کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(خواناس)ی جوانیناس و خواناسێکی سایکۆپات

Saturday, 01/07/2023, 19:10


تیرۆرکردنی خواناس لە لایەن خواناسێکەوە لە رووکەشدا هەڵگری فۆرمێکی زمانەوانی پارادۆکسیکاڵە. چونکە (خواناس) ناوی خۆی کە رەگەزێکی بنەڕەتی پێکهێنەری شوناسە مرۆییەکەیەتی، وەکو هەڵوێستێک لەو مانا و مەفهوومە ئایینیەی هەڵگریەتی لە باری یاساییەوە نەگۆڕیوە و لایەنی کەمیش لەسەر ئاستی کۆمەڵگە رەتی نەکردۆتەوە( شتێک کە پاساو یان بەهانەیەک بداتە دەست تیرۆریستێکی ئیسلامی تا حوکمی شەرعەکەی پێ جێبەجێ بکات!)
وەزیفەی زمانیش هەر بە تەنیا دەربڕینی ئایدیا و هەستەکان نییە، بەڵکو ئامڕاز و نێوەندکارێکی گرنگیشە لە گرێدانی رایەڵەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیگرتندا. رەنگە سەرەکیترین هۆکاری شکستی زمان لەم وەزیفەیەیدا بۆ دۆخی سایکۆپاتۆلۆجیانەی بەکارهێنەری زمان بگەڕێتەوە. دۆخێک کە تیایدا شڵەژانی دەروونی دەشێت هۆکار یان ئەنجامی شکستی ئەم وەزیفەیەی زمان و لێکترازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خود بێت. بەم مانایە فاکتەرێکی کردەی تیرۆریستی لێکترازانی زمانی پەیوەندیگرتن، ددانپێدانەنان و لێک ‏تێنەگەیشتنە.  
وەکو لە چەند پۆستێکی سەر ئەژمارەکەی (خواناس) یشدا دەبێنرێت، ئەو دژی ئەم لێکترازانە بووە. ئەو جگە لە زمانی ئاسایی پەیوەندیگرتن و بەستەرە کۆمەڵایەتییەکانیش، زمانێکی ‏ئیستاتیکی ‏باڵاشی وەک رایەڵەیەکی دیکەی پەیوەندیگرتنی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنا، ئەویش ‏زمانی هونەر، ‏جەستە، ئاماژە و هێمایە. ‏ ‏بەم پێیە ئەوەی زمانی پەیوەندیگرتنی لەگەڵ (خواناس) و ئەوانیتردا ترازاوە و لە دەست داوە، پەنای بۆ هێز و سڕینەوەی بردووە، تیرۆریستێکە لە سۆنگەی باوەڕبەخوابوونییەوە تاوانەکەی ئەنجام داوە. ئاستە قووڵەکەی پاڵنەری تیرۆرکردنی (خواناس) یش ئا لێرەدایە کە دەکرێت بە یەکێک لە نیشانە هەر دیارەکانی حاڵەتی فیسامی (شیزۆفرینی) کارەکتەری ئیسلامی لێکی بدەینەوە. 
کارەکتەرێکی تەواو دوو کەرتبوو، کەرتێکی لێبووردە، بەبەزەیی، ئاشتیخواز، زمانشیرین و... کەرتێکیش تووڕە و تڕۆ بەرامبەر بە رەخنە و بیری جیاواز، توندوتیژ و ددانجیڕکەرەوە و جنێوفرۆش. سیمایەکی فریشتەیی، ئارام و سیمایەکیش شەیتان و شەڕانی. لەتئیکی عاشقە و غەزەل بۆ جەستەی دۆستە نهێنییەکەی دەهۆنێتەوە، لەتەکەی دیکەیشی بکوژێکی چەقۆبەدەستە جەستەی عاشق، غەزەلنووس و ساماکارەکان خەڵتانی خوێن دەکات. 
گرنگە لە پاڵ سەرنچ خستنەسەر فاکتەرە ماددی -  کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی، وەکو گروپ، سەرنجی جیددی بخرێتە سەر  شیکردنەوە و چارەسەرکردنی پاتۆلۆژییانەی ئەو شڵەژانە دەروونییەی کارەکتەری ئیسلامی و سەلەفی وەکو تاک دووچاری بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە