ئاشبەتاڵی ژمارە 2

Thursday, 15/06/2023, 9:13

3352 بینراوە


دوای پەسندکردنی ماددەکانی پەیوەست بە بودجەی هەرێم لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، پارتی وسەرانی بنەماڵە لەتاریکترین رۆژگاریاندا دەژین . ئەم بودجەیە پارتی ئیفلاس پێکردو هێنایە سەر ساجی عەلی . پارەی دزراوی نەوتی لەدەست دەرهێنا ، گومرگو داهەتەکان کەوتنەوە ژێر چاودێری بەغدا ، رێکەوتنەکەی پارتی لەگەڵ تورکیا هەڵوەشایەوەو لەمەودوا بەرهەمە نەوتیەکانی هەرێم ئەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ ، پێشمەرگە هاتنەوە ژێر سێبەری وەزارەتی بەرگری عیراق . هیچ شتێک بەدەست پارتییەوە نەما بتوانێ کۆیلەو بندیوارەکانی پێ رابگرێ و سەروسەوداش لەگەڵ تورکیاو کۆمپانیا نەوتییە بیانیەکان بکات .
ئەم زەبرە کوشندەیەی بەر پارتی کەوت بەم بڕیارانەی دوایی دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی عیراق ، هەمووی نەتیجەی ئەو غروورە سیاسی و بەڕێوەبردنە سەقەتەی هەرێم بوو لەلایەن حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی بنەماڵەی بارزانی .
پارتی بەو تەمەنە حەفتا ساڵیەی خۆیەوە لەسیاسەت کردن ، تێنەگەیشت :
- یەکڕیزی ناوخۆ مەرجە بۆ ئیدارەدانی هەرێمێک کە ئیدعای دیموکراسی دەکات . بە پەرتەوازەیی کورد هیچ دەسکەوتێکی لەبەغدا بەدەست نایەت ، بە تایبەتیش کە زۆربەی لایەنەکانی لەخۆی تووڕە کردو میللەتیش پشتی تێکرد .
- پارتی تێنەگەیشت کە دوژمنایەتی هەر حزبێک بکات تەنانەت ئەگەر ئەو حزبە یەک نوێنەریشی لەپەرلەمانی بەغدا هەبێت ، ئاکامەکەی دۆڕانە لەزۆربەی مەسەلەکان . ئەوەتا بە یەک سکاڵای سروە عبدالواحید توانرا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو سەرۆکایەتی هەرێم وحکومەتیش بکرێنە کاربەرێکەر . واتە سفر بوونەوەی دەسەڵاتەکەیان .
- پارتی تێنەگەیشت کە دروستکردنی دەیان دوکانی حزبی لەژێر ناوی دیموکراسییە سەقەتەکەی هیچ سوودێکی بۆ نیە. لەجیاتی ئەو هەموو پارەیە لەو دوکانانە سەرفبکات دەبایە وەزعی خەڵکی پێ چاک بکاتەوە .
- پارتی تێنەگەیشت کە نانبڕینی خەڵک و رازی نەبوونی بە گێرانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرو خانەنشینان لەبەرامبەریشدا تەخشانوپەخشانکردنی سەتان ملیۆن دۆلار لەداهاتی ئەو هەرێمە بۆ دیوەخانەی عەشایەرەکان وکڕینی کۆیلەو حیزبی ناکاریگەر ، نەتیجەکەی ئەوەیە میللەت زیاتر توڕە دەکات ولەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو میللەتە تۆڵەی خۆی ئەکاتەوە .
- پارتی تێنەگەیشت ، حوکمڕانی دیکتاتۆرییانەو تاکڕەویانە مۆدیلیان نەماوەو ئەو هەموو زوڵموزۆردارییەی لەمیللەتەکەی خۆی دەکات خەڵک ناچار دەکات روو لەدادگاکانی بەغدا بکەن بۆ سەندنەوەی مافەکانیان .
- پارتی تێنەگەیشت کە پێشێلکردنی سەروەری یاساو یاریکردن بە دەسەڵاتی پەرلەمان تا سەر نابێ و ئەو هەڵانەی پێشتر کردوویەتی هەمووی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێ راستەڕێ بکرێنەوە .
- پارتی تێنەگەیشت ، کە ئیدارەدانی حکومەت بە خەڵکی سەرسەری و کۆیلەو هیچ لەبارنەبوو بەڕیوە ناچێت ، پەرلەمانیش دەبێت هەیبەتی بۆ بگێردرێتەوە ودەست لەشەقاوەو بۆکسوەشێن بێنێ و پیاوی شاییستە لەشوێنی شاییستە دابنێ .
- پارتی تێنەگەیشت ، کێشەکانی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان وبەغداش بە وتاری هەندێ قەلەمفرۆش و میدیای سێبەرو سایتو تەلەفزیۆنی بە پارەی دزراوی نەوت چارەسەر نابن ، هەزار وتاری تەخوین وملیۆنێک لێدوانی هەندێ فەریکە چاودێری سیاسیش دادیان نادات .
لەکۆتاییدا پارتی دەبێ تێبگات ئەوەی لەمرۆژانەدا لەبەغدا روویدا بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بودجەی پەرلەمانەکەیان ئاشبەتاڵێکی تازەیە ، بەڵام نەک ئاشبەتاڵی کورد ، بەڵکو ئاشبەتاڵی خودی پارتی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە