ماڵی وێرانی ناو فەیسبوک!
Sunday, 09/07/2023, 16:47
دەکرێ وڵاتێک بە هۆی شەڕوتۆفان ورەشەباوگردەلوول وباوباهۆزبەرەو وێڕانی بچێ.هەرچۆنێک بێ ئەو وڵاتە بە پێی رێگوزەری زەمان سەر لە نوێ دروست دەبێتەوە.بەڵام کۆمەڵگایەک یان نەتەوەیەک لە بواری بیرکردنەوە وڕامان بەرەو وێرانی وهەڵدێر هەنگاو بنێ،بونیادنانەوەی ئەونەتەوەیە یان ئەو کۆمەڵگایە کارێکی دژواروئەستەمە.
دونیای سەردەم،دونیای چرکەکانە.بەوواتایە کە بە چرکە، سەردەم بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێ.کاروانی زانست ودونیای رەوشەبیریی لەوەستان ناوەستێ وکۆڵ نادا.خۆشبەخت ئەو نەتەوانەن کە پێ بە پێی ئەو کاروانە رێگا دەبڕن.مرۆڤی سەردەم جگە لەوەی کە حەوجێی بە هەواوخواردن وزاووزێ وخۆشەویستیی هەیە،هەزاران جار زێدەتر حەوجێی بە ڕاهێنان وپەروەردەکردنی خۆی هەیە.
بە باوەڕی من کورد لە جیاتی ئەوەی سەرەتا لە داگیرکەری یاغی بێ،پێویستە لە خۆی یاغی بێ وئاڵوگۆڕی مەزن لە خۆیدا پێک بێنێ.ئەو ئاڵوگۆڕە ئەوەندە گران نییە.پێویست ناکا کەسێک خوێندنی باڵای هەبێ وبیر لە ژیانی خۆی بکاتەوە.مەزنترین مامۆستا بۆ مرۆڤەکان ئەزموونی ژیانە.ئەو ئەزموونە لە کەسایەتیەکی خوێندەواردا بە دی دەکرێ،لە هەمان کاتدا لە کەسایەتیەکی نەخوێندەواریش بە بارتەقای ئەزموونی ژیانی خۆی دەردەکەوێ.ئەو دوو چین وتوێژە هەرکامیان وەک مرۆڤێکی خاوەن مێشک وهزروڕآمان ژیان تێدەپەرێنن.ئەوەی کە گرینگە چۆن ژیان هەڵدەسەنگێنن وچۆن لە رۆژگار تێدەگەن.
زۆرم کەسی خوێندەوارم دیوە،کاتێک کە قسەی کردوە زانیمە بایی چەندە.لە هەمان حاڵدا مرۆڤم دیوە کە تەواوی تەمەنی رەنجدەربووە ولە گووندەکان ژیاوە،بەڵام کاتێک خەریکی ئاخاوتن بووە ئەوجار زانیومە خاوەنی کۆلەبارێکە لە ئەزموون وجیهانبینی.
بەهۆی پێشکەوتن وبەرزبوونەوەی زانستە سەردەمیەکانی سەر گۆی زەوی مرۆڤ رۆژانە کە لەخەو ڕادەبێ چاوی بە نوێگەرایی ورووداوەکانی هەیی دەپشکوێ.یەکێک لە رووپەڕآنەی کە بە سات وکات لە پەرەسەندندایە(فەیسبوکە ).فەیسبوک خاوەنی دونیایەکی ئاواڵایە کە هەرکەس دەتوانێ سەری لێبداوکەڵکی لێ وەرگرێ.پرسی هەری گرینگ بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە چۆن کەڵک لە فەیسبوک وەرگێرێ؟جوابی ئەو پرسیارە لە لای نەتەوەیەکی ڕاهاتووهوشیارە.
ئایا زۆرینەی تاکی کورد کەڵکی بە جێ لە فەیسبوک وەردەگرن؟
بۆ جوابی ئەو پرسیارە ئاماژە بەبابەتێک دەکەم کە بۆ من جێگای پرسیاروداخە.ئەوڕۆ لە سەر رووپەڕی فەیسبوک چاوم بە بابەتی کەسێک کەوت بە ناوی / س،د/ کە پرسیارێکی ئاراستەی خوێنەرانی ناو فەیسبوک کردبوو.پرسیارەکەش ئەوەیە: ناوی کوڕێکم بۆ بنووسن کە بە پیتی/ ک/ دەست پێ بکا.ئەو کەسانەی کە لە جوابی ئەو پرسیارەدا کۆمێنتیان نووسیبوو،گەیشبووە ٣٣هەزار کەس زیاترتاکاتی تەواو کردنی ئەو وتارە!
زۆر مرۆڤ رۆژانە خاوەنی فەیسبوکن.چون ژیان وای لێهاتووە.هەرڕۆژێک میلیونان کەس بە زمان گەلی جیاوازسەردانی فەیسبوک دەکەن.لە نێوان ئەو کەسانەدا کە بە کوردیی دەنووسن،کەسانی خاوەن پێنووس وهەست وکوردپەروە وزاناهەن کە پلەی خوێندەواریان بەرزە.کەسانێکیش هەن کە ڕەنگە پلەی خوێندەواریان لە ئاستێکی بەرزدا نەبێ،بەڵام خاوەنی پێنوسێکی بە هێزن وخۆیان لە بابەتەکانی سیاسی وکۆمەڵایەتی وزانستی ونیشتمانی دەدەن.
کەچی بە داخێکی یەکجار زۆر گرانەوە،لایەنی خوێنەریی ئەو بابەتانە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە!هۆیەکەش ئاشکراو روونە.زۆر بابەت دەستیان داوەتە یەک تاکۆمەڵگایەکی ناهوشیار،وەدووی بابەتە گرینگەکانی رۆژ نەکەوێ وخۆی بە شتی دیکە سەرقاڵ بکا.لە بەرئەوەی باشووری کوردستان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژە دووبنەماڵە دەستیان بەسەردا گرتووە،دەبوایە لەو بوارەدا خەڵک چآلاکتردەرکەوەتبایەن.لە راستیدا ئەرک،ئەرکی دەسەڵاتە کە سیستمی پەروەردەیەکی گونجاوبۆ کۆمەڵگا دابین بکا تا هەرکەس بە پێی لێهاتوویی خۆی کەڵك لە دونیای ئازاد بەشدار بکا.
لە بیرمان نەچێ،هەرتاکێکی کوردیش دەبێ هەست بە بەرپرسایەتی بکاوبزانێ چۆن لە فەیسبوک کەڵک وەربگرێ.لە دونیای هاوچەرخدا،کۆمەڵگایەک سەردەکەوێ کە هۆگری خوێندنەوە ونووسینی بە پێز بێ.زۆر بونی چەکداری حیزبی وبنەماڵەیە وئاسایش بۆ پاراستنی سەروەتوسامانی دەسەڵات هونەر نییە.هونەر لە پێنوسێکی بوێرورەخنەگردایە.لە کەم وڵاتی دونیادا بینراوە کە بۆ نووسینەوەی ناوی کوڕێک کە بە پیتی / ک / دەست پێبکا،رێک ٣٣هەزارکەس زیاتر! کۆمێنتی لەسەر بنووسن.ئەوە نیشآنەی هوشآریی هیچ تاکێک وکۆمەڵگایەک نییە.
نەتەوەی خولقهێنەروداهێنەرهەنگاو بەرەو ئازادی وسەربەستی دەنێ.نەتەوەی ناهۆشیاریش رۆژ لە رۆژ زیاترلە کاروانی زانست وداهێنان پاش دەکەوێ.وڵاتی وێران وخاپووربە پێی کات وزەمان دووبارە ئاوەدان دەکرێتەوە.بەڵام کاتێک مێشکی مرۆڤەکان وێران بوو،دووبارە چاک کردنەوەیان زۆر زەحمەت وگرانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست