کێ ئەو مافەی بە ئێوە داوە؟!
Thursday, 15/06/2023, 9:20
کورد وەک نەتەوەیەکی ستەملێکرا و کە خاکەکی کرایە دیاریەکی بەنرخ لەلایەن ئیمپریالیزمی جیهانییەوە بۆ دارشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین پاش دوو جەنگی جیهانی و ڕازیکردنی ئەو دەسەڵاتانەی کە سەرۆکی عەشیرەت و خاوەن چەند چادرێک بوون، لەم گەوهەرە گرانبەهایە زیاتریان نەدۆزییەوە، کە پێیان ببەخشن، بە هاوبەشی و شایەتی دانی پوازی کوردی، کە بریتی بوون لە سەرۆک خێڵ و پیاوی ئاینی و مەلای دنیاپەرست و خاین و کوردستانفرۆشان چ لەبەرگی حیزبی مۆدێرندا بووبێت کە بازرگانانی سەرکەوتوو بوون لەم مامەڵەیەدا و چ لەلایەن ئەو خۆ حەشارداوانەوە بووبێت کە گەمەیان بەهەستی پاکی نەتەوەکە کردووە لە بەرگی ئاینی و ڕێنیشاندەرانی خودایی خەڵکدا، کە ئەمانەیان شوێنکەوتووانی ئەهریمەنن و بەرگی ئاهوراییان پۆشیوە.
ئەم حاڵتە کوردی ناچارکرد بۆ بەرگریکردنێکی خوێناوی بۆ پاراستنی خۆیی و کلتوورە دێرین و مرۆییەکەی، بۆیە نەتەوەکە بۆ یەک سات لە بەرگری لە خۆی و نیشتمانەکەی غافڵ نەبووو باشترین و ئەزیزترین کەسانی خۆی پێشکەش بە کاروانی ئازادیی کرد.
ئەو مێژووەتان بۆ ناگێڕمەوە و دوژمنی دەرەکی ڕەگەزپەرست کە هەمیشە نوێنەرایەتی زۆرینەی نەتەوەی سەردەست بووە ( چوونکە زۆرینەی ڕۆناکبیرانی بێدەنگ بوون بەرانبەر بەستەمی دەسەڵاتەکەیان و ئەدەبێکی نەخۆشیان بۆ دەسەڵات بەرهەم هێناوە و ئەوان ئەگەر دژی دەسەڵاتەکەشیان بووبن، لەبەر ستەمی دەسەڵات نەبووە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد و ئەو نەتەوانەی لەناو ئەو نەخشەیەدان کە دیاری ئیمپریالیزمە، بەڵکە گەرەکیان بووە، خۆیان ببنە دەسەڵاتدار) ، ئەمانە هەمووی لە چەندین خاڵی هاوبەشدا کە بنەڕەتین وەك: یەک زمان، یەک خاک و یەک ئاڵا) دا مەیکەینەیەکی گەورەی داگیرکردن و سڕینەوەی نەتەوەی کوردیان پێکهێناوە: کە بریتیین لە دەزگای لەشکری، دەزگای ئابووری، مەکینەی کلتووری هەڵبەستراو و دۆرینە و هونەری سووکایەتی کردن بە زمان و مرۆڤبوونی نەتەوەیەکی وەک کورد و نەتەوەکانی تری ژێر دەسەڵاتیان، هیچ گۆشەیەکی مەرام و خواست و ئارەزووە ڕەگەزپەرستانەکانیان نەماوە کە بۆ نەتەوەکە ئاشکرا نەبووبێت. هەموو ڕۆژێکی ئەم نەتەوانە زامێکی نوێ، کۆستێکی نەتەوەیی و خەمێکی قووڵە.
لە بەرانبەر ئەم هێرشە چەند لایەنەی داگیرکەران و کلتووری نەتەوەی سەردەستدا، کێوی ورە و هەڵمەتی کچان و کوڕانی کورد بە خوێن و بەختکردنی ژیانی خۆیان کاروانی تێکۆشان و بە زیندوویی ڕاگرتنی گیانی بەرگریی و هەڵمەت بۆسەر بەرەی دوژمن لە ناو نەتەوەکەدا، بەردەوام دەکەن.
بەڵام:
مێژووی بەرخۆدان و تێکۆشانی بێوێنەی ئەم نەتەوەیە لە لایەکی ترەوە، دەستی لێدەوەشێنرێت و بە شتی لابەلاوە مژوڵ دەکرێت و لەناو کۆمەڵگاکەوە، لە پێستی مەڕدا، گورگە بۆرەکان ددانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و ژیاریی ئەم نەتەوەیە گیرکردووە و پەنامەکی قورسترین و فراوانترین هێرشیان کردۆتە سەر نەتەوەکەمان، لە هەوڵی وێرانکردنی هەموو بەهاو نرخێکی مرۆیی ئەم نەتەوەیە دان، چ بە جوێندانی ئاشکرا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە، بە خوشک و دایکەکانمان و سووکایەتی پێکردنیان بێت، یا بەهێنانەوەی چیرۆکی خورافی بۆ ئامادەکردنی هۆشیان، چ بە گاڵتەکردن بە نۆرمە کوردەوارییەکان و بەهاونرخە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواری بێت، یا بە بەراوردکردنێکی پلان بۆ داڕێژراو و بەرزڕاگرتن وبڵاوکردنەوە و بە پیرۆززانینی نۆرمی ( ڕۆمی و تازی و عەجەمی) بێت، هەمووشی بەناوی دینی خودا و پەیامی یەزدانییەوە، بێگوومان لەبەرگی کوردیی و بە زمانی کوردی، ئەو زمانەی کە گەشەکردن و بە زیندوویی ڕاگرتنی گیانی سەدان کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی ئەم نەتەوەیە و تێکۆشانی بەردەوامی قەڵەمە کوردستانپەروەرەکان بەها و نرخەکەیەتی، بەڵام ئەوان شەرم لەم هەموو تێکۆشانە بەردەوام و خوێناوییە ناکەن.
ئێستا لەم سەردەمەی مێدیای فراوان و پەیوەندییەدا، هیچ بوارێک بۆ خۆ قایمکردن و شاردنەوەی فیک و فاک و هامووشۆ و پەیوەندی ژێربەژێر لەسەر خوێنی بەناهەق ڕژاوی (کچان و کوڕان)ی ئازادیخوازی کورددا نەماوەتەوە و بەڵگەکان وەک خۆر دەدرەوشێنەوە، باشترین سەرچاوەی خیانەت و نیشتمانفرۆشی و بازرگانی بە نانی خەڵک و سامانی نەتەوەوە، یادداشت و قسە و هەڵوێستی ڕۆژانەی سەرانی کۆمپانیای حیزبەکانە، کە هیچ دادگایەک ناتوانێ نکوڵی لێ بکات، دەستتێکەڵکردن لەگەڵ تیرۆری جیهانی و سەرانی حووکوماتی داگیرکەری بەشێک لە نیشتمانی کورددا، ئەو بەڵگانەن کە حەق دەدەن بە نەتەوەکە، ئەگەرچی ئەمڕۆ دادگایەکی ناوخۆیی نییە کە لەو تاوانانە بپرسێتەوە، چوونکە دادگاکانیش بەشێکن لەو مامەڵە چەپەڵەی سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبەکان، بەڵام لە دنیای ئازادی ئەمڕۆدا دادگای جیهانی هەیە و لە تاوانی مرۆڤ کوژیی و تیرۆر و قاچاغ دەپرسێتەوە و گوێ لە ڕێکخراوە مەدەنی و کۆڕ و ئەکادیمیستەکان دەگرێت و بە دواداچوونی بۆ دەکات.
کێ مافی ئەو خوێنانە بۆ باوانی قوربانییەکانی مامەڵەی چەپەڵی سەرانی خێڵ-حیزبەکان، کە دەستیان سوورە بە خوێنی تیرۆرکراوانی ئازادیخواز، دەستێنێتەوە؟! لە کاتێکدا کە زۆرینەی سەرانی خێڵ- حیزبەکان هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتێکی خۆرئاوایین و هاووڵاتی یەکێک لەم وڵاتە خۆرئاواییانەن؟!
ئێوە بە ئاشکرا و بە نهێنی دەبینن کە سەرانی حیزبەکانی باشوور، کە هیچ پلەیەکی حکوومیان نییە، لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی دەزگا سیخووڕییەکان، وەزارەتی ناوخۆ، دەرەوە، پەرلەمان و کۆڕەتایبەتییەکانی داڕشتی سیاسەتی ئەو حکوماتانەی کە بەشێک لە نیشتمانی کوردیان داگیرکردووە و خاک و خەڵک و سروشتەکەی دەکەنە سووتماک و هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەرانبەر بە منداڵانی کورد بەکار دەهێنن، هاوبەشی دەکەن و وەک میوانی ڕەسمی ڕێزیان لێدەگیرێت. بە دانپیانانی خۆیان دەیان ملیۆن دۆلار لە دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕخانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری بەشێکی نیشتمانی کورد، وەردەگرن بە سەدان ناوی جووداوە، کە لە ڕاستیدا ئەو پارانە بۆ بەجێهێنانی ئەرکی جوودان!!.*
بە چ حەقێک، لەکام پلە ڕەسمییەدا و کێ ئەو مافەی بەئێوە داوە؟!، کە بەتەنیشت ئەو هەموو زامانەی ئەنفال و هەڵەبجەکاندا، لە پشت دەرگای داخراوەوە، لەسەر ئایندەی نەتەوەیەک، مامەڵە بکەن و زانیاری نهێنی و پلانی تایبەتی حیزبەکانتان بۆ وێرانکردنی نیشتمان و مرۆڤی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان تاوتوێ بکەن، ئێوە چین؟! لە کوێی ئەم دنیایەدا سەرانی حیزبێک دەتوانن پەیوەندی بە کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی دەزگا سیخوڕخانەکانەوە بکەن و باربۆی دەیان ملێۆن دۆلاریی بکرێن و حکوومەتەکەیان بێ ئاگا بێت لەو دانیشتنانە؟!
بەڵام ئاشکرایە کە سەرکردەیەتی فەرمانڕان لە باشووردا، بەشێکە لەو مامەڵە چەپەڵە و ئێوەش تەواوکەری ئەو پیلانە پیسەن، دژ بە ئازادیی و ئازادیخوازانی نەتەوەکە، بۆیە بێباکانە دەست لە ناودەستی سەرکردەیەتی فەرمانڕانی ماوە بەسەرچووی قێزەوونی باشووردا، ڕوو لە هەمان ڕۆگە دەکەن و ئەوان بە ناوی کوردایەتی ساغەتەی پواوی حەفتا ساڵەیانەوە و ئێوەش بە ناوی خواوە، لە پشتەوە خەنجەر لە بیری زوڵایی کوردایەتی نەتەوەکە دەدەن و وێنەی یادگاری دەگرن کە بە دڵنیاییەوە لە کتێبەکانی ئایندەی نەتەوەکەدا وەک ناشرینترین قۆناغی مێژوویی لە قوتابخانەکاندا، نەوەی داهاتوو نەفرەتان لێ دەکەن.
ئەگەر ئەمڕۆ دادگایەکی کوردستانیی گەل و نەتەوە لە باشووردا نییە تا لێپرسیینەوە لە خواریی، خیانەت و درۆکانتان بکات و بە یاسای خیانەتی حەسەن خەیری، دادگاییەکی دادپەروەرانەتان بکات و مافی خۆتان پێ بدات و مافی زۆرینەی خەڵکتان لێ بستێنیتەوە!!.
داداگای جیهانی هەیە و هێدی هێدی بەڵگەکان کۆ دەبنەوە و ئەکادیمیستە کوردستانپەرەوەرەکان، کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەوروپا، بزووتنەوە مرۆڤدۆستییەکەی خەڵکی ڕوناکبیری ئەوروپا، کوردانی کوردستانپەروەر، قەڵەمە ئازادیخوازە کوردستانییەکان و دۆستانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە خۆرئاوا، بەڵگەی ئەم ستەم و هاوبەشی تیرۆر و قاچاغچێتیی و لاقەکردنی ژنان و کچانی کورد کردنەتان دەخەنە بەردەم دادگای ئەو وڵاتانەی کە خۆتان و خێزانەکانتان، وەک هاووڵاتی شەریف و بێوەی و ناتاوانبار(بە گفتی خۆتان!!) بە ئێوەی بەخشیوە.
بەڵام ئێوە درۆتان لەگەڵ سیستەمی ئەو وڵاتانە کرد، چوونکە هەموو بێگانەیەکی هاتوو بۆ ئەم وڵاتانە، کاتێک فۆڕمی بەهاووڵاتی بوون پڕدەکاتەوە لە کۆتایدا، چ بەشێوەی دیجیتاڵی بێت یا فۆڕمیی کاغەزین، بە( شەرەف و ویژدانی خۆی)**، سوێند دەخوات و واژۆیی دەکات، کە ئەو زانیاریانەی لەو فۆڕمەدا نووسیوویە، دروستن.
ئەوکاتە شەرف و ویژدانتان، دەخرێتە سەر تەرازووی دادگاکانی ئەوروپا، تا بزانن کێشی چەندە؟! هەتا دوا هەناسەشتان شەرف و ویژدانی هەڕاجکراوتان، وەک مۆتەکە دەست لە خەو و خۆراکتان بەرنادا و وێنەی ئەو منداڵە کوردەتان پیشان دەدات، کە لە برساندا (مەمکی دایکە شەهیدکراوەکەی دەمژی)، کە بە بۆمبایەکی داگیرکەری تورک و داگیرکەرانی بەشێک لەم نیشتمانە زەوتکراوە، لەیەکێک لەو هەزاران پەلامارەدا بۆسەر خاکی نەتەوەی کورد، ڕۆژ و مانگ و ساڵ بە بەرچاوی زەقی ئیوەوە ئەنجامی دەدەن، شەهید بوو و ئێوە لە چایخانەکانتاندا، باسی خوا و پەیامە ئینسانییەکانی دەکەن و خۆتان بە نوێنەری بێ بەدیلی پەیامبەرانی خودا دەزانن؟! سیکون حسابکم عسیرا یوم القیامة!!.
سەرنجەکان.
*حەمەی حاجی مەحموود دەڵێت: بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمان، دوای ڕاپەڕینە دزراوەکەی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووردا، قاسمی سڵێمانی ١٠.٠٠٠.٠٠٠ملیۆن دۆلاری دا بە ئێمە و چەند حیزبی تر!!.
عەلی باپیر باسی لە پارەوەرگرتن کردووە، بەناوی یارمەتییەوە، لەلایەن سیخوڕخانەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە. سەرانی حیزبە ئیسلامییەکانی تر، ئەم نهێنیانە دەشارنەوە و دەنا زۆرینەیان، ئەم کەین و بەینە ژێربەژێرەیان لەگەڵ سیخوڕخانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری بەشیک لە نیشتماندا هەیە، هەندێ ناچاریی زەمانی شۆڕش و شەڕی چەکداریی، پاساوێکی تا ڕادەیەکی نزم و جێگای گومان و قەبوڵکراوە، بەڵام لە ئێستادا بۆ تاقمەکانی باشوور، لە پلەی خیانەتدایە و دادگای گەل لێپرسینەوەی توندی لێدەکات، وەک کورد دەڵێت: دنیا هەروا نابێت.
**لە سوید ئەم سوێندە ( بە شەرەف و ویژدانم، På heder och samvete) لەهەموو بوارە یاسایی و دادگایی و زۆرینەی دامەزراندنەکاندا، داواکار واژۆی دەکات، لە خوارەوە، بڕگەی ١١ی فۆرمی داواکردنی بەهاووڵاتی بوونی سوێدیی دادەنێم، کە باس لەوە دەکات ئەو زانیاریانەی کە لەم فۆڕمەدا هاتووە هەمووی ڕاستن و هێج شتێکم بە مەبەست لە سیستەمی فەرمانگەی کۆچکردن، نەشاردۆتەوە.
https://www.riksdagen.se/sv
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست