کاکە حەمە لە ئاوێنەیەکی شکاودا
Wednesday, 28/06/2023, 4:11
کاکە حەمەی حاجی مەحموود، پێی وایە کورد لە تورکیا بە پێی پەتی تێ کەوتووە و خوێندنەوەی سیاسی بۆ بابەتەکان نەبوو!!.
ئەم کاکە حەمەیەی لە مەڕ خۆمان: لەو سەرکردە زۆرانەی باشوورە، کە زۆر چالاکە و هەمیشە لەسەر هەستە و پاساوی ئامادەی هەیە کە ڕووخساری دوژمنانی دێرینەی کورد سپی بکاتەوە و تاوانەکانیان بە شێوەیەکی شاردراوە لەبەرگی ( کوردایەتییەکەی مەلایی و جەلالی) دا بخاتە ئەستۆی ئازادیخوازانی شۆڕشڤانی کورد.
گریمانەی ئەوە دادەنێم: کە قسە و لێدوانەکانی کاکە حەمە درووستن و ئەو حکوومەتە فاشیانەی بەشێک لە نیشتمانی کوردیان داگیرکردووە، مەبەستیانە مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد یەکسەرە یان پلە بە پلە لە نیەت پاکیی و مرۆڤدۆستی خۆیانەوە چارەسەر بکەن !!.
مرۆڤ لە هەر پلەو پایە و ئاستێکدا بێت، هەر ئامانج و هەر نییەتێکی هەبێت، کار بۆ ئامادەکردن و سازکردنی زەمینەی جێبەجێکردنی ئەو ئامانج و نییەتەی دەکات و زۆرترین دۆست بۆ ئامانجەکەی کۆدەکاتەوە. ئەو پاساوانەی کاکە حەمە بۆ بیرکردنەوە و ڕەفتاری ئۆردوگانی دێنێتەوە، یا دەزانێ وانییە و دەیەوێ چەواشەکاری بکات، یا نازانێ و باس لە خەیاڵ و بیرکردنەوەیەکی ئەفسانەیی دەکاتەوە و بۆ خۆی ئەو خەیاڵەی لێ دەبێتە واقع.
ئاشکرایە کە کەسێک دەسەڵاتی هەبێت و ئامڕازەکانی جێبەجێکردنی لە دەستدا بێت، ئەو دەتوانێ نییەتی پاکی و ئامانجی مرۆیی خۆی جێبەجێ بکات. کەیی و لەکام قۆناغی ئەو نەبەردە خوێناوییەی نەتەوەی کوردا بۆ ڕزگارکردنی خاک و نەتەوەکەی، حکومەتێک و سیستەمێکی مرۆیی و بیرکردنەوەیەکی ئازادیخوازانەی نەتەوەی سەردەست، هەنگاوی بۆ باشترکردن و سەلماندنی (کەمترین) مافەکانی کورد دا، بەڵام کورد بەرەنگاریی بوویەوە و وتی نامەوێ؟! کە ئەم ڕازیبوونە زۆرانەی کورد ( سەرکردەیەتی کورد)، نەک هەر ڕازی بوون، بوون، بەڵکو تەسلیمیش بوون، لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەدا، بە دەیان جار سەرکردیەتی حیزبەکانی، نەک خۆیان بەڵکو بەشێك لە نەتەوەکەشیان تەسلیم بە دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە کردووە، بۆ نموونە ئاشبەتاڵ، شەڕی کورد بە کورد، سی و یەکی ئاب، شەڕ دژی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتی قیادە موەقەتە، زیندانی زۆری حیزبەکان لە ڕایات و بەکرەجۆ، شەڕی دیمۆکرات و کۆمەڵە، شەڕی ئەمڕۆی کۆمەڵەکان ( پێنج شەممە ٢٢/ ٠٥/ ٢٠٢٣) لە ئۆردووگاکانیاندا لە باشووری نیشتمان و ......هتد. ئەمانە ماکی ئەو تەسلیم بوون و زەلیل بوون و خۆپەرستییەی سەرکردەیەتی حیزبەکان بووە، کە سۆزی نەتەوەکەیان لە پێناوی ئامانجەکانی خۆیاندا، فریو داوە و خستوویانەتە خزمەت درێژەدان بە دەسەڵاتی داگیرکاریی نەتەوەی سەردەستەوە، لە بەشێک لە نیشتمانی بە کۆڵۆنیی کراوی کورددا.
ئێستا کە کاکە حەمە، ئازادیخوازانی باکوور بە نەزانی سیاسی و تاوانبار دەزانێ و(ئۆردووگان) بە ڕزگارکەری کورد و پشتیوان و فریشتە وێنە دەکات، دەیەوێ سەرنجی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووردا بە لاڕێدا بەرێت و سەرنجەکان لە کۆساڵانی ڕۆژهەڵاتەوە بگوێزیتەوە بۆ باکوور و هەم ئەو بەرخۆدانە شایستەیەی ( یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات) بچووک بکاتەوە، شۆڕشی ژینا پەردەپۆش بکات و هەم ڕەوایی بدات بە تاوانەکانی ئۆردووگان و وا لەو بەشە لە نەتەوەک بگەێنێ کە هۆی ئەوەی خاکی کوردان بە سووتماک دەکرێت و منداڵی کورد دەکوژرێت، ئەوە ئەنجامی ڕەفتاری هەڤاڵانی باکوورە کە بە پێی پەتی نەزانانە کەوتوونەتە ناو سیاسەتەوە. جارێک بیستتان، هەر ئەم کاکە حەمەیە باس لە سەربازگە و دەزگا سیخوورییەکانی میتی تورک بکات، کە باشووری کوردستانیان تەنیووە؟! یا لە سەر ئەو بەرخۆدانە نەتەوەییەی کە بیرکردنەوەی نەتەوەی سەردەست و سیستەمە ئاخوندییەکەی کە نوێنەرایەتی دەکات، لەرزاند کۆمێنتێکی هەبێت؟!.
جارێک خورمای عەرەب ناخوا و خواردنی خورمای ئیرانی و تورکی پێ ئاساییە و جارێک پێشنیازی ڕووخاندنی هەردوو بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان دەکات تا بەغدا ئاو بیبات و جارێک تاپۆ ڕەشەکەی ڕیفراندەم دەجوڵینێ، وەک ئەوەی حکوومەتەکەی دەیان بەنداوی تری دروست کردبێ و با دوو بەندا و بکات بە قوربانی پاراستی هەرێم!! یا ڕیفراندەمەکەی زۆری لێ سەوز بووبێت و با دەری بێنیت و بەغدای پێبترسێنێ پارەیان بۆ بنێرێ؟! وازی لێبێنە کاکە، دوو بەنداومان هەیە کە ئینگلیز دروستیان کردوە، ئەمانیش بەدەردی بەنداوەکەی بێخمە مەبە.....ئەو برادەرە دەستی خۆی نییە و ماری پێدەگرێت!!.
لای کاکە حەمەکانی باشوور، سیاسەتی درووست و بەگۆرەوی و پێلاوەوە ئەوەیە، کە بە پەتێک و ڕایەڵەیەکی توند و تۆڵ، خۆیان بە سیاسەتی دوژمنانی دێرینەی کوردەوە گرێ بدەن و دوژمن هەر بزیەکی بۆ کردی تۆ باوەش بە ملیدا بکەیت و ماچبارانی بکەیت و کە ئەنجامەکەش بە خراپی بەسەر کورددا شکایەوە(کە هەمیشە هەروا شکاوەتەوە)، بکەونە پاساو هێنانەوە و تاوانبارکردنی لایەنێکی تری کوردی!!.
ئەوەی کە لە قۆناغێکدا، سیاسەتێک ئەنجامەکەی ئەوە نەبێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت، نائاسایی نییە، هەدەپە لە کات و شوێنێکدا سیاسەت دەکات، کە بەر لە هەڵبژاردن، هەرچی دەرفەت بووە لێی زەوتکراوە و هەرچی ئیمکانیات مادی و پێویست بۆ بزواندن و جوڵاندنەوەی سیاسی هەیە لێی قەدەغەکراوە، ڕێبەر و هاوسەرۆک و چالاکوانەکانی لە زیندان خراون، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەی دوایدا، کورسییەکانیان کەمی کرد بە بەراوردکردنی بە هەڵبژاردنی پێشوو، بەڵام بنەمای سیستەمی ئۆردووگانیزمیان لەرزاند و ئەو کارەی کە ڕاپەڕینەکەی ڕۆژهەڵات بە سیستەمی فاشستی نەتەوەی سەردەست و ئیسلامی فاشی کرد لە ئێراندا، هەدەپەش بە سیستەمی فاشستی ئیسلامی سیاسی ئۆردووگانیی لە تورکیادا، کرد.
هەدەپە و ئەو فەلسەفەیەی کە پەیڕەوی لێدەکات، بزووتنەوەیەکی مرۆیی و کوردستانی جیهانگیرە و لەسەر سۆزی وروژێنرا و کار ناکات و بۆ وەدیهێنانی ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ نەتەوەکەمان و پەیوەندییە ئینسانییەکان کار دەکات و هەمیشە لە گەشەکردندایە. خەباتی ئەوان خەباتێکی بنەڕەتی و لەسەر سەکۆی گێرانەوە و پاراستنی شکۆی مرۆڤ بوونی نەتەوەکە هەنگاو دەنێت، ئەوان پارێزەرانی شکۆی تاکی کوردن و گێرانەوەی ئیرادە و توانای بەرەنگاری و دامەزراندنی بنەماکانی کۆمەڵگایەکی پتەو و دادپەروەر ئامانجی ئەوانە و لەم بوارەشدا خۆبەخشانە هەنگاوی گەلێک فراوان و بنەڕەتییان ناوە.
کوردانی باکوور بوێرن و پڕانسیپی بنەڕەتی کارکردنێکی زوڵال لەگەڵ نەتەوەکەدا پەیڕەو دەکەن و لەبەر ئەوەش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرانبەر بەو ئەرکەی کە قەبوڵیان کردووە، ڕوون و ئاشکرا لە هەر قۆناغ، تاکتیک یا بەرنامەیەکیاندا ئەگەر ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، بۆیان نەهاتە دی، ڕووی دەمیان بە ئاشکرا لە نەتەوەی خۆیان دەکەن و هۆ و ئاکامەکانی سیاسەتەکەیان بۆ نەتەوەکە ڕوون دەکەنەوە و داوای لێبووردن دەکەن، ئەگەر هەموو کەسایەتی سیاسی و پیشەیشیان لەم پێناوەدا لەدەست بدەن، چوونکە سەرچاوەی هێز و متمانەی ئەوان نەتەوەکەی خۆیانە، نە خاوەنی کۆمپانیای کەسین و نە ملیاردها دۆلاریان لە بانکەکاندا قایم کردووە و نە کۆشک و تەلاریان بنیات ناوە کە مەلەوانگە و مەیدانی فوتبۆڵین و سینەما و میوانخانە و ژنخانە و قاوەخانە و هەراجخانە و دیسکۆ و مەیخانە و سیخوڕخانە و خانەکانی تریان تێدا بێت.
بەگەلیان وتووە ئێمە ئەم ئەرکە نەتەوەییە خۆبەخشانە قەبوڵ دەکەین ئەگەر ئێمە بە شایستەی متمانەی خۆتان دەزانن، بۆیە باکیان لەوە نییە کە ڕاستە و ڕاست بێ پێج و پەنا و کەناڵ و تونێل و دەستی دووەم و سێیەم، لەگەڵ نەتەوەکەی خۆیان قسان بکەن، لەو شوینەدا کە بزانن ئەرکەکەیان بە ئەنجام نەگەیاندووە، خۆیان داوا لە نەتەوەکە دەکەن کە لێیان ببوورێت و ئەرکەکەیان لێ وەرگرێتەوە، تا لە دەرفەتێکی ترو بە خۆدا چوونەوە و پەروەردەکردنێکی باشتردا، خۆیان خاراو بدەن و ئامڕازەکانی بەردەستیان چاکتر بەکار بێنن پاش راهێنانی زۆر و لێکۆڵینەوەی ورد لە کەمایەسییەکانی شێوازی کارکردنیان. نە سواڵ لەکەس دەکەن و نە دەپاڕێنەوە و نە لە برساندا دەستی دوژمنی دێرینی نەتەوەکەیان ماچ دەکەن، بەڵکو مشتێ خاک دەخۆن و مل کەچ ناکەن.
ئەوەی بەڕێزتان باسی دەکەیت، لێکدانەوەیەکی ڕووکەش و کۆمەڵێک وشەی سواوە، کە لە ناوەرۆکدا پاکانەیە بۆ دوژمنێکی فاشستی دژە کورد. نەرێتێک هەیە لە باشووری نیشتماندا کە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای خێڵ-حیزب، لە چاوی بەرژەوەندی و خواستی سەرکردەیەتی حیزب و بنەماڵەوە بۆ پەیوەندییە دبلۆماسیییەکان دەڕوانن، کە لە باکووری نێشتماندا، ئەم کارکردە دبلۆماسییە تەواو پێچەوانەیە، هەموو هەنگاوێکی دبلۆماسی و سیاسی و بەرەنگاربوونەوەیەکی چەکداری لە ڕوانگەی گشتیی نەتەوەکە و هەنگاوێک چوونە پێشەوە و بە دەستهێنانی ئەگەر چی کەمترین سوودش بێت بۆ نەتەوەکە، کار دەکات.
بنەڕەتەکانی تێکۆشانە مرۆییە باڵاکە، لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکەدا سەکۆی هەنگاونان و ئەو مەشخەڵەیە کە ڕێگاکە ڕۆشن دەکاتەوە. مەسەلەی کورد بە تایبەت لە باکووردا، مەسەلەی کورسییەکی کارتۆنی ئەم پلە و ئەو پۆستە ئیدارییە نییە، کە بە فڵان و فیسار بدرێت، هەڤاڵانی ئازادیخوازیی نەتەوەکە لە وڕاستییە تێگەیشتوون، کە ئەڵقە هەرە بەهێزەکەی داگیرکردن و ئازادبوونیش وا لە باکوور، بە پچڕاندنی ئەم ئەڵقەیە، زنجیری داگیرکردنەکە لە سێ بەشە بەکۆڵۆنیکراوەکەی دیدا دەڕەوێتەوە.
تۆ یا دەبێت سەرچاوەی بڕیارەکانت، چەند بنەمای نەتەوەی بن کە لەهەموو ڕەفتارەکانتدا ڕەنگ بدەنەوە، یا دەبێت بۆ بڕیاردانە سیاسییەکانت بۆ سەرچاوەکە بگەڕێیتەوە کە نەتەوەکەیە. خۆ تۆ لە بۆشاییەکی سیاسیدا ئەکتێکی مرۆیی ئەنجام نادەیت و دوایی دابنیشی و بۆ ئەکەتەکەی خۆت بڕوانی کە چەندە سەرکەوتووبووی لەو ڕۆڵەدا کە وەک ستەملێکراوێک دەوری باوکێکی کوڕ کوژراوت بینیووە!!. نا، تۆ لە واقعێکی تاڵی سات بە ساتدا، دەستەو یەخە لەگەڵ ستەمدا لە جەنگدای، ئەم جەنگە پێویستی بەو بنەما نەتەوەییە فراوانەیە کە تۆ بەر لەوەی کوڕەکەت بکوژرێت و کچەکەت شەهید ببێت، بەر لەوەی بزووتنەوەیەک کچەکەت ڕاپێچ بکات، گەڵاڵەت کردوون و لە توێشووی كچەکەت یا کوڕەکەت ناوە، تا بزانێ و تێ بگات خۆبەخشانە تێکۆشان بۆ ئازادیی نەتەوەیەک، چ دڵێکی دەوێ!! ئەو زانینەیە کە سەلاح دەمیرتاش، لە زیندانەوە، دەخاتە بەر ئەو لێپرسراوییە، کە پاش ئەوەی بە پێوەرەکەی دەیپێوی( بنەما گەڵاڵە بووەکە) هیچ بوارێک هەڵنابژێرێ و شەرم دەکات پاساو بێنێتەوە و ڕووڕاست و زوڵاڵ لەگەڵ نەتەوەکەی دەدوێ.
تۆ ئەم ڕاشکاویی و زوڵاڵ بوونە، بەروارد بکە بە حەفتا ساڵ پاساوهێنانەوەی سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکان، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتدا بۆ حەفتا ساڵ تێکشکانی خوێناوییان، دوای ئەوەی ئازادیخوازانی کورد دەکەنە نیشانەی چەکەکانیان، چۆن دێن و لە کەناڵەکانی دوژمنەوە، پاسا و بۆ ئەکتەخوێناویەکەی خۆیان دێننەوە وکەچی شەو دەتوانن بخەون و ڕۆژ جلەکانیان لەبەر دەکەن و ڕیش دەتاشن و لە ئاوێنەدا تەماشای خۆیان دەکەن و نە قۆپچەی کراسەکەیان بەهەڵە دادەخەن، نەگۆرەوییەکەیان تاکەوتاک لە پێ دەکەن، نە خواردنی نانی بەیانیان لە یاد دەچێت و نە شەرم لە منداڵەکەیان دەکەن کە بانگیان دەکات........ بابە!!.
هاوبەشبوون، لە کوشتنی ڕاستەوخۆ، یا بڕیاردان بۆ کوشتنی، مرۆڤێک، ئەویش لاوێکی دڵدادە بە ئازادیی نەتەوەکەی، بەشی ئەوە دەکات، کە ئەوەی ماوە لە تەمەنت، بە ڕێگایەکی هەزارکیلۆمەتریی سارایەکدا، سەری خۆت هەڵگریی و بگریت و بگریت، تا لە تینواندا، بمریت و ببیتە خۆراکی مار و حەزیا....
من پێمباشە، کاکە حەمە بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتێکی چاکتر بکات، میوانخانەکەی بکاتە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لەو بیست هەزار کیلۆیە (٢٠ تەن) لەو بەڵگانەی لای خۆی هەڵیگرتوون، چوونکە ئەوە موڵکی نەتەوەکەیە، نەک موڵکی تایبەتی ئەو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست