کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوشتنی مرۆڤێک لەلایەن مرۆڤێکەوە، هەوەسی ئاژەڵییە

Sunday, 02/07/2023, 10:00


 تۆ ناتوانیت بیسەلمێنیت کە قورئان کەڵامی خودایە، چونکا کەڵامی خودا بە مانای ئاگایی دێت، ئاگاییش بە مانای ڕێگریکردن دێت لەهەوەسی ئاژەڵیی، بە مانای بەگژداچوونەوەی  هەستی ئاژەڵیی دێت. خورما و میزی حوشتر و جزداشە بەشداری ناکەن لە چەمکی ئاگایی و ئیمانداریدا.
ئاژەڵان قانونی کۆمەڵایەتییان نییە، ئەوان بە ئەنستات دەژین، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەڵبژاردەیان نییە وەک مرۆڤ، واتە بوونەوەری بێئاگان. بۆیەکا هەرگیز ناتوانین ئاژەڵێک حوکم بدەین بە دڕندەیی، بە پێچەوانەی مرۆڤەوە کە توانای هەڵبژاردنی هەیە، هەڵبژاردنیش بە مانای ئاگایی دێت. بۆیە حوکم دەدەین بەسەر هەڵس و کەوتەکانی مرۆڤدا، چونکا ناوبراو توانای هەڵبژاردنی هەیە.
کەواتە ئێمە مرۆڤی بە ئاگاین، بۆیە جیاوازین لە ئاژەڵان. بەڵام لە هەمان کاتا ئێمە خەسڵەتی ئاژەڵیمان تێدایە، ئەوەی فرۆید ناوی ناوە (ئەو)، کە هەردەم مرۆڤ لە ژێر پالەپەستۆی (ئەو) دایە. دینەکان ناویان لێ ناوە (شەیتان). ئەگەر جاران خەڵکی وایان دەانی شەیتان تەنێکە، ڕۆحێکە لە دەرەوەی ئێمە، ئەوا ئەمڕۆ ئاگاییمان بەوە هەیە کە شەیتان ڕۆحێکە لە ناخی هەمووماندا، دەتوانرێت بورووژێنرێت بە هۆکارێکی دەرەکیی، بەخەبەر بکرێتەوە. شەیتان (ئەو) هەوڵ دەدەتا ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ خۆ نواندنی. ئەوەش ئاگاییە کە ڕێگرە لە نواندنی هەستی ئاژەڵیی (شەیتانیی). بۆیەکا قانونی موسا بە یەکەم ئاگایی بنەڕەتی هەژمار دەکرێت دژی (ئەو)، دژی شەیتان:

تۆ بۆت نییە کەسێک بکوژیت

مەگەر موسڵمانان نازان بۆچی لە جەژنی قورباندا مەڕ سەردەبڕن ؟ ئەوەش ئاگاییەکی تری ئەبراهام بوو پێش موسا، کە (خودا)، باشاتر وایە بڵیین (چرپەی ئاگایی) بە ئابراهامی وت : بڕۆ ئاژەڵیک سەرببڕە بۆ قوربانی لە بری منداڵەکەت. چونکا هەتا ئەو ساتە خەڵکی منداڵەکانیان دەکرد بە قوربانیی بۆ خواوەندەکان، لەبەر ئەوەی گوایە ڕۆژێک کەسێک ئەو پەیامەی لە خوداوە پێ گەیشتووە (ئاگاییەکەی لەو ئاستەدا بووە)، کە دەبێت قوربانی بدات بە خوداوەندەکان دەنا غەزەبیان بە سەردا دەبارێنن. بەڵام کوتووپڕ خودا جارێکی تر ڕای گۆڕی و وتی : نا گوناح و تاوانە جگەرگۆشەکەت سەرببڕیت و بیکەیت بە قوربانی بۆ من، باشتر وایە بچیت ئاژەڵێک بکەیت بە قوربانی. ئەگەر ئیمانداران ئەم ڕووداوانە دەبەستنەوە بە ڕووداوی نێوان خودا و مرۆڤ، ئەوا لە ڕاستیدا ئەوە پەرەسەندنی ئاگایی بوو. ئاگایی بوون بە ئەشکەنجەی جەستەیی منداڵەکە و دەرونیی باوکەکە. 
کوشتن هەوەسێکی شەیتانییە، هەوەسێکی ئاژەڵییە، لە ژێر هەر پاساوێکەوە بێت شەرعیەتی نییە. لەبەر ئەوەی ئێمە مرۆڤی بە ئاگاین و پەیڕەوی هەستە ئاژەڵییەکانمان (ئەو) ناکەین، چونکا بە ئاگا هاتوینەتەوە. ئاگایی بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی.
بەڵام ئێمە هەردەم بە بێ وچان لەژێر کاریگەریی هێزی شەیتانیی، ئاژەڵیی، لەژێر هێزی پاڵەپەستۆی (ئەو) داین، بۆیەکا ئەم هەستە دڕنەدەیی (ئاژەڵیی)ە،  سیاسەتی ژیرانە بەکار دەهێنێت بۆ خۆنواندنی، بەرگی ئایدیۆلۆژی و دین دەپۆشێت بۆ شەرعییەتدان بە خۆی، وەک نازیسم و فاشیزم و ئیسلامیزم. وەک ئەوەی  کە ئەمڕۆ دەبینین لە کوردساتان ڕوودەدات؛ بە ئاشکرا گەنجان بانگەشەی کوشتنی ئەوانە دەکەن کە لەگەڵ دینەکەی ئەواندا هاوڕا نین، خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بە کوشتنی ئەو گەنجە (خواناس). وەک چۆن لە ڕبوردودا نازییەکان ڕەگەزی سامی و میدیتێرانێیان بە مرۆڤی بەد دەناساندن لەبەر ئەوەی چاویان شین و قژیان زەرد نەبوون.
پێ دەچێت موسڵامانان بڵێن کە  ئەو گەنجە، (خواناس) یش داخوازی هەستی ئاژەڵیی جیىەجێ کردووە، کە بۆ ئەوان شەیتانییە. پێ دەچێت. هەرچەندە خواناس پەنای نەبردۆتە بەر کوشتن و بانگەشەی کوشتنی کەسی نەکردووە. بەڵام ئەگەر تۆ خۆت بە مرۆڤێکی ئیماندار دەزانیت ئەوا پێشترایەتیت هەیە بەوەی کە زیاتر بە ئاگایت لەو، چونکا تۆ ئیماندار و خواناسیت کەواتە بە ئاگاتریت لەو، بۆیە نابێت پەنا ببەیتە بەر کردەی ئاژەڵی (شەیتانی) بۆ چارەسەری کێشەکانت.
کەواتە ئەو کەسەی کە قورئانی نوسیوە خودا نەبووە، یان کەسێکی بە ئاگا نەبووە و خودا نەیچرپاندووە بە گوێیدا، بە پێچەوانەوە شەیتان چرپاندویەتی بە گوێیدا، لەبەر ئەوەی هانی کوشتنی مرۆڤ دەدات.
ڕاستە دین و کولتوور بە مەبستی پێکەوە ژیان کراون. لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەک و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر بە پێی ئاگاییمان کولتور گۆڕانکاری بەسەردا دێت، پەرە دەسێێت، ئەگەر دین گۆڕانکاری بەسەردا نایەت گوایە کەڵامی خودایە. بەڵام وەک مێژوو دەی سەلمێنێت، لە ئەبراهامەوە بۆ موسا ئاگایی پەرەدەسەنێت و ناگەڕێتەوە دواوە.
ڕاستە یاسا کۆمەڵایەتییەکان  بە مەبسی پێکەوە ژیان بڕیاریان لەسەر دراوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت، کوشتن هەوەسێکی ئاژەڵییە، شەیتانییە و بە پیرۆزکراوە لەلایەن شەیتانەوە. کەواتە دەبێت ئێمە جیوازای بکەین لە نێوان کەڵامی شەیتانیی (ئەو) و کەڵامی خودایی (ئاگایی) دا. 
ئەگەر ئێمە مرۆڤی بە ئاگاین، توانای هەڵبژاردنمان هەیە، بۆچی دژواری و تاوان بەشێکی گرنگی ژیانمانن ؟
لەبەر ئەوەی ئێمە مرۆڤی بێ ئیمانین (ىێ ئاگاین)، بۆیە هەوەسی ئاژەڵی بەسەرماندا زاڵ دەبێت. مرۆڤی بەئاگا بە مانای مرۆڤی بە ئاگا دێت بە ئەشکەنجەی دەرونیی و جەستەیی، لەگەڵ پەرەسەندندا هەستی بەزەییمان لە زیادبووندایە، چونکا ئاگاییمان پەرە دەسەێنێت. 
بە ڕستەیەک دەتوانین بڵیین :
کوشتنی مرۆڤ  پێچەوانەی ئاگاییە، دژ بە ویستی خوایە
بیرم نایەت کام سۆفی وتبووی : قورئانمان خوێندەوە، ئەوەی باش بوو تێیدا،  پەیڕەویمان کرد، باقییەکەیمان توڕدا بۆ کەران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە