کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوانەی کە خاک و گەلی خۆیان خۆش دەوێت

Saturday, 17/06/2023, 23:49


تۆ، خۆشەویستی خودا و نەتەوەکەی کاک ئازاد، کە دەیەوێت بەروبوومی کوردستان ببوژێنێتەوە. تۆی عیلمانی و ئیسلامی سیاسی لە باشوور، نەفرینی خوداتان لێبێت، چوونکە سەربازی خەلیفە و ڕەهبەری و داگیرکەرانن کوردستان وێران دەکەن.


چەندین جار ئەم بابەتەم باسکردووە و لێکدانەوەم بۆ کردووە، چارەسەریشم پێشنیاز کردووە.
ئێستا کە وەرزی پێگەیشتنی بەرمووبوومە کوردستانییەکانە، دەبێت ڕەفتاری خواردن و کڕین و مامەڵەت بگۆڕیت.
تا ئەو شتانە نەگۆڕیت و سکی منداڵەکانت بە میوە و خۆراکی ژاراوی ئێرانی و تورکی تێر بکەیت:
١- باربۆکەری ئابووریی هێرشە بچووک و گەورەکانی دوژمنانی دێرینەی کوردیت.
٢- هەر کوردێک بە درۆن و چەکی داگیرکارانی کوردستان شەهید ببێت، تۆش هاوبەشی ئەو تاوانەی.
٣- بە پارەی خۆت و بە ماندووبوونی خۆت، خۆراکی ژاراویی کراوی دوژمنانی سەردەست و نەتەوەی داگیرکەری سەردەست لە بەشێک لە نیشتمانە بەکۆلۆنی کراوەکەتدا، بۆ دوژمنان ساغ دەکەیتەوە و پشتیوانیی ئابووری داڕزاوی ئەو دەسەڵاتانە دەکەیت.
٤- لەسەر گیرفانی لاتی خۆت، هەموو جۆرە نەخۆشییەکان، لە دوژمنانی خۆت دەکڕیت و تێچووی ستوونی سیخووڕیی، کە تۆ بە کڕینە با کەمەکانیشت بێت، باربۆ دەکەیت.
٥- ئەگەر سەرکردەیەتی حیزبە عیلمانی و ئیسلامییەکانتان، بۆ ئافەرینێک و مشتێ دۆلار و لا لێکردنەوەیان لە ڕۆژی مەبادادا، بوونەتە سەربازانی سپێری لەشکرەکانی (حەمیدییە و قاجاری)، تۆ بۆ و لە پای چیدا دەبیتە باربۆکەری لەشکری ستەمکاران؟!
ئەوان (باوک لە باپیرەوە) خوویان بەم کاروکسپە گرتووە و تازە بۆیان تەرک ناکرێت، تۆ کە دوێنێ لە دایک بوویت، بۆ بە شوێن پێی ئەواندا ڕێ دەکەیت؟! بۆ ئەوانت کردۆتە نموونە باڵاکەی ژیانت، کە ئەوان بە هەزاران پلە وان لە خوار ئاستی 
کوردستانپەروەریی و نیشتمانپەروەریدا و مێدالیای خیانەتمەندییان بە شانازییەوەوە بە بەرۆکدا هەڵواسییوە، تۆ لە بەهاری تەمەنتدای، کەی دەرسی کۆیلایەتی و بێدەربەستی و ڕەتبوونت بە کەناری زامەکانی نیشتماندا خوێند؟!.
٦- ئەوانەی بچووک و لەرزۆک و بەتاڵن، هەمیشە بەدوای سێبەری، کەسێکدا دەگەڕێن ستەمکار و دەسەڵاتدار، تا ترسنۆکی و سکپەرستیی خۆیان لە ڕێگەی ئەو سێبەرانەوە بشارنەوە و چنگ بکەوێت!!.
بەڵام تۆ نەوەی سەردەمی بەخۆدا هاتنەوە و گەڕانەوە سەرخۆکانی لەو مرۆڤە سەربەرزانەی کە: " خاک دەخۆن لەبرساندا"، بەڵام نابنە پیادەی دوای سوارکەتوو، کە بۆ سەدان جار گلا و دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکەت دەستیان دایەوە باڵی و ڕاستیان کردووە، چوونکە نیگەرانن لە تۆ، ناتناسن، جەردە و ڕێگریت بۆ نەکردوون و کوردت بۆ نەکوشتوون، تا لێت دڵنیابن و ئەرکت پێ بسپێرن!! لە تووڕەیی و هۆش و نرکە و هەنگاوە کوردستانییەکانت تۆقیوون. 
٧- ئابووری هەمەگیر بنەمای یەکەمی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆییە بۆ نەتەوەکەت، تۆ دەبێت لە گەشەپێدان و کۆکردنەوە و وەگەڕخستنی ئەو ئابوورییەدا، تێکۆشەرێکی کوردستانپەروەر بیت، نەک باربۆکەری دارایی و کڕیار و ساغکەرەوەی کاڵا داگیرکەران. کۆکردنەوەی سەرمایەی بچووک دەبێتە سەرمایەیەکی کاریگەر کە مرۆڤی کوردی خەمخۆری ئازادیی نەتەوەکەی دەتوانێ یەکەمین بەردی بناغەی وڵاتێکی ئازادی پێ بنیات بنێت.
٨- دوژمنە دێرینەکانت تۆیان دەوێت وەک: کوردێکی مردوو، تۆیان خۆشدەوێت وەک ئەندامێکی سپێر بۆ لەشكری حەمیدییە و قاجاری داهاتوو، کە لە باشووربناغەکەیان داڕشتتوە، بەو باربۆ کەمەی کە هەزاران هەزار، لە ڕێگەی کڕینی قوتووە دۆشاوێکی 
( زێڕین و یەک و یەک)ی ژاراویی کراوی تورکی و ئیرانییەوە، بە خواستی خۆت و بە مەیلی خۆت، چەرخی ئابوورییەکەیان دەسووڕێنی و تەنانەت، تێچووی ئەو فیشەکەی دەنرێت بە سەرسنگی تێکۆشەرێکی کوردەوە، لە گیرفای بەتاڵی تۆی دەردەهێنن، هەم تەندروستیت دەشیوێنن، هەم دڵسۆزانت شەهید دەکەن و هەم نیشتمانەکەت وێران دەکەن!! ئەمەش مانای لەپەلوپۆخستن و کوشتنت، بە مەرگێکی لەسەرخۆ و پلە بە پلە.
٩- ئەوان، تۆ و باوانی تۆیان دەوێت وەک گەشتیارێک بۆ گەشەی ئابوورییەکەی خۆیان، تۆیان دەوێت وەک تەمەڵێک کە هەمیشە چاو لە دەست و خوازیاریی کاڵاکانی خۆیان بیت، تۆیان دەوێت کە هونەرکارە ئاست نزمەکانیان ببنە ئایدیاڵی کوڕان و کچانت، ئەوان دەیانەوێت سریاڵ و فیلمە ژاراوییەکانیان کە هەموو گۆشیەک و دەربرینێکی گاڵتە و سووکایەتییە بە بوون و مرۆڤبوون و زمان و کلتووری تۆ و (کەناڵە بێ ڕکابەرەکانی عیلمانی و کەناڵە یەزدانییەکانی!! ئیسلامی سیاسی سەربازانی خەلیفە، رەواجدەرین و لەسەر بەتاڵکردنەوەی گیرفانی تۆ بەڕێوە دەچن بە فەرمانی خەلیفە و ڕەهبەر) بکەنە سەرچاوەی ڕێکخستنی تۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تۆ لەگەڵ خێزان و شار و نەتەوەکەت. 
تەنانەت ژاریی ئەو فیلم و سریاڵانە هێندە بەهێزن، کە وەزیری پەروەردەی قۆناغێکی دەسەڵاتی باشوور، بێهۆش دەکەن و منداڵە بچووکەکەی کە هێشتا زمانی دایکی خۆی فێرنەبووە، بنێرێتە قوتابخانەیەکی تورکی، تا بە خەیاڵی تورکێندراوی خۆی، ئایندەیەکی باشتری هەبێت!.
١٠- گەلێک، مرۆڤێک، نەتوانێ و هێندە بێگانە بووبێت، بە خاک و کلتوور و سەربووردەی خۆی، تەماتە و هێلکەی ژاراوی دوژمنی دێرینەی لێ بووبێتە ( زێڕ) و کووناوکوون بە دوایدا وێڵ بێت و لە کاتێکدا تەماتەییەکی کوردی لە ژێرپێیدایە، دەستەکانی بۆ تەماتەیەکی بێگانە درێژ بکات هەروەک ئەوەی دەست بۆ (زێڕ) درێژدەکات، پێبزانێ یا نەزانێ، دەستی داوەتە دەست سەربازێکی سپێری سپای حەمیدییە و قاجاری و باربۆکەری ئابووریی دوژمنی داگیرکەری بەشێک لە نیشتمانە زەووتکراوەکەیەتی.
ساڵانێکی زۆرە کوردە کوردستانپەروەرەکانی دەرەوەی نیشتمان، لە زەمانی ڕاپەڕینە دلێرانەکەی ژنان و کچانی کوردەوە لە (کۆبانێ ) لەگەڵ خۆیان و نەتەوەکەیان پەیمانیان بەست، کە نەبنە باربۆکەری ئابووری دوژمنانی دێرینەی کورد و تا ئێستایش لەگەڵ ویژدانی خۆیاندا دۆستن و ئەو بەڵێنەیان نەشکاندووە.
تۆش، بەڵێن بدە کە چیدی نەبیتە باربۆکەری لەشکری داگیرکەران و  پتەوکەری بناغەی دروستکردنەوەی لەشکرەکانی حەمیدییە و قاجاری لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ئەم گفتمانە ( لە کوردەوە بۆ کورد) بۆ منداڵ و باوان و درواسێ و گەرەک و شارەکەت، بگێڕەوە و هاوکار و گەشە پێدەری ئەو گفتمانە نەتەوەییە ببە، لە کوردەوە بۆ کورد.
دەزانم ئێستا زۆر پرسیاری لە زەینی خوێنەرانمدا دێن و دەچن، وەک ئەوەی: دەی کڕینی ئەو بەرهەمانە یارمەتییە بۆ ئابووری خێزانە هەژارەکانی دەڤەرەکانی تری کوردستان؟! ئەمە ڕاست دەبوو ئەگەر:
ئەلیف: ئەم کارە بە سەرپەرشتی کۆڕێکی کوردستانی کە بەرنامە و ڕێوشوێنی گونجاوی هەبایە و پەیامێکی کوردستانی لە کەشکۆڵە ئابوورییەکەیدا هەبایە و بەڕێکخستن و بۆ مەبەستێکی کوردستانی هەنگاوی بناباییە، کارەکە درووست دەبوو، بۆئەوەش ئەرکی نەتەویی خۆمان ئەنجام بدەین و بەرهەمێکمان هەبێت، هەر دەبێ کارەکە بەو شێوازە بکرێت.
بێ: ئەگەر سەفەری گەشتیاریی باشووریان، یان سەردانی پزیشکیی بۆ باکوور و ڕۆژهەڵات چوون بۆ سنە و ئامەد و شارە کوردستانییەکانی تری ئەو دوو دەڤەرە بایە، کارەکە دروست و کلتووریی و نوێکردنەوەی پەیوەندییە کوردستانییەکە دەبوو، ئێمە دەبێت، هەموو چالاکییەکی ئابووری و گەشتیاریمان بە جۆرێک ڕێکبخەین، کە پارەکە لە ناو گیرفانی کورددا بمێنێتەوە و سەرمایە و چالاکییە ئابوورییەکانمان لە شارەکانی کوردستاندا بن و نەچنە هەگبەی دوژمنانەوە.
چەند ڕینمایی: با بۆ دوورخستنەوەی نەخۆشی لە خۆمان، لە خێزان وهاونیشتمانییەکانمان، دەست هەڵگرین لە کڕینی کاڵای ژاراوی ئەو دوو دەسەڵاتە فاشیستە، کە ئامانجیان ڕووتانەوەی ئێمەیە، بەسووتماککردنی خاکەکەمان، وێرانکردنی بنەما کوردەوارییەکانمان و زمان و کلتوور و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دوو کوردە پێکەوە. بیهێنەوە یادی خۆت نەنک و دایەگەورەکانت، چۆن لە هاویندا هەر بەبەرهەمی خۆماڵی زەخیرەی زستانیان ئامادە دەکرد، بە وشککردنەوە، گرتنی ئاوی تەماتە بۆ دروستکردنی دۆشاو و پێویستییە خۆراکییە ڕۆژانەکانی تر. 
بامییە، باینجان، نۆک، ساوەر، قەرەخەرمان، فاسۆلیا، لۆبیا، ماشەڕەش، تەنانەت سەوزەواتی وەک شوویت و کەرەوز و نەعنا دەتوانرێت بە وشکی بۆ چەندین مانگ هەڵبگیرێن و زۆر هەرزانتر و بەرهەمی وڵاتی خۆمانە و تەندروست و لە کوردەوە بۆ کورد دەبێت.
تەماتە دەتوانرێ بەقاشکراوی وشک بکرێت ( لەتکە تەماتە) و لە زستاندا لەگەڵ هەموو خۆراکییەکاندا بخورێت.
نموونە: لە سوید و زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا، لەتکەتەماتەی وشککراو ١٠٠گم کە تەنیا ٥-٦ قاشە تەماتەی تێدایە و بەوشکی لە ناو ڕۆندا دانراوە، نرخەکەی بە ٥ دۆلارە و زۆریش بەکار دەهێنرێت.
دومەڵان، لە ڕستۆرانتە زۆر لۆکسەکاندا، بۆ تام وەک زێڕی هاڕدراو دەکرێت بە خواردنەوە.
دەتوانن ترۆزی و خەیار لە خوێیاودا بکوڵێنن و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنیتەوە. دروستکردنی دۆشاوی تەماتە هیچ هونەرێکی تێدا نییە، تەماتەتەکە دەگوشرێ و ئاوەکەی دەکوڵینرێت و خوێیەکی کەمی تێدەکرێت و لەبەر هەتاوی کوردستان دادەنرێت لە سیندا بۆ ئەوەی ڕووبەری بەهەڵم بوونەکەی فراوان بێت و ڕۆژی جاریک دوو جار بە کەوچکێکی دار تێک هەڵدەدرێت، خۆ لە مێژ نییە دابپیرە و نەنک و دایکەکانمان هەر ڕۆژەی هەرەوەرزیان بۆ دروستکردنی دۆشاو بۆ ماڵێک دەکرد، تا ساڵەکانی هەشتاش ئەم پەیوەندییە شیرین و کوردەوارییە هەر مابوو، با بەتەنگ تەندروستی و ئابووری خۆمان و خێزان و کوردەوارییە بین.
دوژمنی دێرینەمان، هەموو هەوڵێک دەدات، کە کۆمەڵگایەکی سست و دەستەپاچە و تەمەڵ و بێ ئیرادە و مشەخۆر و گەندەڵ و چاو لەدەستی خۆیمان لێ دروست بکات، کە بەهۆی بێدەربەستی و تەمەڵبوون و لاسایکردنەوەی ئێمەوە، تا پلەیەکی بەرز، دوژمنانی کورد لە باشووردا لەم هەوڵەیاندا، چوونتە پێشەوە و کۆمەڵگای کوردی پاشەکشەی کردووە و مەرامی جلخوارەکانی سەرکردەیەتی کورد، مەیسەر بووە، کە دەبێت هەر بەدەستی خۆمان هاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە، دەبێت چاوێکمان بکەینە چوار و بزووتنی سیخوڕانی بێگانە، بخوێنینەوە و مەرام و هەوڵەکانیان پووچ بکەینەوە، چوونکە ئەوان چارەنووسی ئێمەییان کردۆتە نیشانە. ئەو مەلا و ڕێکخراوە ئیسلامی و حیزب و تاقم و کەسانەش، لە قاو بدەین، کە بەناوی خوداوە، لە دەرگاکانی پشتەوە، هاوکاری سەرسەختی خەلیفە و ڕەهبەرن. ڕێبەری ئاینی و مەعنەوی ئێمە، کە دەبێت هەمیشە بۆ پرسی خودایی قسەی ئەو وەربگرین، کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەڵێت:" دەست بخەنە دەستی شەیتانەوە، دەست مەخەنە دەستی مەلاوە".   
دەتوانیت لیستەیەکی هەزار خاڵی لای خۆت تۆمار بکەیت کە تۆ هەتە و میللەتانی داگیرکەری نیشتمانی تۆ نییانە، نموونە زۆرە:
- زمانی تۆ زمانی ئازادی و بەرخۆدان و هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر بەنرخ و ئینسانی و پیرۆزە، شیعرێکی کوردی کە بۆ ئازادی ئینسان نووسراوە لە قوڵایی دڵی نووسەرەکەیەوە هەڵقوڵاوە و بە هەموو بوونییەوە بڕوای بەوەیە کە نووسیویەتی، ئەوی کابرای (ڕۆمی، تازی و عەجەم) درۆیەکە وەک هەموو درۆکانی مێژووە ساختەکەیان، ئەدەب و هونەرێکی نەخۆشە و درۆ لە گەڵ خودا و ئینساندا دەکات. یەکەمین ئەرکی کۆمەڵایەتی نووسین و هونەر بەرهەمهێنانی ئازادییە، دەتوانی بەرهەم گەلێکم بۆ ناوبەریت لە تورکیا یان لە ئێراندا کە باسی ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەو نەتەوانەی ناو ئیران بکات؟! جگە لە نووسەرانێک نەبن کە لە قامکی پەنجەکانی دەستێک کەمترن؟!. ئەوان ئیستا دەبوو، گڕیان لە نەخۆشیی داگیرکردن و سووکایەتی و ستەمی دەسەڵاتە فاشییەکانی خۆیان بەربدایە، تۆ بڕوانە (زارا و هەوڵ و تێکۆشانە ئینسانییە هەرە باڵاکەی) کاتێ ئەو ڕاپێچی زیندانی فاشییە ئیسلامییەکان دەکرێت، هیچ ڕوونادات، تاقە یەک مامۆستای زمانی دایکی فارسی، نووزەی لێوە نایەت، ئایا ئەگەر مامۆستایانی زمانی دایکی فارسی، لە ڕۆژی زمانی دایکدا، وتار بنووسن درۆناکەن و درۆزن دەرناچن؟! شەجەریان مامۆستای زمانی دایکیی فارسی بوو!!.       
ڕای من لە ئێستادا و بۆ ئەم قۆناغە گرنگەی تێکۆشان و بەرخۆدان و مانەوە و پاراستنی نەتەوەکە و بۆ ئازادی نەتەوەکەمان ئەوەیە، کە تەنیا بایکۆتی دۆشاوی تەماتە و کاڵای ژاراوی ئەو میللەتانە و دەسەڵاتەکانیان، کە نوێنەرایەتی ئەو نەتەوانە دەکەن بەس نییە، دەبێ بایکۆتی کلتووری، ئابووری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بازرگانی، دبلۆماسی بکرێن و زەینی خۆمان لە هونەر و ئەدەبیاتی ئەو نووسەر و هونەرکارە درۆزنانە کە لێیان بۆتە نەخۆشی، پاکژ بکەینەوە، تا دڵ و هۆشمان بگەڕێتەوە سەر گەوهەرە نایابەکانی نالی و حاجی و خانی. 
- کتێب و بەرهەمی نووسراو و تۆمارکراوی ئەو نووسەر و هونەرمەندە بێگانانە مەکڕن و گوێ لێ مەگرن و وەریان مەگێڕنە سەر زمانی کوردی، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، کۆمێنت و قسەی دڵتان بە درۆکانی ئەوان مەڕازیننەوە و خۆتان و کەسانی دی ڕێنمایی مەکن بەرەو تاریکستانی درۆ.
- ژنیان لێ مەهینن و کچیان پێمەدەن: (ئەوە خەتایەکی هێندە گەورەیە کە شان لە تاوانکردن هەڵدەسووێت بەرانبەر بە نەتەوە داگیرکراوەکەت) کیژان و کوڕانی کورد، سنوورەکان ژیر پێ بخەن و کوڕی باشووری کیژی ڕۆژهەڵات و کیژی ڕۆژهەڵات کوڕانی باکووری و کیژانی باشووری کوڕانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەمجۆرە، بۆ دروستکرن و پاراستن و گەشەی زمان و پەیوەندییە کوردەوارییەکە هەڵبژێرن. باوانی کورد، کارە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کیژان و کوڕان ئاسان بکەن و ڕێگای پێک گەیشتنیان بۆ کورت بکەنەوە.
- با مارەیی  کوڕان و کیژانتان و مەرجی قورستان، وڵاتپارێزیی و کوردستانپەروەریی بێت.  
- گەشتەکانتان با گەشتی کۆمەڵایەتی نوێکردنەوەی پەیوەندی کوردستانی و زمان و لێکنزیک بوونەوە بێت، بچنە چایخانە و ڕیستۆرانتی کوردەوە و گوێ لە زاراوە و وشە و دەربرینەکانی خەڵکەکە بگرن و لاسایان بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕابێن و خەزنەی زمانەکەتان دەوڵەمەند بکەن. باگەشتەکانتان سەبارەت بە مێژووی کەونارای کورد و جوگرافیای کوردستان بێت، سەردانی موزەخانە و گەلەری هونەریی و هونەرمەندانیان بکەن و لەگەڵیان بدوێن و لێیانەوە سەبارەت بە سەلیقەی کوردەواری فێربن، لەگەڵ خۆتان دیاری دەسکردی هونەرکارانی کورد بێننەوە و بە شانازییەوە بە دیواری ماڵەکانتاندا هەڵیان واسن و یادی ڕۆژانی خۆشی ناو ئەزیزانتان لە سنە و ئامەد و شارە کوردستانییەکانی تردا، بەرز ڕابگرن و ئەو تۆوە چەپەڵ و ژاراوییەی ناکۆکی کە سەرکردەیەتی حیزبەکان لە نێوان کوردا وەشاندیان و گرفتاری زۆری لێ شین بوو، بە خۆشەویستی یەکتر و پشتیوانی و دروستکردنی خێزانی نوێ لە کیژان و کوڕانی هەر چوارپارچەکە، پوچەڵ و نابووت بکەنەوە.
- ئێمە لە قۆناغی بەرخۆدانێکی فرە سەخت و دژوارداین، کە بە پێوانە کوردستانییەکە و بەراوردکارییەکی کوردی، پێویستە هەوڵ و تیکۆشانە هەمەلایەنییەکەمان لە ئاست قۆناغەکەدا بێت، ئەمەش نایەتە بەرهەم تا بە وردی ئەو خاڵانەی سەرەوە نەکەینە گفتمان و باوەڕمان. 
دوژمن بەهەموو هیزێکییەوە هاتووە و لەهەموو دەرگا و پەنجەرەکانەوە، هێرش دێنێت بە پشتیوانی جلخوارە خۆماڵییەکانی سەربازانی خەلیفە و رەهبەر!!. بەڵام لەرزۆک و لەگەڵ سێبەری خۆی( کە تاوناتاوە لێی دەبێتە کوردێکی شۆڕشڤان)!! شەڕ دەکات و پەلاماری منداڵە ساواکانی کورد دەدات. کورد هەبووە/ هەیە و هەر دەمێنێ و ئازاد دەبێت و بۆ هەمیشە خەلیفەو ڕەهبەر لە گۆڕ دەنێت و لە تاوانی نەتەوەیی جلخوارەکانیش دەپرسێتەوە، دڵنیابە نەتەوەکەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە