دکتۆر فەرهاد شاکەلی و ئیعجازی پەنجەمۆرەکەی قورئان
Tuesday, 15/08/2023, 17:53
بە پێویستی دەزانین هەر لەسەرەتاوە ئاماژە بەوە بدەین کە دکتۆر فەرھاد شاکەلی شاعیرێکی ناودار و نووسەرێکی مەزنی بزوتنەوەی نوێخوازی گەلەکەمانە، مامۆستایەکی شارەزای ڕێنووس و زمان و ئەدەبی کوردییە، خاوەنی چەندان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و وتار و بابەتی هزرییە.
بەڵام بەداخەوە پێش چەند ڕۆژێک لە دیدارێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (پەیام) بابەتێکی وروژاند بەهیچ شێوەیەک لێی چاوەڕوان نەدەکرا، نازانین ئەمڕۆکە ئەو خۆهێنانەپێش و خۆخۆشەویست کردنەی نووسەران و کەسانی ناودار لەلای ئاینباز و سیاسەتبازان لەپێناو چییە؟ گومانی تێدا نییە شتێکی وا ئەگەر زیانی بە پایە و ناوبانگی دکتۆر شاکەلی نەگەیاندبێ، ئەوا سوودی نەبووە بۆی.
دکتۆر فەرهاد لەبری ئەوەی کورد هان بدات بۆ ڕووکردنە زانست و هەنگاونان بەرەو پێشکەوتن، دێت و پەڕەی کۆنیان بۆ هەڵ دەداتەوە و لە ڕابردووی ئیسلامدا بەدوای داهێنان و سەرکەوتن دەگەڕێت، ئەوەشی بە کار و ماندووبوونی بەردەوامی زاناکانی جیهان بەدەست هاتووە، زۆر بە ئاسانی دەیگێڕتەوە بۆ قورئان.
ئایەتێکی ئاسایی و سادەی قورئان بەبێ هیچ لۆژیکێک دکتۆر شاکەلی بە بابەتێکی زانستی دەیبەستێەوە و لێمانی دەکاتە ئەو چەمکەی لەم دواییانەدا سەری هەڵداوە و ناو دەنرێت بە دەرئاسای زانستی (الاعجار العلمي).
چەمکی دەرئاسای زانستی لە ئاینەکاندا ماوەیەکە بایەخێکی یەکجار زۆری پێ دەرێت لەلایەن بازرگانانی ئاین، بەتایبەتیش لە ئیسلامدا ئەو بابەتە پارەیەکی باشی بۆ خەرج دەکرێ لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بانگهێشتنی کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکان.
ئیعجازی زانستی تەنیا لێکدانەوەیەکە بۆ وشەکانی قورئان، بە جۆرێ کە مانایەک بدات گەلەک دوور بێت لە مەبەستی قورئان، زۆر جار دۆزینەوەی وشەیەکە پێوەندییەکی بێهێزی هەبێ بە بوارێک، بە ناڕەوا دەبەسترێتەوە بە بیردۆز و بابەتێکی زانستی، بەبێ گوێدان بە ڕای زۆربەی ڕاڤەکارە (موفەسیر) ناسراوەکانی کۆن.
هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر بێلایەنانە بڕوانێتە دەقەکانی قورئان، بەچاکی بۆی ڕوون دەبێتەوە کە قورئان بە زمانی خەڵکی ناوچەکە و ئاستی تێگەیشتنی سەردەمی خۆی هاتووە، هیچ زانیارییەکی زانستی تێدا نییە، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە کە زۆرینەی دۆزەوە و داهێنانە زانستییە هاوچەرخەکان هی زانا و کەسانی ناموسڵمانن. ئەگەر قورئان پڕە لە زانست ئایا بۆمان نییە بپرسین، لەبەرچی دەرئاسا زانستییەکانی قورئان، گشت کاتێک پاش دۆزەوە زانستییەکان دێن و بۆ یەک جار ناکەونە پێشیان؟
دکتۆر ئایەتێکی قورئان دەهێنێت گوایە باس لە پەنجەمۆر دەکات کە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، پەنجەمۆریش بەندە بە بنەما و کردارێکی بایۆلۆژی سەخت و ئاڵۆز کە زۆر لەمێژ نییە ناسراوە، دەڵێ ناوهێنانی شتێکی گەورەی لەم شێوەیە بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ هاتنی قورئان لەلایەن خواوە، ئەمە چۆن پتر لە 1400 ساڵ پێش ئێستە زانراوە لە کاتێکدا بابەتی پەنجەمۆر هەر 150 ساڵێکە کاری پێ دەکرێ؟
جارێ پێش هەموو شتێک دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەو بەناو ئیعجازە بۆ ئەم ئایەتە چەندان ساڵە هەیە و بە هەزاران موسڵمان ئاماژەیان پێ داوە، کەچی دکتۆر دەیکاتە هی خۆی و دەڵێت سەیری تەفسیرەکانم کرد و لە مەلاکانم پرسی کەسیان ئەو تێگەیشتنەی منیان نەبوو و هیچیان نەیان زانی مەبەستی قورئان لەو ئایەتە چییە؟ (دەشڵێت زۆر نموونەی دیکەمان هەیە لەو جۆرە دەرئاسا زانستییانە).
لێرەدا ئەو بەئیعجاز ناساندنە بۆ بابەتی پەنجەمۆر بە چەندان شێواز و لایەنی جۆراوجۆر پووچەڵ دەکرێتەوە گرینگترینشیان؛
- سەلماندنی ئەوەی کە لە مێژوودا لە شارستانییەتییەکانی پێش ئیسلام بوونی جیاوازی پەنجەمۆری مرۆڤەکان ناسراو بووە.
- مەبەستی دەقی قورئان لەو ئایەتەدا پەنجەمۆرە، یان شتێکی دیکەیە؟
هەوڵ دەدەین بەکورتی ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی ئەو دوو خاڵە پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی بزانین بنچینەی بابەتەکە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
مێژووی پەنجەمۆر
دکتۆر شاکەلی مامۆستا و ئەکادیمیی دەبووایە گەڕانێکی بە گووگڵدا بکردایە دەربارەی مێژووی پەنجەمۆر، ئەو کاتە زۆر بەئاسانی دەیزانی پەنجەمۆر بە چەند هەزار ساڵیکیش پێش ئیسلام و قورئان ناسراوە.
لەلای جووەکان و کریستیانەکان زانراوە، وەک چۆن لە پەیمانی کۆنی تەورات و لە سیفری ئەیوب ژمارە 37دا هاتووە: مۆری لە دەستی هەموو مرۆڤەکان داوە تا گشتی بەدیهێنەرەکەی بناسێت.
گەلەک پێش ئەو ئاینانە پەنجەمۆر وەک نیشانەیەک و هێمایەک بۆ ناسنامە بەکار هێنراوە، تا ئەو ڕادەیەی بە بۆچوونی هەندێک، مێژووەکەی دەکەوێتە پێش نووسینیش. نێزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زاین، لە شارستانییەتی دۆڵی سەند پەنجەمۆر ناسراوە، میسرییە کۆنەکانیش بە دەیان سەدە پێش زانین پەنجەمۆریان لەسەر گۆزە و کەولوپەلی جۆراوجۆردا داناوە.
هەندێ بابەتی مێژوویی ئاماژە بەوە دەدەن، لە سەردەمی پادشای بابلی حاموڕابی (1800 پ.ز.)، بەرپرسی یاسا و دادوەرەکان پەنجەمۆری تاوانبارانیان وەردەگرت لە کاتی دەستگیرکردنیان، هاوکات بابلی کۆن یەکەمین شوێن بووە کە لە دەوروبەری دوو سەدە پێش زاین، پەنجەمۆریان بەکار هێناوە بۆ گرێبەست و کاری بازرگانی.
چینییە کۆنەکان (246 پ.ز.)، پەنجەمۆریان دەخستە سەر بەڵگەنامە فەرمییەکان، هەروەها لە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکان پەنجەمۆری دەست و پێکانیان وەردەگرت بۆ ناسینەوە.
لە ئەوروپا یەکەمین کەس تۆژینەوەی لەسەر پەنجەمۆر کردبێ دکتۆر (نیاما گرو) بووە لە ساڵی 1684 لە ئینگلستان، ئینگلیزەکان لە ساڵی 1858 پێش هەمووان کاریان بە پەنجەمۆر کردووە لە کاروباری بازرگانی. لە ساڵی 1901 پۆلیسی لەندەن یەکەم نووسینگەی بۆ پەنجەمۆر دامەزراند، پاشان لە ساڵی 1908 فەڕەنسا یەکەمین وڵات بوو سیستەمی پەنجەمۆری بەکار هێنا.
پاش زانینی ئەمە دەشێ بپرسین: ئایە بەگوێرەی زانست تەنیا پەنجەمۆر لە مرۆڤەکاندا جیاوازە؟
جیاوازی پەنجەمۆر تاکە شت نییە لە مرۆڤ، بگرە تێکرای ئەندامەکانی لەشی کەسێک لەگەڵ یەکێکی دیکە وەک یەک نین، چونکە هەرگیز دوو مرۆڤی سەد لەسەد و بەڕەهایی نادۆزیتەوە هاوتا و هاویەک بن، ئەمەش لەبەرئەوەیە دوو کەس بوونیان نییە بە هەمان جینۆم و ترشی ناوکەیی (DNA).
جگە لە پەنجەمۆر چەندان مۆرکی دی هەن وەک، ڕووخسار، چاوەکان، زمان، گوێیەکان، ددانەکان، دەنگ، بۆنی لەش، ڕۆیین و هەنگاونان، هەتا لێدانی دڵیش، بەڵام ئاشکرایە ئەمانە هیچیان بۆ بەکارهێنان هێندەی پەنجەکانی دەست ئاسان و گونجاو نین.
پێویستە ئەوەش بڵێین هەندێ کەس هەن بەبێ پەنجەمۆر لەدایک دەبن، ئەمانە دووچاری شێوانێکی جینەکی دەبنەوە پێی دەگوترێت ئادرماتۆگلیفیا (Adermatoglyphia)، هیچ هێڵ و بەرزی نزمییەک لە سەری پەنجەی دەست و پێی و ناولەپ و بنەپێیاندا نییە، بەمەش پەنجەمۆریان بۆ دەست نادات. ئەوانەشی بەتەمەنن دەشێ
گەلەک جاریش لە ئەم سەردەمەدا کەسانی ئەکادیمی و دادوەر دژی بەکارهێنانی پەنجەمۆر بوونە، چونکە تا ئێستە بەتەواوی تۆژینەوە و ئاماری تەواو نەکراوە بۆ ڕێژەی نەبوونی دوو پەنجەمۆری هاوشێوە، بەتایبەتیش لە کەسانی یەک بنەماڵە و خێزان، هەروەها دەشێ بە تێپەڕبوونی تەمەن و پیربوون تا ڕادەیەک سەری پەنجەکانمان گۆڕانیان بەسەردا بێت.
مەبەستی ئایەتەکە
سورەتی (القيامة): لَا أُقْسِمُ بِيَوْمِ الْقِيَامَةِ (1) وَلَا أُقْسِمُ بِالنَّفْسِ اللَّوَّامَةِ (2) أَيَحْسَبُ الْإِنسَانُ أَلَّن نَّجْمَعَ عِظَامَهُ (3) بَلَىٰ قَادِرِينَ عَلَىٰ أَن نُّسَوِّيَ بَنَانَهُ (4)
ئەگەر چاوپۆشیش لە بەهەڵە خوێندنەوەی ئایەتەکە بکەین لە دکتۆر شاکەلی (قادرین دەکاتە قادرون)، دەبینین کاتێک پرسیاری لە مەلاکان کردووە ئەوا وەڵامی ڕاستیان پێی داوە، چونکە ئەوان پشت دەبەستن بە کتێبە ناسراوەکانی ڕاڤەی قورئان.
زۆرینەی ڕاڤەکارە ناودارەکانی کۆن لەوانە، تەبەری و ئیبن کەسیر و بەغەوی، تادەگاتە ئیبن عەباس (ئەوەی کە گوتراوە لە دوای موحەمەد لە گشت موسڵمانان باشتر لە قورئان تێ دەگات) دەڵێن: "نسوي بنانە" مەبەست ئەوەیە، بێباوەڕ دەبێ بزانێ کە دەتوانین (خوا) پەنجەکانی دەست و پێ وەک یەکیان لێ بکەین، یان بیان کەین بە یەک شتی هاوشێوەی سمی کەر و ئاژەڵان، تا نەکارن شتومەکی پێ بگرن و کاروباریان پێ ئەنجام بدەن.
بە بەستانەوەی ئەو دوو وشەیە بە ئایەتی پێش (أيحسب الإنسان أن لن نجمع عظامه: وا دەزانن ناتوانین ئیسقانەکانی دروست بکەینەوە؟) و پاشی خۆی باسی کۆکردنەوەی دروستکردنەوەی ئێسکەکانە و ناتواندرێ هیچی دی بۆ زیاد بکرێت. خوا دەتوانێ ئیسکەکانی مرۆڤ دروست بکاتەوە لە گەورەترینەوە بۆ بچووکترین، لەبەرئەوەی ئێسکەکانی پەنجە بچووکن بۆیە بەتایبەتی ناوی هێنراوە.
هەموو خەڵکی ئەو سەردەمە دەیان زانی وشەی (بنانە) و ئێسک مانا گشتییەکەیان چییە و لە ژیانی ڕۆژانایەندا بەکاریان هێناوە، بەوەش واتایەکی دیکەی قورئان زیندووکردنەوە و دروستکردنەوەی ئیسقانەکانە و بەهیچ شێوەیەک باس لە پەنجەمۆر ناکات. ژمارەیەکی کەم لە ڕاڤەکاران گوتویانە پەنجەیە، ئەوانەی دەشڵین پەنجەیە کەسیان ناڵێن مەبەست سەری پەنجە و پەنجەمۆرە.
ئایەتەکە ناڵێ مرۆڤەکان سەرەپەنجەیان جیاوازە، بگرە تەنیا گرەوکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گومانی کافرەکانە لە تواناکانی خوا لە زیندووکردنەوە. چونکە ناسراوە هۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتە وەڵامێک بووە بۆ عەدی بن ڕەبیعەی بێباوەڕ، کاتێک هاتووەتە لای موحەمەد و پرسیاری دەربارەی ڕۆژی دوایی و زیندووبوونەوەی مرۆڤی کردووە و گوتوویەتی خوا چۆن و بەچی شێوازێک دەتوانێت ئیسکەکانی مرۆڤ کۆ بکاتەوە؟ بەمەش ئایەتەکە هاتووە هەمووشی دەربارەی ئێسکەکان بووە.
لە لایەکی دییەوە هۆی بەکارهێنانی وشەی پەنجە، یان ئێسکی پەنجەکان (بنانە) زیاتر بۆ ڕێکهاتن و گونجانی کێش و ئاوازی شیعرییە و بەندە بە وشەکانی وەک ( القيامة، اللوامة، عظامه، بنانه). ئەگەر ئاماژەی بە ئێسکی ئەندامەکانی دیکەی لەش کردبایە وەک پێیەکان و سەر و هی دی، ئەوا ئایەتەکان کێش و ئاوازیان لەدەست دەدا.
لەم چەند دێڕەی سەروە بۆمان بەدەر دەکەوێت، بانگەشەی دەرئاسایەکی زانستی و بەوەی قورئان دەستپێشخەر بووە لە زانین و بڵاو کردنەوەی زانیارییە زانستییەکان، هیچ بنچینەیەکی نییە، بەڵکوو تەنیا چەند ئایەتێکی سادە و ئاسایین و هەر مرۆڤێک پێی دەکرێ چەند ڕستەیەکی لەو جۆرە دەرببڕێت، ئاینداران هەموویان باوەڕیان بەوە هەیە کە خواکەیان دەتوانێ گشت ئێسکەکانی مرۆڤ کۆ بکاتەوە چەندە گەورە، یان بچووک بن.
…………………………………
سەرچاوەکان؛
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست