواکورک بوو ئەوڕۆژە ١٠ بەتەنی تەنکی سەربازیم لێوەرگرتن هەشت بەتانیم داخست و دووانیشم دابەخۆمدا ،چونکە لەجێگەیەک خوێندبوومەوە کە مرۆڤ بۆئەوەی لەسەرماخۆی بپارێزێت دەبێت ڕاخەکەی گەرم تربێت . هاوڕێکانم بەپێچەوانەوە بەتانیە تەنکەکانیان بەخۆیاندا دابوو دانەیەکیان ڕاخستبوو تابەیانی هەڵلەزیبوون . هەر ئەو ئێوارەیەلەو سەڵاواتیە بەبێ سەڵاواتی حەڵوایەکی گەرمان خوارد کە شەکرو ئاردو ڕۆنێکی قرچاوبوو ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە دەڵێم ئەو دینامێتەم چۆن بەئیشتهاوە دەخوارد لەوکاتەدا ؟
ڕۆژی دوایی کە بەفردۆڵ وشاخەکەی داگیر کردبوو، پاسدارەکانم بینی زیاتر لە ٣٠ پازدار پاڵیان بە زیلێکەوە دەنا کە لەبەفرەکەدا چەقیبوو پێکەوە سەڵاواتیان لێ دەدا . بەڵام سەڵاوات نەی توانی ئینجێک لە زیلەکە بجوڵێنێ ، بۆیە لەو سەردەمەدا هەمووشتێک لەئێران بەسەڵاواتی بەڕێوە دەچوو،وەک خوێ کردن بوو بە چێشتەوە سەڵاواتی . جارێک هاوڕیەک کە برایەکی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو لەشاری سنە داوام لێکرد کە بچینە "زۆرخانە" و سەیری یاری کردنی پاڵەوانەکان بکەین .
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو لام سەڵاواتی لێرەش ڕۆڵی هەبوو کە لە بڵندگۆکەوە دوایی مەناجاتە عیرفانێکە سەلاواتی لێدەداو پاڵەوانەکانیش دەیان ووتەوە ، ئیتر زانیم بۆچی پازدارەکان بڕوایان وابوو دەرئاسایەک دەبێت و زیلەکە لەناو بەفرە چەقیوەکەدا دەردەهێنن ؟
من ئەوڕۆژە بۆم دەرکەوت ئێران نایباتەوە لەو جەنگەدا چونکە جەنگ بەنزاکردن بەڕێوەناچێت ، سەڵاواتیش ناتوانێ هەموو پێداویستێکانی جەنگ دابین کات . ئەو کاتەی کە ئەنفالیش کراین ئیتر بەتەواوەتی گومان لە خوا کرد و زانیم ئەویش بێدەسەڵاتە . تەنها ڕێگەیەک بۆ بەردەوام بوون شەڕکردنە ، بۆم دەرکەوت کە ژیان وەک ئامێرێکی گرامافۆن وایە تەنها بەیەک ئاراستەدا دەسوڕێتەوە ،گەر بتەوێت بەپێچەوانەوە بیسوڕێنیتەوە ئەوە دەشکێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست