کورد بۆ ئەوەی لە دونیا تێبگات!
Tuesday, 15/08/2023, 17:25
کورد بۆ ئەوەی عاقڵ بێت دەبێت دوای هەرچی ساختەچی و قۆڵبڕە بکەوێت، دەبێت هەموو قۆڵبرێک قۆڵی ببڕێت، دەبێت هەموو ساختەچیەک کڵاوی لەسەر بکات.
کورد بۆ ئەوەی عاقڵ بێت دەبێت دوای هەموو هاوشێوەکانی هەڵشۆی بکەوێت و دڕۆیان بۆ بکات کەبازڕگانی نەوتە و کەشتی هەیە لە بەسرە و ئێران بۆ ئەوەی لە دوایدا پەنجا ملیۆن دۆڵاریان ببات ، هەر دوای هەڵشۆی بینیمان دوای چەند کەسی تری وەک هەڵشۆیی کەوتن و پارەیانی بڕد!
کورد بۆ ئەوەی عاقڵ بێت دەبێت دوای هەموو بانگخواز و چاکە خواز و خێرخواز و گەشە پێدەڕی مڕۆیی بکەوێت کە زۆربەیان مرۆڤگەلێکن نەخۆشی دەڕونیان هەیە لەکۆتایدا قۆڵی خەڵک دەبڕن و خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و میڵلەتیش دەنێرن بۆ جەهەنم، نابێت هیچ چارەیەکی تر هەبێت و سیناریۆی فلیمەکە دەبێت وا تەواو بێت.
کورد بۆ ئەوەی عاقڵ بێت دەبێت دوای هەرچی پیاوی ئاینی ساختەچیە بکەوێت تا گرتەیەکی ڤیدۆی دانە بەدانەی ئەو پیاوانە دەبینن دەستدرێژی دەکەنە سەر مناڵ یان ژنی خەڵک دەدزن یان پارەی زەکات دەدزن! نابێت هیچ چارەیەکی تر نیە هەر دەبێت هەموویان تاقی بکەنەوە و سیناریۆی شانۆیەکە ئاوایە!
بۆ ئەوەی کورد عاقڵ بێت هەر کەسێک تەپڵی شۆرش و ئازادی و پاکی لێبدات ، ئەوا دەبێت هەموو کورد هەڵپەرێت و هەڵهەڵە لێبدات تا وەک یەکێتی و پارتی دێنە دەسەڵات و سی و دوو ساڵ قور دەکەن بەسەر کوردا ئەنجا دڵی دادەمرێت و بیر لە هەڵەکانی خۆی دەکاتەوە. کورد دەبێت وەک گۆڕان دە ساڵ هەڵی خەڵەتێنی و هەڵی پەرێنیت و پێی ڕابوریت ئەنجا تێدەگات کە ئەی هووو ئەمانە چی گەندەڵ و دزێک بوون لە کفن دز خڕاپتر بوون.
دەبێت شاسواریش شەقێکی باش لەو میڵلەتی کوردە بدات، دەبێت ئەویش بنێرێتە دەسەلات و ئەویش ببێتە دیکتاتۆر و سی و دوو ساڵ شاسواریش ئەم وڵاتە حوکم بکات ، دەبێت شاسواریش خەڵک بڕوتێنێتەوە و قەرزەکانی خۆی بە دەستی خۆی لا ببات و نان و قوتی خەڵکی ببڕێت و خەڵک تا ئاستی ریسوا کردن ببات ئەنجا کوردی نەگبەت عاقڵ دەبێت.
کورد بە حوکمی بزتنەوەی ئیسلامی تێری نەخوارد لە هەڵەبجە ، نابێت هیچ چارە نیە دەبێت یەکگرتووش تاقی بکاتەوە بیانکاتە شەریکە دز و وەزیر وگزیر نمونەیەکی بچوکتری یەکێتی و پارتی لە روحێکی ئیسلامیدا لەخۆی پەیدا بکات، هێشتا کورد ئاڕام نابێتەوە دواتر هەر واز لە کۆمەل ناهێنیت تا ئەویش دەکاتە هاوپشکی یەکێتی و پارتی و کۆمەل دەبێتە دزۆچکەیەکی بچکۆڵە، چارە نیە کورد ئەزموون و تاقیکردنەوە کاری لێ ناکات و سەلەفیەت تاقی دەکاتەوە و تا بۆی دەردەکەوێت کە ئەمانیش گۆڕانی بەباڵای ولی ئەمری دزەکان دەلێن و گاڵتە بەعەقڵی خەڵک دەکەن و بۆ بەرژەوەندی شەخس کار دەکەن و جاسوسی وڵاتانن و سپۆنسەر دەکرێن لەلایەن کۆمپانیای فرۆکەوانیەکانەوە و چەندین کۆمپانیای تری گەشت و گوزاری وڵاتانەوە، ئەمە جگە لەوەی هەر لەئێستاوە سەلەفیەت کەنالێکی کردووەتەوە بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی ببنە فریشتە لای خەڵک مەرامی سیاسی و شەخسی ئەو کەسانە جێبەجێ بکەن و دڵی سیاسی و کچە جوانکیلەکان داگیر بکەن، ئەنجا سەڵەفی هەرەس دەهێنێت کوردی نەگبەت بەدوای ڕەوتێکی توند ڕەو دەکەوێت بەناوی توحیدیەکان کە ئەمانە بڕای ڕاستەقینەی یەک و دایک و باوکن لەگەڵ داعش، ئەم ڕەوتی تەوحیدیانە دەبێت کاوڵکاری گەورە بەسەر ئەم میڵلەتە بهێنن وەک ئەوەی لە موسڵ و فەلوجە روویدا کە خەڵکەکەی پێش ئەوەی دەسەلاتی داعش ببینن چەند تامەزڕۆی حوکمی شەریعەت ئیسلامی بوون و بەچاوی خۆیان بینیان و ئێستا کاڵەک بەئەژنۆ دەشکێنن کە وڵاتەکەیان رووخا و ئەو حوکمەش جگە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێکردنی ئەستەمە و رێگی پێ نادڕێت لەلایەن زڵهێزەکانی جیهانەوە و قبوڵکراو نیە لای خەڵکیش ئەگەر بەواقیع وەزعەکە ببینن ، هەر بۆیە کورد نابێت ئەزمون و پەند لەو واقیعە وەربگرێت بەڵکو دەبێت دوای چی توند ڕەوی ئاینیە بکەوێت تا دەتگەیننە ئەو کاوڵکارییە.
کورد بەوە دڵی تێر ناخوات عەڵی حەمە ساڵحی لەناو گۆڕان چواردە ساڵ تاقی بکاتەوە کە پیاوی دەزگا ئیستخباراتیەکانی یەکێتی و پارتیە کە گۆڕانی بڕدە حکومەت و بەو دەڕدەی بڕد، بەڵکو دەبێت چواردە ساڵی تر حیزبەکەی عەلی حەمە سالح و کۆمەلێکی تری هاوشێوە تاقیبکاتەوە و تا لەوێش لوتی بە بەرد دەکەوێت.
کورد بۆ ئەوەی ئەزموون وەر بگرێت، پێویستە تاک بەتاکی گۆڕانیبێژ و بەقاڵ و شڕو شێتەکانی نێو دونیای وەرزشی بنرێتە پەرلەمان و ئەوانیش بەدەستی بەتاڵ و گیرفانی پڕکڕاوی خۆیان بگەرێنەوە ، ئەنجا کوردی نەگبەت دەستی خۆی دەگەزێت.
کورد حەڵی تری نیە هەر دەبێت هەواڵ و چەواشەکاریەکانی زاگڕۆس و کوردستان تیڤی وکوردسات و گەڵی کوردستان سی و دوو ساڵ هەڵی خەلەتێن و دواتر بەئاگا دێتەوە ئەمانە شەن و کەو بۆ دوو حیزبی خوێنمژی میڵلەت دەکەن، دواتر پەنا دەباتە بەر ڕووداو و کوردستان 24 و ئێن ئار تی و چەند پەیج و کەناڵێکی تری سێبەری حیزب بۆ ئەوەی پازدە بۆ بیست ساڵ ئەوانیش چەواشەی بکەن و دایبڕن لەدونیای ڕۆشنگەری و ڕاست و ڕەوان.
کورد هەرگیز تێناگات کە هەر شتێک سەرەتاکەی شای وهەڵپەرین و بادان بوو کۆتاییەکی فەشەلێکی گەوڕەیە وەک شۆرشی ئەیلوڵ و شۆرشی نوێ لە سەڕەتایی سەرهەڵدانیانەوە چی ئومێد بەخشڕا بەخەڵک کەچی کۆتاییەکەی شکت و ئاشبەتاڵ و ڕاکردن و ڕیسوابوونی کورد بوو، هەر بەوە نەوەستا کوردی نەگبەت لە 1991 کەوتە هەڵپەرکێ و شایی و لۆغان بۆ ئازادبوونی هەر چوار شاری کوردستان(کە هەر زۆری پێ نەچوو کەرکوکیان دۆڕان تەنها مایەوە سێ شار) و دواتر حوکمەتی هەرێمی لێ کەوتەوە کە گومرکی فەرهود کرد و عەرزەی تاڵانکرد و سەرخان و ژێرخانی ولاتیان فرۆشت و کوردیان قەڕزار و سەرگەڕدان کرد لەکۆتایدا شەری ناخۆی و کورد کوژی لێ کەوتەوە. ئەنجا لەگەڵ رووخانی رژێمی سەدام کورد کەوتە هەڵەکە سەما بۆ زوڕنای کوردایەتی و خەیاڵ پڵاوکردن بەژیانێکی خۆش کە گوایە ئەوانەی چونە (مجلس حکم العراق ) لە ساڵانی 2005 و دواتر دەستورێکیان نوسیوە زامنی هەموو مافەکانی کود بکات لەکۆتایدا دەرکەوت هەرچی نەوتی کودستانیان هەیە لەدەستوڕدا ڕادەستی عێراق کردووە لە دادای فیدڕالی و دادگای پاریس دۆسیەکەیان دۆڕاند کە بنەمای سکاڵاکە لەسەر دەستور بوو، کوردی نەگبەت بەوەش نەوەستا لە فرۆشتنی نەوت و سوردانی سوکانەکە پشتگیری کردن و تا ئەو کاتەی یەکێتی و پارتی بوون بەقاچاخچیەکی گەورەی نەوت ، کوردی ڕەنجەڕۆ بەوەشەوە نەوەستا لە ریفڕاندۆمێکی دۆڕاودا کەوتە هەڵپەرکێ و مەست و بێهۆش بوو بەشیعاراتی نەتەوایەتی ئەو حیزبە قاچاخچی و قۆڵبڕانە و تا نیوە زیاتری خاکی کوردستانیان رادەستی عێراقی عروبە کرد لە 16 ئۆکتۆبەردا.
سەڕەرایی ئەوەی یەکێتی و پارتی بەهۆی ریفراندۆمەوە نیوەی خاکی کوردستانیان دۆڕان، ئێستا میڵلەت بە غەشیم و ناحاڵی و کاڵفام دەزانن رۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی دەلێن یەکێتی فرۆشتی، لەراگەیاندنەکانی یەکێتی دەلێن پارتی فرۆشتی ئەمە وەک ئەوەی گاڵتە بەعەقڵی میڵلەت بکەن!
بۆیە ئەوەی بەسەر ئەم میڵلەتە هاتووە زۆر کارەساتبارە ، ئەگەر هەستی پێنەکەین و بەردەوام بین لە چەپڵە کوتین ، پەند عیبرەت لەمێژوو وەرنەگڕین ، نەتوانین ڕابردوی کەسەکان و حیزبەکان و رەوت و جولانەوەکان بخوێنینەوە، ئەوا شایستەی لەم وەزعە خڕاپترین و هەر ڕۆژەو کەسێک بەئاسانی دەتوانێ ئەم میڵلەتە بفرۆشێت و بیخاتە چاڵێکەوە و خۆی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست