هاکان فیدان، هەرێم و یەکگرتووی ئیسلامی!
Tuesday, 05/09/2023, 16:34
کۆمەڵێک فاکتەر لەیەک کاتدا کۆبوونەوە کە ئاماژەی باشیان پێوە دیار نییە وەک، لە ٢/٨/ ٢٠٢٣دا مەتیو میللەر وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا ئەو ناوچانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کە تورکیا داگیری کردووە و پاکتاوی نەژادی ئەنجام دەدات، ئەوان چۆنی دەبینن؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە ئەوەی تورکیا لەو ناوچانە ئەنجامی دەدا بە پاکتاوی نەژادی نابینین". بێ گومان ئەم وەڵامە لەخۆرا نییە، هێمایەکی سیاسیی بەهێزە بۆ تورکیا، کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساندووە و ئاساییە سوپاکەی و میلیشیاکانی لەو ناوچانەدا بمێننەوە بۆ هەتاهەتایێ یان تا سەپاندنی مەرجەکانی لە ناوچەکەدا، وەک سەرەتا بەبەر چاوی ئەمریکا تورکیا خۆی و میلیشیاکانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونیان کردە سەر عەفرین، دوای چەند مانگ بەرەنگاری میللەتی کورد، ئەوجا تورکیا توانی داگیری بکات، ئەو کات چومسکی لە میدیاکاندا گوتی: "ئەوەی تورکیا دەیکات بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا نییە". چومسکی هاورێیەکی دڵسۆزی دۆزی کوردە، چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئەردوغان بانگهێشتی کرد بۆ تورکیا، بەڵام چومسکی ڕەتی کردوە و گوتی " من لەسەر بانگهێشت و داوای یەکێک ناێم بۆ تورکیا کە دەستی سوورە بەخوێنی نەتەوەی کورد". واتە تێبینیەکەی چومسکی دەبوایە ئەو کات بەهەند وربگیرێت.
دوای چەند هەفتەیەک لە وەڵامەکەی گوتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاکان فیدان، سەڕۆکی دەزگەی میت لە ڕابردوودا و وەزیری دەرەوی تورکیای ئێستا، لەگەڵ وەزیری بازرگانی تورکیا بۆ عیراق و باشووری کوردستان هاتن، دوا بە دوای ئەوە بڕیاری هاتنی ئەردوغان لە مانگی داهاتوودا بۆ بەغداد پشتڕاست کراوە، دوای ئەو گەشتەیان ئینجا ڕوو لە ڕوسیا دەکەن، ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ تۆکمە کردنی هێزی سەربازیی ئەمریکا و جوڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە سوریا و عیراق و کوردستان، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پیلانێک لە ئارادایە، کە تورکیا لێ نێگەران نییە، دۆخەکەی بۆ ڕەخساوە بۆ سەپاندنی مەرجەکانی، بەرامبەر بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی هەواڵگریی، سیاسیی و ئابووریی لەگەڵ بەغداد، ئەوجا ڕازی بوون بۆ کارکردنی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، بۆ سەرکەوتنی ئەجێندای ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هاکان فیدان، بە ئاشکرا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە مەرجی سەرەکییان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عیراق و هەرێم، لێدانی پەکەکەیە و ئەوان لەگەڵ حکومەتی بەغداد و هەرێم ڕێککەوتوون، کە گەلەکۆمەکێ لە پارتی کرێکارانی کوردسستان (پەکەکە) بکەن و لە خاکی کوردستاندا وەدەریان نێن. واتە هیچ بوارێکی نەهێشتووە کە حکومەتی بەغداد و هەرێم ئەو مەرجە لە ڕای گشتی بشارنەوە، بەتایبەتی لە میللەتی کورد، کە بە ئاشکرا مەبەستی ئەوان هاندانی کورد بە کورد بەکوشتندانە.
|
هاکان فیدان و حزبە تورکمانەکان |
ئەم هەڵوێستەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ هەڵوێستی تاران، کە لەگەڵ عیراق ڕێککەوتووە و داوای لە بەغداد و هەرێم کردووە، تا ١٩/٩/٢٠٢٣ هەموو هێزە سیاسیە کوردەکانی کە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنن، وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و پارتی دیموکراتی ئێران، دەبێت چەک بکرێن، ئاشبەتاڵیان پێ بکرێت، لەژێر فشاری سەربازیی ئیران و بەغداد و هەرێم لە کوردستان دووربخرێنەوە. واتە ئەمەش هەر هاندانی کورد بەکورد بەکوشتندانە، کە نە عیراق و هەرێم لاریان لەوەدا نییە. تورکیا ئاسا، ئیران ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عیراقدا لە میدیاکاندا جاڕدا، تا عیراق و دەسەڵاتدارانی هەرێم، نەتوانن پینەوپەڕۆی ئەو ڕێککەوتنە بکەن و زێتر ڕەگی ناتەبایی و دووبەرەکیی لەنێوان حزبە کوردییەکان دابکوتن.
هاکان فیدان هەر بەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەستا بەبەسەر کردنەوەی پارتە تورکمانەکانی هەرێم و عیراق، داوای لێیان کرد، کە هەموو کێشە ناوەخۆیەکانیان بەلاوە نێن و یەک بگرن، بەرەیەکی تورکمانی تۆکمە لە عیراق و کوردستاندا دروست بکەن. ئەم هەنگاوەی هاکان فیدان، بێسووڕ نییە ئەڵبەتە دەیەوێت ڕۆحی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیستی تورکیی ئاوبدات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک هێزێکی حازر بەدەست ئامادە بن، بۆ گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە. بە واتەیەکی دی لەلایەک کورد بە کورد بە کوشتن دەدەن، لەلایەکی دی هەرچی تۆڕانیش هەیە لە بەرەیەکدا کۆیان دەکەنەوە و بە دزی و بەئاشکرا هاوکاری ماددی و مەعنەویان دەکەن. هەرچەند دەسەڵاتدارانی هەرێم جاشی ئەردوغانن، پێیان وایە تورکیا تا هەتایێ مسۆگەری مانەوەی ئەوانە لە دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیە ماددیەکان، خۆیان لێ گێل دەکەن، کە بەهێز کردنی بەرەی تورکمانی لەنێو دڵی باشووری کوردستاندا، لەنێو جەرگەی هەولێردا، چەند مەترسی هەیە بۆ دۆزی ڕەوای کورد، دە ئەوەندە بۆ بەرژەوەندیی خۆیشیان، چونکە دیارە تورکیا بۆ بەدیلی ئەوانیش دەگەڕێت.
ئەم هەڵوێسستەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ جوڵەکانی ئیران، کارکردن لەسەر بزواندنی هەستی مەزهەبی شیعە، پتەوکردنی میلیشیا شیعەکان لە عیراق و بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، بۆ ئەوەش هەستاوە بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی کوردیی، نزیک کردنەوەیان لە هادی عامری، ئەو هێزەی کە تا بنەقاقای شیعە مەزهەبە و سەر بە ئیرانە. سەرانی یەکێتی ئەگەر پێیان وابێت ئێران بەدوای بەدیلی ئەواندا ناگەڕێت، ئەوە بێ گومان دەکەونە هەڵەیەکی مەزن، ئەم هەنگاوەی عامری بۆ دروست کردنی حەشدی کوردیی، زێتر لەو ناوچانەیە کە لە ڕابردوودا هەمیشە پێگەی یەکێتی تێیدا بەهێز بووە، واتە بۆ ستراتیژیەتی دوور، ئیران هەوڵدەدات لە هەنگاوی یەکەمدا بیکات بە بەدیلی هێزی پێشمەرگە، کە بێ گومان لە داهاتوودا وەک حەشدی شەعبی عەرەبی، دەبن بە خاوەن بودجە و مووچەی بەردەوام و لە ئەگەری کوژرانیان خانەنیشینی بۆ خێزانەکانیان دابین دەکرێت.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە، ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە جوڵەیە، تورکیا پەیتا پەیتا لە بەغداد نزیک دەبێتەوە، کە حکومەتێکە سەر بە ئیرانە، لەلایەکی دی هێزی پێشمەرگە بەپێی دەستووری عیراقی، هێزێکی بەرەنگاریی عیراقییە، ئەرکیی سەرەکیی بۆ پاراستنی سنووری هەرێمە نەک ناوچە کێشە لەسەرەکان و بەشێکە لە سوپای عیراق، هەرچەندە لە جەنگی دژ بە داعشدا هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی کارێگەری هەبوو لە ناوچە دابڕاوەکان، ئەو کات بەغداد خۆی لە مەسەلەکە بێ دەنگ کردبوو، بەڵام ئێستا دۆخی بەغداد گۆڕاوە، ئەوەی دوێنێ قبوڵی دەکرد، ئەمڕۆ ڕەتی دەکاتەوە. بەگوێرەی میدیای عەرەبی بێت، هێزی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا، لەگەڵ حکومەتی عیراق و ئیراندا کۆکن، کە هێزی پێشمەرگە لەژێر هەژموونی حزبی دەربهێنن، دەیانەوێت ٢٨ لیوا لەو هێزە دروست بکەن، لە هەنگاوی یەکەمدا، یەکێک لە ئەفسەرانی ئەمریکی سەڕۆکایەتی بکات، دواتر وەک بەشێک لە سوپای فەرمی عیراقی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
|
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی حەشدی شەعبی |
پارتی و یەکێتی لە دوژمنایەتییدان، سەرانی هەر دوو حزب ملنادەنەبەرێ بۆ یەکخستنی ئەو دوو هێزە، بۆ ئەوەی هێزێکی پتەوی نیشتمانیی و نەتەوەیی لێ دروست بکەن، تا بتوانێت گفت و بڕیار بەدەست بێت، تا ئێستاش هێزی پێشمەرگە، پۆشتەیی بە چەک و تەقەمەنی و قوتی بژێوی ژیانیان لەژێر سەرچاوەی دارایی هێزێکی دەرەکییە، کە کاردانەوەی هەیە لەسەر سەربەخۆیی بڕیاری سەربازیی، هەروها ئەوانەی سەرچاوەی دارایی ئەو هێزەن، بڕیاری چارەنووسسازیان بەرامبەر بەو هێزە لەژێر دەستدایە، هەر کاتێک بیانەوێت هەڵیدەوەشێنەوە یان سەرچاوە دارییەکانیان دەبڕن.
تاریق مەندەلاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی ئەلعالم گوتی:
"دەزگای شەهیدانی حەشدی شەعبی، بەشێکە لە دەزگەی شەهیدانی عێراق، بە پێی یاسا، دابین کردنی خزمەتگوزاریی، دابەشکردنی مووچە و ئیمتیازا بۆ شەهیدان و کەمئەندامانی حەشد.لەم دەزگەیە 10 هەزار شەهید و کەمئەندامی حەشد ناویان تۆمار کراوە، کە لە سەر فەتوای ئایەتوڵڵا سیستانی، مەرجەعی باڵای شێعەی عێراق پەیوەندییان بەم هێزە کردوە. مووچەی مانگانەی خێزانی هەر شەهیدێک، ملیۆنێک و دووسەد هەزارە، دانی زەوی بە بەهای سی میلیۆن دینار، دابین کردنی خەرجی چوون بۆ حەج، دابین کردنی کورسی خوێندن بۆ منداڵەکانیان".
بێزاری خەڵک لە دەسەڵاتی کوردیی، گەندەڵی لە لووتکەیە، دزینی سامانی گشتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم، لاوازبوونی هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی، بڕوا نەمان بە خەبات و تێکۆشان و لەخۆبووردەیی و خۆ فیدا کردن، متمانە نەمان بە هیچ حزبێکی کوردیی، میللەتی کوردیی لە باشووردا کردووە بە لاشەیەکی مردوو، شانبەشانی ئەوەش برسی کردنی باشووری کوردستان، بەتایبەتی بێ دەرامەتی چینی هەژار، فەرمانبەری بێ موچە، گەنجی بێکار، نەبوونی خزمەتگوزاری و بۆشایی سەروەری داد و یاسا، کە زەمینەی لەباری دروست کردوە، بۆ گەڕان بەدوای قوت و گوزەرانی ڕۆژانە، بۆیە ئیران و لێپرسراوانی حەشد، ئەو ڕاستییانە دەزانن کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردییدا ئەگەر مەسەلەی مەزهەبیش نەبێت، مەسەلەی ماددی دەبێتە هۆی ئەوەی بە ناچاریش بێت خەڵک پۆل پۆل خۆی لە ریزەکانی حەشدی کوردیی ناونووس بکات، گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە حەشدی شەعبی کوردیی، ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی خۆی دەخەنە ئەستۆ، کە دەبێت بە بەدیلی هێزی پێشمەرگە، لە ئەنجامدا کەی بیانەوێت، بەگژ هێزی پێشمەرگەی وەدەنێن، واتە کورد بەکورد بەکوشتندان، ستراتیژیەتی داڕێژراوی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە، تاران و بەغدادە.
|
یەکگرتووی ئیسلامیی و هاکان فیدان لە هەولێر |
ئیران هەمیشە بە وردی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیی باشووردا کاری کردووە، کە ڕەگی مێژووی کار کردنی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەزموون پێمان دەڵێت، کە بە گۆڕانی دەسەڵاتدارانی تاران یان سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیی لەو وڵاتەدا، هیچ کاتێک لەژێر هەر بارودۆخێکدا بووبێت، ئەوان ستراتیژیەتی کار کردنیان لەنێو کۆمەڵگەی کوردیی باشووردا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. ئیران هەوڵدەدات سوودمەند بێت لەناکۆکیی نێوان بنەماڵەی بارزانی، بۆ کۆکردنەوەی ئەو عەشیرەتە، بەدیلی بەهێزی لەبەردەستدایە، کە ئەویش ئەدهەم بارزانییە، کە پەیوەندیی ئەو زاتە لەگەڵ ئیران ڕەگێکی مێژووی هەیە، کاتی خۆی حزبێکی ئیسلامی سەر بە ئێران لەسەر دەستی ئەدەهەم بارزانی دروست کرد و دواتر چووە نێو پارتی. ئەدهەم بارزانی ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە ڕێگەی حزبە ئیسلامیەکانی سەر بە ئیران، دەتوانێت هەژموونی خۆی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیش بسەپێنێت.
خەونی ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ستراتیژیەتێکی داڕێژراوە لەلایەن تورکیاوە، بەڵام تا چەند بۆی دەچێتە سەر، ئەوە بابەتێکی دییە، بۆ ئەو مەبەستە کار لەسەر جوڵاندنی دوو هەست دەکات:
یەکەم: هەستی نەتەوەیی
دووەم: هەستی ئاینی
هەرێم هەرچەند هەوڵ بدات مامەڵەی لەگەڵ تورکیا بە ئەوپەڕی ڕێزەوە بێت، یان وەک هێزێکی سەر بە تورکیا خۆی بنوێنێت، دژی هەموو هێزە کوردیەکان بێت کە دژی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەن، هەموو دەرگایەکیان بۆ واڵا بکات، گوێ لەمستی بێت، هەر چۆن ئێستا کردویەتی، بەڵام تورکیا هەرگیز مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکات، بەوشێوەیەی کە ناوچەیەکی سەربەخۆ بێت، یان بۆنی ئەوەی لێ بێت کە لە ئایندەدا ببێتە نواتی دروست کردنی دەوڵەتێکی بچووک، یان لە کاتی تەنگەژە سیاسی و سەربازییەکانیدا ببێت بە پشتوپەنای دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاسنی سارد دەکوتن، ئەگەر بەهیوای ئەوە بن، کە تورکیا کورسی و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەوان دەپارێزێت، یان لەسەر ئەوان خۆی دەکات بە دوژمنی هیچ لایەک. سەردانەکەی هاکان فیدان ئاماژەی ئەو ڕاستیەی پێوە دیار بوو، کە لە باشووری کوردستاندا جگە لە سەڕۆکی هەرێم و پارتی سەردانی بارەگای تورکمانەکان و حزبی " یەکگرتووی ئیسلامی" کرد، چووە ماڵی یەکێک لە شێخەکان، وەک ئەوەی ئەو هەرێمە ویلایەتی شارەزووری جارانی عوسمانیەکان بێت، پێگەی جەماوەریی ئەوان وەک ئەو کات بەهێز بێت، کە لەژێر دروشمی ئیسلامیی و نەتەوەپەرستی حوکمی ئەو دەڤەرەیان دەکرد.
یەکگرتووی ئیسلامی خۆیان بە سەردانەکەی هاکان فیدان هەڵدەکێشن، وەک ئەوەی هەنگیان لە دارە دۆزیبێتەوە، لە یاد خۆیان دەبەنەوە. کە جاشایەتی پێویستی بە ماندوو بوون، خەبات و تێکۆشان و ڕووبەڕووی سەختیی ژیان یان بە کەسایەتی خاوەن کارێزما و شکۆمەند نییە، تەنیا پێویستی بە کەسانی نەفسنزم و کۆیلە و ملکەچیی و هەڵپەڕینە بۆ پارە، کە ئەمە هەموو مرۆڤێکی سووک دەتوانێت بیکات. سەڵاحەدین بابەکر لە میدیاکاندا جاڕی دا:
"یەكگرتووی ئیسلامی و پارتی داد و گەشەپێدان پەیوەندیەكی دوور و درێژ لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەنێوان حزبە كوردییەكاندا تەنها سەردانی ئەمیندار و مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كرد".
یەکگرتووی ئیسلامی لە میدیاکاندا بڵاویان کردەوە، کە ئەوان لەگەڵ هاکان فیدان، باسی کێشە کەڵەکە بووەکانی نێوان تورکیا و عیراق و هەرێمیان کردووە! یەکگرتووی ئیسلامی وای دەردەخات کە ئەوان نوێنەرایەتی میللەتی کورد لە باشوور و باکوور دەکەن. هاکان فیدان یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی و حزبە تورکمانیەکانی خستە یەک تای تەرازوو، لە کاتێکدا لە هەرێم پارتی دەسەڵاتی یەکەمە، یەکگرتووی ئیسلامی دوو کەس و لەتێکن، حزبە تورکمانیەکان بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرێن، ئێستا ڕوون نییە کە هاکان تاوتوێ کێشە کەڵەکە بووەکانی نێوان خۆیان و هەرێمی لەگەڵ بارزانی کردووە، یان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و حزبە تورکمانییەکان؟ یان بە یەک چاو سەیری هەموویانی کردووە و لەگەڵ هەرسێک لایەن تاتۆی ئەو بابەتانەی کردووە؟ ئەوەی دەبێت بگوترێت ئەوەیە، کە کاتێک نوێنەری وڵاتێک دەچێت بۆ سەردانی وڵاتێکی دی، ئەوا تەنیا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە و سەڕۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە تاوتوێ گرفت و پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکات، ناچێت بارەگە بە بارەگە حزب و لایەن بچووکەکان بەسەرکاتەوە. حکومەتی هەرێم پێ خۆش بێت یان نا، ئەوە لێدانە لە شکۆی ئەو، سەردانەکەی هاکان بە گەشتێک دەچێت کە بۆ نێو کۆمەڵێک عەشایر هاتبێت نەک وڵاتێکی خاوەن سیادە.
یەکگرتووی ئیسلامی، بە سەردانەکەی هاکان فیدان خۆیان لێ گۆڕاوە، هەر بەوە نەوەستاون تاتوێ کێشەی هەرێم بکەن، بەڵکو تاوتوێ کێشەی کوردی باکوریشیان کردوە لەگەڵ فیدان. سەلاحەدین بابەکر لە میدیاکاندا گوتی:
" ئێمە پەیوەندیەکی قوڵمان لەگەڵ پارتی دادو گەشەپێدان هەیە، بۆیە سوودمان لەو پەیوەندییە وەرگرتووە، هەمیشە لە دانیشتنەکانمان لەگەڵیاندا باسی چارەسەری دیبلوماسیمان بۆ کێشەی کورد لە تورکیا کردووە".
دنیا ئاگاداری ئەو ڕاستییە کە باکووری کوردسستان خاوەن نوێنەرایەتی شەرعی خۆیتی، کوردی باکوور خاوەن شۆڕشی چەکدار و حزبی بەهێزن لە شاخ و لەنێو پەرلەمانی تورکیادا، پێگەی جەماوەرییان لە هەموو حزبە کوردییەکانی هەر چوار پارچە بەهێزترە، ئیتر بۆ دەبێت سەڵاحەدین خۆی ماندوو بکات، تاوتوێ کێشەی کوردی باکوور، کە هەزار ساڵە کەڵەکە بووە، ئەو بیەوێت لە هەولێر پاڵی لێداوەتەوە قاتوڕێشمە لە مل دەکات، لەسەر سفرەی تیروپڕ و لە ماڵی گەرموگوڕدا ئەو کێشە کەڵکە بووە هەزار ساڵە تەمەنە لەگەڵ تورک چارەسەر بکات!
دەرئەنجام:
لەسەر دەستی عیراق و ئیران و تورکیادا پیلانێکی مەترسیدار لە ئارادایە دژی دۆزی کورد. تورکیا و ئیران هاوداواکارن کە هێزی سەربازیی کوردیی ئەوانەی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنن دژ بە هەردووک لایەن چەک بکرێن. ئیران داوای لە عیراق کردووە، کە چۆن موجاهیدی خەڵقی ئیرانیان ڕاونا و سەڕۆکەکانیان ڕوویان لە هەندەران کرد، بەهەمان شێوە هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمان چارەنووسیان هەبێت.
عیراق و ئیران و تورکیا، بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن فتنەی دووبەرەکیی لەنێو حزب و هێزە سیاسیی و چەکدارە کوردەکان هەڵگیرسێنن، هەموو ئامرازێکی سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی، بەکاردەهێنن بۆ ئەو مەبەستە.
عیراق و ئیران و تورکیا و هاوپەیمانان، دەیانەوێت میللەتی کورد بە میلیشیا بکەن لەبەرەی جیاوازدا. بە خوێندنەوەی ڕووداوەکان بێت، یان بە هەموو پێوەرێک بێت، کۆتایی ئەو ناعەدالەتی و گەندەڵییەی کە لە باشووردا هەیە نزیک بۆتەوە، بەڵام ڕوون نییە لە ئەنجامی هەڵەی چارەکە سەدەیەکی ئەو حزبانەی باشوور چی جۆرە بەدیلێک چاوەڕوانی باشووری کوردستان دەکات!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست