له‌ ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه‌ بۆ ئامێزی هاكان فیدان

Monday, 28/08/2023, 22:03


بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بچینه‌ نێو باسه‌كه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌ك له‌ ڕابردوو ناكه‌ین ، ڕێك ئه‌و كاته‌ی هاكان فیدانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا داوای به‌ تیرۆریست ناساندنی په‌كه‌كه‌ له‌ عیراق ده‌كات ، له‌ توركیا وه‌زیری شه‌ڕی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ناودانی په‌كه‌كه‌ ده‌كات ،كه‌چی چه‌ند كاتژمێرێك دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ ئامێز به‌ هاكان فیداندا ده‌كه‌ن ، ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌نگاوی شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا پێمان ده‌ڵێت ئێستا له‌ چ پاشه‌كشه‌و بارو دۆخێكداین، ئه‌گه‌ر هانی هاكان به‌ مه‌به‌ستی زه‌مینه‌ سازی بۆ هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بێت ، به‌ڵام خاڵی گرنگ له‌و هاتنه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرسی نه‌وتی هه‌رێم و به‌ردانه‌وه‌ی ئاو له‌ توركیا ، پرسی په‌كه‌كه‌یه‌ ، توركیا گیرۆده‌ی بوونی هێزێكه‌ كه‌ ئه‌و له‌ ڕێی ناتۆو سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌وه‌ به‌ تیرۆریستی ناساندووه‌ و كه‌چی ئه‌و هێزه‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای له‌ سه‌ر پشته‌ بۆ ئاشتی ، ، بۆ توركیا بیانوی په‌كه‌كه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستێك رقی له‌ هه‌موو كوردێكی به‌ شه‌ره‌ف بێت ، كوشتنی خه‌ڵكی سڤیل له‌ رۆژئاواو باشور ، گرتن و زیندانی كردنی په‌رله‌مانترو رۆژنامه‌وان و چالاك له‌ باكورو توركیا ، ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ تیرۆری ده‌وڵه‌تی ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سیاسه‌تی به‌رده‌وامی بكوژی نادیارو به‌ جاشكردنی كورد .
ئه‌مڕۆ توركیا له‌ هه‌ر كات زیاتر ده‌زانێت په‌كه‌كه‌ هێزی ئاشتی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه‌ له‌ توركیاو ناوچه‌كه‌ش به‌ گشتی ، ئه‌و نایه‌وێت ئه‌مه‌ بكات بۆ توركیا په‌كه‌كه‌ بیانوی ئێستایه‌ ، ده‌نا سبه‌ی په‌كه‌كه‌ش نه‌بێت له‌و شاخانه‌ به‌ دوای دوژمندا ده‌گه‌ڕێت ، یانی ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت دوژمن دروستده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كورد بكوژێت ، ئه‌مه‌ دژایه‌تی ئاشتی ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په‌یه‌ ، به‌ كوردی خائینیش ده‌یكات،  ئیدی ئه‌و كورده‌ خائینه‌ هاكان فیدانی له‌ باوكی خۆ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ بێت یان هه‌ركێی تر ، توركیا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ترسێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ هێزی ئاشتیه‌و كلیلی ئاشتی لای ئه‌وه‌ ، یانی توركیا نایه‌وێت ئاشتی بكات ئه‌مه‌ كرۆكی باسه‌كه‌یه‌ ، پێده‌چێت سه‌رانی به‌ ناو كوردایه‌تی باشور له‌م هه‌قیقه‌ته‌ نه‌گه‌یشتبن ، هه‌موو هه‌ڵپه‌ی توركیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كوردی باشورو په‌كه‌كه‌ بكات به‌ گژ یه‌كتردا ، توركیا له‌وه‌ زیاتری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وێت كه‌ تا ئێستا بۆی ده‌كات ، بۆ ئه‌مه‌ش زۆری پێویست به‌ ڕاسته‌و خۆ چوونه‌شه‌ڕه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی پارتی و هه‌روه‌ها یه‌كێتیشه‌ له‌ گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ، به‌ڵام تا ئێستائه‌م كاره‌ له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی توركیا له‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌وێت هه‌ر شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و گه‌ریلا نیه‌ له‌ قه‌ندیل و شوێنه‌كانی تر ، ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یه‌وێت شه‌ڕی شه‌ڕڤانانی رۆژئاواشه‌ ، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وه‌شی گه‌ره‌كه‌ كه‌ سلێمانی ، مه‌خمور ، شه‌نگال وه‌ك گۆڕه‌پانی شه‌ڕ نیشانبدات .
به‌ گژدا چوونه‌وه‌ی خواستی توركیا بۆ شه‌ڕی كورد به‌ كورد به‌رله‌وه‌ی ئه‌ركی په‌كه‌كه‌ بێت ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و به‌ تایبه‌ت هێزی چه‌كداری پارتیه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت پارتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حزبه‌ ڕون و ڕه‌وان به‌ توركیا بڵێن له‌ بری داوای شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ فه‌رمون ده‌رگای ئاشتی بكه‌نه‌وه‌ ،هه‌موو ده‌زانین پێشتر شه‌ڕ تاقیكرایه‌وه‌و شه‌هیدو قوربانی زۆریش درا ، به‌ڵام ئامانجه‌كانی توركیا نه‌هاتنه‌ دی ، ملدانی له‌وه‌ زیاتر به‌ توركیا خیانه‌تێكی گه‌وره‌ ده‌بێت و له‌ داهاتودا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆر نه‌رێنی له‌ سه‌ر پرسی كوردو كوردبوون جێده‌هێڵێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە