کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵۆ ئارام و بەڵگە سەیر و سەمەرەکانی تەختی زەوی

Saturday, 01/07/2023, 18:19


- ئایا ڕووباری نیل نیشانەیە بۆ تەختی زەوی؟
- ڕاستە ناسا خۆی گوتوویەی زەوی تەختە؟


کاک هەڵۆ ئارام ماوەیەکی دوور و درێژە ژمارەیەکی زۆر لە بابەتی نازانستی و چەندان چیرۆکی ئەندێشەیی و ڕووداوی سەیر بڵاو دەکاتەوە دەربارەی بە نموونە: دەفرە فڕیوەکان و بوونەوەرەکانی وەک ڕەپتیلیەن و درەیکۆ (ئەوانەی حەزیان لەگۆشتی فرێشی مرۆڤە)، پێ گەورە و زومبی و مرۆڤە زەبەلاحەکان و گەلەکی دیکە، هەرچەندە لای ئەو ئەمانە هەموویان بوونی ڕاستەقینەیان هەیە، دەشێ بەوەشەوە بە شتانێکی ئاسایی وەریان بگرین.
بەڵام کاتێک دەبێتە دژایەتی زانست و هەڵخەڵەتاندنی خوێنەر و پێدانی کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست و بێ دانانی سەرچاوە، هەوڵدان بۆ ترساندنی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە خۆکوتان دژی نەخۆشییە مەترسیدارەکان (کۆڕۆنا و ئەوانەی دی)، یان پەنابردنە بەر پزیشکی جێگرەوە (Alternative medicine)، یاخۆ یاریکردن بەهەستی نەخۆشەکانی شێرپەنجە بە چارەسەری وزە و خواردنی ناوکە قەیسی، یانیش دەربڕینی گوتەیەکی هاوشێوەی "ئەو زانیارییانەی من پێتان دەدەم زۆربەی پزیشکانی جیهان نایزانن"، ئا لێرەدا وەڵامدانەوە و هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەری دەبێتە ئەرکێکی پێویست لەلایەن هەموو ئەوانەی لە بوارە زانستییەکاندا شارەزان.
گومانی تێدا نییە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستییەکی تە‌واوی هە‌یە‌ بە‌ زانست و تۆژینە‌وە‌کانی، بۆ ڕزگاربوون لە‌ هە‌موو ئە‌و باوەڕە چە‌وت و شێواوانەی کۆسپ و تەگەرە دە‌خە‌نە‌ بە‌ردە‌م ڕەوتی پێشەوەچوون و دانانی بنچینەیەکی پتەو بۆ خوێندن و فێرکردنێکی زانستیی هاوچەرخ. دەبێ ئەوەش بزانین ئەوانەی زانست بە بەڵگەوە دیسەلمێنێت و دەیخاتە بەردەستمان، بواری ئەوەمان پێ نادات، بێین و بە ئارەزووی خۆمان تەنیا ئەوانە هەڵبژێرین لەگەڵ بیروباوەڕمان دەگونجێن.
هەر لەسەرەتاوە ئاماژە بەوە دەدەین، پێمان شتێکی گەلەک ئاسایییە کە دەبینین زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانی ئەنتەرنێت و هی دیکە، بۆ خۆشی خوێنەرەکانیان چیرۆکی ئەندێشەی زانستی و بابەتگەلەکانی دیکە بڵاو دەکەنەوە وەک، ئەستێراندن و خوێندنەوەی بەخت و پێشبینیکردنی دواڕۆژ، سەردانی بوونەوەرانی دەرەوەی هەسارەکەمان و پێوەندی کردنیان بە مرۆڤانی زەوی، سێگۆشەی بەڕمۆدا و نەفرەتی فیرعەونەکان، بەڵام بێگومان ئەو لایەنانە هیچیان ئەمانەمان بە ڕووداوی ڕاستەقینە و بە زانستی بەڵگەدار پێ نافرۆشنەوە.
ئەو خوێنەرەی ئاشنای بابەتەکانی کاک هەڵۆ بێت، ئەوا دەزانێ لایەنگرێکی تووندی بیردۆزی پیلانگێڕییە (نظرية المؤامرة - Conspiracy Theory)، بڕوای بە زۆربەی هەرە زۆری زانستەکان نییە، بیگ بانگ لای ئەو بیردۆزێکی هەڵە و بێ بنەمایە، هێزی کێشکردن بوونی نییە، هاوکات پێی وایە کەس نەچۆتە سەر مانگ و زەویش تەختە. بەڵام بەرانبەر بەمانە وەک گوتمان باوەڕی تەواوی هەیە بە شتگەلانێکی نازانستی وەک، بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان، جادو و فاڵ گرتنەوە و چاوی سێیەم، لەبەرگرتنەوە و گۆڕینی گیان، گەڕانەوە بەرەو ڕابردوو و چوون بەرەو دواڕۆژ زۆری دیکە.
بە پێویستی دەزانم بە هەموو خوێنەران بڵێم کە من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ خودی کاک هەڵۆدا نییە وەک کەسایەتییەک شایەنی ئەوپەڕی ڕێزە، هەر شتێک پێوەندی بە بیروباوەڕەوە هەبێ، ئەوا خۆمی لێنادەم و ئەو تەواو ئازادە لە بۆچوونەکان و تێگەیشتنی لە ژیان و ڕەخنەکانی لە سیستەمی سەرمایەداری و سەرانی ئابووری جیهان و سیاسەت و دەسەڵاتدارانی کورد.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە ئەرکی خۆمی دەزانم و بڕیارم داوە لە ماوەی داهاتوودا وەڵامی هەندێ بابەتی بدەمەوە، ئەوانەی پڕن لە بیروبۆچوونی نازانستیانە و تێڕوانینە سەیر و سەمەرەکان لەسەر گەردوون و ژیان و مرۆڤ و دیاردە سروشتییەکان. لە وەڵامەکانمدا پتر بایەخ بە بیرۆکە و بۆچوونە فیزیایی و ماتماتیکییەکانی دەدەم، چونکە تا ڕادەیەک شارەزاییم لێیان هەیە، ئەو ماتماتیک و فیزیایەی کاک هەڵۆ لە بابەتێکیدا دەڵێ: "تەواوی ماتماتیک و فیزیا هەڵەن".
من بەش بەحاڵی خۆم هەمیشە ئەوە دووپات دەکەمەوە، ئەمڕۆکە نە کاک هەڵۆ و نە من و نە هیچ کوردێک لەم جیهانەی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیادا لەو ئاستەدا نین، ڕەخنە لە زاناکان بگرین، یاخۆ بیروڕا و شیکاری تایبەتی خۆمان هەبێ بۆ بابەتە زانستییە بەڵگەدار و سەلمێندراوەکان، هیچ یەکێکمان بەرهەمهێنەری زانست نین و تەنیا و تەنیا گوێزەرەوە و گەیەنەری زانیارییە زانستییەکانین بە نەتەوەکەمان، بۆ ئەمەش پێویستە بە پاکی و بە ئەمانەتەوە ئەنجامی بدەین، یانیش خۆمانی لێ نەدەین.

وەڵامێک بۆ: ئایا ڕوباری نیل نیشانەیە بۆ تەختی زەوی یان نا؟

لێرەدا لەم بابەتە هەوڵ دەدەین وەڵامێکی کورت تەنیا بۆ چەند خاڵێک لەسەر بەڵگەکانی تەختی زەوی بخەینە ڕوو، بۆ دوا بابەتەکەی بەناوی: ئایا ڕوباری نیل نیشانەیە بۆ تەختی زەوی یان نا؟
هەر یەکێک ئەگەر سەرنج بداتە ئەم بابەتە یەکجار کورتەی، ڕاستەوخۆ بۆی ڕوون دەبێتەوە کە بۆچوونەکانی چەندە نازانستیانەن، ئەو بەڵگانەشی دەیان هێنێتەوە هیچیان فڕیان بە زانستەوە نییە، نەزانین و تێنەگەیشتنێکی ئاشکرا  بە سەر چەمک و بنەما زانستییەکان دیارن. لەبەرئەوەی وەک گوتمان بڕوای بە زانست و زاناکان نییە، بۆیە شتێک دەربارەی زانستەکان ناخوێنێتەوە، بەمەش ئەگەر خۆی لە بابەتێک تێ نەگات و نەزانێت چۆنە، وا دەزانێ زانستیش ناتوانێ ڕاڤەیان بکات.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، بۆ هیچ یەکێک لە بابەتەکانی تاکە یەک سەرچاوەی زانستی ڕاستەقینە دانانێت، جاری وا هەیە لەکۆتایی هەندێ بابەتیدا دەنووسێت، سەرچاوە هەڵۆ ئارام! بە خۆدزینەوە لە سەرچاوەکان دەیەوێ وا نیشان بدات بیروڕا و بۆچوونەکانی دەربارەی ئەو بابەتانەی بڵاویان دەکاتەوە هی خۆیەتی، بە نموونە سەرجەم ئەوانەی ناوی دەنێ بە بەڵگە بۆ تەختی زەوی، هیچیان هی خۆی نین و لە لایەنگرە ناسراوەکانەوە وەرگرتووە بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکانیان.
لەم چەند دێڕەدا تەنیا وەڵامی دوو بابەت دەدەینەوە:
یەکەم: ئایا ئاراستەی ڕووباری نیل بەڵگەیە بۆ تەختی زەوی؟
دووەم: ئایا ڕاستە ناسا خۆی وتوویەتی زەوی تەختە؟
دەربارەی خاڵەکانی دیکەی وەک، ئەزموونی سەلماندنی نەبوونی چەمانەوەی زەوی و نەخوولانەوەی، بۆچی وێنە ساختەکانی ناسا بۆ زەوی و تەنەکانی (ئاسمان)، نەبوونی هێزی کێشکردن، درێژەیان پێ نادەین و تەنیا هەندێ لینک و سەرچاوەیان بۆ دادەنێین، چونکە هەر هەموویان بەدوورودرێژی وەڵاممان داوەتەوە لە بابەتێکماندا بە پێنج بەش بەناوی: "ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟

ئاراستەی ڕووباری نیل

پێش هەموو شتێک بەکارهێنانی ڕێڕەوی ڕووباری نیل وەک بەڵگەیەک بۆ تەختی زەوی، بیرکردنەوەیەکی یەکجار سادەیە، چونکە بە گەڕانێکی گەلەک کورت لە ئەنتەرنێت بۆت ڕوون دەبێتەوە کە هۆکاری چوونی ئەم ڕووبارە بەرەو باکووری زەوی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە سەرچاوەکانیدا شوێنەکەی بەرزترە و تا دەڕژێتەوە ناو دەریا هەر بەرەو نزمبوونەوە دەچێت. ئەمەش نەک ڕووبارەی نیل، بەڵکوو هەموو ڕووبارەکانی جیهان تا دەگەنە ئاوی دەریا و دەریاچەکان، یاخۆ یەک دەگرنەوە لەگەڵ لقی دیکە، هەمیشە ڕێڕەوەکەیان بەرەو لێژایییە. شتێکی لۆژیکییە ئاوەڕۆی ماڵان و شەقامەکانیشمان پێویستە بەرەو نزمبوونەوە بچن، لەبەرئەوەی هیچ ئاوەڕۆیەک نییە بتوانێ بەرەو بەرزایی بڕوات.
پێویستە ئەوەش بزانین کە لە گەردووندا باشوور و باکوور و خۆرهەڵات و خۆرئاوا بوونیان نییە، وەک گەلەک بابەتی دیکە ئێمە بۆ ئاسانکاری و دیارکردنی ئاراستەکان کردوومانە بە شتانێکی جیهانی. زەویش لە خودی خۆیدا باکوور و باشووری نییە، تێکڕای ئەوانە لە کۆنەوە لەسەری پێکهاتووین، واتە ئەگەر بمانەوێت دەتوانین نەخشەی زەوی هەڵ بگێڕینەوە و هیچیش ڕوو نادات.
گۆی زەوی لەسەر شوێنێک، یان شتێک دانەنراوە پێیدا سەرکەوین، ئەو دەمەشی بەرەو وڵاتانی باکوری زەوی بڕۆین، مانای ئەوە نییە بەرەو بەرازیی دەچین، بە نموونە تۆ لە فڕەنساوە بۆ هۆڵەندا و ئەڵمانیا بچیت، بە گرد و چیا سەرناکەویت و زەویش بەرزتر نابێتەوە. دیارە ئەو خۆی لە کوردستان ڕاهاتووە چەندە بەرەو باکوور بچێ، ئەوا زەوی لەبەردەمیدا شاخاوی و بەرزتر دەبێتەوە.
کاک هەڵۆ هێندە باوەڕی بە زانیارییەکانی خۆی هەیە، بۆ چەند چرکەیەکیش بەدوای زانیاری ڕاستەقینەدا ناگەڕێت، ئەمەشە وای لێ کردووە درێژی نیل بە 66.650 کیلۆمەتر دابنێت (درێژییەکەی 6.650 کلم)، لەکاتێکدا چیوەی تێکڕای زەوی 40.075 کیلۆمەترە، لێرەدا هەڵەی تیپکردن نییە و چونکە دوو جار ئەو ژمارەی نووسیووەتەوە.
لە کۆتایی ئەم خاڵەدا دەڵێت: "نەگونجانی ئەم ڕوبارە لەگەڵ زەویی گۆیی ئەوەیە لە باشورەوە دەڕوات بەرەو باکور." منیش لێی دەپرسم ئەی لە گریمانەی زەوی تەختدا ڕاڤەی تۆ چییە و چۆن دەگونجێ، تکایە پێمان بڵێ؟

ئایا ناسا گوتوویەتی زەوی تەختە؟

سەرەتا ئێوە هیچ کاتێک باوەڕتان بە ناسا نەبووە، بۆچی ئێستە باسی ناسا دەکەن و دەڵێن گوتوویەتی زەوی تەختە؟
کاک هەڵۆ خۆی ماندوو نەکردووە سەیرێکی بابەتەکە بکات و بزانێت باسەکە دەربارەی چی دەدوێت، وەک لایەنگرەکانی زەوی تەخت لە ڕاپۆرتێکی سەد لاپەڕەیی تەنیا بەدوای وشەی زەوی تەخت گەڕاوە و چەند دێڕێکی کۆپی کردووە و دای ناوە، یان هەر لەوانی وەرگرتووە و بەبێ ناوهێنانی سەرچاوە ڕاستەقینەکە. چۆن دەبێ بانگەشەیەکی زانستی بەو قەبارەیە بدرێتە پاڵ مەزنترین ڕێکخراوە لە جیهاندا، ئاماژەش بە سەرچاوە نەکرێت؟ پێم وابێ خۆی بە مەبەستەوە سەرچاوە دانانێت، تا کەس بەدواداچوونی بۆ نەکات.
ئەمە سەرچاوەی دۆکۆمێنتەکەی ئەوە چەند وشەیەکی هێناوە لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ناسا کە لە ساڵی 1988دا بڵاو کراوەتەوە، کێ بیەوێ دەتوانێت لێی ورد ببێتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت لەکوێدا ناسا گوتوویەتی زەوی تەختە و ناخوولێتەوە؟
ئەو کاتەی ئەو ڕاپۆرتە بڵاو کرایەوە زۆر کەس گلەیی لە ناسا کرد بۆ بابەتێکی ئاوا بەو شێوازە و بەبێ ڕوونکردنەوە بڵاو دەکاتەوە، پێیان گوتن ئەی نازانن لایەنگرانی زەوی تەخت ئەم شتە هەڵ دەقۆزنەوە؟ لەڕاستیدا ناسا و زاناکانی زۆر بەدەگمەن نەبێت، گوێ بە کۆمەڵەی زەوی تەخت نادەن. ئەم تۆژینەوەیە هی ئەو دەمانەیە کە لایەنگرانی زەوی تەخت وەک ئەمڕۆکەیان چالاک نەبوون و نەیان دەتوانی بە ئاسانی بگەن بە هەموو سەرچاوەیەک.
ئەم ڕاپۆرتە نموونەیەکە وەک پێناسەیەکی ماتماتیکی بۆ ڕێبازێکی تایبەتی لەخستنەڕووی چەند هاوکێشەیەک، بۆ کارگەرییە فیزیکییەکانی فڕین لە بەرگە هەوادا، لە شێوەی هێزی کێشکردن، ئاراستە و دووری گەشتەکان، بەرزی و نزمی و چەندان شتی دیکە کە کار دەکەنە سەر فڕینی فڕۆکەکان. ڕاپۆرتەکە نیشانی فڕۆکەوانەکانی ئەم شێوازە دەدات کە بۆ ئاسانکاری و تێگەیشتن لەو ڕێبازە، لە تاقیکردنەوە و مەشقکردنی فڕیندا بە گریمانەیەک وەری بگرن، وەک ئەوەی لە سەر زەوییەکی تەخت و نەجووڵاو گەشت دەکەن، هەرگیز ناڵێ زەوی تەختە و ناخوولێتەوە.
ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن دەزانن، تەنیا ئەو دەمەی فڕۆکەکان بە خێراییەکی زۆر بجووڵێن و بۆ شوێنی یەکجار دوور گەشت بکەن، کاریگەری چەمانەوەی زەوی و خوولانەوەکەی ڕۆڵی گەورە دەگێڕن، بۆیە دەبێ ئەو دوو شتە بەچاکی لەبەرچاو بگیرێن. بەڵام بۆ گەشتی کورت و خێرایی کەم و لە مەشقی فڕۆکەوانان، هاوکێشەکان بۆ ئاسانکاری بەجۆرێکی تایبەتی دادەنرێن و ئەو دوو کاریگەرییەی لێ دەردەکەن.
هاوشێوەی ئەوە کاتێک کە لە خوولانەوەی هەسارەکان و هێزی کێشکردنی نێوانیان دەدوێن، ئەوا ئاماژەکردن تەنیا بە نیوتن باشتر و ئاسانترە لەوەی باسی وردەکاری بیردۆزە ڕێژەیییە ئاڵۆزەکەی ئەینشتاین بکەین.
ئەمەش هەندێ ڕوونکردنەوە کە لەم ماڵپەڕە وەرگیراوە:
کاریگەری گۆیی زەوی و خوولانەوەکەی بۆ گەشتە دوورەکان لەبەر بوونی دیاردەیەکە پێی دەگوترێت، هێزی کۆریۆلس (Coriolis force). بۆ نموونە ئەگەر فڕۆکەیەک بیەوێت بەرەو جەوسەری باکوور گەشت بکات، ئاشکرایە کە فڕۆکەکەش لەگەڵ زەویدا (بە خێرایی 1.670کلم لە کاژێرێک) دەخوولێتەوە، هاوکات چیوەی زەوی لە ژێریدا بەرەبەرە بچووکتر دەبێتەوە، بۆیە ئاراستەکەی چەماوە بەدەر دەکەوێت، ئەمەشە وا لە فڕۆکەکان دەکات بەبەردەوامی ئاراستەیان بگۆڕن. واتە فڕۆکەیەک لە کەمەرەی زەوییەوە بەرەو وڵاتێکی بەشی سەرەوەی، یان خوارەوەی زەوی بڕوات دەبێ هێڵێکی چەماوە بگرێتە بەر، فڕینت بە ئاراستەی هێڵی ڕاست هەرگیز ناگەیتە شوێنی مەبەست. هاوشێوەی ئەوە لە مووشەکی دوورهاوێژ بۆ پێکانی نیشانەکان دەبێ ئەم هێزەی کۆریۆلس لەبەرچاو بگیرێت، بۆیە مووشەکەکان بە هێڵێکی چەماوە بەرەو نیشانەکان دەنێردرێن. لەبەرئەوەی زەوی گۆیییە، ئاراستەی چەمانەوەی نیوە گۆی بەشی سەرەوەی زەوی بەرەو لای ڕاستە، نیوە ژێرەوەش بەرەو لای چەپە، بۆ گشت دیاردە سروشتییەکانی وەک، با و زریان و گەردەلوولەکانیش هەمان بنەمایە و ئاراستەیان پێچەوانەیە.
پاش ڕوونکردنەوەی ئەو دوو خاڵە سەرەکییە، ئێستەش چەند وەڵامێکی یەکجار کورتی بۆ هەندێ بابەتی دیکە.

- ئەزموونی نەچەمانەوەی زەوی:

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، کاک هەڵۆ باسی تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرینگ دەکات وەک بەڵگەیەک بۆ نەچەمانەوەی زەوی، کەچی سەرچاوەکەی دانانێت و ناڵێت کێ کردوویەتی و لەکوێ بووە و چۆن بووە؟ بەڵام دیارە کە باسی ئەزموونێکی کۆنی یەکێک لە دامەزرێنەرانی زەوی تەخت دەکات بەناوی ڕۆوبۆسم (1838)، ئەوەی چەندان جار لەلایەن زانا و شارەزیان بەهەڵە خرایەوە.
لەم کورتە فلمەدا ببینین کە لایەنگرانی زەوی تەخت ویستیان بسەلمێنن زەوی چەمانەوەی نییە و تەختە، کەچی سەلماندیان زەوی گۆییە!
خوێنەری بەڕێز لە گووگڵ بۆی بگەڕێ بەو زمانەی دەتەوێت: (Flat Earther accidentally proves Earth is round)
لەڕاستیدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەڵگەی یەکلاییکەرەوەمان هەیە بۆ سەلماندنی چەمانەوەی زەوی، هەموو ئەو بەڵگە و ئەزموونانەش لە بەشەکانی بابەتەکەماندا ڕوون کراونەتەوە.

- بەڵگەکانی خوولانەوەی زەوی:

کاک هەڵۆ دەڵێ: "ئەگەر زەوی ئاوا بسوڕایەتەوە دەبو هەمو ئاوی دەریاو زەریاکان لە زەوی دوربکەونەوەو بەرەو بۆشایی ئاسمان بپرژێن"
بۆ ئەو مەبەستە لە گەلەک ڤیدیۆدا دەبینین کە یەکێک لە لایەنگرانی زەوی تەخت تۆپێکی تێنسی زەوی تەڕ دەکات و هەڵی دەداتە ئاسمان، تۆپەکە لەکاتی خولانەوەی هەموو ئاوەکەی لێ جیا دەبێتەوە.
بەڵێ زەوی بەخێرایی 1.670 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بەدەوری خۆیدا دەخوولێتەوە، بەڵام ئەگەر لەمەش خێراتر بخوولێتەوە هەر هیچ ڕوونادات. لەبەرئەوەی کاتێک زەوی دەخوولێتەوە ئەوا دەکەوێتە ژێر کاریگەری دوو هێز، یەکێکیان هەوڵ دەدات شتەکانی سەری هەڵ بداتە دەرەوەی زەوی، ئەو هێزە ناو دەنرێت بە هێزی وەدەرنانی ناوەندگەرایی. هاوکات تێکڕای گەردیلەکانی سەر زەویش بە پەتێکی یەکجار پتە و بەهێز بە زەوی بەستراون پێی دەگوترێت، هێزی کێشکردنی زەوی. 
هەر کاتێک بێین بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بۆ شتێک قورساییەکەی 1 کیلۆگرام بێت، بۆ ئەوەی بزانین کامە هێز بەسەر ئەوەی دیکەیان زاڵە؟ ئەوا بە دوو یاسای فیزیایی بۆمان ڕوون دەبێتەوە هێزی کێشکردن 326 هێندەی هێزی وەدرنانە بۆ 1 کیلۆ، بەمەش هەرگیز شتەکانی سەر زەوی ناتوانن بە هەوادا بفڕن و لە زەوی دوور بکەونەوە.
بەڵگەی خوولانەوەی زەوییش پەندولی فیزیازانی فڕەنسایی (فۆکو)یە، بە ئەزموونێکی سادە دەسەلمێندرێ کە پێکهاتووە لە تۆپێکی قورس بە پەتێک لە بەرزاییەکەوە هەڵ بواسرێ.
لەڕاستیدا پەندولی فۆکو نەک تەنیا بەڵگەیە بۆ خوولانەوەی زەوی، بەڵکوو بۆ گۆیەتی زەویش، چونکە ئاراستەی خوولانەوەی پەندولەکە هەردەم بە پێچەوانەی خوولانەوەی زەوییە، گۆیییەتی زەوی وا دەکات، دوو نیوەگۆی زەوی ئاراستەی خوولانەوەیان بە پێچەوانەی یەکدی بێت.
لە لایەکی دیکەوە دەڵێ، ئەهڕامەکان بۆ هەمیشە ڕوویان لەو سێ هەسارەیەیە؟ کامە سێ هەسارە؟ پاشان هەڕەم کوا ڕووی هەیە، ئەی هەڕەم قووچەک نییە بە چوار ڕووەوە؟
وردەکاریی ئەم چەند خاڵەی سەرەوەش لێرەدا ڕوون کراوەتەوە:

- بۆ شوێنی ئەستیڕەکان ناگۆڕێت؟

لە پێش زاینەوە ئەناکسیمیندەر گوتی، کاتێک بەرەو هەر ئاراستەیەک گەشت دەکەین ئەستێرەی دیکە دەبینین کە وەک ئەسێرەی شارەکەی ئێمە نین. دیمەنی ئەستێرەکان لە وڵاتی خۆشماندا بەتێپەڕبوونی کات و بەدرێژایی ساڵ گۆشەی ڕوانینمان بۆی دەگۆڕێت.
بەڵگەی گرنگ ئەوەیە سەیری ڕووی مانگ، دیمەنی چەندە ئەستێرەیەک لەتەک یەک بکەی لە نیوەگۆی سەرەوەی زەوی و نیوەی ژێرەوەی زەوی ئەوا سەرەوژێر دەبنەوە.
بە نموونە، ئەگەر لە بەشی خوارەوەی زەوی بیت ناتوانی ئەستێرەی باکوور (Polaris) ببینیت، کاتێکیش لە بەشی سەرەوەی زەوی بیت ئەو پێنج ئەستێرەیە (Crux) بەتەک یەکەوەیە کە ئوستراڵیایییەکان دەیبینن تۆ نایبینیت.
بڕوانە بەشەکانی بابەتەکەمان:

- لەبەرچی هەموو وێنەکانی ناسا ساختەن؟

کاک هەڵۆ دەڵێ: "بۆ ئاگاداریتان تا ئێستا نە ناسا نە سی ئای ئەی نەیانتونایوە یەک وێنەی ڕاستی گۆیی زەوی بخەنە ڕوو." 
ئەوا گوتمان ناسا بەڵام نازانم سی ئای ئەی (CIA) هەقی بە وێنەی زەوییەوە چییە؟ لەمەدا هەرچۆنێکی بێت ڕاست دەکات، هەموو وێنەکانی زەوی و ئەستێرە و هەسارەکان و گشت تەنەکانی گەردوون دەستکاری دەکرێن. 
ناسا خۆی هەمیشە دەڵێت وێنەکانمان دەستکاری کراون، هەتا ئەگەر بچیتە سەر سایتی خودی ناسا (nasa.gov)، دەبینیت لەژێر وێنەکانی زەوی و تەنە ئاسمانییەکاندا نووسراوە: ئەم وێنەیە ئاوێتەکراو، یاخۆ چاککراوە (This composite images).
بەڵام هۆکارەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەلسکۆپ و مانگە دەستکردەکان دوو کێشەی وێنەگرتنیان هەیە: یەکەمیان ئەوانەی خوولگەکەیان نێزیکە لە زەوی، ناتوانن وێنەیەکی تەواوی سەرلەبەری زەوی بگرن، دووەم کاتێک خوولگەکەیان دوور بێت، ئەوا وێنەکانیان ڕوون و بەوردەکاریی پێویست دەرناچن.
بۆ بابەتی وێنەکانی دیکەی گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارە و شتگەلە گەردوونییەکان، ناسا و ئاژانسە ئاسمانییەکانی دی، بەرنامەی فۆتۆشۆپ بەکار دەهێنن بۆ چاککردنەوە و ئاوێتەکردنی ئەو وێنانەی بەدەستیان دەهێنن. لە بنچینەدا ئەو وێنانە ساختە نین، چونکە دەستکاری کردنەکان و گۆڕینی ڕەنگەکانیان هۆکار و مەبەستی زانستی ڕاستەقینەیان لەپشتە، گشتی بۆ یارمەتیدانی کاری زاناکانە لە تۆژینەوە و پشکنینە زانستییەکانیان.
بۆ ئەمەش بابەتێکمان هەیە بەوردەکاریی تەواوەوە بەناوی: ئایا دەزانیت گشت وێنەکانی زەوی و تەنەکانی گەردوون ناسا بڵاویان دەکاتەوە ڕاستەقینە نین؟

- ئایا هێزی کێشکردن بوونی هەیە؟

کاک هەڵۆ دەڵێ من باوەڕم بەهێزی کێشکردن نییە!
کەواتە مێژووی فیزیا و بوونی گشت زانا مەزنەکانی وەک، نیوتن و گالیلێیۆ و ئەینشتاین هەمووی هەڵبەستراون و درۆن. پاشان تۆ کێیت و لە هاوکێشەی زانستی جیهاندا چیت؟ بەڕێزم ڕەتکردنەوەی هەر بیردۆزێکی زانستی پێویستی بە تۆژینەوە و بەڵگە هەیە، کەسەکەش دەبێ شیکار و ڕاڤەیەکی دیکەی جیاواز بۆ هەمان دیاردە پێشکەش بە کۆمەڵگەی زانستی بکات، لەڕێی گۆڤاری ڕێکخراوەیەکی باوەڕپێکراو و ناسراوی جیهانیی.
هێزی کێشکردن نەبووایە گەردوون بوونی نەدەبوو، چونکە هەسارە و ئەستێرەکان هەر هەموویان بە هۆکاری بوونی هێزی کێشکردن دروستبوونە، ئەگەر ئێستەش هێزی کێشکردن نەمێنێت گەردوون هەرەس دێنێت و بەسەریەکدا دەڕوخێت.
گەردوونناسان دەڵێن، پاش تەقینەوەی مەزن و بڵاوبوونەوەی هایدرۆجین و هیلیۆم بە گەردووندا، هێزی کێشکردن بووە هۆی کۆبوونەوەی گازەکان، دەرەنجام ئەستێرەی لێ دروست بوو، دوای ئەوە بە پاشماوەی ئەستێرە فرە گەورەکان، ئەستێرەی دیکە و هەسارەکان و تەنەکانی دیکە سەریان هەڵدا، بە نێزیکبوونەوە و پێکەوەبوونی تێکڕای ئەمانە گەلەستێرەکان هاتنە چێبوون.
بوونی هێزی کێشکردن لە یەکەمین ئەزموون لە مێژووی زانستی فیزیادا بەکردارەکی و زۆر بەئاسانی سەلمێندراوە، هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ئەنجامی بدات. لە گووگڵ بنووسە تاقیکردنەوەکەی کاڤندیش (Cavendish experiment)، ئینجا ببینە چۆن هێزی کێشکردنی بۆت پێوانە کردووە.
کێشکردن دیاردەیەکی سروشتییە و هۆکاری جووڵە و ڕاکێشانی بەرەو یەکدی گشت تەنەکانی خاوەن بارستایی، یان وزە بن وەک، هەسارە، ئەستێرە، گەلەستێرە و هەتا تیشکیش. یاساکانی نیوتن زۆر بەچاکی ئەو هێزە دەپێون و دووری و قەبارەی گشت هەسارە و مانگەکانی کۆمەڵەکەمانی دیار کردووە. بیردۆزەکانی ئەینشتاین و خاوبوونەوەی کات لە دەرنجامی چەمانەوە و بوونی هێزی کێشکردن لە گەلەک بۆنەدا بە ئەزموونی یەکلاییکەرەوە سەلمێندراوە. بۆ نموونە ئەو دەمەی کاتژمێرێک بۆ ماوەیەک لەناو فڕۆکەیەکی چەند جار خێراتر لە خێرایی دەنگ دابنێی، پاشان فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانە بنیشێتەوە، بە بەراوردکردن کاتژمێری ناو فڕۆکەکە یەک تۆز دوا دەکەوێت بەرانبەر بە کاتژمێری فڕۆکەخانەکە.
کاتێکیش لایەنگرانی زەوی تەخت، هێزی کیشکردن وەک چڕییەک بۆ ماددەکان دەبینن و دەڵێن لەبەر سووکی و قورسی دەکەونە سەر زەوی، دەشێ بپرسین بۆ سەد کیلۆ ئاسن و پەڕێکی باڵندە وەک یەک دەکەونە خوارەوە بۆ سەر زەوی، وەک چۆن گالیلێیۆ سەلماندی؟
دواجار دەکرێ بۆمان ڕوون بکەنەوە، ئەگەر هێزی کێشکردن نییە، ئەی لە گریمانەکەی زەوی تەختی ئێوەدا هۆکاری جووڵە و خوولانەوەی خۆر و مانگ چییە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە