کتێب سوتاندن ئاکتێکی فاشیستانەیە
Monday, 28/08/2023, 22:25
لە فەرەنسا نەک هەر ڕێگەپێنەدراوە کتێبێک بسوتێنرێت لەسەر جادە، لە هەمان کاتدا کولتووری فەرەنسیش نییە، ئیدی ئەو کتێبە هەرچییەک بێت. لەگەڵ ئەوەشدا فەرەنسا پەیڕەوی بەکاراترین سیستەمی سیکۆلاریزم دەکات. کتێب سوتاندن بیری سەردەمی ماکارتی و فاشیست و نازیمان دەخەنەوە. ڕاستە ئەو کوڕە ئێراقیە دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و بڵێت لەبەر ئەوەی کە ئەو کەسێکی مەسیحیە و لە سورەتێکی ئەو کتێبەدا هاتووە کە موسڵمانێک بۆی هەیە کەسێکی نا موسڵمان بکوژێت. کەواتە ژیانی لە مەترسیدایە و وەک بەرگریکردن لەخۆ ئەو کارە دەکات. چونکا ئەگەر ئەو کوڕە ڕێگا بەخۆی دەدا ئەو کتێبە بسوتێنێت وشەی (قتلو)وە لە نێو چەندەها سورەتی تردا کە کێشە دەنێتەوە. هەرچەندە من عارەبیەکەم دوکەڵ دەکات بەڵام ڕوونە کە وشەی ( قتلو) بە مانای (بیان کوژن) دێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە تەرجومە فەرەنسیەکەیدا تەرجومەکراوە بە :
(بیانخنەوە سەر ڕێگەی ڕاست، ڕاستیان بکەنەوە). وشەکە بە فەرەنسی :
(corrigez les).
لەبەر ئەوەی گوایە بە عارەبی قتلو بە مانای ڕوبەڕوبونەوەش دێت نەک کوشتن. بەڵام ئەگەر خودا عالمە و زانایە و مەبەسێکی تری هەبوایە جگە لە کوشتن، دەبوا وشەیەکەی گونجاوی تری بدۆزیایەتەوە، وەک چۆن چەندەها وشەی بێگانە بەرچاودەکەوێتن لە قورئاندا.
ویستن چەرچڵ دەیوت :
(خراپترین شت دیموکراسیە بەڵام سیستەمێکی ترم بۆ بدۆزەرەوە لەو باشتر).
فرانسوا میتران دەیوت:
(هەنێ جار هیوای هێزێکی تۆتالیتاریستی دەخوازین، بەڵام داواجار بە ناچاری دەگەڕێینەوە بۆ دیموکراسیەکە.)
دیموکراسی گرنگە، چونکا ئەم ئاکتانەی وەک سوتاندنی قورئان ئەگەریش ئێمە دژی بین و بەهەڵەی بزانین، دەبنە پاڵنەر ورووژاندنی دیبەیت، بەڵکو ڕۆژێک لە ڕۆژان موسڵمانان بە دەنگی بەرز بڵێن کە ئەوان ئەو کەسانە ناکوژن کە موسڵمان نینە. ئەوسا ئاوێک دەکەین بەم ئاگرەدا و دەیکوژێنینەوە. بەڵام وادیارە ئەگەر شتێکی وەها ڕووبدات، وەک چۆن فەرەنسیەکان ئێژن:
مریشک دانی لێ دەڕوێت.
ئیدی ئەم کتێبە بۆتە بابەت لە جیهاندا، وەک چۆن بوون و گەردوون لە هیچەوە هاتونەتە بوون، هەر ئاواش لەم کتێبەوە کە شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە بۆ مرۆڤایەتی و بۆشە، بووە بە بابەت؛ فەرهاد پیرباڵ ماچی دەکات، یەکێکی تر دەیسوتێنێت هەزارەها کەس لەبەری دەکەن بە نوختە و بە فاریزەوە، سەدام حسەین بە خوێنی خۆی دەینوسێتەوە و یەکێکی تر سوێندی پێ دەخوات و ئەوی تر ژنەکەی پێ تەڵاق دەدات و نوسەرێکی بەناوبانگی فەرەنسیش ، میشێل ولبێک دەڵێت :
<< ئیسلام قۆڕترین دینە.>>
بەڵام ئایا کەی مریشک دانی لێ دەڕوێت ؟
چیرۆکی مرۆڤایەتی هەردەم وەها بووە، خۆ ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەسانی ئاشتی خواز و فەیلەسوف و سۆفی و کەسانی ژیردا نییە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدایە کە ڕێگریمان لێ دەکەن و دژمان دەوەستنەوە بە بەکارهێنانی مێتۆدی دژوار وەک کوشتن. وەک حەسەن بەنا وتی ئێمە کە ناتوانین بە تەکنەکۆژیا بە ئەوروپاییەکان بگەینەوە ئەوا بە دین پێێان دەگەینەوە.
بە پێی بیرۆکەی بودیستەکان ڕێی تێناچێت ڕۆژێك لە ڕۆژان هەموو مرۆڤایەتی بچنە سەر هەمان دین، لەبەر ئەوەی ئەوە خاڵی دواهەمین ناکۆکیە لە نێوان کۆمەڵگەکانی سەر ڕووی زەوی، واتە کۆتایی ململاێ و دینامیزم، چونکا ناکۆکی بە مانای دینامیزم دێت. ئەم جیهانەش لەسەر دینامیسم بەندە. کەواتە دەبێت ئێمە ناکۆکیەکانمان بخەینە شتێکی ترەوە. وادیارە کە لە داهاتوودا ناکۆکیەکانمان دەگەڵ ژیری دەستکردا دەبێت. ژیری دەستکرد ئاوێنەی هزری ئێمەیە و ڕوبەڕوی خۆمانی دەکەینەوە.
وەک لە دواهەمین کاریکاتۆری شارلی ئێبدۆدا هاتووە: ئەگەر دەتەوێت ڕزگارت بێت لە ژیری دەستکرد بڕۆ پێی بڵێ :
(کاریکاتۆرێکی پێغەمبەری موسڵمانانمان بۆ بکە.)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست