کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاڤەی کۆپنهاگن بۆ تێگەیشتن لە فیزیکی کوانتەم

Tuesday, 05/09/2023, 23:03


کلۆد کۆهین تانۆجی (Cloud Cohen Tanugi)، فیزیکزانی خاوەنی نۆبڵ: "نابێت چی دیکە وا تێ بگەین کە فیزیکی کوانتەم تەنیا بۆ شارەزا و پسپۆڕەکانە، بەڵکوو پێویستە بەتەواوی بچێتە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و بێتە ناو کولتوورەکەمان."


ڕاڤەی کۆپنهاگن (Copenhagen interpretation)، بریتییە لە چەند پێناسەی باو و ناسراو بۆ تێگەیشتن لە دەرەنجامە ناوازە و سەرسووڕهێنەکانی فیزیکی کوانتەم، یاخود میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics)، ئەو ڕاڤەیە لە بنچینەوە بەندە بە دیاردە کوانتەمییەکانی هاوشێوەی سروشتە دوانەکییەکەی ماددە (تەنۆلکە/شەپۆل) و کێشەی پێوانەکردن لە ڕووبەرە هەرە بچووکەکانی ژێر گەردیلەیی. بۆ ئەمەش پشت دەبەسترێت بە بەکارهێنانی هاوکێشە بیرکارییەکان، بۆ دەستنیشانکردنی پلەی ئەگەری بوونی تەنۆلکەیەک لە خاڵێکی دیارکراوی بۆشاییدا.
چەندان زانای مەزنی بواری کوانتەمی ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەم بەشدارن لە داهێنانی چەمک و بنەما سەرەکییەکانی ئەو ڕاڤەیە وەک: نیڵز بۆر (Niels Bohr)، ڤێرنەر هایزنبێرگ (Werner Heisenberg) و ماکس بۆرن (Max Born)، ناوەکەشی لە کۆپنهاگنی پایەتەختی دانیمارک وەرگیراوە، ئەو شارەی (ئامۆژگەی نیلز بۆر)ی لەخۆ گرتبوو، لەو دەمەدا هایزنبێرگیش وەک یاریدەدەرێک بۆ بۆر کاری تێدا دەکرد.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین ئەو ڕاڤەیە بەکورتی شی بکەینەوە کە وێنەیەکی یەکجار سەیر و ئەندێشەیی دەربارەی سروشتی دەوروبەرمان پێ دەدات، هاوکات ئەو هۆکارانەش دیار دەکەین کە فیزیکزانانی ناچار کرد، ئەم جۆرە تێڕوانینە نامۆ و ناوازەیەیان لەلادا دروست ببێت.
لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن لە ڕاڤەی کۆپنهاگن و پێکهاتە بنەڕەتییەکانی بیرکاریی فیزیکی کوانتەم، پێویستە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕوون بکرێنەوە؛
١- ڕستەیەکی فیزیکی بە شەپۆلێکی ئەگەرەکی پێناسە دەکرێت، واتە هەموو ئەو یاسایانەی سیستمە فیزیکییەکان بەڕێوە دەبەن یاسایانەکی ئەگەرەکین، نەک یاسای زەبرگەرایی و نەگۆڕ بن.
ئێروین شرۆیدینگەر (Erwin Schrödinger)، هاوکێشەیەکی دانا کە پێی دەگوترێت، هاوکێشەی شەپۆلەکی (Wave Function)، هەرچەندە بەتەواوی شوێنی ئەلیکترۆن لەناو گەردیلەدا دەستنیشان ناکات، بەڵام توانی چۆنیەتیی جووڵانەوەکەیمان پێ بڵێت. دوای ئەمەیان بۆر هاوکێشەکەی شڕۆیدینگەری هێنا و بە تۆزێک دەستکارییەوە کردییە هاوکێشەیەکی نوێ، بۆ دۆزینەوەی ئەگەری بوونی ئەلیکترۆن بە ڕێژەیەکی سەدی لە شوێنە جیاجیاکاندا.
٢- ئەو بنەما شەپۆلەکییەی بابەتگەلە فیزیکییەکانی ڕەهەندی کوانتەمی، وا دەکات پێناسەیان پێش پێوانەکردن تێکەڵاوێک بن لە پێکەوەبوونی چەند دۆخێک کە ناو دەنرێت بە دۆخی بەسەر یەکەوە بوونی کوانتەمی (Quantum superposition).
چەشنەکانی بەیەکداچوونی فۆتۆنەکان لە ئەزموونی درزی دووانەیی (Double Slit Experiment)، دەرەنجامێکی دیارکراوی بنەمای بەسەر یەکەوە بوونە. هەر کاتێک ئاماژە بەو دیاردەیە دەدرێت زۆربەمان ڕاستەوخۆ بیر لە پشیلەکەی شرۆیدینگەر دەکەینەوە، ئەو پشیلەیەی لەناو سندووقێک دانراوە ژەهری تێدایە، ژەهرەکە بەهۆی کردارێکی پێشبینی نەکراوی کوانتەمی بڵاو دەبێتەوە بۆ کوشتنی پشیلەکە، بەمەش پشیلەکە بە درێژایی کات بە مردوو و زیندوو دەژمێررێت تا ئەو دەمەی سندووقە دەکرێتەوە. واتە پشیلەکە و گەردیلەکانی لەشی لە دوو دۆخی جیادا نین، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە سیستەمێکی دابڕاو (ناتوانین گوێبیستی میاوەکانیشی ببین) و ژێر کۆنترۆڵی میکانیکی کوانتەمدان، بۆیە «مردوو و زیندوو» باشترین پێناسەیە.
٣- کاتێک دەمانەوێت لە سیستمێکدا پێوانەکردنێک ئەنجام بدەین، ئەوا تەنیا یەک دەرەنجام دێتە کایەوە، ئەمەش دەناسرێت بە هەرەسهێنانی کرداری شەپۆلەک(Wave Function Collapse).
واتە ئەو دەمەی سندووقەکەی شڕۆیدینگەر دەکەینەوە ڕووبەڕووی هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو نابینەوە، چونکە یان پشیلەکە زیندووە، یانیش مردووە، ئەمە تەواو هاوشێوەی هەوڵەکەمان بوو ئەو دەمەی ئامێری پێوانەکردنمان بردە ژووری ئەزموونی دوو درزەکە، بەوەی ئەلیکترۆنەکان بە شێوەی تەنۆلکە ڕەفتاریان کرد نەک وەک شەپۆل. بەو واتایەی تەنۆلکە ڕەفتارە کوانتەمییەکەی ون دەکات و هەموو دۆخەکان پێکەوە دەچنە باری یەکانەیی و خوویەکی دیارکراو، هاوتای بازدانێک لە جیهانی کوانتەمییەوە بەرەو جیهانە سروشتییەکە.
٤- هایزنبێرگ بۆ ڕوونکردنەوەی هاوکێشە شەپۆلەکییەکەی شرۆیدینگەر لە ساڵی ١٩٢٧دا بنەمایەکی داڕشت ناو نرا بە بنەمای نادڵنیایی، یان ناوردیی، یاخود ناجێگیریی هایزنبێرگ (Heisenberg Uncertainty Principle). ئەم بنەمایە یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی فیزیای کوانتەم، تێدا هاتووە کە ئێمە هەرگیز ناتوانین دوو تایبەتمەندی لە یەک کاتدا پێوانە بکەین، تەنیا لە ئاست و سنوورێکی دیارکراو لە وردیەتی، واتە چەندەی یەک لەو دوو تایبەتمەندییە بە وردی پێوانە بکەین، ئەوا ئەوەی دیکە بە هەمان ڕادە دوور دەبێت لە وردیەتی. ئەستەمە بتوانین شوێن و خێرایی ئەلیکترۆن پێکەوە دیار بکەین، یان دەبێت بڵێین، ئەلیکترۆن شەپۆلە تا بزانن چۆن دەجووڵێت، بەڵام نابێت بپرسین لە کوێیە، یانیش بە تەنۆلکەی دابنێین و شوێنەکەی دەستنیشان بکەین، لێرەشدا کەس بۆی نییە لە چۆنیەتیی جووڵەکەی بپرسێت.
ئەم چەمکە بەرەو دەرەنجامێکی مەترسیدارمان دەبات و ڕووبەڕووی بێهیواییمان دەکات، بەوەی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک پێی ناکرێت هەموو شتێک بەتەواوی و ١٠٠٪ بزانێت و ١٠٠٪یش پێوانەی بکات، هەر دەبێت بگاتە سنوورێک و نەتوانێت زیاتر تێ بپەڕێت. ئەوەی لێرەدا گرنگە بنەمای ناجێگیریی پەیوەندی بە وردیەتی و پێشکەوتوویی ئامێرەکانمانەوە نییە کە لە پێوانەکردنەکانمدا بەکاریان دەهێنین، بەڵکوو بەندە بە سروشت و خودی یاسا فیزیکییەکان. کەواتە نەتوانین پێشبینیی جووڵەی شتەکان بە وردی بکەین لە دواڕۆژدا، هەر چەندەی لە زانست و تەکنۆلۆژیاکانماندا بەرەو پێشەوەش بچین، بەوەش هەرگیز ناتوانین بە تەواوەتی لە گەردوون و سروشتی دەوروبەرمان تێ بگەین.
بنەمای ناجێگیریی وامان لێ دەکات لە زانستی فیزیادا تەنیا پێشبینییەکی ئەگەرەکی و ئامارەکیمان هەبێت بۆ دیاردەکان. بە نموونە، ئەوەی توێژینەوە دەربارەی چالاکییە تیشکاوەرییەکانی گەردیلەکان ئەنجام دەدات، دەتوانێت لە کۆی ملیارێک گەردیلەی توخمی ڕادیۆم لەدوای یەک ڕۆژدا، تەنیا دوو ملیۆنیان پێشبینی دانەوەی تیشکی (گاما)یان لێ بکات، بەڵام هەر نازانێت کامە گەردیلە لە وانە ئەم تیشکە دەداتەوە. لەگەڵ ئەوەش دەکرێت بڵێین، چەندە ژمارەی گەردیلەکان پتر بن هێندەش ناجێگیریی کەمتر دەبێتەوە، بەپێچەوانەوەش و بە کەمبوونەوەی ژمارەیان گومانداریی و نادڵنیاییمان زیاتر دەبێت.
بوونی ئەم بنەمایە لەو دەمانەدا بووە جێی دڵەڕاوکێ لای گەلێک لە زانای ناودار، تا ڕادەی ئەوەی یەکێکی وەک زانای مەزن ئەنیشتاینیشی گەیاندە ئەو ئاستەی ئەم بیردۆزە بەهەڵە بزانێت و ببێژێت: «مێشکی من پێم دەڵێت چۆن دەبێت خودا یاری زارهەڵدان بکات بەم گەردوونە؟». ئەنیشتاین هەمیشە وای بۆ دەچوو کە دەبێت ڕێکارێک و نەخشەیەک هەبێت لە سروشت سەربەخۆ بێت لە هەموو چاودێرییەک. دواجار هیچ بژاردەیەک لەبەردەم زاناکاندا نەما جگە لە ددانپێدانان بە ڕاستبوونی بیردۆزەکەی هایزنبێرگ، ئەوەی تایبەتمەندییەکی یەکجار گرنگی گەردوونەکەمانی بە مرۆڤ ناساند.

ڕاڤەی کۆپنهاگن چیمان پێ دەڵێت؟

بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری هەرەسهێنانی کرداری شەپۆلەکی، پێویستە پەنا ببەینە بەر شیکردنەوەی زاراوەی پێوانە (Measurement). لە ڕاڤەی کۆپنهاگندا هاتووە لە کاتی تێبینیکردن، سیستمە فیزیکییەکان و ئامرازەکانی پێوانەکردنەکان کار لە یەک دەکەن و دەبنە هۆی لەدەستدانی ئەو دۆخەی تێیدا بتوانین زانیارییەک دیار بکەین، هەر دەمێک پشت دەبەستین بە ئامرازە کلاسیکییەکان، ئەوا دەرەنجامە ئاسایییەکان دێنە دەستمان و جگە لەوەش نە هیچمان پێ دەکرێت و نە چاوەڕێی شتی دیکە دەکەین. بەڵام لە جیهانی خوار گەردیلە، ناتوانین تاقییان بکەینەوە و بگەینە زانیارییەکی تەواو و ورد، چونکە چەندەی هەوڵ بدەین، ئامرازەکانمان کاریگەرییان لەسەر خودی سەرنج و پێوانەکردنەکانمان دەبێت.
ڕاڤەی کۆپنهاگن لە فیزیکی کوانتەمدا زۆر بە سادەیی پێمان دەڵێت: تۆ لە کاتی پێوانەکردنت لە سیستمێکدا بەیەکداچوون دروست دەبێت و خۆت دەبیتە بەشێک لێی و کرداری تێهەڵکێشانت ڕەفتاری سیستەمەکە دیاری دەکات، بە دەربڕینێکی دیکە سیستمەکە ڕێسایەکی چەسپاوی نییە لەسەری بڕوات، بەڵکوو بەگوێرەی ئەو شێوازەی کە تۆ دەیگریتە بەر لە پێوانەکردن سیستەمەکە بەڕێوە دەچێت.
ئەم ڕاڤەیە بە پلەی یەکەم لە خودی خۆیدا دەوەستێتە سەر بنەمای تەواوەتی، یاخود تەواوکارەکی (complementarity principle)، ئەوەی لەلایەن نیڵز بۆر داهێنرا، تێیدا هاتووەکە شتانە مادەییەکان تایبەتمەندیی تەواوکارەکییان هەیە و بە شێوەی دووانەکی دێن و ناتوانین پێکەوە بیانپێوین، بەو واتایەی ئەگەر سیستمێک یەک لەو دوو تایبەتمەندییەی هەبێت، نابێت خاوەنی ئەوەی دیکەش بێت. ئامێری پێوانەکردن هۆکارێکی بنەڕەتییە، ئەویشە بڕیار دەدات کامە تایبەتمەندی تەواوکەر لە سروشتدا دەبێت بەدەر بکەوێت، هەر یەکێکیان شێوازی پێوانەکردنی تایبەت بە خۆی هەیە. دەرەنجام دەگەینە ئەوەی ئێمە هەرچییەکی دەربارەی سروشت دەیزانین، پاش ئەنجامدانی کاری پێوانە مانایەکی دەبێت، بەڵام پێش پێوانەکردن بۆمان هەیە تەنیا دەربارەی ڕێژە ئەگەرەکییەکان بدوێین. هاوکات ناتوانین هیچ پێناسەیەک بۆ دۆخەکە بکەین بەو چەمکانەی هەمانە لە فیزیکی کلاسیکیدا، چونکە تایبەتمەندییەکان پاش پێوانەکردن دەزانرێن. واتای تێکڕای ئەو شتانە ئەوەیە، ناکرێت لە سیستەمە کوانتەمییەکان هیچ پێوانەیەک بەڕێوە بچێەت بەبێ ئەوەی کار لە دۆخەکە بکات و بەتەواوی بیگۆڕێت، یان هەرەسی پێ بهێنێت.
ئەوەی گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە هیچ گۆڕەکێکی شاراوەی کلاسیکی بوونی نییە، تا بیلکێنین بە سیستمەکە بۆ ئەوەی پێناسەی دۆخەکەی بکات پێش پێوانەکردن.
بیردۆزەی گۆڕەکی شاراوە (Hidden-variable theory)، بیرۆکەیەکە هەندێک لە فیزیکزانان پێشنیاری دەکەن بۆ ڕاڤەکردنی سروشتی ئامارەکی و ئەگەرەکی میکانیکی کوانتەم کە پێیان وایە بیردۆزێکی ناتەواوە. بە بۆچوونی ئەو زانایانە ڕاستە فیزیکی کوانتەمی لەسەر تەنۆلکەکان پەیڕەو دەکرێت، بەڵام هەر دەبێت چەند تایبەتمەندییەکی فیزیکی بوونی هەبێت و میکانیکی کوانتەم پێی نەزانیبێت، دەرەنجام بووبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو سروشتە ئەگەرەکییە. بەو تێگەیشتنەش بوو زانای مەزن ئەنیشتاین لەو باوەڕەدا بوو پێکبەندی کوانتەمی (Quantum entanglement)، شتێکی ڕاست نییە، چونکە نابێت دوو تەنۆلکە کاریگەرییان بەسەر یەکەوە هەبێت و پێکبەندییان هاوکاتەکی بێت، واتە لە تیشک خێراتر بن. لەبەر ئەوە بوو دەیگوت، پێویستە هۆکارێک هەبێت بۆ ئەوە بەڵام شاراوەیە و ئێمە نایزانین.
لە کۆتاییدا بۆمان ڕوون بووەوە ڕاڤەی کۆپنهاگن وێنەیەکی یەکجار نامۆمان پێ دەدات دەربارەی گەردوون، چونکە بهێنە بەر چاوت شوێن و چییەتی ئەلیکترۆن مانا نادات بەدەستەوە پێش ئەوەی پێوانەی بکەین، کەچی لەگەڵ ئەوەش ئەلیکترۆن بوونی هەیە، چۆنە؟ لەبەر چی؟
لە ڕاستیدا ڕاڤەی کۆپنهاگن هێندە سەیرە تا ئەو ئاستەی مەزنترین زاناکانی جیهان و بە خودی دامەزرێنەرانی فیزیکی کوانتەمی سەرسام کرد، چەندانێکیش زۆر بە توندی دژایەتییان کرد، بەڵام لایەنگرانی ئەم ڕاڤەیە توانییان وەڵامی ڕاست و گونجاو بۆ ڕەخنەکانیان پێشکەش بکەن. هەرچەندە ئەمڕۆکە ڕاڤەی کوپنهاگن تاکە ڕاڤەی سەرجەم فیزیکزانان نییە، کەچی دیسانەوە نموونەیەکی بەرز و باڵایە بۆ ئەو ئاستەی سروشت کە ناچارمان دەکات تا لە نهێنییەکانی بگەین.
.................................

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە