کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموومان پارتبوونێک قەرزارین

Monday, 26/06/2023, 21:57


 لە ڕوداوێکی وەها دژواردا؛ کوشتنێ گەنجێکی بێتاوان بە دەستی داعشێک. پیاوانی سیاسی لە ئەوروپا بە ڕاست و چەپ و نێوەندەوە، بە توڕەییەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر بە حکومەت و داوای کاردانەوەی دەستوبردی لێ دەکەن. بەرپرسانی سیاسی شیکار بۆ ڕوداوەکە دەکەن. لە کاتێکدا لە کوردستان گوێمان لە وتاری بەرپرسێکی حکومەت نەبوو. خۆ نابێت چاوەڕوانی عەلی حەمەساڵح بکەین بۆ ئیدانەکردنی ئەو تاوانە، عەلی حەمەساڵح کە هەر ڕۆژە و دۆسییەی گەندەڵییەک هەڵدەداتەوە. ئەی ئەمە گەندەڵیی و تاوان نییە، مەلاکان لە مینبەرەکانەوە بە ئاشکرا داوای کوشتنی ئەوانە دەکەن کە هاوڕایان نین ؟ یان ئەوەیە کە عەلی خۆی یەکێکە لە سەلەفییەکان و خۆی مات داوە ڕۆژێک ببێتە سەرکردەیان . گوێشمان لە حەسەن و حوسەین نەبوو وەک ئۆپۆزیسیۆن ئیدانەی ئەو روداوە بکەن!!! ئەی شاسوار !!! کوڕانی مام جەلال !!!

سەرمان سوڕماوە لەم بێ دەنگییە! 

لەم دواییانەدا کابرایەکی سیاسی ووتی: 

<<با کەسێک بچێت مەسعود بارزانی بەخەبەر بکاتەوە >>
نا، ئەو سەرۆک خێڵە نەخەوتووە. چونکا هاوکێشەکە بۆ ئەوان ڕوونە و دەزانن چییان گەرەکە. ئەوان خۆیان بە مەبەست ڕەوتی سەلەفیزمیان دروستکردووە. ئەم سیاستەش باوە؛ دروستکردنی کێشە و بەرەیەکی ترسناک بۆ کۆمەڵگە، هەتاوەکو کۆمەڵگە پەنا بباتە بەر حکومەت  وەک فریادڕەسێک. خۆ ئەگەر بنەماڵەی بارزانی فڕیان بەسەر زانستی بەڕێوەبردنی وڵات و دروستکردنی دوڵەتی کوردییەوە نییە، سەلماندنیش بۆ ئەمە ڕێفراندۆمە قەشمەرییەکەیان بوو، ئەوا لە هونەری بەرژەوەندی  بنەماڵە و مانەوەیان لەسەر سوڵتە، بەڕاستی بە توانان.
لە نوسینی پێشومدا نوسیبووم، ڕێزم بۆ ئەو دەروێشە هەیە کە دەڵێت ئەوان پیاوکوژ نین، لەبەر ئەوەی ئەو دەروێشە سەر بە ڕەوتی سۆفیزمە، کە ئێستاکە لە کوردستان لە سایەی ئەو حکومەتەوە ( بە ویست) پشتگوێ خروان و ئیسلامی سەلەفیزم و داعش جێگایان بۆ وڵاکراوە. هەتاوەکو ئەمانە ببنە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دانیشتوان و ئەوانیش وەک فریادڕەس خۆیان ڕاوەشێنن، ئەوسا بە ناچاری خەڵکی چەپڵە بۆ شازادەکانیان لێ دەدەن. شازادە گچکەکانیان کە وەک جوچکی مەکینە، هەر ساڵەو دەرزەنێکیان نمایش دەکەن بۆ خەڵکێ ڕەش و ڕووتی کوردستان. ئەوسا بە ئەمریکا و ئەروپاش دەڵێن ئەوەتا ئەوە ئێمەین کە ڕێگری لە ئیسلامی ڕادیکاڵ دەکەین. بەم شێوەیە شەرعییەت دەدەنەوە بە خۆیان و حوکمڕانیان بۆ حەوت پشتیان مسۆگەر دەکەنەوە. ئینجا بە ئێمەش دەڵێن :

هەمووتان پارتیبوونێک قەرزارن.

هەموو ئەم کێشانەش دەگەڕێنەوە بۆ نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە، ئەم کێشەیەش جیهانییە و جیهان بە سەردەمێکی تاریک و ترسناکدا تێپەڕدەبێت، لە نەبوونی مۆدێلێکی نوێ بۆ حوکمڕانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە