کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆشگێڕەکانی دوێنێی شاخ و منداڵە حازرخۆرەکانی ئەمڕۆی شار

Thursday, 24/08/2023, 8:52


لەسایەی سەروەر نەبوونی یاسا و گەندەڵی، بەناحەق بردنی ماڵی گشتییەوە، لە سی و دوو ساڵی ڕابردوودا، سەرانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بوونەتە خاوەنی کۆمپانیا گەورە گەورەی جۆربەجۆر، بەشێوەیەک بۆ هەر سێکتەرێک لەسێکتەرەکانی ژیان، چەند کۆمپانیایەکیان هەیە، کە بەهاکانیان بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.
دیارە ئێستا بابەتەکە لەحیزب و کەسی یەکەمی حیزبیش دەرچووە، شۆڕبووەتەوە و گەیشتووەتە
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەکی و بەرپرسی مەڵبەند و لقەکان و کەسایەتییە دیارەکانی حیزب کە هەریەکەیان کۆمپانیای تایبەت بەخۆیان هەیە، کە ڕۆژانە بێ ماندووبوون سەدان هەزار دۆلاریان دەست دەکەوێت. جا ئەمانە یەک و دووان نین، بەڵکو سەدانن لەنێو هەردوو حیزبی دەسەڵاتدا. ئەم فیرعەونە بچووکانە هەریەکەیان چەند کوڕ و کچێکیان هەیە کە خۆریان نەدیوە، هەیانە ئوتێل و ڕیستۆرانت و پڕۆژەی گەشتیاری گەورە، هەشیانە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و کارگە  تا دەگاتە کۆمپانیای سکیوریتیان هەیە. هەروەها بەهۆی پارەی زۆر و بەرژەوەندییەوە هەریەک لەمانە کۆمەڵێک خەڵکی پوچ و هەرزانیان لێ کۆبووەتەوە، هاوشێوەی کوڕی پاشا و سوڵتانەکان دەژین، لەکاتێکدا ئەم منداڵە حازرخۆرانە نەک فیشەک، بەڵکو تەرەقەشیان بۆ میللەت نەتەقاندووە بوونەتە خاوەنی ووڵات بەتەواوی مێگەلەوە.
 زۆرێک لەم منداڵانە بەهۆی بەساڵاچوون و پیربوونەوە، تەواوی کاروبار و بەرپرسیارێتی باوکیان لەئەستۆ گرتووە. هەریەکەیان کۆمەڵێک بەناو ڕۆشنبیر و نووسەر  تا دەگاتە مامۆستای زانکۆ کە لەپێناو لەتە ئێسقانێک دەڵێ و دەنووسێت، ملکەچی گیرفان و پلەو پایەیە کۆکردووەتەوە.  تا لەتیڤی و سایت و پەیجی بەناو سەربەخۆی خۆیانەوە، قارەمانێتی و دڵسۆزی باوکیان لەڕابردوودا و فیکر دنیابینییەکانی بۆ داهاتووی خاک و ووڵات بخەنە بەرچاوی خەڵک. هەروەها گرنگی و سوودی ئەو بەرهەمانە کە کۆمپانیاکانیان هاوردەی دەکەن بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە.
جگە لەوە هەریەکەیان هونەرمەندی  میللی تایبەت بەخۆیان هەیە، تا لەدانیشتنەکانیاندا بەندیان بەسەردا بڵێن، تاکو شەعبیەتیان لەناو خەڵکدا  بپارێزن. هەر ئەوەش نا بەڵکو کچە مۆدێلی تایبەت بەخۆیان هەیە، تا لەلایڤەکانیاندا بەشان و باڵیاندا هەڵبدەن، باسی باشی و بەخشندەییان بکەن لە پشتگیری کردنی گەنجان و ئەو دیارییە گرانبەهایانەی کە پێیان داون.  جا ئەم مۆدێلانە قاچ بەرزکردنەوەکانیان، ئەوەندە لووتیانی لەئاست ئەو خەڵکە داماوەدا بەرزکردووەتەوە، کە شەو نییە لە لایڤەکانیاندا بەسەر گەنجە بێکار و داماوەکانی ووڵاتدا نەڕشێنەوە و دەیان جنێو بەخەڵک و خاکی کوردستان نەدەن.
ئینجا لەوە سەیرتر ئەمانە هەیانە بەناو مامۆستای ئاینیان هەیە، جار جار نوێژی جەماعەتیان لەگەڵ دەکەن، دەیانبەنە عەمرە و وتاریان پێ دەدەن. هەروەها بەنوێنەرایەتی خۆیان دەیان نێرنە تازییە و سوڵحی عەشایەرییەوە، ئەمانیش لەسوڵحەکاندا وتاردەدەن، بەشێکی وتارەکانیان تەرخان دەکەن بۆ مەدح کردن و پیاهەڵدانی ئەم منداڵە حازرخۆرانە و بنەماڵەکانیان.
سەرەڕای ئەوانە هەریەک لەم حازرخۆرانە کۆمەڵێک شەقوەشێن و شەقاوە و تا پیاوکوژیان لەخۆیان کۆکردووەتەوە، بۆئەوەی ئەگەر بەربەستێک بۆ کۆمپانیا و بەرژەوەندییەکانیان درووست بوو، کەسێک پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژکردن و ڕێگربوو لەبەردەم کارەکانیاندا و تەقییەوە پێیاندا، ئەگەر بێ پشت و بێکەس بوو، ئەوە دەستبەجێ فەلاقەی بکەن یان هەر لەوێدا ساردی بکەنەوە. ئەگەر پشتیشی هەبوو، ئەوە هێزی بۆ بجوڵێنن. بەڕاستی ئەمانە دۆخی ژیان و ئەمن و ئاسایشی خەڵکیان گەیاندووەتە نزمترین ئاست، ڕۆژ نییە ئەمانە و دەستوپێوەندەکانیان چەند کەسێک خەڵتانی خوێن نەکەن.
لەکۆتایدا بەداخەوەم بۆ واقعی ئەمڕۆی ژیانی کورد، هەرچی تەختە و تەپەدۆرە، هەرچی پوچ و بێ بەهایە لەسەر ئاوەکەدا پاڵی لێداوەتەوە، خۆی هەڵخستووە لەبەر خۆری ژیان، هەرچی قورس و گران و سەنگینیشە، نوقمی ژێر ئاو بووە و خنکاوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە