پەیوەندیی سەلاحەدین بەهادین لەگەڵ دوژمنانی کورددا
Thursday, 24/08/2023, 14:43
دور لەهەمو تانەو تەشەرەیەک دەمەوێت چەند زانیاریەک بەکورتی بۆ بەڕێز سەڵاحەدین بەهادین بخەمەڕو.. پاش لەسێدارەدانی دیکتاتۆر سەدام یەکسەر یوسف قەرەزاوی وتی بەشەهید بونی سەرۆک سەدام ئومەی ئیسلامی زەرەرو زیانێکی گەورەی بەرکەوت. پارەو سامانی ئەو بانگەواز خوازە بەسێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا. حوسێن عەلی لوبانی لەکتێبی ( ملف الهبل العربي) دەڵێ چوار کچی قەرەزاوی لەوڵاتە ڕۆژئاواییەکان خوێندنی باڵایان تەواو کردوە. یەکێکیان بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لەفیزیای نەوەوی. دوەمیان بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لەکیمیا. سێیەمیان بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لەزانستی ڕوەکەکان. چوارەمیان ماستێری لەئەندازیاریی ویراسی لەوڵاتی ئەمریکا بەدەستهێناوە .
ساڵانی زو زۆربەی شاعیرانی کورد بەشیعرو هەڵبەست پشتگیریی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوای فەلەستینیەکان دەردەبڕی. لەکاتێکدا فەلەستینیەکان و ئیخوانەکان بەئاشکرا پشتگیریی خۆیان بۆ سەدام و دژایەتیی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوای کورد دەربڕیوە. پاش لێدانی شاری هەڵەبجە بەچەکی کیمیاوی، یاسر عەرەفات وتبوی ئایا دەتانەوێت سەدام گوڵاو بەسەر کوردەکاندا بڕێژێت ؟ لەئێستادا کچ و بێوەژنەکەی یاسر عەرەفات ملیاردێرن. هەروەها ئەحمەد یاسینی سەرکردەی ئیسلامیەکان دەیوت کوردەکان ئیسرائیلی دوەمن لەناوچەکەدا. ( اسماعیل هنیة) گەورە دانوستکاری فەلەستینی دژایەتیی خۆی دەربڕی دەرهەق بپرۆسەی ڕیفراندۆم لەکوردستان. (خالد مشعل) ی ئیخوانیش پیرۆزبایی لەئەردوغان کرد بەبۆنەی داگیرکردنی شاری عفرینی کوردانەوە. لەهەمان کاتدا شتێکی ئاشکرایە کە ئیسلامیەکانی لای خۆمانیش گەر بەدەمیش نەیڵێن، ئەوا بەدڵ و بەگیان هاوسۆزن لەگەڵ ئەردوغاندا .
بێگومان سوتاندنی قورئان و هەر کتێبێکی دیکە کارێکی ناڕەوایە. لەئاکامی سوتاندنی قورئانێک لایەن و وڵاتانێکی زۆری ئیسلامی بەتەواوەتی وروژاون، لەکاتێکدا سەدام چوار هەزار گوندو مزگەوتی بەقورئان و کتێبە پیرۆزەکانەوە خاپور کرد، کەچی یەک وڵات و لایەنی ئیسلامی فزەیان لێوە نەهات و مەحکومیان نەکرد. لەڕێکەوتی ١٧ مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە درایە بەر چەکی کیمیاوی و زیاتر لەپێنج هەزار کەسی بێ تاوان بون بەقوربانی. دوابەدوای ئەو کارەساتە لەڕێکەوتی ٣٠ مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ کۆنگرەی ئیسلامی لەوڵاتی کوێت بەسترا، حزب و لایەنێکی ئیسلامیی زۆر ئامادەی بون و سەبارەت بەکێشەی موسوڵمانان دوان وەکو فەلەستین و ئەفگانستان و کشمیرو تورکەکانی وڵاتی بولگاریا، بەڵام هەرگیز ناوی کیمیا بارانی شاری هەڵەبجەیان نەهێنا. لەڕێکەوتی ( ١٢-- ١٤) تشرینی دوەمی ساڵی ٢٠٠٠ لەوڵاتی قەتەر لوتکەی نۆی ئیسلامی بەسترا. حزب و لایەنێکی زۆری وڵاتانی ئیسلامی بەشداریان تێدا کرد. لەبارەی زۆرێک لەکێشەی موسوڵمانانەوە دوان وەکو فەلەستین و کۆسۆفۆو کشمیرو چیچان و بۆسنەو هرسک. بەڵام نەلەدورو نەلەنزیک ناوی میلەتی داماوی کوردیان نەهێنا.. من لێرەدا دەڵێم تاکەی کەمەندکێشی بێگانەو ناحەزانمان بین و خۆمان لەگێلی بدەین و خۆمانیش بەکەم بزانین؟ پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ : ئایا خەڵکی خوێنی لەبەر دەڕوات و ئێمەیش ئاومان لەبەر دەڕوات؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست