چیرۆکەکانی شار: من کچی کاپیتانی کۆمارێکی کوژراوم

Monday, 28/08/2023, 22:17

4130 بینراوە


ئەم چیرۆکە پێشکەشە بە "ڕێزدار ووریا محەمەدی ماملێ "کە گەوهەرێکی ونبووی بۆ دۆزینەتەوە. 

کە سندوقە تەختەکە گەیشتە دەستم و کردمەوە لەناویدا تورەکەیەک ڕەنگ خۆڵەمێشی چنرابوو بەخەتێکی خوارخێچ لێ نوسرابوو دیاری بۆ سەرگۆڕی "کاپیتان حەمەدی مەولودی " منیش تورەکەکەم کردەوە خۆڵێکی قاوەی شاری سابڵاخ بوو، لەیەکێک لەو جێگایانەی باوکم پێدا ڕۆشتبووکۆکرابۆوە ، ڕەنگە ئەو باخچەیەبێت کە پەناگایەک بوو بۆشەڕکەرە ماندوونەناسەکان ،یان حەشارگایەک بۆ جەنگاوەرە پێشمەرگەکان ، ئارامگایەک بۆ ساڕێژبوون لەناسۆر . بەدەست خۆم نەبوو تورەکەکەم بەخۆڵەکەوە ماچکرد و بۆنم کرد، هەربەڕاستی بۆنی ئەم خۆڵە جیاوازە بەخۆم ووت . 
ئیتر کەوتمە ناو خەیاڵی ڕۆژ وساڵەکانی کەلەنزیکەوە لەگەڵ باوکم بەسەرم بردبوو. من ئێستا لەخۆم توڕەم کەبەکەم سەیری باوکمم کردبوو ، بۆم دەرکەوت باوکم ژیانێک ژیا کە ژیانە کەی ژیان نامەیەک بوو پڕبوو لە ڕووداو . زۆرجار باسی شەڕی بۆدەکردم. بەڵام لای من جەنگ و هونەر دەبوو تەنها لەدوورەوە سەیری کەیت ، نەک وەک باوکم کە ئەزموونی کردبوو . باوکم خوشک وبراکانی بەجێهێشتبووم هەمیشە کەباسی دەکردن وەک منداڵ چیرۆکەکانی دەگێڕایەوە . بیرمە کە چوار ساڵ بووم هەمیشە دەترسام لەهەمووشتێک، تا باوکم ڕۆژێک پێی ووتم کچم منداڵی کورد نابێت بترسێت ، تۆدەزانی منداڵی کورد بەر لەوەی بێنە ناو ئەم دنیا ئاڵۆزەی ژیان ترس لەناو منداڵدانی دایکیاندا دەنێژن . 
 ئیتر ببڕای ببڕای من لەهیچ شتێک نەدەترسام . 
هەموو جارێک باوکمم دەدی خەریکی نوسین بوو ، نوسینێک کە لەناویدا غەرق ببوو ، وەک کەسێک لەوێنەیەکی دیواردا گیری خواردبێت ،هەمیشە جگەرەو قەڵەم و پەڕەی بەرت وبڵاو لەدەووری بوون.
باوکە خۆتۆ دەڵێت : من کەچە خوێندەواریم هەیە ،بەڵام دەڵێ لەزانکۆی و کۆشش دەکەیت و بەردەوام دەنووسیت ؟
باوکم ووتی : کچم مرۆڤەکان تەنها بەیەک شێوە لەدایک دەبن ،بەڵام بەهەزاران شێوە ژیان دەکەن ، ئاخر کچم ژیان هەرگیز بەدەم هەمووکەسێکەوە پێناکەنێت ، بۆیە گرنگە مرۆڤ بەپێ بنەماکانی خۆی ژیان بکات . 
ماوەیەکی زۆر باوکم هەر دەینوسی و بێزار نەدەبوو لە ڕەشکردنەوەی پەڕەکاندا . ڕۆژێک ووتم باوکە دەتوانم بزانم چی دەنوسیتەوە ؟ 
 باوکم پێکەنی چاوەکانی پڕبوون لەفرمێسکی قەتیسماو ،،سەرەتا ووتی: ئێمە ژیانمان پێبەخشراوە دەبێت بەشایستە بەکاری بێنین. کچم من مێژووی نیشتمانیك دەنوسمەوە کە لەخوێن هەڵکێشراوە و منیش پریشکی زۆری ئەوخوێنەم پیا ڕژاوەو چەرمەسەری وهەورازو نشێوی زۆرم بەچاوانم بینیوە . چیرۆکی ڕووداوەکان دەگێڕمەوە تانەوەی دوایی خۆمان سودی لێببین و بێتە وانە و ڕێنیشاندەریان ، من باسی مێژوویەک دەکەم لە پارچەیەکی بچوکدا نیشتمانێکی ئازادمان تیا درووستکرد و منیش کاپیتانی ئەو سوپایە بووم . 
باوکم بەم قسانەی چیرۆکی گەرمی زۆر دەهێنا بەدڵما، بەئاواتەوەبووم پەڕەکان کۆکەمەوەو بیکەمەکتێبێک و بەخەڵکی بڵێم ئەمە باوکی من نوسیوێتی ئەوباوکەی لەزیندان فێری کەچە خوێندەواری بووە ، لەنیشتمان فێری بەرگری کردن لەخاک بووە. 
 ئای لەباوکم چەنێک نیشتمانەکەمانی خۆشدەویست !؟
نەخشەیەکی گەورەی بەدیوارەکەدا هەڵواسیبوو نەخشەی نیشتمانێکی چوارپارچە،وەک قیبلەی موسڵمانان هەمیشە لێێ دەڕوانی هیچ دین دارێک ئاوا ڕاسگۆ نەبوو بەرامەبەر قیبلەکەی . 
فرمێسکەکانی باوکم زۆر سەرنجی منیان ڕاکێشا ، تائەوکاتە وام دەزانی هەر منداڵ و ژن دەگرین، بەڵام باوکم لەنائومێدیدا دەگریا و بەئومێدیش چاوی پڕدەبوو لەفرمێسک . 
خەمی باوکم پەرت و بڵاوی گەلەکەی بوو ،زۆر توڕەبوو لەئاغاکان بەهەلپەرست و تڕۆی دەزانین ، باوکم دەیووت کچم تۆ دەزانی داوی جاڵجاڵۆکەش بخرێتە سەریەک بەهێز دەبێت ؟ کەچی سەیرم لێ دێت کورد قەت یەک ناگرێت . 
 چەند پێم خۆش بوو شوێن هەنگاوی باوکم بکەوتمایە ، ئەو مرۆڤانە چەند جوانن کە دەستبەرداری خەونەکانیان نابن . 
 خەڵکی دەڵێن چرا ژێری خۆی ڕووناک ناکاتەوە ، ڕەنگە خەڵکی سواڵ بکەن بۆنان بەڵام بۆئازادی نا ،باوکم وای دەووت. 
کات ئەوشتەیە کەنیمە بۆیە بەردەوام دەمەوێت بنووسم ، بەڵام بەداخەوە بەروارەکان فەرامۆش دەکەم چونکە لەوەدەترسم بەهەڵەمدا بەرێت ، باوکم لەبەر خۆیەوە وایی دەووت . 
 ماوەیەکی زۆری پێچوو تا لەنوسین مەرەخەس بوو ، ڕۆژێک باوکم ووتی : میوانێکی فرە ئازیز دێت خەڵکی کورستانی گەرمیانە و بڕیارە بێت دەستنوسەکەم بەرێت و بەکتێب بۆم چاپ بکات و ئەو ڕووداو مێژووە لەفەوتان ڕزگار بکات . من سەد ئەوەندەی باوکم دڵخۆش بووم بەم هەواڵە . ڕۆرێک پیاوێکی قەلەوی سورفل هات بۆلای باوکم ، ناوی عیزەدین بوو لەخۆمەوە بەگومان بووم لەو پیاوە ، چونکە نەوسن و چاوچوو دیاربوو ، قەیرێک لامان بوو پاشان هەموو ئەو شتانەی باوکم نوسیبووی بۆمان لەزەرفێک ناو بردی لەگەڵ خۆی و ووتی لەماوەیەکی زۆرکەمدا دەیکەمەکتێب ولەگەڕانەوەمدا چەند بەرگێک دەهێنم لەگەڵ خۆمدا بۆتان . چەند وێنەیەکیشی برد تا لەناو کتێبەکەدا چاپی بکات .
وابزانم ئەوە خۆشترین ڕۆژی باوکم بوو تا ویزگەی شەمەندەفەرەکە لەگەڵیا ڕۆشت و ماڵئاوایی کرد لەمیوانە گەرمیانێکەمان کە بۆ خوێندن هاتبوو بۆ ئەم نیشتمانی سەهۆڵبەندا . 
ڕۆژەکان ڕۆشتن و مانگ وساڵەکانیش بەدووایی یەکدا هاتن و هیچ سۆراغی عێزەدین و کتێبە چاپکراوەکە نەبوو ، نازانم لەکوێوە باوکم هەواڵی پێگەشت کە دەستنوسەکەی فەوتاوە و تاکە پەڕەیەکی لێدەرنەچووە .
ئیتر باوکم نەخۆش کەوت و ماوەیەک هەر بەڕێگەی بیمارستانەوە بوو. تا تۆزێک هاتەوە سەرخۆی و زستانیش خۆی پێچایەوەو پلەکانی گەرما هەڵکشان ،ڕۆژێک بینیم باوکم دیسان دەستی کردۆتەوە بەنوسین ، ئەمجارە هەستم دەکرد هەم دەست وخەتی خۆشتر ببوو هەمیش هێمن ترو خێراتر دەینوسی  قەیرێکی زۆری پێچوو ، هەستم دەکرد باوکم بەدەستی داخراوەوە خۆی بەژیاندا هەڵواسیبوو. نیوەڕۆیەک لەقوتابخانەوە چوومەوە بۆلای زۆر شادمان دیاربوو ، لەبەر خۆیە وە ووتی "عەجەم من کۆڵنادەم دەبێ جیهانەکەت پارچە پارچە بکەم و بیڕوخێنم بەسەرتا " . نازانم بۆ لەباوکمم پرسی : ئەرێ تۆ توڕەنیت لەو "عێزەدین"ە ؟ تۆ ئەوکێڵگەیەت لەناوبرد کە تۆوەکانت تیا چاندبوو ؟  
باوکم تۆزێک پشت ملی خوراندوو ووتی : کچم من لەگەرمیان گەلێک پیاوی بەحورمەتم بینی و هاوکاریان کردم تەنانەت ئاغاکانیشیان ، ئەزانی عێزەدین لەچی دەچێت ؟ 
ووتم نا لەچی دەچێت ؟ 
ووتی مریشک بەردەوام هێلکە دەکات ، بەڵام جاری واهەیە هێلکەیەک لەناو ئەو هەمووهێلکانەدا خراپە ، منیش وادەزانم لەناو سەبەتەی هێلکەیەکدا هێلکەیەکی خراپم هەڵگرتووە . ڕاستگۆبم دۆزینەوەی هاوڕێ ڕاستەقینە وەک دۆزینەوەی گەوهەر وایە باوکم ئاوایی ووت . 
 جارێکی تر باوکم لەنوسینی بیرەوەرێکانی تەواوبوو ، ڕۆژێک کوردێکی گەرمیان بەوەی زانیبوو کە باوکم لەسەر کۆمار نوسیوێتی پەیوەندی کردبوو لە مۆسکۆوە هاتە لای باوکم . منیش ئامادەیم هەبوو ڕاستگۆبم من چووم لە ویزگەی شەمەندەفەرەوە هێنام بۆلای باوکم ، پیاوێکی درێژی ئەسمەربوو سمێڵێکی قەترانی باریکی هەبوو ، یەک دوو ڕۆژ لەلامان مایەوە گەلێک شادمان بوو بەدەست نووسەکە ی باوکم . زووزووش دەیووت من دکتۆرا لە مێژوودا دێنم و عاشقی مێژوو نوسینەوەم . بیرمەلەگفتووگۆکانیاندا ، باوکم دەنگی بەرزکردەوەو پێی ووت "کەمال" گوێبگرە من بێمنەتم لەهەموو کەس من مێژووم نوسیووتەوە نەستایشی کەس دەکەم نەلەهیچ کەسێکیش خۆش دەبم . من نەبوومایە ئەوانە لەدەست عەجەم قوتار نەدەبوون بیستوومە جوێنم پێدەدات و خۆی بەپایەبەرز دەزانێت !؟
ئیتر دوایی ئەو سەرکۆنەیەی باوکم ، کەمال هۆغری کردوو باوکیشم کێشای بەمێزەکەداو ووتی: من زۆر ڕقم لەدۆڕانە ، بەژیانم گرەوت لەگەڵ دەکەم ئەم جارە هەڵناخڵەتێم و کاتێک چاوەڕێ هیچ شتێک لەکەس ناکەیت نائومێدیش نابیت . 
 باوکم هەموو ئاواتی لەسەر ئەوەهەڵچنیبوو کە بیرەوەریەکەی بکرێتە کتێب و هاوڕێکانی کەلەڵیدا بوون بچنە ناو مێژووەو گوم ناونەبن . بەڵام پاش ماوەیەک دوو کوردی سابڵاخ هاتن  بۆلای باوکم گەرچی بەخزمایەتیش دەگەشتنەوە بە سەرۆکی کۆمار هەڕەشيیان لەباوکم کردبوو گەر وازلەو کەلەڕەقیە نەهێنێت و سوربێت لەسەر بڵاوکردنەوەی بیرەوەرێکانی ئەوە ساواک گەر دەستیان بەخۆشی نەگات منداڵەکانی وخێزان و کەس وکاری دەکەنەئامانج و لەناویان دەبەن . 
ئەمە ماوەیەکی زۆری پێچوو کە ڕۆژێک منیش لای باوکم بووم پیاوێکی سەرڕووتاوەی لابوو قەلەوێک بوو دیاربوو لەژیانیدا کاری نەکردبوو هەمووگیانی چەوری بوو، باوکمی دڵنیاکردەوە کە دەبێت وازلەو سەرکێشیە بێنێت . 
باوکم بۆ ڕزگاربوونی هەرچوار منداڵەکەی بڕیاریدا دەستنوسەکەی بسوتێنێت ، من ووتم بەڵکو خوابکات ئەودەستنوسەی عێزەدین بردوێتی بدۆزرێتەوەو ئاواتی باوکم بێتەدی و بڵاو بکرێتەوە . بەڵام باوکم دڵنیایی کردمەوە و ووتی کچم تۆ دەبێ بزانی کە تەنها هەرساواک دژی بیرەوەرێکانم نین ،بەڵکو ئاغاو دەرەبەگ و خائینەکانی کوردیش وەک ساواک دژی بیرەوەرێکانمن . 
 نیوەڕۆیەک پەڕەپەڕە باوکم بیرەوەرێکانی دەکردەناو ئاگردانەکەوە ، منیش لەخۆمەوە "فرانتس کافکا"م بیرکەوتەوە کە بەهاوڕێکەی "ماکس برۆد"ی ووتبوو کە من مردم کتێبەکانم نوسینەکانم بسوتێنە ، بەڵام ماکس برود وای نەکردو کتێبەکانی نەسوتاند . منیش گورجوگۆڵ زۆری دەستنوسەکەی باوکمم بردو لێم شاردەوەو چەندساڵێک نەباسی بیرەوەری کرد نەمنیش بەبیرم هێنایەوە.
لەئێران شۆڕش دەستی پێکرد و شای ئێران هەڵهات و باوکم لەخۆشیدا شاگەشکەبوو ، ووتی کچم بلیتێکی فڕۆکەم بۆبکڕەو من دەگەڕێمەوە نیشتمان و دەبێت سەرەتا بچمە تاران ولەوێشەوە بەماشێن دەچمەوە سابڵاخ و بەدیداری منداڵەکان و نیشتمانم شاد دەبمەوە . لەماوەیەکی کەمدا بلیتم بۆکڕی و بۆ سبەینێ باوکم بەنیازی گەشتکردن بۆ ئێران و نیشتمان خۆی ئامادەکرد  . بۆبەیانی دڕەنگانێ چووم تا بەئۆتۆمبێل باوکم بەرم بۆ فڕۆکەخانە.
لەخۆمەوە دڵم بەخێرایی لێی دەدا ،باوکمم بینی لەسەر کورسیەک لەژوورەوە دانیشتبوو پەردەکانی لادابوو خۆی گۆڕیبوو سەری خوارببۆوە ، سەرەتا وام دەزانی خەوی لێکەوتووە . لەدەرگام دا چەندجارێک زەنگەکە ڕۆی هاوارم دەکرد باوکە ،باوکە ، بەڵام باوکم نەدەجولا  بۆیە دام بەپەنجەرەکەدا بەڵام هیچ جولەی نەدەکرد ، تا خۆم بەکلیلەکە دەرگاکەم کردەوە بەڕاکردن چومەلای و دەستم لەسەرشانی دانا وام دەزانی خەوتووە بەسەر کورسێکەدا بەربۆوە سەر زەویەکە ، فیزاعم کرد زانیم باوکم لە خۆشەویستی کوردستان و گەشت بۆنیشتمان دڵی تۆقی بوو. من یەکەمین جارم بوو لاشەی مردوو ببینم ئەویش باوکم بوو. 
 بیرمە ڕۆژێک لەلای باوکم بووم دراوێکی لەبەرکی دەرهێناو ووتی : سەیرکە ئەم دراوە هەڵدەدەم گەر بەخەتدا کەوتەوە ئەوە من دەگەڕێمەوە نیشتمان گەر بەشێردا کەووت ئەوە خۆڵی نیشتمان دێت بۆسەرگۆڕەکەم . دراوەکەی هەڵدا بەشێرداکەوت ، من ووتم باوکە خۆتۆ بڕوات بەخرافات نییە ، ئێستا چیتە پیربووی !؟
دواجار باوکم ڕۆحی گەشتی کردووە بۆنیشتمان و لاشەکەی لەلای من مایەوە وا ئێستا خۆڵی نیشتمان دەکەمە بەسەرگۆڕەکەیدا و دەبێ بزانین لەکۆتایدا مردن هەمووکەسێک دەگرێتەوە، ڕەنگە ئەمڕۆبێت یان سبەینێ ، بۆیەگرنگە بزانیین چۆن دەژین ،چونکە مردن تاکەدادپەروەریە بۆهەمووان . 
لەکۆتایدا ڕۆحی باوکم شوێنێکی دۆزێوە تاپشوو تیا بدات، ئیتر باوکم پێویستە نیشتمان لەناو گۆڕەکەیدا بشارێتەوە . 
چەند غەمگینە ئەم چرکەساتە ، کاپیتەنێک لاشەی نابرێتەوە نیشتمان ؟ 
 من نزادەکەم بۆڕۆحی باوکم ، هەمووشتەکان خۆش بوون کاتێک باوکم لەتەنیشتم بوو، زۆر دڵخۆش بووم ئێوە دەزانن کە 
دار لاشەی مردۆکان دەسوتێنێت ، دوودڵیش دڵی زیندۆکان دەسوتێنێت ، نازانم بۆچی باوکم دوودڵ بوو لەگەڕانەوەی بۆ نیشتمان ؟ 
باوکم خەوی بەزەردەخەنەیەکەوە دەبینی کە پەیامی ئازادی ووڵاتی تێدا بوو، ڕاست بڵێم  ئێمە هەموو نهێنی خۆمان هەیە ، بۆ ووڵات و خەڵکەکەمان هەمیشە لەبیرکردنەوەدابوو . 

* تێبینی :

 زۆرکەس لەسەر ئەم کتێبەیان نوسی، بەڵام من حەزم کرد بەم چیرۆکە بەشداربم کە لە ڕزگاربوونی ئەم بیرەوەریەدا وانەی گەورەمان فێردەکات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە