کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


35 ساڵ‌ حكومڕانی كورد، چی له‌هه‌گبه‌یدایه‌ بۆ دوای لۆزان؟

Tuesday, 25/07/2023, 20:49


بۆچی په‌یماننامه‌ی لۆزان دژایه‌تی كوردی پێكراو گۆڕانكای تازه‌ چی ڕووده‌دات؟
په‌یماننامه‌ی لۆزان له‌ 24ی ته‌مووزی ساڵی 1923 له‌ سویسڕا واژوو كرا و هه‌موو جۆره‌ مافێكی كورد له‌و په‌یماننامه‌یه‌ سڕایه‌وه،‌ كه‌ پێشتر له‌ په‌یمانی سیڤه‌ر جێگیر كرا بوو، دوای 98 ساڵ له‌ ده‌رچوون و واژووكردنی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌، كورد تا ئێستا‌یش به‌رده‌وام به‌ ده‌ستی توركیا ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر و ده‌كوژرێن و خاكیان داگیر ده‌كرێت و هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی ده‌كرێته‌سه‌ر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ 98 ساڵی ڕابردوو چه‌ندان جار كۆمه‌ڵكوژی كوردیان كردووه‌.
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا به‌ سه‌ركردایه‌تیی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، كه‌وتنه‌ پیلانگێڕان بۆ له‌ناوبردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر، چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیادا نه‌بوو، به‌ گوێره‌ی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ توركیا ناوچه‌یه‌كی بچووكی بۆ مابووه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریای ڕه‌ش و باكور درێژ ده‌بووه‌وه‌، به‌هۆی پشتیوانی هۆزه‌ كورده‌كانیش له‌هێرشی توركه‌كان بۆ سه‌ر یۆنانییه‌كان له ناوچه‌ كه‌ناراوییه‌كانی ده‌ریای ئیجه،‌ كه‌ ئێستا‌ خاكی توركیا، هێزه‌ براوه‌كان به‌ ته‌واوی تووڕه‌بوون و دووباره‌ گفتوگۆ ده‌ستی پێ كرده‌وه‌ و دواجار ڕێككه‌وتنی لۆزان له‌ سویسرا له‌ شوێنی ڕێككه‌وتنی سیڤه‌ر كارا كرا، كه‌ هیچ مافێكی بۆ كورد تێدا نه‌بوو.
به‌ گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ سنووری ئێستای توركیا دیاریی كرا و دوای نزیكه‌ی 100 ساڵیش هێشتا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ كارایی ماوه‌ته‌وه‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌كی تێدا نه‌كراوه‌، كوردیش وه‌ك تاكه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا به‌بێ‌ بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌بخۆ ماوه‌ته‌وه‌، لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بریتین له‌ فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و یۆنان و رۆمانیا و یوگسلافیا و توركیا به‌ پشتیوانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان، كه‌ ئێستا به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ خۆیان به‌ فریادره‌سی كورد ده‌زانن.
دوای چه‌ند مانگێگ گفتوگۆكردن له‌ 24ی ته‌مووزی ساڵی 1923 ڕێككه‌وتنه‌كه‌ واژوو كرا و پاش زیاتر له‌ ساڵێكیش خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و به‌ دیاریكراویش له‌ ڕێككه‌وتی 6ی ئابی 1924 جێبه‌جێكردنی ده‌ستیپێكرد. سه‌رچاوه‌كان پشتڕاستی ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی په‌شیمانبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ براوه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان له‌ په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر، خواستی ئه‌وان بوو بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو دژ به‌ بیری شیوعیه‌ت، چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان و له‌ 1917 شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر له‌ ڕووسیا ئه‌نجام درا و بنه‌ماكانی شیوعیه‌ت به‌ خێرایی به‌ ناوچه‌كه‌ بڵاو ده‌بوونه‌وه‌، ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا پێویستیان به‌ وڵاتێك هه‌بوو، كه‌ ته‌واو دژی ئه‌و ڕه‌وته‌ بوه‌ستێته‌وه‌ و به‌ ته‌واوی پشتیوانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وروپا بێ، به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
له‌دوای 100 ساڵ و له‌ساڵیادی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ له‌ كونگره‌یه‌كدا له‌ سویسرا هه‌ندێك به‌رپرسی حیزبی به‌شدارن كه‌ خۆیان خاك فرۆشن و ته‌نانه‌ت ناوه‌ڕۆكی په‌یماننامه‌كه‌ نازانن چییه‌ و ئامانجی چییه‌ به‌شدارن و باسی گرنگی و زیانی په‌یماننامه‌كه‌ ده‌كه‌ن.
له‌ كاتێكدا كه‌ كورده‌كان له‌ دوای 98 ساڵ ده‌ستیان به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كردووه‌، كه‌ توركیا خه‌ونی دروستكردنی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی نوێی له‌ خه‌یاڵدایه‌ و هه‌موو تواناكانی بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانلی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ و چه‌ندان ناوچه‌ی كوردی له‌ باكوری سووریا داگیر كردووه‌ و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق، ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری لیبیا و ئه‌رمینیا و قوبڕس ده‌كات و ده‌یه‌وێ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیدا بوون، هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ریان بسه‌پێنێ و ئه‌مه‌یش به‌ مافێكی شه‌رعی خۆی ناو ده‌بات.
ئه‌گه‌رچی به‌ر له‌ جه‌نگی جیهانی كوردستان به‌سه‌ر دووبه‌ش دابه‌شكرابوو، كه‌ به‌شێكی بچووكی له‌ ژێر ده‌ستی فارسه‌كان و زۆرینه‌یشی له‌ ژێر ده‌ستی عوسمانییه‌كان بوو، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی واژووكردنی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌، كوردستانی گه‌وره‌ له‌ دوو به‌شه‌وه‌ كرا به‌ چوار به‌ش و به‌سه‌ر چوار وڵات دابه‌شكرا، كه‌ دوویان نوێ و تازه‌بوون، ئه‌وانیش عێراق و سووریان، به‌ڵام دوای په‌یماننامه‌ی لۆزان، ئه‌مه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هات و كورد له‌ 98 ساڵی ڕابردوو بۆ مانه‌وه‌ و پاراستنی خۆی دژی چوار وڵاتی جیا جیا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌ره‌ڕای زۆرترین ناكۆكی له‌ نێوانیان، به‌ڵام هه‌رچواریان له‌ وێستگه‌ جیا جیاكانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی كوردستان یاری و مامه‌ڵه‌یان به‌ كورد كردووه‌ و به‌ نهێنی له‌ ژێره‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژكردن و سه‌ركوتكردنی كورد ڕێككه‌وتوون.
له‌كاتێكدا دبوایه‌ كورد له‌دوای 100 ساڵ حیزبی نه‌ته‌وه‌یان دروست بكردایه‌ و له‌ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویست بوونایه‌، به‌تایبه‌ت به‌شی باشور كه‌ له‌دوای راپه‌رینی 1991 ه‌وه‌ خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆی و په‌رله‌مان و سنوری دیاریكراوی خۆیه‌تی، نه‌ك هیچی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام خه‌ریكی دزی و یه‌كتر كوشتن و پلانگێری و رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێری دژی كورد و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و له‌ناوبردنی ئازادی و خوشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌ و له‌باربردنی په‌رله‌مان و راستكردنی سنور و كییانی سه‌ربه‌خۆ ی باشوری كوردستان به‌ عێراق و له‌ناوبردنی خه‌ونی ده‌وڵه‌تی كوردی لێ‌ به‌رهه‌م هات، له‌دواین كونگره‌ كه‌ له‌ سویسرا ئه‌نجامدرا هه‌ندێك به‌رپرسی حیزبی و حكومی به‌شدارن كه‌ شه‌رمه‌ له‌ كوردستان حیزبه‌كانیان دژی كوردستان و له‌ سویرسرا به‌رگریكاران.
ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ له‌دوای 100 ساڵ دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌لایه‌ن وڵاته‌ لهیزه‌كانه‌وه‌، ده‌بێت بۆ نه‌خشه‌ و گۆرانی تازه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ یان بۆ یه‌ك سه‌دی دیكه‌ له‌هه‌مان دۆخدا ده‌مێنێته‌وه‌؟ ئایا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و عێراق به‌ تایبه‌تی رێگا ده‌ده‌ن كورد ببێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت؟ یان به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی زلهێز له‌وه‌دایه‌ كورد  به‌ ژێرده‌سته‌یی بمێنێته‌وه‌؟ یاخود چاره‌سه‌ركردنی سنورێك بۆ كورد و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ كه‌ له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ پێكهاتبێت، هه‌موو ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر په‌یماننامه‌یه‌كی دیكه‌ بكرێت، یان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ رێگاناده‌ن جارێكی دیكه‌ هیچ په‌یماننامه‌ و رێككه‌وتنێك له‌ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام بدرێت، سه‌ركردایه‌تی كورد و حیزبه‌كان له‌نیو سه‌ده‌ی پێشتردا چ هه‌نگاوێكیان هه‌ڵهێناوه‌ بۆ داهاتوو كورد و دروستكردنی دبلۆماسیه‌ت و رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێر له‌پێناو داهاتووى نه‌ته‌وه‌ی كورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە