یا کوردستان، یا نەمان
Monday, 28/08/2023, 21:45
حکومەتی هەرێم دوا ساتەکانی تەمەنی خۆی بە دەستی خۆی ئەنووسێتەوە..لەوەتەی ئەم دوو بنەماڵەیە هەن لە ٧٠ ساڵی ڕابردوەوە هەتا ئێستی ئەوەندە نزیك نەبوونەتەوە لەو ئامانجەی لەلایەن داگیرکەرانەوە بۆیان دیاری کرابوو. هەریەك لە مەلا مستەفا و برایم ئەحمەد و دواتر جەلالی شێخ حسامەدین و پاش ئەوانیش هەریەك لە نەوشیروان مستەفا و سەرۆك و سکرتێر و ڕابەری هەموو حزبەکانی تر پێکەوە لەهەوڵی بە خێراترکردنی پرۆسەی (نەمان)ی کوردستانیان گرتە ئەستۆو گەلێ بە دڵسۆزانە، جێبەجێیان کرد.
ئا لەم کاتەدا گەلێ باشتر لای خەڵکی کوردستان ڕوون بۆتەوە کە نەمان و لەناوبردنی کورد لە زێدی خۆی لە هەموو کات زیاتر هەستی پێ ئەکرێ و گرەنتی ئەوەش هەیە نەك هەر ئەم هەرێمۆچکەیە ، بەڵکە تەواوی باشوور لە خەڵکەکەی بەتاڵ بکرێت و بە تەواوی تەعریب بکرێ،،، وە هەموو ئەم ئەنجامانەش بەبێ یارمەتی سەرکردەی کورد نەبوایە هەرگیز و هەرگیز دوژمن و داگیرکەران نەیان ئەتوانی ، بیکەن.
نەوەکانی ئەم بەناو سەرکردانە بە موو لە ئەجنداکانی داگیرکەران لایان نەداوە و زۆر بەبێ شەرمانە لەهەوڵی نەمانی تەواوی کورد و خاکەکەی هەوڵ ئەدەن و هیچ درێغیەکیان نەنواندوە.. بۆیە (نەمان)ی ئەم بەشەی نیشتمان کاریگەری زۆر زۆر نیگەتیڤانە لەسەر بەشەکانی تریش دروست ئەکا و چەندین هەنگاو و فەرسەخ لە ئامانجەکانی ، دووریان ئەخاتەوە. نیشتمان چیتر ئەو کەلاکە لاکەوتەیەیە کە هیچ ووزە و گیانی تیا نەماوە و چیتر ناتوانێ تاوو بەخۆی بداو بکەوێتەوە سەر پێ.. نیشتمان هیلاکە و برسکیان لێ بڕیوە،،نیشتمان خاکی نەماوە تا زیاتر بفرۆشرێ، هەمویان فرۆشت،،نیشتمان تەڕایی تیا نەماوە تا ژیانی تیا بێ،، نیشتمان داهاتووی تارێك و لێڵ بوە و سبەینێێ لێ ڕۆژ نابێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست