سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور وەک میراتگر
Tuesday, 04/07/2023, 18:53
هەفتەی پێشوو، دوو دەستەی یەک حیزبی کوردیی دەڤەری ڕۆژهەڵات، وەک درێژەدان بە کلتووری کوردکوژیی کە میراتێکی عەشیرەتی و خێڵگەرایی کۆنە لە مێژووی کوردا و کوشتنی بەرانبەر، کە لەو ناچێت و وەک ئەو بیرناکاتەوە، هەمیشە پەنای بردۆتە بەر پاکردنەوەی فیزیکی یا سایکۆلۆجی بەرانبەر، کە لە زۆر حاڵەتدا وەک پیشاندانی پیاوەتی و ئازایی و قەبووڵنەکردنی سەرشۆڕی لێکدراوەتەوە و لەو سەرەتایانەی ئەم کلتوورەوە، قسە بە ڕشتنی خوێن و ئاشتیش بە قووربانی کردنی ژنێک و دووان و سیان، لەبری خوێنێک کە ڕشتبوویان، چارەسەر کراوە. ئەم رەفتارە لەسەرکردەیەتی خێڵ- حیزب سەری هەڵدایەوە و دوو لاوی کوردیان کردە نیشانەی تفەنگەکانیان.
سەرکردەیەتی حیزبەکان کە بزوێنەر و درێژەپێدەری ئەم کلتوورەن لەبەرگی جودا، شێوەی جودا و دەربڕینی جودادا، لەو سەرەتایانەوە، دەیانتوانی سەرپۆشێک بدەن بەسەر ئەم تاوانانەدا، بەڵام پاش شۆڕشی دیجیتاڵی و کرانەوەی کۆمەڵگاکان بەڕووی یەکتردا، ئێدی شاردنەوەی ئەم تاوانانە، کە بۆ سەرکردەیەتی حیزبە کوردییەکان، زۆرینەیان تاوانی نەتەوەیین، سەخت و مەحاڵ بووە، کاتێ تاوانەکەیان لە قاو دەدرێت و کوردە دڵسۆز و کوردستانییەکان بەرەنگاریان دەبنەوە و شیکاریان دەکەن و بەرەو ڕووی یاسایان دەکەنەوە، دەکەونە پەلەقاژێ و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ و خوێنێک نەڕژابێ و گیانێک نەکوژرابێ.
بوونی چەندین دوژمنی دێرینەی کوردیش، بۆ ئەم حیزبانە باشترین پاساوە، هەم بۆ دەمکوتکردنی ئەو کەسانەی لەسەر تاوانەکان دێنە دەنگ و هەم بۆ بێنرخ کردنی ئەو خوێنانەی کە بەدەستی ئەوان ڕژێنراوە، چوونکە زۆر جاران بە پاساوی ئەوەی کە باروودۆخەکە هەستیارە و دەبێت ئاگاداری قسە و باسمان بین تا نەچێتە خەزنەی دوژمنەوە و هەندێ جاریش بە درووستکردنی تۆمەت بۆ کوژراوەکان، کە سەر بە دوژمن بوون و سیخوڕ و بەکرێگیراوی دوژمنانی کورد بوون.
بەدرێژایی ئەم حەفتا ساڵەی کە کورد بۆ دەرکردنی دوژمن و ئازادکردنی نیشتمانەکەی تێکۆشاوە و چەکدار بووە، نزیکەی بیری چەپ ڕینمای سەرکردەیەتی حیزبەکان بووە. چەپی کوردی هەمیشە لە ناو چەپی ئەو میللەتانەدا بووە کە بەشێک لە نیشتمانەکەیان داگیرکردووە. چەپی ئەو میللەتە سەردەستانەش هەمیشە هەوڵیان داوە کە چەپێکی کوردستانی دروست نەبێت و لە دەسەڵاتەکەیان زیاتر دژ بە بزووتنەوەیەکی چەپی کوردستانی بوون، نموونە زۆرە کە دیاریترینیان بزووتنەوە چەپە کوردستانییەکەی شەهید سڵێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی بووە، کە حیزبی توودەی ئێران ڕۆڵی سەرەکی بینی لەم پیلانەدا بە پشتیوانی توودەییەکانی ناو حیزبی دیمۆکرات و ساواک و مەلا مستەفا، لێرەشدا تاوانە نەتەوەییەکەیان بەدەستی سەرکردەیەتییەکی کورد ئەنجامدا.
کۆمەڵە و کۆمەڵە
بیری چەپ لە ئێراندا کە فارسەکان، واتە ڕۆشنبیرانی نەتەوەی سەردەست، دەمڕاست و داڕێژەری بوون و بوارەکەیان لە هەرکەسێکی تر، غەیرە فارس دەگرت، مەگەر بە ئەندازەی ئەوان ئێران چی و عاشقی کلتوورەکەیان بایە. زۆر لە گەڕانەوە سەرخۆی نەتەوەکان بەتایبەت کورد دەترسان و بەرانبەر بەهەر بزووتنێکی ئەگەر بچووکیش بایە هەستیار و دژایەتیان دەکرد، بە تایبەت لە ڕووی هوشیاریی نەتەوەییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێکخراوە نەتەوەیەکانی وەک ژ.ک لە دەڤەری ڕۆژهەڵات دامەزرا، بەڵام ڕەنگدانەوەی لە باشوور زیاتر بوو. هۆ زۆرن بۆئەوەی کە بۆچی و چۆن ئەو کلتوورە داگیرکەرە وا تەشەنەی کرد و تا رادەیەکی زۆر خۆشەویست بوو لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا.
لەوانە:
1- فارسی وەک لەهجەیەکی ڕەسمی زمانی کوردی*
2- بەکارهێنانی تفەنگ بۆ چەسپاندنی مێژوویەکی هەڵبەستراو و کلتوورێکی دروستکراو کە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوی تر و کۆمەڵێک نۆرمی نامرۆیانەی هێرشبەر دامەزرابوو، کە کلتووری نەتەوەیەکی ڕەسەنی لە فارس لەمێژتر ژیاو لەو سەرزەمینەدا، دەکردە نیشانە و سەرچاوەی جوانکردن و دەوڵەمەندکردنی کلتوورەکەی خۆیان.
3- ڕووداوێک کە زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە بوو، ئەوە بوو کە کۆمەڵێک ڕۆشنبیری چەپی کوردیی کە بەزۆری توودەیی بوون، قۆڵی خزمەت کردنیان بە کلتووری فارسی لێ هەڵماڵی و تا مردنیان لەسەر ئەم خزمەتکردنە بەردەوام بوون، بەسەدان کتێبی ئەدەبیی جیهانیان وەرگێڕایە سەر لەهجەی فارسی و بەکوڵ بەرگریان لەم کارەی خۆیان دەکرد و شانازییان پێوە دەکرد، لە حاڵێکدا ئەوان بۆیە قەبووڵکراو بوون چوونکە خزمەتیان بەوان دەکرد، نەک لەبەر توانای هزرییان و قەڵەم و داهێنراوە ئەدەبی و هونەرییەکانیان. ئەحمەد کایا یەکێک لەو دەیان هونەرمەندانەیە کە لەکۆتایدا وەڵامی ئەو هەموو ساڵەی خزمەتکردنەکەی بە تورک وەرگرتەوە، هەر چەندە لە نزیکەو کۆتایی ژیانیدا کوردبوونی خۆی باسکرد و ئەوداخەی هەڵڕشت کە بەدرێژایی دەیان ساڵ لە دڵیدا حەشاری دابوو. محمەدی قازی، ئیبراهیم یونسی و...لە ڕۆژهەڵات، یەشار کەمال لە باکوور... سەلیم بەرەکات لە ڕۆژئاوا... و هتد.
4- ئێمە بە ڕامانێکی نە زۆر قووڵ و ئاڵۆز دەتوانین بە زۆر ڕاستی بەئازار بگەین کە ئێلیتی کوردی چ خزمەتێکیان بە کلتووری داگیرکەران کرد و چۆن لە بەنرخکردن و خۆشەویستکردنی زمان و کلتووری نەتەوەی سەردەستدا ڕۆڵی کلیلیان بۆ دوژمنانی دێرینەی کورد بینی.
5- بڕوانە ئەم پرسیارانە: بۆچی سەی ئەسکەری کوردستانی، حەسەن زیرەک، حەمەی ماملێ...هتد بە فارسی گۆرانیان نەوت، بەڵام شەهرامی نازری ئەم کارەی کرد؟!. چما خانی بە تورکی نەینووسی و یەشار کەمال بەتورکی نووسی و ملیۆنان وشەی تورکی چەسپاند و پەرەی بە زمانی تورکی دا؟! ئێستا بیهێنە بەر زەینی خۆت، یەشار کەمال بە کرمانجی ڕۆمانەکانی خۆی نووسیبا، چەند پەند و چەند پەیڤ و چەند ڕستەی کوردی لە مردن ڕزگار دەکرد و دەژیانەوە و وەک مێدالیای شانازییەکی نەتەوەیی بە بەرۆکی کلتووری نەتەوەکەیدا ئاوێزان دەکرد، چەند لاو و ژن و پیاوی دەخستەوە سەر ڕێگای ئاخافتن بە زمانی دایکی خۆیان، چ شۆڕشێکی لە زمانی کوردیدا بەرپا نەدەکرد؟!
6- کاتێک شەهرامی نازری دەست دەبات بۆ قەدەغەکان و بێباکانە ئاوازی دڵنشینی سروودە ئاینییەکانی یارسان دەبات و لە تەلارەکانی تاراندا، دەیدا بە گوێی گوێگرانی فارس زماندا و بە تایڵی ( سوڵتانی ئاوازی ئێرانی) لە خشتە دەبرێت، لەم لاوە قوڵنگێکی دەست داوەتێ و قەڵای ئاوازە هەرە ڕەسەنەکانی کوردی وێران دەکات، بۆیە ئەو تایتڵە قەڵب و بێناوەرۆکە، شاباشی دەکرێت.
7- کاتێک محەمەدی قازی بۆ وەرگێرانی ڕۆمانی ( دۆن کیشۆت) چوار ساڵی تەمەنی بۆ تەرخان دەکات و هێندە پێوەی مەشغوڵ دەبێت کە زمانی دایکی خۆی لە یاد دەکات و بە دۆزینەوەی وشەگەلێکی فارسی هاوتای زمانی ڕۆمانەکە کە فەرەنساوییە، پاش دوو ڕۆژ گەران بۆ پەیدا کردنی هاوتا فارسییەکەی وەک خۆی دەڵیت: " از شادی بە هوا برجستم، لە خۆشیاندا کەوتمە هەلەکە سەما"، لە باسی ئەوەدا کە مەرجەکانی وەرگێرێکی بەتوانا و داهێنەر چیین؟! لە دوا مەرجیاندا کە لەهەموو مەرجەکانی تری پێگرنگترە دەڵیت: ......" و اما شرط واجب تر برای توفیق در این کار داشتن تسلط بیشتر بر زبان مادری اش است"*. لە یادی دەچێتەوە کە زمانی دایکی (ئەو) کوردییە نەک لە هجەی فارسی!!!**.
8- لەگەڵ ئەوەدا کە ئاغای قازی، نکوڵی لە توانا و بەهرەی داهێنانی لە وەرگێڕاندا ناکرێت، بەڵام ئەفسووس بیرکردنەوەی توودەییانەی ڕێگەی پێنادا، ئەم بەهەرە مەزن و سەرچاوە لە بن نەهاتووەی تواناکانی، بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایکی بەکاربێنێ و لە یادی دەچێتەوە، کە ئەرکی لە پێشینەی هونەر بەرهەمهێنانی ئازادییە، کێش لە نەتەوەکەی خۆی فرەتر و شایانتر بەو ئازادییە؟!.
9- ئاسمیلەبوون و نامۆ بوون لە کلتووری خۆت و ڕۆیشتن لەگەڵ شەپۆلی باوی فەرهەنگی داگیرکار و نەتەوەی سەردەستدا، دیاردەیەکی نامۆیە بە کورد، کورد لەوەتەی بووە، (ملی بۆ خۆ وەک ئەوان لێکردن نەداوە و دەتوانم بڵێم تاکە نەتەوەیە، کە لەگەڵ ئەو سیستەمەی کە دەیەوەێ هەموومان وەک یەک لێ بکات، لە ژێر فشاری بەکارهێنانی زۆردا، تا ڕادەی جینۆساید)، بەرانبەر ئەم سیستەمە نامرۆییە وەستاوەتەوە و هیچ گوێشی بەوە نەداوە چ زیانێک دەکات و چ بەرهەمێك دەچنێتەوە، زیان لە ڕووە مادی و خڕکردنەوەی بەرهەم لە ڕووە مەعنەوییەکەوە. ئەو دەیەوێ لە ناوەرۆکی ژیانی مرۆڤدا شتێکی دی بگەشێنێتەوە، نەتەوەکانی قەبووڵە وەک خۆیان، بەڵام ستەم و سەپاندن و چەوساندنەوەی ئەوەی تر و خۆیشی قەبووڵ ناکات، بۆیە ئەوانی تر ناتوانن ئەم قەبووڵ بکەن، چوونکە بناغەی سیستەمەکە دەلەرزێنێ و داڕشتنەوەی خۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان. ئەم حاڵەتە دەگمەنە لە ناو ئەو میللەتانەی کوردییان بەسەردا دابەشکراوە، بەو هۆیانەی کە لەسەرەوە باسم کردن، نەبووە و تا ئێستایش نییە، بۆیە زۆر ئاسایی لەگەڵ دەسەڵاتەکانیاندا ڕادێن و پشتیوانی لە ستەمیان دەکەن و هاوکاریی دەسەڵاتەکانیانن لە جینۆ سایدی نەتەوەی کورددا، بەتایبەت لەناو چینی هەرە سەرووی ڕۆشنبیرانیاندا لە زاناییەوە و لەناو چینە لە خوارەوەکانیشیاندا بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەیان، واتە ڕوانینی چاکەکردن و ڕامان لە ئەرکی مرۆڤ بوون، هەستێک نییە کە ویژدان بجوڵێنێ و ڕێگە لە نەکردنی تاوانێکیان لێ بگرێت، بینیوومانە کە دەسەڵاتیان بووبێت و بۆیان لوا بێت، ئەوەی خودا نەهی لێکردووە و مرۆڤ بوون ڕشاندوویەتییەوە بە زارۆک و ژن و ژینگە و بوونی کوردیان کردووە، لە حاڵەتی زەبوونیشیاندا، هێندە بچووک بوونەتەوە، کە ویژدانی زیندووی کورد و سەرچاوەگەشەکەی چاکەکردنی بەخشیوونیی، ئەم هەڵویستانە چەندە بەسوودی بووە و چەندە بە زیانی، ئەوە بابەتێکە ڕەنگە لەگەڵ مرۆڤبوونی کورددا بەو جۆرە حسابەی دنیای ئێستا، لە قاڵبی ئەو ژیانەی کورد باوەڕی پێی بووە/هەیەتی، نەشێت حساب بکرێت، چوونکە دوو نۆرمی جودان. یەک لە ئاسمانی دانایی کورددا و یەک لە ڕێسمانی نادانی ئەوانەی دەوریان داوە.
10- ئەم خاڵەی کۆتایی، هێند بە ئازار و خوێناوییە، کە ئەگەر سەدان کتێبی لەسەر بێتە نووسین و سەدان فیلمی لێ بەرهەم بهێنرێ، هێشتا کەسانێک دەمێننەوە کە ڕۆگەیان سەرکردەیەتی حیزب و پەرستنیان ئەو میراتەی سەرەتایی حیزب بێت کە پیرۆزکراوە و هێشتا دوای نەمان و گیانبەختکردنی ڕێبەرانی سەرەتایی ئەو بزووتنەوانەش، خوێن و سووکایەتی بە یەکترکردن، لەسەر ئەوان، لەناو کورد خۆیدا درێژەی ببێت و خوێنی کوردی بەدەستی کورد لەسەر بڕژێنرێت. ئەمەش ئەو دیوارە بڵند و ئەو بەربەستە فکرییە پاشکەوتەیە لەسەر ڕێگای کرانەوەی کورد بە ڕووی کورددا، لێرەدا و بەرانبەر بەخۆ، هەموو نۆرمە چاکەکارییەکان تاڕادەی پێچەوانە بوونەوە، هەڵدەگەڕێنەوە و ئەو شەرەنگیزیانەی کلتووری داگیرکەر و نەتەوەی زەوتکاریی سەردەستە، دەگەشێنەوە و بێگوومان سەرکردەیەتی کۆمپانیای خێڵ – حیزب و حەزیی دەسەڵاتیی سەرکردەکانیش باوەشێنی دەکەن، مانەوەی ئەوان لە لوتکەی هەرەمەکەدا، کینە و ڕق و خوێنی دەوێت، دەنا لە چاوتروکاندنێکدا، لەو بەرزییەوە هەپروونبەهەپروون دەبن!!.
سەرکردەیەتی دیمۆکرات و یەکێتی و کۆمەڵە، دەزانن کە ئەوان بە میراتێک دەژین کە ناوێکی تایبەتی و سەربووردەیەکی تایبەتی و ژمارەیەک شەهیدی تایبەت بنەماکەیەتی، بۆیە تەرمی ئەم میراتەیان لە کۆڵناوە و ئەگەر لە حیزبی دایکیش جودا ببنەوە، هەمدیسان بەشێک لە تەرمی میراتەکە دەپچڕن و ئەلیفێک و ژمارەیەکی دەپاڵ دەخەن و تێهەڵدەچنەوە.
لە خاڵەکانی سەرەوەدا زۆر لەمەڕ قەڵەمی کوردیی و قوڕگی کوردی و توانای داهێنانی کوردی دوام و ڕوونمکردنەوە، لێرەدا باسی ڕژانی خوێنی کوردی دەکەم بەدەستی کوردی، کە سەد بەرانبەر، قەڵەم و بیر و توانای بەفیڕۆدراوی کوردی کە چوونە خزمەت قایمکردنی بناغەکانی داگیرکردنەکەوە و خۆشەویستکردنی کلتووری داگیرکەرەکەوە، زیانیان لە بوونی کوردیی دا و دڵی کوردیان دابەشکرد و هەموو ئەو خواریانەی لەسەرەوە باسمکردن، لەناو خۆیاندا کۆکردەوە و تەشەنەیان پێدا و کردیانە کلتوورێکی سەردەست و پەیڕەوکراو لە ناو کۆمەڵگای کورددا، ئەوکلتوورەی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی خوێن بەهای گەورەی ویست، بەدەیان زانا و بەهرەوەر و ئازادیخوازی کورد کە کچان و کوڕانی چینە پلیشاوەکانی کۆمەڵگای کوردی بوون و چوونکە تا سەر ئێسقان داگیرکردن و تاڵاوی زەوتکردنی نیشتمانەکەیان چەشتبوو، خۆبەخشانە و بە ئەوپەڕی سادەیی و بڕوا بوون بە مەسەلەی نەتەوەکەیان، گیانیان دەبەخشی بە ڕزگاریی نیشتمان، بەڵام ئەفسووس ئەوان گیانیان بوویە سووتەمەنی ئاگری ئەو دۆزەخەی کە سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی بۆ ڕازیکردنی هەوای نەفسانی خۆیان و خۆشەویستی دەسەڵات، بە دەیان ناوی جوداوە، بۆ لاوانی نەتەوەکەیان هەڵگیرساندبوو.
ناکۆکییەکان لە ناو سروشتدا بە هەزارانن، بەڵام جودایی ئەو ناکۆکیانە لەگەڵ ئەوەی کە دەسکردی مرۆڤە ئەوەیە: کە ناکۆکییەکانی ناو سروشت لە پێناو ڕاگرتن و پێشڤەبردنی یەکێتییە گەورەکەی سروشتدایە، بۆیە ناکۆکییەکان بوونیان گرنگە، بەڵام هەر جودایی و ناکۆکییەک کە ئامانجەکەی پتەوکردنی یەکێتییەکەی نەتەوە نەبوو، ئەو ناکۆکییە ناڕەسەن و ناسروشتی و بە مەبەست و بۆ ڕازیکردنی هەوایەکی نەفسانی وروژێنراوە، واتە بەرژەوەندییەکی چەپەڵ دەیبزوێنێ، نزیکەی هەموو ناکۆکییەکانی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی باشوور و ڕۆژهەڵات لە جۆری دووەمیان بوون و خوێنی ڕژاوی کچان و کوڕانی کورد بەهاکەی بووە.
ئێمە دەزانین، هەموو ڕاپەڕین و گردبوونەوەی دەستە و تاقمێک کە سەرجەم بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردیان پێکهێناوە، بێگوومان بە ئامانجێکی کوردستانپەروەرانە و مەرامیان ئازادیی نەتەوەکەیان بووە، هەریەک بە بیرێک و تێڕوانینێکی تایبەتەوە، ئەوەش دەزانین کە مرۆڤە شایستە و جوان و ڕندەکانی کورد، هەر زوو لە سەرەتای بزووتنەوەکەوە گیانیان دەبەخشن و دەبن بە بەشێکی زیندوو و نوێنەری قۆناغێکی دیاری بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە، واتە میراتێک دروست دەکەن، کە پڕە لە گەشاوەیی و جوانیی و زیندوویەتی، بە دریژە کێشانی بزووتنەوەکە و تێکەڵبوونی فاکتەری جۆراوجۆر، کە لەم سەردەمەی ئێمەدا زۆر خیرا دەگۆڕێن، پێویستی نوێ و توانای نوێ و نوێبوونەوەی خێرای دەوێت تا بتوانێ وەڵامێکی هەبێت بۆ ڕووداوە خیراکان، کەواتە ( کات) لەسەرکەس ڕاناوستێ و چاوەڕوان ناکات، ئەمە ئەو حاڵەتەیە کە دەخوازێ، بە دەیان و سەدان پلانی جۆراوجۆر لەبەردەستی بزووتنەوەکەدا بێت، بۆ جوڵانەوەی خێرا، ئەمەش بەرهەم نایەت، تا شەونخوونی بۆ نەکێشرێت و خۆبەخشانە خۆی بۆ تەرخان نەکرێت.
کۆبەندی وتارەکەم ئەوەیە کە: کلتووری سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب کە بە هەنگەشەلێ دووی ڕووداوە ڕۆژانەکان دەکەوێت و لە بری چارەسەری لۆجیکی و خزمەتی سەردەمیانە بە نەتەوەکە، هەر جارەی گرفتێکی خوێناوی بۆ بەشێک لە نەتەوەکە دروست دەکات و وەک خوایەکی بچووک لە سەر خاکی نیشتمانێکی زەووتکراودا پەلاماری خۆی دەدات و فرمانی کووشتنی ئەوەی دی دەدات و دەست ناپارێزێ لە ڕشتنی خوێنی کورد، چوونکە فەرمان و فرمانی خۆی بە دروسترین و ڕەواترین دەبینێ و بێباکە لەوەی پاش ئەکتەکەی چ وێرانەیەکی مادی و مەعنەوی جێ دەهێڵیت، تا ڕادەیەک بێدەربەست و لووتبەرز و خۆ بە حەق دەزانێ، کە ئەگەر پێویست بکات، دەستی دوژمنی دێرینەی کورد دەگرێت و چاوساغی بۆ دەکات و لە کوردکوژیدا هاوبەشی دەکات.
لێنەپرسینەوەی گشتی، واتە بێدەنگی و خۆبوواردنی نەتەوەکە لەوەی کە سنوورێک بۆ سەرەڕۆیی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب دابنێت، لەبەر ئەو ڕەهەندە نەتەوەییانەی کە نەتەوەکە هەستی پێدەکات و سەرکردەیەتی کورد گەمەی پێدەکات، ئەو بوێرییەی بە سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب داوە کە تا ئەوپەڕی سنووری بێ ڕەوشتی بچێتە پێشەوە و بەکەمبوونەوەی خۆی بزانێت کە تەنانەت دوای لێبووردن لە نەتەوەکە بکات، بۆ ڕەفتارە نامرۆیی و ناکوردییەکانی. ئێدی کاتی ئەوە هاتووە کە لە سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب قەدەغەبکرێت کە:
A. چەکی دەستی خێڵ-حیزب، بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ نەتەوەکە و بە دەیان دەستەی چەکداری میلیشیای لەلایەن سەرکردە و بنکردە و کوڕوکاڵی بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکانەوە دروستکراوە و بە سەدان خەڵکیان تیرۆر کردووە و خوێنیان ون بووە و چارەنووسی دەیان خێزانیان ڕەشکردووە و کاولکاریی زۆریان ئەنجامداوە و ترس و بیمیان خستۆتە دڵی هاووڵاتیانی کوردەوە، بۆیە دەبێت بە دەنگی بەرز و هاواری تەکاندەر، ئەم مەکینەی کوشتنەی کجان و کوڕانی کورد، لە چنگی ئەم سەرکردەیەتیانە دەربهێنرێت و بەرنامەیەکی ڕوون و سەردەمیان بۆ پێکهێنانی ( سپای ڕزگاریی کوردستان) دابڕێژرێت، من وای دەبینم کە دەتوانرێت، سوودێکی بنەمایی لە هێزەکانی بەرەنگاریی باکوور و ڕۆژئاوا ببینرێت، ئەوان وەک لەشکرێکی بەدسپلین و ڕێکخراوی تۆکمە، ئەزموونێکی تایبەت بە نیشتمانی خۆمانیان هەیە و لە جەنگی دووژمنانی داگیرکەردا خارا و بوون و خۆبەخشی و بڕوای چەسپاویان بە هێزی گەل، دەتوانێت پشتیوان و هاوکارێکی زۆر بنچینەیی ئەم ڕێکخستنە لەشکرییە بێت، پێشم وایە کە کارەکە ئاسان نییە و هەر سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب دەبنەوە بەربەست، بەڵام مەحاڵ و نەکردەنیش نییە.
B. بەناوی نەتەوەکەوە یان بەشێک لەنەتەوەکە، وتار بدات و نوێنەرایەتی بکات، ئەو نوێنەری دەستە و تاقمەکەی خۆیەتی، دەتوانێ لە ڕێڕەوی بەرەوپێشبردنی مەسەلە نەتەوەیی و یەکێتییە نەتەوەیەکەدا، پێشنیاز و گەڵاڵەی سیاسی، لەشکری و کلتووری، بخاتە بەردەم نەتەوەکە.
C. هەر سەرکردەیەتییەکی کوردی دەستی بە خوێنی کورد سوور بووبێت، یان پلان دانەر و هاندەری کووشتنی کورد بەدەستی کوردێکی تر بووبێت، لە دادگایەکی دادپەروەرانەی گەلدا، دادگایی بکرێت و مافی خۆی پێبدرێت و مافی خەڵکی لێ بستێنرێتەوە.
D. ئەوانەیان کە هاوڵاتی وڵاتێکی ڕۆژئاوایین، مەزبەتەی شکاتیان بۆ بکرێتەوە و لەهەموو دەزگا میدییایی و تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاند، باسوخوازیان لێبکرێت و داوای لێپرسینەوەیان بکرێت.
E. کلتووری پرسیارکردن و ڕەخنە، سەرەتا لە خۆمان و پاشان لە وی تر، برەو پێبدرێت و گیانی یەکێتی نەتەوەیی و کاری خۆبەخشانە بۆ پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەیی گەشەداربکرێت، تا هێدی هێدی جێگای کلتووری سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب بگرێتەوە و ڕەفتاری تۆڵە سەندنەوە و ڕق و کێنە لە قاو بدرێت.
F. دادوەرەکانی لە ئێستادا بەتایبەت لە باشووری نیشتمان ئاگادربکرێنەوە، کە بەئەرکی کوردبوون و مرۆڤ بوون و جێبەجێکاریی یاسایی خۆیان هەڵسن و دادوەری سەندنەوەی مافی گەل و ستەم لێکراوان بن، نەک دادوەری سەرکردەی حیزب و بەرپرسی حیزبی و نەوەی بەرپرسی حیزبی بن، ئەگەر ئاگادارکردنەوەیان دادی نەدا، ئەوانیش بخرێنە ناو مەزبەتەی شکات و لێپرسینەوەوە و لە مێدیاکاندا باسیان لەسەر بکرێت.
G. ناوەندێکی ڕاگەیاندن، لە کەسانی ڕابوورد و پاک و زانا و دڵسۆز کە جێی متمانەی زۆرینەی نەتەوەکە بن، ئاوەدان بکرێتەوە، تا لە کاتی پێویستدا، ڕێنمایی نەتەوەکە بکات.
H. هەوڵ بدرێت، سەرەتای هاوکارییەکی ئابووری، لە کوردەوە بۆ کورد، ڕێک بخرێت تا ببێتە بنەمای ڕێکخراوێکی ئابووری سەرمایەی کوردی لە ئایندەدا.
I. هەموو بوونێک لە نیشتمانی کورددا، هی کوردە و بۆ گشتە بە یەکسانی و سەرمایەی نەوەکانی داهاتووی کوردن و دەبێت پاریزگارییان لێێکرێت. یەکەم بوون، تاکی کوردە کە دەبێت وەک چاومان پارێزگاری لە ژیان و مانەوەی بکەین،
J. هەموو ئەو سامانە دزراوانەی براونەتە دەرەوە و ژیانی شاهانەی بۆ چەند بنەماڵە دروستکردووە. دەبێت لە ڕێگای دادگا نێونەتەوەییەکانەوە، بۆ خەزێنەی نەتەوەکە بگێڕدرێنەوە و لە پێناوی ئاوەدانی و بەرەوپێشبردنی مەسەلە نەتەوەییەکەدا خەرج بکرێن، هەموو ئەم جۆرە کارانە دەبێت زۆر زوڵاڵ و بە وردەکاریی و تێبینییەوە لەلایەن کۆمیتەکانەوە، کە خەڵکانی دڵسۆز، زانا، دەست وداوێن پاکەوە بەڕێوە ببرێن، نابێت خەڵکانی ڕابووردوو لەکەدار و دژە نەتەوە، جا لەهەر بوار و حیزب و ڕێکخراوێکدا بووبێت، یا سەر بە هەر ئاین و گرووپێکی ئاینی بووبێت لەم کۆمیتانەدا بوونیان هەبێت، ئێستا نەتەوەکە کاتی وەرگرتنی ( تۆبەی نییە)، کەسانی وا دەتوانن دڕێژە بە کار و ژیانی خۆیان بدەن و پەیوەندی/ پەیوەندییەکانی، ڕابووردوویان بپچڕێنن و نەتەوەکە لە داهاتوودا بەپێی بەڵگە دادپەروەرانە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکات.
سەرنجەکان:
*بڕوانە گۆڤاری مترجم، سال سوم، شمارە نهم، بهار ١٣٧٢، صفحە ٨ گفتوگو با محمد قاضی، انتسارات استان قدس رضوی.
**کاتێک بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، لە شنۆ دەبێت، گۆڤاری سروە گفتوگۆیەکی لە گەڵدا دەکات، سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، لەوێدا مامۆستا دەڵێت:" فارسی لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە". ئێمە بۆ بیری کوردی، مێژووی کوردی، فەلسەفە و ئاینی کوردی، بۆلای بیرمەند و زانایانی خۆمان دەگەڕێینەوە و سەرچاوەی دروستی سەربووردەی کوردی لەوان قەبووڵ دەکەین، بە تایبەت کە مامۆستا لە جێگایەکی تردا دەڵیت:" ئەمەی من بۆتان باس دەکەم، خوێندنەوەی دەفتەری هەزارساڵەی کوردە، نەک ڕوودا و و کەسێکی تایبەت".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست