مێزەکە بەسەریاندا قڵپ دەکەینەوە!
Tuesday, 18/07/2023, 20:46
ناونیشانی ئەم بابەتە قسەیەکی عادل باخەوانە کە لە کەناڵی روداو بڵاوکرایەوە، ئەویش پاش ئەوەی 80 دەقیقە لەگەل سەرۆکی پارتیدا دانیشتنی کرد و دەربارەی چارەنووسی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و باسیان لەسەر هەرەشە دەرکی و ناوەکییەکان کردبوو .
کاتی خۆی پێش مەترسییەکانی داعش، سەرۆکی پارتی کاتێک هەرەشەی لە کاربەدەستانی بەغدا کرد، بەتایبەتی ئەو هەڕەشەیەی کە ئاڕاستەی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوسا کرد، راستەوخۆ ووتی کارێکتان پێ دەکەین تەوەقعی نەکەن، ئەوکات هیچ کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەکرد کە لە ناکاو داعش خۆی بکات بە موسڵدا و بەچەند کاتژمێرێک داگیری بکات، هەروەها شەنگال و ئیزدیەکانیش بکەونە بەر شاڵاوی ئەو هێرشانە. ئەم هێرشەی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان، دەبێتە 73 هەمین جار کە لە مێژوودا قەتوڵ و عامی ئێزیدییەکانی تێدا بکرێت.
عادل باخەوان لە بەشێکی تری قسەکانیدا ددانی بەوەدا نا، کە هەرەشەی جیدی لەسەر هەرێم هەیە و ددانی بەوەشدا نا، کە سەرچاوە داراییەکان لەلایەن بەغداوە لە هەرێم سەندراوەتەوە، بەوەشەوە ناوەستێت، بەڵکو لەداهاتودا سەرچاوە دیبلۆماسیی وسەربازییەکانی هەرێمشیان لێدەسەنێتەوە، کاتێک ئەم سێ سەرچاوەیەی هەرێم (ئابوری، دیبلۆماسی وسەربازی)یەش بکەێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا، ئیتر شتێک نامێنێت پێی بگوترێت حکومەتی هەرێم، یاخود هەرێمی کوردستان .
عادل باخەوان لە بەرامبەر ئەم هەموو ئەم هەرەشە جدیانەدا، کە لەوەش دەچوو قسەی خۆی نەبێت، بەڵکو هی سەرۆکی پارتی بێت، وتی: لە بەرامبەر هەرەشەکاندا ئەمانیش کارتێکی گرنگیان بەدەستەوەیە بەجۆرێک مێزەکە بەسەریاندا قڵپ دەکەنەوە واتە بەسەر نەیاران وپلانگێرانی دژی نەمانی هەرێمی کوردستان، بەڵام باسی ئەوەی نەکرد، کە چۆن دەتوانن مێزەکە قڵپ بکەنەوە!.
حیزبەکانی کوردستان تا ئێستا جگە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تا ئیستا ئاشکرا نییە کێ لەگەڵ مێز قڵپ کردنەوەکەدا دەبێت و دەچێتە بەرەی پارتییەوە، ئەوەی ئاشکرایە بڕوا ناکەم، چیتر یەکێتی نیشتمانی لەهێچ هاوپەیمانییەکدا لەگەل پارتی بمێنێتەوە و بۆ لەمەو دواش هەر لێدوان و هەڵوێستێک بۆ هەموو قسەیەکی پارتی وەڵامی خۆیان دەبێت، بەڵگەش بۆ ئەمە بەجێ هێشتنی کۆبونەوەی پیرمامە لەلایەن سەرۆکی یەکێتیەوە، کە بەوپەری بەهێزی و بێ منەتیەوە لە پارتی کە خواحافیزیشی نەکرد، ئەمەش وەک وتمان بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە، کە چیدی یەکێتی لەو بەرەیدا نابێت و بەشداری ناکات، ئەگەر هەر رێکەوتنێک کە لەبەرنامە و پلانی پارتیدایە بۆ قلپ کردنەوەی مێزەکە خۆیان لێبەرپرسیار دەبن، چونکە پێش چوونی سەرۆکی یەکێتی بۆ کۆبونەوەی پیرمام رۆژێک پێشتر لەسلێمانی مانۆرێکی سەربازی بە هیزەکانی دژتیرۆر کرد وەکو هێز کە لە دوا قسەیدا لەپیرمام ووتی یەکێتی هێزە!
پێشتریش یەکیتی نێشتمانی توانی لە رێگای زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی عێراقەوە بەیاسایی ئەو برگەیە سەربارەت بەمووچە و شایستە دارایەکانی شارەکان بەتایبەت بۆ سلێمانی بباتەوە، ئەم کارەی یەکێتی پەیوەندی جیدی هەیە بەو پلانەی پارتیی بۆ قلپ بوونەوەی مێزکە، کە پارتی بەرنامەرێژی بۆ کردووە .
شایانی باسە پارتی لەماوەی رابوردودا رایگەیاند، کە هیزیکی دوو هەزار (2000) کەسی بەناوی سوپای بارزانەوە چەند خولێکی ئەفسەر و سەربازی لە زاخۆ و ناچەکانی تر دروست دەکات و ئەمادە باش دەبێت بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو .
سەرکردەی حیزبە سونەکانی عیراقیش کە زۆربەیان لە هەوڵیرن، لە ئامادەباشییدان، بەردەوام کۆبوونەوە دەکەن و سەرقاڵی خۆ کرۆکردنەوەن، هەروەها لە تورکیا و ئەردەن و ئیماراتیش لە چوار تەیاری سونی پێک دێن بوونیان هەیە و هەموویان هاوپەیمانی بەرەی پارتی دیموکراتن، لە هەر کاردانەوە ئەگەرێکدا لە قڵپ کردنەوەی مێزەکەدا وەکو هێزیك بەشدار دەبن، جگە لە هێزی نادیاری سونەی ئیسلامی توندرەوە داعشیەکانیش کە لە هەرێم و تورکیا و سەرسنورەکان بوونیان هەیە، هەرجەندە دەنگۆی ئەوە هەیە، کە لەساڵی داهاتوودا کۆنە بەعسیەکان کە زۆربەیان لە وڵاتی ئەردەنن لەرووی ئیداری و موئەساسەتی دەوڵەتەوە ئامادەکاریان کردووە بۆ بەشداری و حوکمرانی عێراق.
پارتی بۆ رێگری لەهەرەشەکانی سەر نەمانی هەرێم ئامادەکاری جیدی کردوە لە هەموو ئەوانەی باسمان کرد گرنگتر سەری مارەکەیە کە تورکیا و سەرۆکی تورکیایە ئەردوغان بۆ قڵپ کردنەوە مێزەکە بەسەر عیراقدا وەکو یەکێک لەم ئەگەرانە :
تورکیا زۆر دەمێکە لەهەرێم دەیان بنەکەی سەربازی کردۆتەوە، هێز و لەشکری قایمکردوە، جگە لە سەدان کۆمپانیا بەناوی بازرگانیەوە کە هەموویان سەر بەمیتی تورکن و پێگە و رێگای زۆریان داگیر کردوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە، پارتی لەدژی هەرەشەکانی بەغدا بەتەواوی هەموو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی تەسلیم بە تورکیا بکات بە موسڵیشەوە ئەمیش بە بیانووی هێرشی داگیرکاری سەربازی تورکدا گوایە هەرێمی کوردستانیان بەزەبری هێز داگیر دەکەن.
گومانی تێدا نییە ئیرانیش لە پشت ئەو هەموو رێگایانەوەیە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات و نەمانی هەرێمی کوردستان، دواتر بەتەواوی تەسلیم بە حکومەتی عیراقییان بکات، کە هیزە شیعەکان هەموو ئەجینداکانی ئیران لەدژی هەرێم بە وردی و لەریگای دەستور و دادگای فیدرالیەوە جێ بەجی دەکەن، هەروەک کردوویانە .
بۆیە لە ئەگەری هاتنە ناوەی هیزی تورکیا بە تەسلیمکردنی هەرێم لەلایەن پارتیەوە بە فیعلی مێزەکە بەسەر حکومەتی عێراقید قڵپ دەبێتەوە کە کێشەکە دەبیتە کێشەی دوو دەوڵەت عیراق و داگیرکاری تورکیا ئەمەش سەرئەنجام شەری لێدەکەوێتەوە ئامانجی ئەو شەرەش بۆ لاوازکردنی هیزەکانی ملیشیای شیعەیە، بەجۆرێک بەڵانسی هێز بەرامبەر لەگەل سونەکان بکرێتەوە تا بتوانن سونەکان و کۆنەبەعسیەکان جارێکی ددیکە بگەرێنەوە بۆ ناوەندی دەسەلاتی عیراق، ئەمیش بە دانوسان لەگەل هیزە شیعەکاندا .
چارەنووسی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتەوە سەر دەستەکەوتی شەرەکە کام لا بەهیز بوو، ئەوا بوون و مانەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر هەژمونی ئەو دەسەڵاتی کە براوە دەبێت، یان رێکەوتن و دانسووساندن دەکەن ئیتر بەغدایە یا تورکیایە!
بۆچی هەڵبژاردن بۆ پەرمانی کوردستان لە 18/11/2023 دا ناکرێت، لەکاتێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بریاریدا لەو وادەیەدا ئەنجام بدرێت؟
لەدواهەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکرات تاکلایەنە بریاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی دا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، بەڵام حکومەتی فیدرالی عێراق بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بە بریارێکی دادگای فیدرالی کۆتایی بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هێنا، بریارە تاک لایەنەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە .
هەروەها حکومەتی فیدرالی عێراق بریاریدا، کە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عیراق جگە لە هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 6/12/2023 ئەنجام بدرێت، بەو پێیە ئیتر حکومەتی فیدرالی عیراق بریار لە سەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات کە تا ئیستا کاتەکە دیاری نەکراوە و پێشبینیش دەکرێت، کە ساڵی داهاتوو لە مانگی 5-6/2024 هەڵبژاردن بکرێت، لە ئیستادا بەنەمانی پەرلەمانیش شەرعیەتی حکومەتی هەرێم نامێنێت، حکومەتی هەرێم بۆتە حکومەتیێکی کاتی و کاربەرێ دەکات تا هەڵبژاردن دەکرێتەوە.
ئەم رێکارە یاسایانەی حکومەتی عێراق هۆکارە بۆ محاڵ بوونی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە و کاتەی، کە سەرۆکی هەرێم بریاری لێدابوو، کەوابوو وەک من بۆی دەچم، بابەتی دواخستنی هەلبژاردن بە قسەی خۆیان پەیوەندی هەیە بە قڵپ بوونەوەی مێزەکە !
ئێران هەرەشەی سەرەکییە لەسەر دەسەلاتی پارتی لەبەرئەوەی هەژمونی دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر بووە بە هەرەشە لە سەر ئیران :
کاتێک لە ناو جەرگەی هەولێردا بەدرۆن لە ماڵی شێخ باز درا، هۆکارکەی بۆنی ئیسرائیلیەکان بوو، بوونی، کە ئیران جموجۆڵی ئیسرائیلەیەکانی لەهەولێردا بەهەرەشەی جیدی بۆ سەر خۆی دەزانێت .
پارتی تاک لایەنە بە بریاری نهێنی و ژێر بەژێر ئامادەبوو بەهاوکاری ئەمریکا بنکە ساروخەکانی پاتریۆت لەسەر سنورەکانی کوردستان جێگیر بکات، ئەویش بە بیانووی پاراستنی هەریمی کوردستان لە مەترسی دەرەکی، بەلام ئێران هۆشداری بە پارتیدا و ئەم کارەی بەهەرەشە لە قەڵەمدا لەسەر وڵاتەکەی، ئەوەبوو بنکە ساروخەکانی پاتریۆت دواخرا و دانەنرا، بەڵام بەم دواییانە پارتی بریای داوە دیسانەوە بە هاوکاری ئەمریکیەکان بنکە ساروخیەکان لەسەر سنورەکانی هەریمی کوردستان جێگیر بکات .
بێگومان پارتی لەسەر هەرەشەی ئیران و پەکەکە و ملیشیاکانی حەشدی شەعبی نیگەرانیەکانی بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گەیاندوە لەو بروایەشدام کە داوای کردوە لە چەند وڵاتێک چەک و پێداویستی تەقەمەنی بکرێت !! بەڵام بەهۆی ئەوەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر حکومەتی عیراقی گەرانەوەی سەروەرییە بۆ دەوڵەتی عیراقی و پشتیوانی لێ دەکات، رازای نەبووە کە چەک بکرێت و خۆی پر چەک بکات، بەڵکو بە پارتی ووتووە دەبێت تەنها لە ریگای حکومەتی عیراقیەوە چەک بکرن، بێگومان ئەوەش محاڵە حکومەتی عێراقی ئامادە نابێت چەک و تەقەمەنی بە پارتی بفرۆشێت، یاخود رێگای بدات لەولاتانی تر بیکرێت، ئەمریکا وهاوپەیمانان دوا رێگا چارەیان بۆ پارتی ئەوەیە کە بەتەواوی پابەند بێت بە بریارو داواکاریەکانی حکومەتی فیدرالی عیراق.
پارتی دیموکرات بەشی شێری لە زەخیرەی چەک و تەقەمەنی هاوپەیمانان لەکاتی شەری داعشدا بەرکەوت و لە جبەخانەکانی خۆیدا هەڵیگرتووە، ئەوکات ئێران ئاگاداری ئەو هەموو جبەخانەیەی پارتی بوو، بۆیە دوای شەری داعش لەماوەیەکی دیاری کراودا بە چەندین شێوە جبەخانەی چەکەکان بەهۆکاری نادیار تەقینەوە، کە لە بنەرەتدا هیچ چەکێکی هاوپەیمانان تیانەچووە و لای پارتی ماونەتەوە، بەڵام تەنها بۆ چەواشەکاری بوو کە ئیران ئەو هەموو چەک و جبەخانانەی هاوپەیمانن لای پارتی بە هەرەشەی نەزانێت بۆ سەر ولاتەکەی.
ئێران بۆ زیاتر جیدی کردنی هەڕەشەکانی بۆ سەر پارتی داوای کردوە لە حکومەتی عیراق کە تەواوی میلیشایا حەشدی شەعبی سەر بەوەزارەتی بەرگری عیراق دەستکراوە بن بە کرینی چەک و تەقەمەنی قورس لەهەر ولاتێک بەخواستی خۆیان تەنانەت ئەمریکاش بێت بۆئەوەی پرچەک بن و وەزارەتی بەرگری عیراقی پارەیەکی خەیاڵی لە بودجەی خۆی بۆ تەرخان کردووە، ئەمە لەکاتیکدا یە کە گومان هەیە ئیران بە جۆرێک لە ساروخی فاتح و درۆنی بەهێز هێزەکانی حەشدی شەعبی پرچەک کردبێت .
ئێران حیزبەکوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی لەسەر سنورەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەهەرەشەی جیدی دەزانێت بۆیە دوای لە حکومەتی عێراقی کردوە کە هیزەکانی سوپای عیراق لەسنورەکانی لەگەل ئیراندا جیگیر بکات ئەمەش بیانویەکە بەهۆی ئیرانەوە سوپای عیراق بگەریتەوە بۆ سنورەکانی کوردستان، لەهەمان کاتدا داواشی کردوە، کە دەبیت تەواوی ئەو حیزبە کوردیانە چەک بکرین و مقەرەکانیان بگوازریتەوە لە عیراق و لەهەریمدا نەمێنن ئەم داواکاریەی ئیران وەکو فشارێک لە سەر حکومەتی عیراق ماوەیەکی بۆ دیاری کردوە تا مانگی 9/2023 لە ئەگەری جێبەجی نەکردنیدا لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، ئەوا بەهێرشی زەمینی و درۆنی ئاسمانی دێتە نێو خاکی هەرێمەوە بۆ کۆتایی هێنان بەو هێزە کوردیانە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست