هیچ جیاوازیەک دەبینن لەنێوان قورئانی سەردەمی ئەنفال و قورئانی شەقامەکانی ئەوروپا
Saturday, 01/07/2023, 19:31
ئەژیهایەک لەترسا خۆی بکاتە ماسی دەکرێ ڕۆژێک ڕاو بکرێت و بکرێتە شۆربا ، بۆیە نرخی هەرکاڵایەک لەسەر بارودۆخی چواردەوری وەستاوە ، ئیتر ئاسان لەم سەردەمەدا مرۆڤگەلی فریودەرو لەرزۆک و بێئاگا دەبینی و ڕۆژانە سەرگەردان بوون بەبێ ئامانج ، قسەکانمان لەسەر قبوڵکردنی یەکتر نییە بەڵکو لەسەر تێگەشتنە ، ئێمە گەلێکێکی دۆڕاوین قەیرانی ناسنامەمان هەیە ، بۆیە لەم کاتەدا کە لەشەقامێک ئاگر لە کتێبێکی قورئان بەردەدەن ، لەخۆمانەوە دەکەوینە هەڵچوون .
بەڵام بەبەر چاوی زەقمانەوە داگیرکەران ماڵی خواو قورئانەکانی ئێمە ئاگر تێبەردەدەن هیچ ناڵێن ، ئەمەش لوتکەی ترسنۆکیمانە .
دەڵێن پشیلەیەک بێ هیوابێت گازلەپڵنگ دەگرێ ، بەڵام ڕووداوەکان پێمان دەڵێن ئێمە جرجێکی بێ هیواین و خۆمان دەکەین بەتەڵەوە . پێتان سەیر نیییە گەلێک لەژێر ئایەتێ کتێبێکی پیرۆزی ئاگرتێبەردراودا ئەنفال دەکرێت ، فەتح دەکرێت و کەچی نزا دەکات بەلەشی ئاگر تێبەربۆیەوە ، تا کە کاردانەوەیەک هەیبێت فرمێسک و کڕوزانەوەیە .
هەمیشە ڕێزی ئەوکەسانە دەگرم کە بوێرن ، چونکە ئەو کەسانەی بوێرن دەتوان کارێک ئەنجام بدەن کە لەپرەنسیپی ژیانیانەوە نزیکە . من لەوەدەگەم کە مرۆڤی بێ هیواو بێ ئامانج ئاسانتر فێڵی لێدەکرێت . ئێمە هەموو ڕووداوەکانی مێژوومان هیچی فێرنەکردووین . ڕووداو هەیە چەندین جار ڕووی داوەتەوە کەچی هیچی لێوە فێرنەبووین . دەشزانین کە مرۆڤ دەتوانێت سەرسەختانە سەرسەختێکان تێپەڕێنێت و تۆزێک هونەری هەبێت بۆ ئەوەی جوامێری خۆی لەدەست نەدات .
چینێکمان هەیە وادەزانن لە بێ هەڵوێستیاندا شتەکان بەباشدەگەڕێتەوە ، لەو کاتەدا دەربڕینێک بەڕوخسارمانەوەیە کاتێک وون دەبین ، ئێمە تەنانەت خۆمان لەهەموو شتێک بەدووربگرین ، جیهان ڕێگەمان پێنادات بەم شێوەیە بین ، دواجار ناڵەو گریانی ئەم دنیا پۆخڵە هەر دەگاتە گوێمان . بۆیە ژیانکردن بەڕاسگۆیانە ئاسان نییە . ئێمە جەنگێکمان لەپێشە بە کوژرانی کۆمەڵێ هیچ و پوچ کۆتایی پێدێت .
بەڵام کێ ئەوەدەکات !؟ چاک دەزانین ژیان یاریەک نییە، براوەو دۆڕاوی تێدا بێت . ئێمە گەلێکین ئەفسانەی ترس و جەهەندەم هەلاهەلای کردووین ،ڕقمان لەهەموو جوانییەکە ، ترسنۆکیمان کردوە بەپڕۆژەی ئەو ژیانە کورتەی کە هەمانە ، هەموودنیا ئاین بۆ بەرژەوەندی نیشتمان و خاک بەکار دەهێنێت ، بەڵام ئێمە نیشتمان و خاک و زمان ومێژوو لەپێناوی ئاینێک کە حالێ نیین تێدا بەکار دەهێنین ،. ئێمە دەبێت نیشتمان بدۆزینەوە بۆژیان ، دەکرێ و دەبێت بەیەکگرتووی کار بکەین لەخاڵە هاوبەشەکانمان بگەڕێن کە کۆمان دەکاتەوە . ئەوەکێشەی سەرەکی مرۆڤی کوردە ، کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە ئامانج و ڕاستێکان پێکەوە گرێنادەین ، چونکە ئامانجێکمان نییە کەکۆمان کاتەوە . هەرکەسێکمان بەدوایی شتێکەوەیە و دەڵێین ئەوەی من لەهەمووی ڕاسترە ، دواجار کەسمان هیچمان بۆ ناکرێت چونکە ترسنۆکین ، تا یەکگرتوونەبین جیهانیش گوێمان لێ ناگرێت . فرمێسک بۆ فەڵەستین دەڕێژین بەڵام پشت دەکەینە عەفرین و باسی سنەی خوێناوی ناکەین و شەڕناخ نابینین وسلێمانی و کەرکوک وهەولێر دەکەینە سوتەمەنی بۆ عەرەب و ئاینێکی سیاسی . بەدرێژایی مێژوو بەئێستاشەوە ئێمە نائومێدی لەگەڵ خۆماندا دەگێڕین . بیرچونەوەی مێژوو گەلی ئێمەی هەلاهەلا کردووە . لەهونەری شەڕدا یاسایەک هەیە هەرکەسێک بدۆڕێت پێویستە مردن قبوڵبکات . ئێمە خۆمان بەزیندووی ئەهێڵینەوە لەپەنا تورکی فاشی داو دەڵێن مردنمان ناوێت ، بەڵام بەسەرگەردانی دەسوڕێنەوە .
پێنج ڕۆژە لەبەر کوشتنی گەنچێکی مەراکیشی ووڵاتی فەڕەنسا دەکوڵێت و خەڵکی لەشەقامەکان وەربوون ، ئێمە خواناسمان کوژرا کەچی هیچمان نەکرد ، درۆنی تورکی ڕاومان دەکات ، سوپای ئێران دەمانکوژێت ، هیچ ناکەین و سەرە بۆیاخ و سمێڵ بۆیاخەکان بەدەوری بەردەڕەشەکەدا دەسوڕێنەوە و نزایەکی ترسنۆکانە دەکەن ، وەک کەسێک نوسیبووی ئەم مرۆڤە پیش و تاوان بارانە حەجکردن بەغەسالەی جڵشتن تێگەشتوون کەچوون پاکببنەوە لەهەموو تاوانەکانیان.
گەر تۆ جیاوازی بکەیت لەمابەینی قورئانێکی ئاگرتێبەربووی شەقامێکی ئەورپا لەگەڵ قورئانێکی ئاگر تێبەربووی ناو ماڵێکی خوا لە مزگەوتێکی نیشتماندا تۆ هیچ نیت دووڕوویەکی ترسنۆکی . مرۆڤێکی ناسنامەیەکی وونت هەیە و غوڵامێکی پڕۆژەی میت و داگیرکەرانی .
چی بەسەر نیشتمانی ئێمە دادێت ؟ نیشتمانی ئێمە بووە بەشێتخانە و گەنجەکانمان لەم سەردەمەدا هیچ بوێریەکیان نییە چوونکە لەمەملەکەتی تیکتۆکەوە هاتوون ، لام وابوو لەڕاپەڕیندا گەشتوومەتە ئەوخەونەی کە پڕیی بوو لەڕووناکی ، بەڵام بەدرێژای مێژوو کورد بەقەدەر ئەم ٣٢ساڵە پاشەکشێ نەکردوە . بۆیە کەنیشتمانمان دەسوتێت بەقورئانەکانەوە ئێمەبۆ نیشتمان ناگرین چونکە قورئانی مزگەوتەکانی ماڵی خوای نیشتمانی ئێمە لای دیندارەکانمان قورئان گەلێکی قولابین . بەڵام ئەوانەی شەقامەکانی ئەورپا ڕاستین و سوتانیان تاوانە لەو قورئانانەن کە ئەردۆگانی چ بەخوێن سەدامی بەعسی ئیمامی داگیرکەران بەدەستیانەوە گرتووە بەرزی دەکەنەو پیشانی جیهانی دەدەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست