ئایا زەوی تەختە، یان گۆیی، بەڵگە زانستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟
Saturday, 24/06/2023, 18:37
بەشی چوارەم: هەموو وێنەکانی ناسا و نەخشەکانی زەوی دەستکاری دەکرێن و ساختەن؟
لایەنگرانی بیرۆکەی زەوی تەخت دەڵێن، هەموو وێنەکانی ناسا و ئاژانسەکانی دیکەی جیهانی بۆ زەوی و ئەستێرە و هەسارەکان و تەنەکانی دیکەی گەردوون دروستکراو و ڕاستەقینە نین، هاوکات گشت نەخشە ناسراوەکانی گۆی زەوی کە لە وانەی قۆناغە جیاجیاکانی خوێندنگەکان پشتمان پێیان دەبەست، دەستکاریان کردوون و ساختەن. لێرەدا ئەگەر ڕاشکاوانە بڕوانینە ئەم دوو بابەتەی وێنە و نەخشەکان، دەبێ دان بەوەدا بهێنین کە گوتەکانی لایەنگرانی زەوی تەخت ڕاستن، بەڵام بۆ وایە و هۆکارەکانی چین؟وێنە
ساختەکانی گۆی زەوی
کاتێک لەگووگل بگەڕێت بەدوای وێنەی زەوی و بنووسیت (Planet Earth)، ئەوا کۆمەڵێک وێنەی یەکجار جوانت دەست دەکەوێت. هەرچەندە لەوانەیە زۆریش دڵمان پێیان خۆش بێت، بەڵام بەداخەوە تێکڕای وێنەکان ڕاستەقینە نین و کۆکراوە و ئاوێتەکراون.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ناسا (NASA)، خۆی هەمیشە دەڵێت وێنەکانمان دەستکاری کراون، هەتا ئەگەر بچیتە سەر سایتی خودی ناسا (nasa.gov)، دەبینیت لەژێر وێنەکانی زەوی و تەنە (ئاسمان)ییەکاندا نووسراوە: ئەم وێنەیە ئاوێتەکراو، یاخۆ چاککراوە (This composite images).
خۆشبەختانە تەنیا یەک وێنەی ڕاستەقینەی زەوی هەیە، بەناوی مەڕمەڕی شین (The Blue Marble)، ئەمەیان تەواوە و ناسا لە بەرزایی 29.000 کیلۆمەتر گرتوویەتی لە دوا گەشتیدا (ئەپۆڵۆ 17) بۆ مانگ.
کەواتە ناسا لەوەتەی دامەزراوە و بەو هەموو مانگە دەستکردەی بەدەوری زەوی دەسووڕێنەوە، بە تێکڕای گەشتەکانی بۆ سەر مانگ و ناردنی گالیسکەکانی بۆ هەسارەکانی کۆمەڵە خۆرەکەمان، هەتا ئەوانەشی چوونە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، تەنیا خاوەنی یەک تاکە وێنەی زەوییە؟ کەچی بانگەشەی ئەوە دەکات توانیوویەتی وێنەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە و هەسارەکان بگرێت ملیۆنان ساڵ لێمانەوە دوورن.
هۆکارەکانی ئەم بابەتە ئەوەیە تەلسکۆپ و مانگە دەستکردەکان دوو کێشەی وێنەگرتنیان هەیە: یەکەم، ئەوانەی خوولگەکەیان نێزیکە لە زەوی ناتوانن وێنەیەکی تەواوی سەرلەبەری زەوی بگرن. دووەم، کاتێک خوولگەکەیان دوور بێت، ئەوا وێنەکانیان ڕوون و بەوردەکاریی پێویست دەرناچن.
کاتێک باڵات دوو مەتر بێت ئەوا چاوت هەتا ئاستێکی دیارکراو دەبیندرێت و پاش ئەوە هیچ نابینیت چونکە زەوی دەچەمێتەوە ئەو دوورییەش 5 کلم، واتە کاتێک ئاسۆی بینینی تۆ 5 کلم بەراورد بکەین بە چیوەی زەوی کە لە 40 هەزار کلم پترە، دەگەینە ئەوەی درێژی ئاسۆی بینینی تۆ نێزیکەی یەک بەشە لە 10 هەزار بەشی چیوەی زەوی. بێگومان ئەمەش دوورییەکی زۆر بچووکە تا بتوانیت چەمانەوەی زەوی ببینیت، هەر کیلۆمەترێک 8 سانتی مەتر دەچەمێتەوە و بۆ 5 کلم 40 سانتی مەترە، ئەمەش بۆ دووری 5 کیلۆمەتر سەختە هەستی پێ بکرێت.
بە ژمێرەکردنێکی ماتماتیکی لایەکانی سێگۆشەیەک بۆ دووریمان لەچەقی زەوی و خاڵی ئاسۆی بەردەممان و نیوەتیرەی زەوی، دەگەینە ئەوەی ئەگەر کیلۆمەترێک بەرزتر ببەوە ئەوا شتانێکی بەدووری 112کلم دەبینیت، بەرزتر ببیتەوە بۆ 10 کلم ئاسۆی بینینت دەبێتە 357کلم، بتەوێت نیوەی گۆی زەوی ببینیت دەبێ بچیتە بەرزییەکی زیاتر لە 15.000 کلم.
لەپاڵ تەلسکۆپەکان بەشێکی گەلەک کەم لە مانگە دەستکردەکان بۆ خاڵی دوور نێردراون، بۆ تۆژینەوە لە گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان. مانگە دەستکردەکان زۆربەیان نێزیکن لە زەوییەوە، ئەوانەن بە مەبەستی زانستی و سەربازی و خزمەتگوزاری بۆ زەوی لە خوولگەکانیان دانراون. نێزیکەکان وەک گوتمان ناتوانن وێنەی تەواوی زەوی بگرن، بۆ نموونە وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی چوار وڵات تێیدا بەشدارە و شەو و رۆژ وێنەی ڕاستەوخۆ دەنێریت بۆمان کە تەنیا 400 کلم لە زەوییەوە دوورە. ئەمەش وەک ئەوەیە زەوی هێندەی تۆپی پێیەک (فوتبۆڵ) بێت، وێستگەکەش دوو میلیمەتر لێیەوە دوور بێت، بەمە لە ڕووبەرێکی بچووک بەولاوە کە خۆی لە 2200 کلم دەدات، پێ ناکرێ وێنەی بگرێت. تاکە یەک شتی مانگە دەستکردە نێزیکەکان دەکارن ئەنجامی بدەن، وێنەگرتنی ژمارەیەکی زۆرە لە بەشی جیاجیای زەوی، پاشان ناسا وێنەکان ئاوێتە دەکات و دەیکاتە یەک وێنەی جوان، هاوشێوەی ئەوانەی لە ئەنتەرنێتدا دەیان بینین.
بۆ بابەتی وێنەکانی دیکەی گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارە و شتگەلە گەردوونییەکان، ناسا و ئاژانسە ئاسمانییەکانی دی، بەرنامەی فۆتۆشۆپ بەکار دەهێنن بۆ چاککردنەوە و ئاوێتەکردنی ئەو وێنانەی بەدەستیان دەهێنن. لە بنچینەدا ئەو وێنانە ساختە نین، چونکە دەستکاری کردنەکان و گۆڕینی ڕەنگەکانیان هۆکار و مەبەستی زانستی ڕاستەقینەیان لەپشتە، گشتی بۆ یارمەتیدانی کاری زاناکانە لە تۆژینەوە و پشکنینە زانستییەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی لە تەلسکۆپەکانەوە دێن، ناسا چەند پسپۆڕێکی لە گڕافیک هەیە، هەڵدەستن بە گۆڕینی زانیارییەکان بۆ وێنەی ڕەنگاوڕەنگی جوان و قەشەنگ، بەمەش تا شێوەی هەسارە و ئەستێرە دوورەکان بهێنینە بەرچاومان. زانینی تایبەتمەندی پتر دەربارەی تەنەکانی گەردوون لە دووری و قەبارە و چڕییان، بەدەستمان دەکەون لەڕێی تۆژینەوە لە تایبەتمەندییەکانی وەک، چاودێریکردنی شەبەنگ و تووندی تریسکە، خێرایی خوولانەوەیان و هی دی.
زاناکان پەنادەبەنە بەر زێدەکردنی ڕەنگەکان بۆ وێنەی تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی شتگەلەکانی گەردوون، واتە کاتێک وێنەی گەلەستێرەیەک دەبینین، ئەوا هەمان ئەو دیمەنە ڕاستەقینەیە نییە ئەگەر بە چاو بیبینین، لەبەرئەوەی ڕەنگکردنەکان بۆ ئەوە ئەنجام دراون، تا شوێنی بەش و توخمی هەسارە و ئەستێرەکانی تێدا دیار بکرێن. گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان بە هەزاران و ملیۆنان ساڵی تیشک لێمانەوە دوورن، بەمەش نەکارین بە بەهێزترین مانگی دەستکرد و تەلسکۆپ وێنەیان بگرین، بۆیە لە هیچ بارێکدا توانای ئەوەمان نییە بە شێوەی ڕاستەقینەی خۆیان بیان بینین. (بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم دەستکارییانە بابەتێکمان هەیە:
(https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=91238)
نەخشە دەستکاریکراوەکانی زەوی
ئەگەر سەرنج بدەینە نەخشەیەکی ئاسایی دەبینین، بۆ نموونە قەبارەی گرینلاند هێندەی قەبارەی ئەفریکایە، بەڵام لەڕاستیدا قەبارەکەی چواردە جاران لە ئەفریکا بچووکترە، کەچی لە نەخشەی لایەنگرانی زەوی تەخت گرینلاند بچووکە و زۆر لە قەبارەی ڕاستەقینەی نێزیکە. ئایە ئەمە بەڵگە نییە ناسا درۆمان لەگەڵ دەکات؟هەر لەسەرەتاوە دەبێ بزانین ئەو نەخشەیەی لەبەر دەستمانە دەستکردی ناسا نییە، بەڵکوو نەخشەی زانایەکی فڕەنسایییە بە ناوی جیڕادوس مێرکاتۆر (Gerardus Mercator)، ئەوەی لە ساڵی 1569 کێشاویەتی، نەخشەیەکی ڕاستەقینەیە و هیچ فڕوفێڵێکی تێدا نەکراوە.
لەبەرئەوەی زەوی گۆیییە و خاوەنی سێ دوورییە، لەسەر پەڕاوێک دەنەخشێندرێت کە دوو دووری هەیە، لێرەدا ناچارین شێوەیەکی ئەندازەیی سێ دووری بکەینە شێوەیەکی تەختی دوو دووری، واتە دەبێ گۆیە سێ دوورییەکە هەڵ وەشێنینەوە و ڕای بخەین. بۆ ئەمەش پێویستە بیکەینە پارچە پارچە و لە هەندێ لاوەش ڕای بکێشین درێژی بکەینەوە، هەرچەندە هەوڵ بدەین ناتوانین وای لێ بکەین شێوە ڕاستەقینەکەی نەگۆڕێت و تێک نەچێت. گشت ئەوانەی ئەندازەیان خوێندووە ئاگادارن کە گۆڕینی شێوەی سێ دووری بۆ دوو دووری پێی دەگوترێت، جێکەوتەی ئەندازەیی (Graphical projection). بەوەی کاتێک شێوەیەکمان هەبێ و تیشکێکی ئاراستە بکەین لە دیوەکەی دیکە سێبەرەکەی، یاخۆ جێکەوتەکەی بەشێوەیەکی دیارکراو دەر دەکەوێت، بەگۆڕێنی ئاراستە و شوێنی تیشکەکە شێوەی جێکەوتەکەشی دەگۆڕێت. بۆ ئەوەی بتوانین جێکەوتەی زەوی بخەینە سەر ڕووتەختێک، دەبێ هەموو خاڵەکانی تێدا دیار بکرێن، ئەمەشیان دەوەستێتە گۆشەی ئاراستەکردنی تیشک و شوێنی جێکەوتەکە.
سێ شێوازمان هەیە بۆ جێکەوتەی گۆی زەوی ئەوانیش، لوولەکی، قووچەکی و تەخت، نەخشەی میرکاتۆر لە هەمووان ناسراوترە و شێوازێکە لە جێکەوتەی لوولەکی، دەکرێ بیری لێ بکەینەوە وەک ئەوەی گڵۆپێک بخەینە ناو تۆپێ گۆی زەوی لەسەر نەخشابێ و دەور درابێ بە کاغەزێکی بەشێوەی لوولەک. بەم جۆرە تێکڕای بەشەکانی زەوی لەسەری دەنەخشێندرێت و پاشان پەڕە کاغەزەکە دەکرێتەوە، ئەو بەشانەی دەکەونە سەر کەمەرەی زەوی ڕۆشنایی بە ستوونی دەکەوێتە سەر پەڕەکە و هیچ شێوانێک لە قەبارەکەیان ڕوو نادات، چەندەی لە هێڵی پانی کەمەرەی زەوی دوور بکەوینەوە تیشکی وێنەی جێکەوتەی بەشەکانی زەوی بەلاریی دەکەوێتە سەر کاغەزەکە و قەبارەی شوێنەکان گەورەتر دەبێت. بێنە بەرچاوت گۆی زەوی لەت لەت بکەیت و بیکەیتە چەند پارچەیەک و بیکەیتەوە، دەبینیت ناوەڕاستەکەی بە قەبارەی خۆی دەردەکەوێت، بەڵام لەبەشی سەرەوە و ژێرەوە ناچار دەبیت درێژیان بکەیتەوە، ئەگەر نا ڕووبەرێکی زۆر لە نەخشەکەتدا بە بەتاڵێ دەردەکەوێت، ئەمەش هەڵەیە، لەبەرئەوەشە هەموو ئەو شوێنانەی نێزیکن لە جەوسەرەکان لە قەبارەی سروشتییان گەورەتر نیشان دەدرێن، بە نموونە گرینلاند.
لە نەخشەکانی جێکەوتەی قووچەکی دەبینین ناوچەکانی بەشی خوارەوەی زەوی گەورەتر دیار دەبن لە ناوچەکانی باکووری گۆی زەوی.
هەر دەمێکیش جێکەوتەی ڕووتەخت بەکار بهێنین، ئەوا بە پێچەوانەوە جەوسەری باکوور و ناوچەکانی لێی نێزیکن وەک خۆیان دەمێننەوە، هەندێ شوێنی دوور لە بەشی خوارەوەی زەوی شێوەکەی بەتەواوی دەشێوێت، ئەگەر سەریری وڵاتی ئوستڕاڵیا بکەین دەبینین زۆر درێژ کراوەتەوە و شێوەی لە نەخشەی ڕاستەقینەی خۆی ناچێت.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەگەر لە نەخشەی جێکەوتەی تەخت ورد ببیتەوە، بۆت بەدەر دەکەوێت هەمان ئەو نەخشەیەیە لایەنگرانی زەوی تەخت بەکاری دەهێنن، کەواتە ئەو نەخشەیەی ئەوان پێمانی دەدەن کە گوایە نەخشەی ڕاستەقینەی زەوییە، جگە لە جێکەوتەیەکی تەخت نەبێ بۆ زەوی هیچی دیکە نییە. بۆیە زۆر ئاسایییە ئەم نەخشەیە بخرێتە سەر هێما و ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە پێوەندی بە پیلانگێڕییەوەش نییە.
هەریەکە لەو شێوازە جێکەوتانە بەگوێرەی بەکارهێنانیان بۆ کارێکی دیارکراو لەوەی دیکەیان گونجاوترە. ئەگەر من بمەوێت تۆژینەوەیەک ئەنجام بدەم لەسەر ناوچەکانی تەوەرەی زەوی، بێگومان باشترین نەخشە بۆم جێکەوتەی لوولەکی، یاخۆ مێرکاتۆرە، چونکە شێوانی تێدا نییە. کاتێکیش بمەوێت لە جەوسەرەکان و ناوچەکانی نێزیک بەوان بکۆڵمەوە، ئاشکرایە دەبێ پەنا بۆ نەخشەی جێکەوتەی قووچەکی و تەخت ببەم. لەم لینکەدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جێکەوتەی جۆراوجۆر هەیە، دەتوانیت بەئارەزووی خۆت شێوەکان بگۆڕیت بۆ کاری تایبەتی
جیاوازی نەخشەکان زۆر جار کێشە و مشتومڕی دروست دەکەن، لە دووری و نێزیکی شوێنەکان لەیەک، هەندێ شوێن بە میڕکاتۆر دوورتر بەدەر دەکەوێت لە جێکەوتەی تەخت، بەپێچەوانەوەش ئەمە ڕاستە.
لایەنگرانی زەوی تەخت هەمیشە خۆیان دەدزنەوە لە بنچینە و هۆکاری شێوانەکانی کە لە نەخشە و جێکەوتەکان ڕوو دەدەن، یاری بەو بابەتە دەکەن لەلای ئەوانەی شارەزا نین لەو بوارەدا. باشترین نموونە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە، گەشتێک بوو بە فڕۆکە لە تایوانەوە بەرە لۆس ئەنجلس کە لەناکاو ژنێکی سکپڕ لەناو ئەو فڕۆکەیەدا گەیشتە ساتی منداڵبوون، لەبەرئەوە فڕۆکەکە ناچار بوو ئارستەی گەشتەکەی بگۆڕێ و لە ئەلاسکا بنیشێتەوە. لێرەدا گروپی زەوی تەخت ڕاستەوخۆ هاتنە دەنگ و پێیان سەیر بوو فڕۆکەکە لەبری دابەزین لە لۆس ئەنجلس چوونە ئەلاسکا، لەکاتێدا لۆس ئەنجلس نێزیکتر بوو، گوتیان ئەوەتا بەڵگە نەخشەکانتان هەموویان ساختە و دەستکاری کراون. چونکە ئەگەر سەیری دووری نێوان ئەو سێ شارە بکەین لەسەر نەخشەی زەوی تەخت دەبینین، گوتەکەی ئەوان ڕاستە و ئەلاسکا زۆر نێزیکترە لە لۆس ئەنجلس، بەڵام لەمەدا بەهیچ شێوەیەک باسی جێکەوتەی مێرکاتۆر و شێوانەکانت بۆ ناکات و پێشت ناڵێت کە لە شوێنانەی جیهان نەخشەی تەخت باشترە وەک چۆن پێشتر لێی دواین. لە هەمووش ڕاستتر ئەوەیە هەردوو لایەنی گۆیی و تەخت پێکەوە بڕواننە نەخشەی زەوی لەسەر گۆیەک، ئەوا گەلەک بەئاسانی بۆمان بەدەر دەکەوێت کە ئەلاسکا نێزیکترە لە لۆس ئەنجلس.
سەرنج بدە، لەسەر زەوی تەختدا چوونت بە فڕۆکە لە ئەرجەنتینەوە بۆ ئوستراڵیا 32 کاژێری دەوێت، بەڵام لە زەوی گۆییدا نیوەی ئەم کاتەیە. فڕۆکەکان دەتوانن لە هەموو لایەنەکانەوە و بە هەموو ئاراستەیەک گەشت بکەن هەتا بەسەر جەوسەرەکانییش، بەڵام لە زەوی تەخت ناتوانیت بە ژێرەوەی زەوی گەشت بکەی. هەروەها لە زەوی تەختدا هەموو گەشتێک بە فڕۆکە دەبێت بە هێڵێکی ڕاست بڕۆین، چونکە لە ڕووتەختێکدا هێڵی ڕاست کورتترین دوورییە لە نێوان دوو خاڵدا، کەچی لەسەر گۆیەک نێزیکترین دووری نێوان دوو خاڵ بە چەماوەیی کورتترە، خۆت دەتوانیت بە پەتێک لەسەر زەوی تەخت و گۆیی تاقی بکەیتەوە بۆ دوو خاڵەی دوور لەیەک.
نموونەیەکی دیکە، ڕوسیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێک نێزیکن لە دیوێکی زەوییەوە (لە پشتەوە)، کەچی لەم دیوەوە وەک ئەوەی لە نەخشەی زەوی تەختدا دەیبینین، هەر یەکەیان لەوپەڕی جیهانن.
هەموومان دەزانین نەخشەی زەوی لەسەر گۆیەک باشترین و بێکێشەترین چارەسەرە و هیچ شێوانێت ڕوونادات و باش دەبینین دووری ناوچەکان لەیەکدییەوە بەتەواوی چەندە، بەڵام لەبەرئەوەی کتێبەکان و کۆمپیوتەرەکانمان و زۆربەی شتەکانمان خاوەنی دوو دوورین، بۆیە ناچارین ئەو نەخشانەی بە جێکەوتە دروست کراون بەکاریان بهێنین.
دەشێ کەسێک بپرسێت، باشە هێندە جۆرە نەخشەیە بوونیان هەیە، بۆچی مێرکاتۆر لە هەموویان ناسراوترە و پتر بەکار دەهێندرێت؟ لەڕاستیدا تەنیا ئەم خاڵە دەچێتە چوارچێوەی پیلانگێڕی وڵاتانی زلهێز، ئەوروپایییەکان بەمەبەستی داگیرکارییان بۆ وڵاتانی بەشی خوارەوەی زەوی وەک وڵاتانی کیشوەری ئەفریکا، ئەم جۆرە نەخشەیەیان هەڵبژارد، چونکە ئەوروپا و وڵاتانی بەشی سەرەوە گەورەتر بەدەر بکەوێت بە بەراورد بە ئەفریکا، لەو دەمانەی شەڕەکان لە جیهاندا بەند بوون بە زلی خاکی وڵاتان و نیشاندانی ڕێژەی زۆری دانیشتووانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست