بۆچی کامێرای پۆینت تو پۆینت پێویستە ؟
Sunday, 18/06/2023, 0:16
کورد بە گشتی قەومێکی بێ تەحەمولە، وە ئەم بێ تەحەمولیە لە شۆفێریدا زۆر بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە زۆرینەی ئەوانەی ڕێزی یاسای هات و چۆ ناگرن و حەزیان بە تیژڕەویە، هەبونی کامێرایان پێ هەزم ناکرێ، ئەگینا کامێرا جگە لە سود هیچ زەرەدێکی نیە، تۆ گەر بیانووت ئەوەیە ئەڵێی : حوکمەت پارە لە خەڵک ئەکێشێتەوە بەو کامێرایە، فەرموو سەرپێچی مەکەن با کۆمپانیاکە ئیفلاس بکات! یا کامێرا لەسەر خێرایی چەن داندراوە تۆ ئەوەنە بڕۆ چی تیایە ؟ تۆ ئەتەوێ هەر چەنێکت بوێ بڕۆی، ئاخر لەکوێی دونیا شتی وا هەیە ؟ ئەم ئەوروپایەش کە پێشکەوتوون سەدان کامێرا فلاشی جۆراو جۆر هەیە و وە بەگشتی خەڵکەکەی ڕێزی ئەگرن، شوێن هەیە بۆت نیە لە خێرایی ٣٠کم زیاتر بڕۆی، کەسیش نایە بەرنامەو ڕێپۆرتاژ لەسەر هەبونی کامێرا بکات، ئاساییە ئیشی حوکمەت پارێزگاری کردنی خەڵک و کەمکردنەوەی تاوان و ڕووداوی نەخوازراوە، ڕۆژ نیە کەسێک بێوەژن نەبێ بە ڕوداوی هات و چۆ، منداڵان بێ باوک و دایک ئەبن بەهۆی تیژڕەوی و ڕێزنەگرتنی یاسای هات و چۆ. کێشەکە ئەوەیە خەڵک لە فەیس بوک هەمووی فەیلەسوفە کەچی کەسی ڕێزی یاسا ناگرێ و وە دوو قسەی باشی لەسەر ناکەن, جا بیانوی خەڵک چیە؟ ئەڵێن با جادەو بان چاک بکەن، باشە تۆ جادە و بان باش نیە ئاوا شۆفێری ئەکەن، ئەگەر چاک بێ چۆن شۆفێری ئەکەن ؟ ئەمە بەرگری کردن نیە لە حوکمەتێکی دزو کارنەکەر، بێگومان پێویستە جادەو بان باش بێت و ڕێگاو بان پڕی هێما بێ ، بەس هەبونی کامێرا و ناچارکردنی خەڵکی کە ڕێزی یاسا بگرن شتێکی زۆر باشە و نابێ تێکەڵ بە بابەتی تری گەندەڵی بکرێ. بەپێی سەرچاوەکان ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2020 لەسەرجەم پارێزگاکانی کوردستان 1386214 (ملیۆنێک و سێ سەد و هەشتا و شەش هەزار و دوسەد و چواردە) سەرپێچی تۆمارکراون و 2897 (دو هەزار و هەشت سەد و نەود و حەوت) روداویش رویانداوە، لەو ژمارەیەش 432 (چوار سەد و سی دو) کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڕاستی کارەساتە، کە دەکرا زۆر لەوە کەمتر هاوڵاتیان بمرن، جا ئەوانەی کە تێناگەن و نایانەوێ تێبگەن، دێن ئەڵێن قەزاو قەردەر بوو ! قەدەری کوێ؟ تۆ سەیارە لەسەر ١٧٠ لێبخوڕی و وەربگەڕێ سەیارەکە تۆزێکی ماوەتەوە، ئەوە کوێی قەزاو قەدەرە ؟
لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٤ هەزار و ١١٩ ڕووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە، لە ئەنجامدا ٦٦٢ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ٧ هەزار و ٢٢٠ کەسی دیکەش برینداربوونە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەکە زیادیکردووە".
گومان لەوە نیە کە ڕێژەیەکی زۆر مردن و کەم ئەندام بوون لە کوردستان بەهۆی سەرپێچی و ڕێزنەگرتنی یاسا لە لایەن شۆفێرانەوەیە، دواتر بە هۆی خراپی جادەو بان، ئەنجا نەبونی ڕێکاری تایبەت بە هات و چۆ و یاسای نوێ، وە نەبونی زانیاری پێویست لەکاتی فێربونی شۆفێریدا لەلایەن نوسینگەکانی فێرکاریەوە. بۆ نمونە لە ئەوروپا کەسێک کە تازە شۆفێرە بۆی نیە چی جۆرێکی سەیارە بیەوێت بیکڕێت و بیخاتە سەر ناوی خۆی ! لە کوردستان ئەمرۆ ئیجازە دەربکات سبەی مۆنیکا دەهاژوێ ! لێرە لە ئەوروپا کە تازە شۆفێری بۆ ماوەی دوو یا سێ ساڵ بە ناچاری ئەبێ پیتی A لەسەر جامی دواوەی سەیارەکەت بێ تا بزانن تازە شۆفێری.
هۆکاری تر ئەوەیە کە خەڵک ی خۆیان کێشەکان چارەسەر دەکەن بە عەشایری و ڕێگە نادەن یاسا کاری خۆی بکات و سەرپێچیکەران سزا بدات، ئەوە هۆکاری ئەوەیە کە هاوڵاتیان بە تایبەت ئەوانەی پارەیان زۆر و کەس و کاریان لەناو دەسەڵاتە، بەدڵی خۆیان سەرپێچی بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرێ !
هۆکارێکی تر ئەوەیە خەڵک لەکاتی ترایدا بە واستە دەریدەچێنن و لێناگەڕێن وانەکانی شۆفێری بە باشی فێرببێت. سەیرین میلەتێکین لەوە تێناگەین کە شۆفێری گرنگە باش فێری بیت و ڕێزی یاسا بگری چونکە هەم مەترسی لەسەر خۆت و هەم لەسەر خەڵکی تر هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست